03:27 - 22/06/2019
توتن له ڕووه‌كێكی پیرۆز و چاره‌سه‌رێكی خوداییه‌وه بۆ شێرپه‌نجه
"جگه‌ره‌كێشان زیان به ته‌ندروستی ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته هۆی مردن"، "جگه‌ره‌كێشان هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و بۆرییه‌كانی خوێن و شێرپه‌نجه"...هتد ئه‌و نووسراوانه‌ن كه له‌سه‌ر پاكه‌تی جگه‌ره ده‌یانبینین، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا توتن هه‌میشه كوشندهبووه؟ هه‌ندێكمان زانیارییه‌كی ئه‌وتۆی له‌باره‌ی مێژووی ئه‌و ڕووه‌كه‌وه نییه كه له بنه‌ڕه‌تدا له هه‌ردوو ئه‌مریكاكه (باكوور و باشوور) گه‌شه‌ی كردووه و تا دوای دۆزینه‌وه‌كه‌ی جیهانه نوێیه‌كه‌ی كۆڵۆمبس، جیهان پێی ئاشنا نه‌بوو.
له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی 15دا، به دیاریكراوی له تشرینی یه‌كه‌می 1492دا كۆڵۆمبس گه‌ڕایه‌وه وڵاته‌كه‌ی و گه‌ڵای توتنی وه‌ك دیاری هیندییه سووره‌كان (گه‌لانی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ردوو ئه‌مریكاكه) له‌گه‌ڵ خۆیدا برده‌وه. لێره‌وه مێژووی ته‌واوی توتن ده‌ستیپێكرد و تا ئاستێك به‌كارهێنانی به‌ربڵاوبوو هه‌ندێك كه‌س له سه‌ده‌ی 16دا وه‌ك "دراو" به‌كاریانده‌هێنا و ده‌یانوت "هاوتای زێڕه".
كه‌واته چی له‌باره‌ی ئه‌م ڕووه‌كه‌وه نازانین؟
"چاره‌سه‌رێكی خودایی"..نزیكه‌ی 36 كێشه‌ی ته‌ندروستی چاره‌سه‌رده‌كات
توتن، كه ناوی لێنراوه (نیكۆتیانا) به‌درێژایی مێژووه‌كه‌ی له‌هه‌موو ڕووه‌كێكی تر زیاتر بووه‌ته هۆكاری گیانله‌ده‌ستدان، ساڵانه به‌هۆی جگه‌ره‌كێشانه‌وه 3 ملیۆن كه‌س گیانیان له‌ده‌ستده‌دن، له‌كاتی سووتاندنی گه‌ڵای توتنیشدا زیاتر له 4 هه‌زار ماده‌ی كیمیایی دروستده‌كات، دیارترینیان نیكۆتینه كه به‌رپرسه له ئالووده‌كردنی جگه‌ره‌كێشه‌كان و به‌خێرایی به‌هه‌موو جه‌سته‌دا بڵاوده‌بێته‌وه، به‌ڵام دۆخه‌كه به‌رده‌وام به‌و شێوه‌یه نه‌بووه، پێنج سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر جگه‌ره‌كێشان بكوژ نه‌بووه، ته‌نانه‌ت وه‌كو (چاره‌سه‌رێكی خودایی) پۆلێنكراوه، كه به نزیكه‌یی توانایه‌كی ئه‌فسوناوی بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو شتێك هه‌یه.
هه‌موو شتێك دوای ئه‌وه ده‌ستیپێكرد كه كۆڵۆمبس سه‌ردانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌ردوو ئه‌مریكای كرد، كوبا و دورگه‌كانی هاییتی،له‌وێ بینی چووتیارهكان توتن كۆده‌كه‌نه‌وه و (خواردنه‌وه‌یه‌كی پیرۆز)ی لێدروستدهكهن كه هه‌ندێك شوێنه‌واری چێژبه‌خش جێده‌هێڵێت، له‌هه‌مان كاتیش‌دا چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی جیاواز چاره‌سه‌رده‌كات. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌كارهێنانه‌كانی توتن ته‌نها لهكێشانیدا كورتنهكرابوونهوه، هه‌ندێك كه‌س بۆ نه‌هێشتنی بۆنی ناخۆشی ناوده‌م و چاره‌سه‌ركردنی دانئێشه دهیانجوو، هه‌ندێك ده‌ریاوانیش تێبینییان كرد خه‌ڵكی كوبا گه‌ڵای توتن وشكدهكهنهوه و له‌ڕێی قامیشێكه‌وه كه دوو كونی تێكراوه،ده‌یكێشن، به‌و قامیشهیان ده‌وت "Tavaco" و دواتر ناوه‌كه شێوێنرا بۆ "Tobacco" یان توتن، دواتر ئه‌و ناوه به‌سه‌ر ڕهوهكهكهدا دابڕێنرا.
پیاوانی ئه‌و دورگه‌یه گه‌ڵای وشككراوه‌ی توتنیان له‌ناو به‌له‌می ڕاوه‌ماسیدا هه‌ڵده‌گرت، وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه به‌ته‌نگ تهندروستییانهوهن، ئه‌ویش بۆ دووركه‌وتنه‌وه له نه‌خۆشی و یارمه‌تیدانیان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ماندوێتیدا، دواتر گه‌ڵای توتنیان له‌گه‌ڵ ڕووهكی "Cogioba" تێكه‌ڵكرد و به لووت ههڵیاندهمژی و چه‌ند كاتژمێرێك بێهۆش ده‌بوون.(كۆگیۆبا، ڕووه‌كێكه خۆشی هێنه‌ره و له‌چوارچێوه‌ی ڕووه‌كه هۆشبه‌ره‌كاندا پۆلێنكراوه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا حه‌كیم و داناكان وه‌ك چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ خه‌ڵكیان پێشنیازدهكرد).
ڤه‌نزوێلی و ئه‌مریكییه لاتینییه له‌پێشینه‌كان مه‌رهه‌میان له توتن و كلس دروستكردووه و بۆ سپیكردنه‌وه‌ی ددان به‌كاریانهێناوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 16 توتن نه‌بووه چاره‌سه‌رێكی به‌ربڵاو، تا ئه‌و كاته‌ی پیدرۆ ئه‌لڤارێز دۆزه‌ره‌وه‌ی پورتوگالی گوتی توتن له چاره‌سه‌ركردنی سووتانه‌وه و برین و گرێ په‌سه‌نده‌كان و ...هتد به‌كارده‌هێنرێت و ناوی نا "ڕووهكی پیرۆز"، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند حاڵه‌تێكی نه‌خۆشیی پێ چاره‌سه‌ركرا كه هیوابڕبوون.
ئه‌وه‌ی جێی باسه ئه‌وه‌یه، ساڵی 1571 توتن به باشترین ڕووهكی پزیشكی پۆلێنكرا، كاتێك نیكۆلاس مۆناردیس پزیشكی ئیسپانی كتێبه‌كه‌ی له‌باره‌ی "مێژووی ڕووه‌كه پزیشكییه‌كان له جیهان" بڵاوكرده‌وه و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد توتن توانای چاره‌سه‌ركردنی زیاتر له 36 كێشه‌ی ته‌ندروستی هه‌یه، ئه‌وه‌ش هۆكاربوو بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتووانی كیشوه‌ری ئه‌وروپا ڕووبكه‌نه به‌كارهێنانی توتن و ئه‌و باوه‌ڕه‌یان بۆ دروستبوو كه توتن هه‌موو شتێك چاره‌سه‌رده‌كات، له بۆنی ناخۆشی ناوده‌مه‌وه تا ده‌گاته نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه.
ئه‌فسانه‌ی ڕووه‌كه پیرۆزه‌كه:
له دێرزه‌مانه‌وه، كاتێك گه‌لی "بۆتواتۆمی" له خۆرهه‌ڵاتی ئۆقیانووس و له‌نزیك زێدی باوباپیرانیان (خێڵه‌كانی دیلاوێر) له‌ژیان به‌رده‌وامبوون، پیرهمێردێكیان له‌ناودا ده‌ژیا خه‌ونی سه‌یری به‌وه‌وه ده‌بینی كه شتێكهی پیرۆز له كێڵگه‌كه‌یدا گه‌شه‌ده‌كات. كێڵگه‌كه‌ی له ئاوه‌دانییه‌وه نزیكبوو، پێشتر ئه‌م پیره‌پیاوه ههژوهاڵهكهی سووتاندبوو و خاوێنی كردبووه‌وه، له خه‌ونه‌كه‌یدا ڕوحه‌كان هۆشدارییان دابویێ له‌وه‌ی كه نابێت ژنان له كێڵگه‌كه‌ی نزیكببنه‌وه. كه ڕۆژبووهوه پیره‌پیاوه‌كه ده‌ستیكرد به داربڕین و په‌رژینێكی بۆ كێڵگه‌كه‌ی دروستكرد تا كه‌س نزیكی نه‌بێته‌وه.
كاتێك دراوسێكانی به‌لایدا تێپه‌ڕده‌بوون گاڵته‌یان پێده‌كرد، به‌هه‌مانشێوه هاوڕێ و كه‌سه نزیكه‌كانیشی گاڵته‌یان پێده‌كرد و ده‌یانوت: " چۆن چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌م له خاكێك ده‌كه‌یت كه تۆوت دانهچاندبێت؟"، پیره‌پیاو به‌رگه‌ی هه‌موو ئه‌و گاڵته‌جاڕییه‌ی گرت، مانگی تهمموز كاتێك خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی چوون بۆ ڕاو، ئه‌م به ته‌نها مایه‌وه، به‌رله‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه چووه سه‌ر كێڵگه‌كه‌ی و بینیی ڕووه‌كێكی نامۆ گه‌شه‌یكردووه، ته‌نانه‌ت ناویشی نه‌ده‌زانی. ڕۆژێك كه‌سێك له زه‌وییه‌كانی باپیرانییه‌وه سهردانیكرد، پیره‌پیاو ئه‌و ڕووه‌كه‌ی نیشاندا كه له خه‌ونێكه‌وه ڕوواوه و ڕووحه مه‌زنه‌كان پێیانبهخشیوه، ئه‌ویش به پیره‌پیاوی گوت، له زه‌وییه‌كانی ئه‌وانیشدا هه‌مان ڕووه‌ك له خه‌ونی پیرهمێردێكهوه ڕوواوه.
پیره‌پیاو ویستی بزانێت ئه‌و ڕووه‌كه چی لێبكات كه ڕووحه پیرۆزه‌كان له‌و ته‌مه‌نه‌دا پێیانبهخشیوه، ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی: " خۆشه‌ویستم، ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕووه‌كه دیاری ڕووحه مه‌زنه‌كان بێت جارێكی دیكه‌ش دێنه‌وه خه‌ونت و پێتده‌ڵێن چۆن به‌كاریبهێنیت". پیره‌پیاو دۆشدامابوو و بڕیاریدا به‌ڕۆژووبێت و چاوه‌ڕوانی خه‌ونی داهاتوو بكات، دوو ڕۆژ هیچی نه‌خوارد، سێیه‌م ڕۆژ ڕووحه مه‌زنه‌كان هاتنه‌وه خه‌ونی و پییان گوت گه‌ڵاكانی ڕووه‌كه كۆبكاته‌وه و وشكیانبكاتهوه و نوێژبكات، دواتر له ئاگردا بیانسووتێنێت و له لووله‌یه‌كی تایبه‌تدا بیكێشێت، نابێت هیچ قوربانییه‌ك بكات ئه‌گه‌ر ڕووه‌كه به‌شێكی سه‌ره‌كیی نه‌بێت.
پیره‌پیاو چووه شوێنێكی نزیك ده‌ریا، له‌سه‌ر گردێكی پێكهاتوو له به‌ردی ڕه‌ش، به هاوكاریی میوانه‌كه‌ی لووله‌یه‌كی دروستكرد، كه ته‌واوبوون پێكه‌وه ده‌ستیان كرد به كێشانی توتنه‌كه، به ژنه‌كه‌ی گوت كیسه‌یه‌كی له پێستی بۆ دروستبكات تا لووله‌كه‌ی تێدا هه‌ڵبگرێت، كاتێك خه‌ڵكه‌كه له ڕاو هاتنه‌وه چوونه ماڵی پیره‌پیاو و ئه‌و ڕووه‌كه نامۆیه‌یان بینی كه له كێڵگه‌كه‌یدا گهشهیكردبوو، دوای ڕۆژێك پیره‌پیاو قوربانیی كرد و ئه‌و ڕووه‌كه‌ی پێشكه‌شكردن كه دروستكه‌ر پێی به‌خشیبوو، ئه‌و رۆژه بووه جه‌ژنێك بۆ پیرۆزكردن و به درێژایی ژیانیان له‌گه‌ڵیاندا به‌رده‌وام بوو.
ڕووه‌كێكی پیرۆز له سرووشه ئاینییه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێت
ئه‌گه‌ر دانیشووانی جیهان تا دوای دۆزینه‌وه‌كه‌ی كۆڵۆمبس توتنیان نه‌ناسیبێت، ئه‌وا دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی هه‌ردوو ئه‌مریكای باكوور و باشوور به‌ر له 1000 ساڵ له گه‌یشتنی ده‌ریاوانه ئه‌وروپییه‌كان بۆ كه‌ناراوه‌كانیان، توتنیان كێشاوه، توتن به سروشه ئاینییه پیرۆزه‌كانی دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی هه‌ردوو ئه‌مریكاوه گرێدراوبووه، له بۆنه ئاینییه‌كاندا ته‌نها ئه‌ندامانی دوو خێڵ بۆیان هه‌بووه توتن بكێشن، ئه‌ویش به بڕێكی كه‌م.
هه‌ندێك له خێڵه‌كان ئه‌و چیرۆكانه‌یان پاراستووه كه باس له سه‌رچاوه‌ی توتن ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و كاته توتن له‌لای هیندییه سووره‌كان هاوشێوه‌ی ئه‌و توتن و جگه‌ره‌ی ئێستا نه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕووه‌كێكی دیكه‌دا تێكهڵدهكرا، توێكڵی شۆڕه‌بی و سماق و به‌ری داری قهرانیا (زۆر له داری كهنێر "مه‌ڵحه‌م" ده‌چێت)، تێكه‌ڵه‌كه سێ یه‌كی له توتن پێكهاتبوو، دواتر له 20 خوله‌كدا به ئاگر وشكیاندهكردهوه به‌و مه‌رجه‌ی نه‌سووتێت، كێشانی توتن له لووله‌دا ڕێوڕه‌سمێك بوو ژن و پیاو بێ جیاوازی تیایدا به‌شداربوون.
له سروشه ئاینییه‌كاندا، توتنی ئاسایی ده‌رمان و ڕووه‌كێكی پیرۆزبوو و توانای جه‌سته و ڕوحی زیاددهكرد و بۆ نزیكبوونه‌وه له خوداوه‌ند به‌كارهێنراوه، ڕایه‌ڵه‌ی نێوان مرۆڤ و ڕووحه پیرۆزه‌كانی ده‌وروبه‌ری بوو، "مانۆج" ڕووحه پیرۆزه‌كان وابه‌سته‌بوون به‌م دوكه‌ڵه سپییه‌وه، وه‌ك خێڵ و دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی هیندییه‌كان ده‌یگێڕنه‌وه، كێشانی توتن له لوولهیهكدا ڕێگه‌یه‌ك بووه بۆ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ڕووحه پیرۆزه‌كاندا و به‌م شێوه‌یه ئه‌وه‌یان ده‌ستده‌كه‌وت كه هه‌وڵیان بۆ ده‌دا.
دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ناوچه‌ی ده‌ریا گه‌وره‌كان له‌نزیك بنهدارهكاندا سرووشه ئاینییه‌كانیان بۆ بانگكردنی ڕووحه پیرۆزه‌كان ئه‌نجامده‌دا و سوپاسگوزارییان نیشانده‌دان به‌رامبه‌ر به چاكه‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵیاندا كردوویانه، بۆ بانگكردنیشیان توتنیان له‌سه‌ر بنه‌دارێك ده‌سووتاند، به‌هه‌مان شێوه ده‌رمانیان له توتن دروستده‌كرد، له وه‌رزی چاندنی برنجدا كیسه‌یه‌ك توتنیان ده‌خسته ئاوه‌كه‌یه‌وه، به ئومێدی به‌رهه‌مێكی زۆر و كه‌شێكی هێمن له كاتی دروێنهكردنیدا، له‌كاتی چوون بۆ ڕاوه ماسیشدا توتنیان ده‌خسته بهلهمهكانیانهوه، له‌و بڕوایه‌دابوون كه ده‌یانپارێزیت و به‌سه‌لامه‌تی ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
هیندییه سووره‌كان له ژینگه‌كه‌یاندا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین ڕووداوی سروشتی و دارستان و دوورگه و ئه‌شكه‌وت و تاڤگه‌ی ئاو و به‌ردی نامۆ ده‌بوونه‌وه كه له‌و بڕوایه‌دابوون ڕووحه‌كان له‌وێدا ده‌ژین، له‌كاتی قوربانییدا توتنیان ده‌سووتاند بۆ دووربوون له ڕووحه دڕنده‌كان، له‌دوای هه‌ر گرێبه‌ستێكیش به‌كاریانده‌هێنا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی گرێبه‌سته‌كه، له‌كاتی ئاههنگگێڕانیشدا پهلكێك توتنیان وه‌ك بانگهێشتنامه به كه‌سێكدا ده‌نارد بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌یانه‌ویست له‌گه‌ڵیاندا به‌شداربن.
لای دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی هه‌ردوو ئه‌مریكا ته‌نها توتن پیرۆز نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و لوولهیهش به پیرۆز ده‌زانرا كه توتنیان پێدهكێشا، سه‌رۆك خێڵ لووله‌یه‌كی گه‌وره‌ی نه‌خشێنراوی كێشانی توتنی به‌ده‌سته‌وه‌بوو، له‌كاتی شه‌ڕدا سه‌رۆك خێڵ بۆ وهساتندنی شه‌ڕه‌كه ئه‌و لووله‌یه‌ی ده‌خسته نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی بهشهڕهاتووهوه و پاشان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك خێڵ توتنیان ده‌كێشا، بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشته‌واییش له‌نێوان دوو خێڵدا توتن ده‌كرایه دیاری و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نه‌بوو.
چۆن توتن وه‌ك دراوێكی هاوتای زێڕ به‌كارهێنرا؟
له سه‌ده‌ی 17دا و به دیاریكراوی ساڵی 1619، هه‌رێمه‌كانی ڤێرجینیا و میریلاند و كارۆلاینای باكوور قه‌یرانی دراوی كانزاییان هه‌بوو، له ئه‌نجامی داگیركاریی ئه‌وروپییه‌كانه‌وه دراوی كانزایی هێنده كهمبووبووهوه خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌دوای جێگرهوهیهكدا ده‌گه‌ڕان تا له مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌یاندا به‌كاریبهێنن، له‌و سه‌رده‌مه‌دا توتن هاوتای زێڕ بوو. رووه‌كێكی پیرۆز كه چه‌ندین تایبه‌ندی پزیشكیی هه‌بوو، جێی ڕه‌زامه‌ندی كڕیار و فرۆشیار و قه‌رزدار بوو.
له‌و كاته‌دا ده‌سته‌ی یاسادانه‌رانی ڤێرجینیا توتنی نمره یه‌كیان به‌رامبه‌ر (سێ شلن) دانا، ساڵی 1642 هه‌موو مامه‌ڵه بازرگانییه‌كانی هه‌ردوو ویلایه‌تی مێریلاند و كارۆلاینای باكوور له‌ڕێی تۆپه توتنه‌وه ئه‌نجامده‌دران، ته‌نانه‌ت له مامه‌ڵه‌كانی حكومه‌تیشدا وه‌ك باج و نرخی كه‌لوپه‌ل و شتومه‌ك به‌كارده‌هێنرا، په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م سیستمه نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك و تا به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی له نیوه‌ی سه‌ده‌ی 18دا به‌رده‌وام بوو.
له سه‌ده‌كانی 17 و 18دا وڵاته داگیركراوه‌كانی هه‌ردوو ئه‌مریكا به‌سه‌ر داگیركارهكانیاندا دابه‌شبوون، له‌و كاته‌دا ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی له هێنانی پێداویستییه‌كانیاندا پشتیان به ئه‌وروپا ده‌به‌ست ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی كه‌می دراوی كانزایی بوونه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی سیستمی ئاڵوگۆڕ كرایه سیستمی سه‌ره‌كیی بازرگانی له نێوان ویلایه‌ته‌كاندا، پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ندێك كاڵا وه‌ك دراو به‌كارده‌هێنران. ئارد، گه‌نمه‌شامی و ڕه‌شه‌وڵاخ و توتن به‌شێكبوون له‌و كاڵایانه.
له كۆتایی سه‌ده‌ی 16وه توتن به‌رهه‌می سه‌ره‌كیی كۆلۆنیاله‌كانی باشوور بوو، وه‌ك ڤێرجینیا و مێریلاند، ئه‌وه‌ش وایلێكرد بهكرداریی له ویلایه‌تی ڤێرجینیا ببێته دراوی یاسایی، له باجدان و كرێی خانوو و كڕین و هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل له ئه‌روپاوه، به‌كارده‌هێنرا، توتن له كۆگای زه‌به‌لاحدا هه‌ڵده‌گیرا، ئه‌و سیستمه 150 ساڵ و تا ساڵی 1747 له ویلایه‌تی مێریلاند جێبه‌جێكرا.
ئه‌م سیستمه له پاره‌دان دوو كه‌موكوڕی سه‌ره‌كیی هه‌بوو، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو، به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان خشته‌یه‌كی كاتی‌یان هه‌یه و ئه‌گه‌ری خراپبوونیان هه‌یه، دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه، به‌گوێره‌ی بارودۆخی بازاڕ به‌هاكه‌ی ده‌گۆڕا. سه‌ره‌تا بازرگانه‌كان توانییان به‌سه‌ر كه‌موكوڕی یه‌كه‌مدا زاڵ‌بن، ماوه‌ی 18 مانگیان بۆ خه‌رجكردنی توتنه‌كه دانا، كه‌موكوڕی دووه‌میش تا كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی 17دا سه‌ریهه‌ڵدا كاتێك به‌های كڕینی توتن شكانی به‌خۆوه‌بینی، ئه‌وه‌ش ئاگاداركردنهوهبوو بۆ كۆتاییهاتنی ئه‌م سیستمه داراییه كه له سه‌ده‌ی 19دا و به ده‌ركردنی دراوی كاغه‌ز به‌ته‌واوی كۆتاییهات.