03:35 - 23/06/2019
تا ئێستا لە چارەسەرکردنی قەیرانەكاندا سەرکەوتوو بووه؟
زۆربەی شاره‌زایان لەو باوه‌ڕه‌دان گرووپی (جی٢٠) لە ١١ ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی ئەرێنی له به‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی جیهاندا هەبووە، سەرەڕای کێشە ئابووریی و داراییه‌كان لەمەڕ زۆر پرسی دیکەی گەورەی جیهان، بۆچوون و هەوڵی ئەرێنی داوه.
ئەوە لە کاتێکدایە دژایەتی تره‌مپ لەگەڵ هاوپەیمانە گەورە ئابوورییەکانی جیهان وه‌ك، دانانی باجی زۆر لە سەر بەرهەمەکانی چین و وڵاتانی یه‌كێتی ئەوروپا، چوونەدەره‌وه‌ی لە پەیماننامه‌ی كه‌شوهه‌وای پاریس و زۆر سیاسەتی ئابووریی دیکە، ئەو گرووپەی ڕووبه‌ڕووی کۆمەڵێک کێشەی گەورە کردووەتەوە.
زیاتر له 75%ی ئابووریی جیهان لەدەستی گرووپی (جی20)دایه و نوێنه‌رایه‌تی ٨٥% تا ٩٠%ی بەرهەمی خاوی جیهان دەکات، لەلایەکی دیكه‌وه ٩٢%ی تێچووی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەكانی جیهان ده‌گرێته ئه‌ستۆ.
(جی20) کەی دامەزرێنرا؟
قه‌یرانه داراییه‌كانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان هەوێنی دروستبوونی ئەم گرووپە بوون، له مانگی ئه‌یلولی ١٩٩٩دا ٧ وڵاتی پیشەسازیی جیهان له شاری کۆڵنی ئه‌ڵمانیا بڕیاریاندا گرووپی (جی20) پێکبهێنن.
پرسی سەرەکی کۆبوونەوەی ئه‌و وڵاتانه دۆزینه‌وه‌ی ڕێگەچارە بوو بۆ قەیرانی ئاسیا و كێشە ئابوورییەكانی جیهان.
ده‌ستنیشانكردنی ئه‌ندامانی گرووپه‌كه له سەرەتادا ڕووبه‌ڕووی ڕەخنە و گازندەی چه‌ند وڵاتێك بووه‌وه. مالیزیا داوایكرد ببێته ئه‌ندام، لە کاتێکدا 7 وڵاته پیشه‌سازییه‌كه ئیدۆنیزیایان ده‌ستنیشانكردبوو.
ئه‌ندامه‌كانی كێن؟
ئەمریکا، یه‌كێتی ئەوروپا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، كه‌نه‌دا، به‌ریتانیا، مه‌كسیك، چین، ژاپۆن، ڕووسیا، سعودیه، ئیندۆنیزیا، ئوسترالیا، تورکیا، به‌رازیل، ئه‌رجه‌نتین، هیندستان، کووریای باشوور و ئه‌فریقای باشوور له‌گه‌ڵ (بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی) پێکهێنەری ئەم گرووپەن.
ئامانج له پێكهێنانی چی بوو؟
ئامانج لە پێکهێنانی ئەو دامەزراوە ئابووریییە تاوتوێکردنی دۆخی ئابووریی جیهانه، بە مەبەستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگەچارە بۆ ئەو قەیرانانەی هەڕەشەیان لە خاوه‌ن ئابوورییە نوێکانی جیهان دەکرد.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگەچارەی هاوبەش بۆ قەیرانی دارایی جیهان و سه‌رله‌نوێ بوژاندنه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی، ١٤ و ١٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٨ سه‌ركرده باڵاكانی جیهان له واشنتۆن کۆبوونەوە. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئەندامه‌كانی لەسەر دانانی پلانێکی گەورە بۆ ڕێگرتن لە داڕمانی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی گه‌یشتنه ڕێککەوتن. بەو هۆیەوه زۆربەی پسپۆڕانی جیهان دەستپێکی کارەکانی (جی20) بۆ ساڵی ٢٠٠٨ دەگەڕێننەوە، بەو پێیەش 11 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی گرووپه‌كه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت نه‌ك ٢٠ ساڵ.
لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی تشرینی دووه‌می 2008دا ئاماژە بەوە کرابوو: "پێداگریی لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانمان ده‌كه‌ینه‌وه تا گەشەی ئابووریی جیهان خێراتر بكه‌ین و کۆمەڵێک چاکسازیی گەورە لەسه‌ر ئاستی جیهان ئەنجام بدەین".
زۆربەی پسپۆڕان کاره‌كانی گرووپی (جی٢٠) لە ١١ ساڵی ڕابردوودا بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنن و لەو بڕوایەدان وەک دامەزراوەیەکی چاودێریی، سەرەڕای کێشە ئابووریی و داراییه‌كان، توانیویەتی سەرپەرشتی ئابووریی جیهان بکات و له‌باره‌ی زۆر پرسی گەورە و گرنگی دیكه‌ی نێودەوڵەتیشه‌وه هەنگاوی گەوره بنێت.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، ڕووبەڕووبوونەوەی دیارده‌ی قه‌تیسبوونی پله‌كانی گه‌رمای گۆی زه‌وی و گۆڕانی کەشوهەوا، تەندروستی جیهانیی، پرسی کۆچبەران و جێبەجێکردنی (پلانی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام) کە بڕیارە ساڵی ٢٠٣٠ تەواوببێت، بەشێکی دیکەیه لە ئەرکە گرنگەکانی ئەم دامەزراوەیە.
(پلانی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام)، مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٥ و لە کاتی دانیشتنە مێژووییەکه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی جیهانه‌وه په‌سه‌ندكرا و 1ی كانونی دووه‌می ٢٠١٦ خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئه‌م پلانه ١٧ ئامانجی هه‌یه و هەوڵێکە بۆ په‌ره‌پێدانی گشتگیر و هاوسەنگ، ده‌یه‌وێت لە پرسی په‌ره‌پێدانی وڵاتاندا خۆی لەو هەڵانە ببوێرێ كه پێشتر کراون و بوونەته هۆی زیانگه‌یاندن به ژینگە.
(جی20) به چ شێوازێک به‌ڕێوه‌ده‌برێت؟
سه‌رۆكایه‌تیكردنی گرووپه‌كه ساڵانه‌یه، هه‌ر ساڵه و كه‌سێك ده‌كرێته سه‌رۆك و سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌كان دەکات، سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانی گرووپه‌كه‌ش له وڵاتی سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سەرۆکی (جی٢٠) بە شێوازی "تروییکا" لەگەڵ سەرۆکی خولی پێشوو و ئایندەشدا هاوکاریی یەکتر دەکەن. سەرۆکی وڵاتانی ئەندام بۆ چاودێریکردنی کاری گرووپە جیاوازەکان، نوێنەری تایبەتی خۆیان دەنێرن کە بە "شێرایا" ناسراون. شێرایا بە ڕەچەڵەک ناوی گرووپێکی نه‌ته‌وه‌یی "تبت"ه‌و لە شاخەوانیدا بەو کەسانە دەگوترێت هاوکاریی شاخەوانه‌كان دەکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر چیادا.
شێرایاکان لە ساڵێكدا چەندجارێك کۆدەبنەوە، یەکێک لە گرنگترین کارەکانیان ئامادەکردنی ئه‌و ڕاگەیەندراوەیه کە لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانەی گرووپی ٢٠دا بە ناوی وڵاتانی ئەندامەوە بڵاودەکرێتەوە.
چالاکییە سەرەکیەکانی (جی20) چۆن ئەنجام دەدرێن؟
دوو بەش یاخود "سێکتەر" چالاکییە سەرەکییەکانی گرووپەكه ئەنجام دەدەن، به‌شی دارایی و بەشی شێرایا. بەشی دارایی وەزیرانی ئابووریی و دارایی، سەرۆکی بانک و یاریده‌ده‌ره‌كانیان، هەروەها گرووپێک لە پسپۆڕان ده‌گرێته‌وه کە لە بنەڕەتدا سەرقاڵی کارە ئابووریی و داراییه‌كانن.
بەشی "شێرایا" نوێنەری سه‌رۆكی وڵاتانی ئەندام له‌خۆده‌گرێت و ئەرکیان چاودێریکردنی کاری پسپۆڕانی بوارە جیاوازه‌كانی دژایەتیكردنی تیرۆر، تەندروستی جیهانیی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، یه‌كسانی ژن و پیاو، دیاردەی کۆچبەران، ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی قه‌تیسبوونی پله‌كانی گه‌رمای گۆی زەوی و ئامانجە پێناسەکراوەکانی دیکەی پلانی "په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام"ه.
شێرایا جگە لە چاودێریی بەسەر ئەو گرووپانەوه، کارئاسانی بۆ زۆربەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ده‌كه‌ن و بەشداریی لە کارەکانی ئەو بەشەدا دەکەن.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانکی نێوده‌وڵه‌تی، دامەزراوەی هاوکاری و په‌ره‌پێدانی ئابووریی، دامەزراوەی كاری نێودەوڵەتی، دامەزراوەی بازرگانی جیهانیی و کۆڕبه‌ندی سەقامگیریی دارایی، ئەو دامەزراوانەن کە بەشداریی لە پرۆسەی کاری شێرایا دەکەن.
ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ هاوکێشەکانی (جی20)ی گۆڕی
ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێکی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئایندەی (جی٢٠). دژایەتیکردنی ڕێككه‌وتننامه و په‌یماننامه جیهانیەکانی تایبەت به كه‌رتی ئابووریی، دانانی باج لەسەر بەرهەمەكانی چین و یه‌كێتی ئەوروپا، چوونەدەره‌وه‌ی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوای پاریس و سیاسەتەکانی دیکەی تره‌مپ، ناوەندی (جی20)ی ڕووبه‌ڕووی کێشەی گەورە کردووەتەوە.
بە گوتەی برۆنۆ لۆمێر وەزیری ئابووریی فه‌ره‌نسا، زیادبوونی ناكۆكییه بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا مەترسییەکی گەورەیە و گەشەسه‌ندنی ئابووریی جیهان و هەلی کار لە ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە.
یەکەم کاردانەوە دژ بە سیاسەتە ئابوورییەکانی تره‌مپ لە كۆبوونه‌وه‌ی 20ی تشرینی دووه‌می سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی (جی٢٠) له هامبۆرگ دەستیپێکرد.
لە پەرەگرافی کۆتایی ڕاگەیەندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لەوە کراوە، (جی٢٠) دژی سیاسەتی پشتیوانی ئابوورییە و جەخت لە بازرگانی ئازاد و دادپەروەرانە دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٨‌دا كه لە ئه‌رجه‌نتین بەڕێوەچوو، جگە لە ئەمریکا هەموو بەشداربووان پابه‌ندبوونیان بە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس دووپاتکردەوە، کە مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٥ لەلایەن ١٩٥ وڵاته‌وه، له ناویشیاندا ئەمریکا، پەسه‌ندكرا. ئەو خولەی كۆبوونه‌وه‌كانی (جی٢٠) لە کاتێکدا بەڕێوەچوو شەڕێکی بازرگانیی گه‌وره لە نێوان چین و ئەمریکادا لە ئارادابوو، هەردوو وڵات پێش بەڕێوەچوونی كۆبوونه‌وه‌كه به سه‌دان ملیار دۆلار باجیان له‌سەر بەرهەمەکانی یەکتر زیادكردبوو.
لە كۆبوونه‌وه‌ی ئەم دواییەی وەزیرانی ئابووریی و دارایی و سەرۆک بانکەکانی گرووپی وڵاتانی (جی٢٠) کە ٨ و٩ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩ لە شاری "فۆکۆئۆکا"ی ژاپۆن بەڕێوەچوو، گفتوگۆكان كه‌وتبوونه ژێر کاریگەریی شەڕی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا. ئاڵۆزییەکان لە ئاستێکدابوون به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه تەنها بۆ ڕێکخستنی ڕاگەیەندراوی کۆتایی چەندین کاتژمێر دانوستانیان کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گەشەی ئابووریی جیهان ڕووە و داکشانە، وڵاتانی ئەندام هیوادارن لە كۆبوونه‌وه‌كانی "ئۆساکا"دا کە بڕیارە له کۆتایی مانگی تشرینی دووه‌مدا بەڕێوەبچێت، ڕەزامەندی تره‌مپ بۆ دروستبوونی لێكتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و چین بەدەستبهێنن.