ڕاپۆرتی جیهانی

06:02 - 22/06/2019

پێشبینی دەكرێت شەش مانگی داهاتوو چی ڕووبدات؟‌

پەیسەر

ناوەندی ستراتفۆر بۆ لێكۆڵینەوە سیاسی و ئەمنییەكان نوێترین پێشبینی بۆ ڕووداوە سیاسی و سەربازییەكانی جیهان بۆ نیوەی كۆتایی ساڵی 2019 بڵاوكردەوە، وەك ناوەندەكە ئاماژەی پێداوە "تەپڵی شەڕ" لە سەرجەم ناوچەكانی جیهانەوە لێدەدرێت، كە مەرج نییە ڕووبەڕووبونەوەی سەربازیی بێت، بەڵكو بەشێكیان لەوە مەترسیدارترن و شەڕی ئابووریین، كە چارەنووسی میللەتانی پێوە بەندە.

ململانێكانی ئەمریكا و ئێران لە لێواری تەقینەوەدان
یەكێك لەو پێشبینیانەی ستراتفۆر بۆ ڕووداوە سیاسی و سەربازییەكانی شەش مانگی داهاتووی كردووە، ئەوەیە كە ململانێكانی ئەمریكا و ئێران دەچنە قۆناغێكی نوێوە، تاران به‌ جموجۆڵی سەربازیی نوێ، ئەمریكا ناچار بە بڕیاری نوێ دەكات.

ئەو جموجۆڵه‌ سەربازییەی ئێران، كە چاوەڕواندەكرێت ئەمریكا توڕە بكات، پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تارانە لەگەڵ مەترسی هێرشكردنە سەر ئەو كەشتییە بارهەڵگرانەی بە گەرووی هورمزدا تێده‌په‌ڕن.

هەرچەندە كۆشكی سپی نیازی نییە لەگەڵ ئێران بكەوێتە جەنگەوە و گرفتێكی دیكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبكات، بەڵام هێرشی چاوەڕوانكراوی ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا وادەكات واشنتۆن بڕیاری سەخت بدات و گرژییەكانی ئەمریكا و ئێران بباتە لێواری تەقینەوە.

ئەمریكا و چین لەجەنگەكەیان بەردەوام دەبن
جەنگی ئابووریی ئەمریكا و چین لەناو پێشبینیەكانی ستراتفۆردا بەشێكی گرنگی بۆ ته‌رخانكراوه‌ و تیایدا باس لەوەكراوە، واشنتۆن و پەكین لە جەنگە ئابوورییەكەیان بەردەوامدەبن، بە تایبەت واشنتۆن سزای زیاتر بەسەر چیندا دەسەپێنێت، هاوتەریب بە سزاكان، واشنتۆن گومرگ دەخاتە سەر ئەو هەناردانەی چین كە تا ئێستا گومرگیان نەخراوەتە سەر، بەوەش دەتوانرێت بگوترێت كە تەواوی هەناردەی چین دەكەوێتە ژێر گورزی گومرگی ئەمریكاوه‌.

لەبەرامبەردا چین دەستەوەستان نابێت و بۆ ڕووبەڕوبونەوەی سزاكانی ئەمریكا هەوڵدەدات هاوكاریی لە وڵاتە پیشەسازییه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی وه‌ربگرێت.

ئەوەی ئێستا جەنگی ئابووریی ئەمریكا و چینی گەیاندووەتە ئاستێكی توند، كۆمپانیای هواوییە، كە ئەمریكا هێندەی بۆمبی ئەتۆمی لێیدەترسێت.

ئەمریكا دەترسێت هووایی و نەوەی پێنجەمی پەیوەندیی بگاتە ئەوروپا، ئەوكاتە ئەمریكا كۆنتڕۆڵی پەیوەندییەكان و تەكنەلۆژیا لە ئەوروپا لەدەستدەدات و شوێنەكەی بۆ چین چۆڵدەكات.

جەنگی تەكنەلۆژیا ئەو كەرتە جیهانییە وێراندەكات
هاوتەریب له‌گه‌ڵ جەنگی ئابووریی ئەمریكا و چین، ستراتفۆر پێشبینی جەنگێكی سەختتری كردووە، ئەویش جەنگە لەپێناو دەستگەیشتن بە پێشكەوتوترین پێگەی تەكنەلۆژیا، جەنگەكەش لە نێوان كۆمپانیای هواوی و ئەمریكادایە.

ستراتفۆر پێیوایە، ئەو جەنگە ئەگەری ئەوەی لێده‌كرێت كەرتی تەكنەلۆژیای جیهانیی بە تەواوی وێرانبكات، بە تایبەت كە هواوی دەیەوێت نەوەی پێنجەم بە وڵاتاندا بڵاوبكاتەوە، بەڵام ئەمریكا بەتوندی دژی هەر وڵاتێك دەوەستێت كار لەگەڵ كۆمپانیای هواوی بكات.

ئەگەر ئەمریكا بڕیاربدات كەمێك لە سزاكانی سەر هواوی كەمبكاتەوە، ئەوا ئەو كۆمپانیایە لەپەرەپێدانی تەكنەلۆژیا و كێبڕكێكردنی ئەمریكا بەردەوامدەبێت، هاوكات ئەمریكا هیچ ڕێگەچارەیەكی بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەی لەڕێی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆژیای وڵاتەكەیه‌وه‌ كاربكات بۆ پتەوكردنی لایەنی ئەمنی تەكتەلۆژیا، چونكە وەك كۆشكی سپی دەڵێت: "هواوی بۆ كاری سیخوڕیی بەكاردەهێندرێت". 

پشێویی برێكزیت
چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بەریتانیا لە یەكێتی ئەورپا (برێكزیت) یەكێكی دیكەیە لە پێشبینییەكانی ستراتفۆر كە لەشەش مانگی داهاتوودا پشێویی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونكە ستراتفۆر پێشبینیدەكات لەگەڵ ئەوەی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بۆ بەریتانیا دادەنرێت، بەڵام ئه‌ویش ناتوانێت لە دانوستانەكانی بەریتانیا لەگەڵ برۆكسل بۆ دەرچوونی وڵاتەكەی لە یەكێتی ئەوروپا سەركەوتووبێت.

پشێویی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا پەلدەهاوێت بۆئەوەی لەندەن بڕیارە سەختەكە بدات كە دەرچوونە لە یەكێتییەكە بەبێ ڕێككەوتن، ئەوەش هێندەی دیكە دۆخی ئەوروپا دەشڵەژێنێت، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە بەریتانیا ئەنجامبدرێت، ئەوەش وەك دەرچەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی ئێستای ئەو وڵاتەیه‌.
هەڵاوسانە بەردەوامەكانی ئیتاڵیا یەكێكی دیكە دەبێت لە كێشەكانی شەش مانگی داهاتووی ناو یەكێتی ئەوروپا، چونكە تا دێت ڕۆما لەڕوی كەرتی بانكییەوە لاوازدەبێت، ئەوەش دۆخێكی سەختی بۆ یەكێتی ئەوروپا دروستكردووە.

هەندێك وڵاتی باكووری ئەفریقا لەپشت پەردەوە بەڕێوەدەبرێن
چاوەڕواندەكرێت گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكانی هەریەكە لە سودان و جەزائیر بگاتە دۆخێك كە سوپاكانیان ببنه‌ دەسەڵاتی یەكەم و وڵات بەڕێوەبەرن، هاوكات دەنگی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بەرەو كپكردن ببرێت و دۆخێك دروستببێت كە لەپشت پەردەوە كەسانێك ئەو دوو وڵاتە بەڕێوەبەرن، بە تایبەت لە سودان كە ڕۆژانە گۆڕانكاریی نوێ ڕوودەدات و سەرجەم گۆڕانكارییەكانیش ئاماژەی دڵخۆشكەریان نییە.

ناوەندی ستراتفۆر
ناوەندێكی توێژینەوەی ستراتیژی و ئەمنی ئەمریكایە و ساڵانە پێشبینییەكانی بۆ ڕووداوە سیاسی، ئابووریی و ستراتیژییەكانی جیهان دەخاتەڕوو، ساڵی 1996 لە ویلایەتی تەكساس دروستكراوە.

لەناو میدیای ئەمریكیدا وەك "ئاژانسی هەواڵگریی سێبەر" ناوی دامەزراوەی ستراتفۆر دەهێندرێت، ئەویش بەهۆی ڕۆڵی ئەو ناوەندە لە كۆكردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەكاندا.