ڕاپۆرتی جیهانی

05:07 - 24/06/2019

چوار هۆكار تره‌مپ له‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كورسی سه‌رۆكایه‌تی نزیكده‌كه‌نه‌وه‌‌

پەیسەر

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتاییهاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، ئێستا خۆی بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئاماده‌ ده‌كات.

كاس مۆد، بابه‌تیكی له‌ رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانیدا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ی به‌ چوار هۆكار كردووه‌ كه‌ تره‌مپ له‌ خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی نزیكده‌كه‌نه‌وه‌.

ئێواره‌ی 18ی حوزه‌یران 2019 دۆناڵد تره‌مپ 45هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌ناو جه‌ماوه‌رێكی زۆری موحافزكاره‌كانی شاری ئۆرلاندۆی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی فلۆریدا، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی خۆپاڵاوتنی بۆ خولێكی نوێی سه‌رۆكایه‌تی ده‌ستپێكرد، تره‌مپ كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی به‌ "گه‌وره‌ترین گردبوونه‌وه له‌ چالاكی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا" ناوبرد.

له‌ وتارێكدا تره‌مپ دیموكراته‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد له‌ ڕێی هه‌وڵه‌كانیانه‌وه‌ بۆ دادگاییكردنی، دیموكراسی له‌ناوده‌به‌ن، هاوكات باسی له‌و هه‌ڕه‌شه‌ زۆروزه‌وه‌ندانه‌ كرد كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌مریكا بوونه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش هێرشی كرده‌ سه‌ر هیلاری كلینتۆن.

به‌ كورتی په‌یامه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2020 ئه‌مه‌ بوو: "جارێكی تر ئه‌مریكام كرده‌وه‌ به‌ وڵاتێكی مه‌زن، هه‌ڵمببژێرنه‌وه‌ تا بتوانم ئه‌مریكا به‌ مه‌زنی بهێڵمه‌وه‌"

مۆد پێیوایه‌، دیموكراته‌كان ئه‌و گوتاره‌ی تره‌مپ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌و لۆژیكه‌ی كه‌ له‌ڕووی بیركردنه‌وه‌وه‌ لاوازه‌ و پشتی به‌ ترساندن به‌ستووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌شبینییان به‌ ئه‌نجامه‌كانی ڕاپرسییه‌كانی ئه‌م دواییه‌، كه‌ تیایاندا تره‌مپ له‌دوای سه‌رجه‌م پاڵێوراوه‌كانی دیكه‌وه‌یه‌، هه‌ندێك جار به‌ جیاوازییه‌كی زۆریش له‌دواوه‌یه‌.

دیموكراته‌كان له‌و بڕوایه‌دان به‌هۆی فراوانبوونی بازنه‌ی ناڕه‌زاییه‌كانه‌وه پێگه‌ی‌ تره‌مپ لاوازبووه‌،‌ وه‌ك ڕاپۆرته‌كه‌ی رۆبه‌رت میله‌ری لێكۆڵه‌ر، مامه‌ڵه‌كردنی خراپی له‌گه‌ڵ كۆچبه‌ره‌كانی سنووره‌كانی باشوور، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئابڕوچوونه‌ جیاوازانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌ره‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌كه‌ی باس ده‌كرێن.

سه‌ره‌ڕای ئه‌زموونه‌ شۆكهێنه‌ره‌كه‌ی ساڵی 2016، چاودیرانی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا پێیانوایه‌ هێشتا دیموكراته‌كان وانه‌ی سه‌ره‌كی له‌ دیموكراسیه‌تی ئه‌مریكاوه‌ فێرنه‌بوون كه‌ "هه‌میشه‌ زۆرینه‌ی بێده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردندا نایباته‌وه‌، به‌ڵكو كه‌مینه‌ی ئاماده‌ و پڕكراو براوه‌یه‌". له‌گه‌ڵ لایه‌نگیریكردنی زۆرینه‌ی بێده‌نگ بۆ دیموكراته‌كان، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ پشتگیرینه‌كردنیان بۆ تره‌مپ، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت كه‌ بێگومان زۆرینه‌ی ئاماده‌ و پڕكراو سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت.

لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چوار هۆكار ده‌كات، كه‌ كارئاسانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی خولێكی نوێی سه‌رۆكایه‌تی له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه‌ ده‌كه‌ن. یه‌كه‌م هۆكاریان ئابوورییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مشتومڕێكی زۆر له‌باره‌ی ئاستی پته‌وی و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی ئێستای ئه‌مریكا له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام بوار نه‌ماوه‌ته‌وه‌ نكوڵی له‌ ئابوورییه‌ زۆرباشه‌ی ئێستای ئه‌مریكا بكرێت، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی نیشانده‌ره‌ ئابوورییه‌ ئاساییه‌كان، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2016دا مه‌زه‌نده‌كردنه‌كه‌ی ڕاست ده‌رچوو، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2020یش پێشبینی ده‌كرێت تره‌مپ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبهێنێت.

هۆكاری دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تره‌مپ توانیویه‌تی ڕه‌زامه‌ندی بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی به‌ده‌ستبهێنێت، هاوڵاتی ئاسایی لایه‌نگری كۆمارییه‌كان، كه‌ به‌ كۆمارییه‌ میانڕه‌وه‌كان ناوده‌برێن، تا ئێستاش تره‌مپیان خۆشناوێت، كه‌ له‌ به‌رگی كه‌سێكی زۆر دوژمنكار و بێكه‌ڵكدایه‌‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بوو به‌ده‌ستیانهێنا، ئه‌ویش كه‌مكردنه‌وه‌ی باج بوو. مه‌ترسییان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی جوڵانه‌وه‌یه‌كی سۆسیالیستی له‌ناو دیموكراته‌كاندا هانیان ده‌دات به‌رژه‌وه‌ندییه‌ داراییه‌ نوێكانیان بپارێزن و ده‌نگ به‌ تره‌مپ بده‌نه‌وه‌.

بۆ ڕاستڕه‌وه‌ مه‌سیحییه‌كانیش ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ درووسته‌ كه‌ پشتگیریی تره‌مپ ده‌كه‌ن، ئه‌و كاره‌شیان لیبراڵه‌كان نیگه‌ران ده‌كات. نهێنی تره‌مپ بۆ ده‌نگده‌رانی ئه‌مریكا زۆر ساده‌یه‌، نهێنییه‌كه‌ دادگای باڵایه‌، تره‌مپ به‌ دامه‌زراندنی دوو دادوه‌ری موحافزكار و دژی یاسای له‌باربردنی كۆرپه‌له‌ ئامانجی خۆی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌وانیش (نیڵ گۆرسچ و برێت كاڤانۆ) بوون و تره‌مپ به‌ڵێنی دامه‌زراندنی دادوه‌ری دیكه‌شی دابوو.

ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ خولی سه‌رۆكایه‌تی داهاتوودا ته‌نها پۆستێك له‌ دادگای باڵا چۆڵبێت و له‌لایه‌ن رۆس بێده‌ر گینسبێرگ یان كلارنس تۆماسه‌وه‌ پڕبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات جارێكی تر گوێڕایه‌ڵیی ڕاستڕه‌وه‌ مه‌سیحییه‌كان بۆ تره‌مپ له‌ لوتكه‌دا بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای له‌باربردنی كۆرپه‌له، ‌پاداشتی باوه‌ڕدارانه‌.

دواجار تره‌مپ جه‌ماوه‌رێكیشی هه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام پشتگیری ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش زۆربه‌ی كات ده‌نگده‌ره‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان و خاوه‌ن ده‌موچاوه‌ سپییه‌كانن، كه‌ له‌ چینی ناوه‌ڕاستن و خوازیارن دیواری جیاكه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌كسیك دروستبكرێت و زۆنگاوه‌كان وشك بكرێن، به‌ واتایه‌كی تر پۆپۆلیستن و تا ئێستاش به‌ ئامانج نه‌گه‌یشتوون، زۆنگاوه‌كان نه‌ك هه‌ر وشك نه‌كراون به‌ڵكو به‌هۆی گه‌نده‌ڵی فه‌رمانبه‌ره‌كانی تره‌مپه‌وه‌ فراوانتر بووه‌، دیواره‌كه‌ش سه‌ره‌ڕای خۆنمایشكردنی تره‌مپ تا ئێستاش له‌ قۆناغی دروستكردندایه‌.

به‌ كورتی، ده‌نگده‌ره‌ ڕاسته‌قینه‌كانی تره‌مپ داخوازییه‌كانیان بۆ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، به‌ڵام بۆ كوێ ده‌چن؟ ده‌چنه‌ ناو فره‌ڕه‌نگترین حزبه‌وه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكادا؟ حزبه‌كه‌ی (بێرنی سانده‌رز، ستایسی ئه‌برامز و ئه‌لیزابێس وارین).

مۆد پێیوایه‌ ده‌نگده‌ره‌كان به‌ بێزاریی له‌ماڵه‌ه‌وه‌ دانانیشن، له‌به‌رئه‌وه‌ی تره‌مپ به‌ یه‌كجاری هیوابڕاوی نه‌كردوون، ده‌توانن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌نه تره‌مپ ئه‌وه‌ی له‌توانایدابێت بۆ هێشتنه‌وه‌ی دروستكردنی دیواره‌كه‌ له‌ خشته‌ی كاره‌ سیاسییه‌كانیدا، كردوویه‌تی و هه‌وڵه‌كانی بۆ گرتنه‌به‌ری ئه‌جێندایه‌كی سیاسی توند ده‌رهه‌ق به‌ دژایه‌تیكردنی دیارده‌ی كۆچ به‌رده‌وامه‌. جگه‌ له‌وه‌ش تره‌مپ ده‌توانێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكات ئه‌جێنداكانی به‌هۆی ده‌وڵه‌تی قوڵ و هاوكاره‌ گه‌نده‌ڵه‌كانیان له كۆنگرێس،‌ په‌كیانكه‌وتووه‌ (له‌ناویشیاندا ئه‌ندامه‌ لاوازه‌كانی كۆمارییه‌كان)، له‌به‌رئه‌وه‌ تره‌مپ پێویستی به‌ خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌ تا بۆڕ به‌ دوایین نه‌یاره‌كانی بدات و به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ بكات. 

هۆكاری سێیه‌میش بۆ سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تره‌مپ دژیه‌كیی كه‌مینه‌ی ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی ئه‌و ئه‌مریكیانه‌ی له‌ تره‌مپ نیگه‌رانن، به‌ڵام دیموكراته‌كان نه‌بوونه‌ هانده‌ریان و نه‌یانتوانی به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ستی نیگه‌رانییه بڕویننه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌جۆرێك سه‌یرده‌كرێن كه‌ حزبێكن پرۆژه‌یه‌كی ڕوونیان نییه و به‌سه‌ر زیاتر له‌ 20 پاڵێوراودا دابه‌شبوون و‌ هێنده‌ی جیاوازیی له‌ تێڕوانینیاندا هه‌یه‌ هێنده‌ له‌یه‌كتر نزیك نین.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، له‌كاتێكدا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌متر له‌ 500 ڕۆژی ماوه‌، دیموكراته‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ كوده‌تاكردن به‌سه‌ر یه‌كتردا، خۆبه‌خشه‌كانی نه‌یاری سانده‌رز ده‌یانه‌وێت ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوه‌كان، ئه‌ندامانی ناو حزبه‌كه‌ مشتومڕ له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی سانده‌رز ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی پیتاكدا كێبڕكێی دامه‌زراوه‌ی حزب ده‌كات.

لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی تره‌مپ ده‌توانێت سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌ كۆنترۆڵ بكات، ئه‌وه‌ش هۆكاری چواره‌مه‌ كه‌ تره‌مپ له‌ خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی نزیكده‌كاته‌وه‌. پێویسته‌ له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌ ڕوونبێت كه‌ تره‌مپ ساڵی 2016 به‌ باشی هه‌لمه‌تی بانگه‌شه‌كردنی به‌ڕێوه‌برد، ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ زۆر له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی هیلاری كلینتۆن باشتربوو كه‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنی بۆ ئه‌و ویلایه‌تانه‌ هه‌بوو كه‌ به‌ تایبه‌ت ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی (پشتێنه‌ی ژه‌نگگرتوو)*وه‌، به‌ڵام تره‌مپ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی سه‌رۆكایه‌تی به‌رده‌وامی به‌ڕێوه‌بردووه‌، كه‌ له‌م دواییانه‌دا توانای دارایی زۆر زیادیكردووه‌ و به‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار پێشكه‌ش به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت له گرنگترین ئه‌و كۆمه‌ك به‌خشه‌ كۆمارییانه‌ی كه‌ له‌ 2016دا به‌سووك لێیانده‌ڕوانی و ڕه‌تیانكرده‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌كرێت بوترێت كه‌ تره‌مپ ئاستێكی جه‌ماوه‌ریی مێژوویی نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا هه‌یه‌تی به‌سیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی بۆ خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵاببژێردرێته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی پشتگیری ده‌كه‌ن خه‌ڵكانێكی كاریگه‌ر و پێداگرن، كه‌ دیموكراته‌كان تا ئێستا ئه‌مه‌یان نییه‌ و ته‌نها 500 رۆژیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، تاوه‌كو له‌جیاتی دووبه‌ره‌كی، ئه‌و پشتگیرییه‌ دروستبكه‌ن.

پشتێنه‌ی ژه‌نگگرتوو زاراوه‌یه‌كه‌ به‌ ناوچه‌كانی هه‌ردوو به‌ری باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا و ده‌ریا مه‌زنه‌كان و ویلایه‌ته‌كانی ناوه‌ڕاستی رۆژئاوای ئه‌مریكا ده‌گوترێت.

سه‌رچاوه‌: ساسه‌ پۆست