ڕاپۆرتی جیهانی

02:20 - 19/06/2019

ئه‌و پادشا و سه‌ركردانه‌ی كه‌ حه‌زیان له‌ هاوڕه‌گه‌زخوازی بووه‌‌

پەیسەر

زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگاكان باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ هاوڕه‌گه‌زخوازی ئاكارێكی نوێیه‌، به‌ڵام ئێستا چه‌ندین سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ ئه‌م ئاكاره‌ له‌ناو پادشا و فه‌رمانڕه‌واكان هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كانیاندا هاوڕه‌گه‌زخوازیان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام ئه‌و كاره‌یان زۆر به‌ نهێنی ئه‌نجامداوه‌ و به‌ جۆرێك بووه‌ كه‌ هاوڵاتیانی ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیان پێیان نه‌زانیوون. هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكاندا به‌ كارێكی قێزه‌ون ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ كه‌لتووری زۆر وڵاتی دیكه‌دا ڕێگای پێدراوه‌ و باوه‌ڕیان وایه‌ مرۆڤ ئازاده‌ له‌وه‌ی ده‌یكات.

ئه‌سكه‌نده‌ری گه‌وره‌

ئه‌سكه‌نده‌ری گه‌وره‌ یاخود ئه‌سكه‌نده‌ری سێهه‌می مه‌كه‌دۆنی یه‌كێك بووه‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كان و ستراتیژیه‌تێكی به‌ناوبانگی له‌ مێژوودا هه‌بووه‌. ئه‌سكه‌نده‌ر هه‌مان ئه‌سكه‌نده‌ری دامه‌زرێنه‌ری شاری ئه‌سكه‌نده‌ریی میسره‌. ئه‌و له‌ ساڵی 356 پێش زاین له‌ دایكبووه‌. مامۆستاكه‌ی زانا و فه‌یله‌سووف ئه‌رستۆ بووه‌. هه‌ربۆیه‌ شتێكی نامۆ نییه‌ كاتێك ئه‌سكه‌نده‌ر ده‌گاته‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵی یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین ئیمپراتۆرییه‌ته‌كانی جیهانی كۆن داده‌مه‌زرێنێت. رۆژێك له‌ رۆژانیش واتای شكستی له‌ جه‌نگدا نه‌زانیووه‌.
به‌ لای كۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانیه‌وه‌، په‌یوه‌ندیی سێكسی له‌ نێوان ژن و پیاودا كێشه‌یه‌ك نه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌بێت پیاو هاوسه‌رگیری بكات و وه‌چه‌ بخاته‌وه‌ و میراتگرێكی هه‌بێت. ئه‌سكه‌نده‌ر چه‌ند جارێكیش هاوسه‌رگیری كردووه‌، به‌ڵام به‌ پێی سه‌رچاوه‌كان[1] ئه‌سكه‌نده‌ر په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ پیاوێكدا هه‌بووه‌ به‌ناوی(هه‌یفایشۆن) ده‌گێڕێنه‌وه‌ جاریك پادشای فارس هاتووه‌ بۆ لای ئه‌سكه‌نده‌ر، پادشای فارس وایزانیووه‌ هه‌یفایشۆن پادشایه‌، ئه‌سكه‌نده‌ر له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" گرنگ نییه‌، هه‌یفایشۆن-یش ئه‌سكه‌نده‌ره‌." ئه‌سكه‌نده‌ر زۆر پیاوێكی قۆز بووه‌، هه‌ندێكش پێیان وایه‌ كه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌ ئه‌سكه‌نده‌ر قۆزتر بووه‌. مێژوونووسان باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ئه‌سكه‌نده‌ر ته‌نیا له‌گه‌ڵ هه‌یفایشۆن نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌ش به‌ناوی باگۆس[2] هه‌بووه‌ و په‌یوه‌ندی سێكسی له‌نێوانیان هه‌بووه‌. به‌ڵام هه‌ندێك مێژوونووسی دیكه‌ش ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌سكه‌نده‌ر هاوڕه‌گه‌زخوازبێت، هه‌یفایشۆن و ئه‌سكه‌نده‌ر ته‌نیا دوو هاوڕێی نزیك بوونه‌.

هادریان[3]
ئه‌م پادشایه‌ له‌ دایكبووی 76ی زاینیه‌ له‌ نێوان ساڵانی 117-138زاینی ئیمپراتۆری ڕۆما بووه‌. ئه‌و هادریان له‌گه‌ڵ ڤییینا سابینا كچی خوشكی تراجان، هاوسه‌رگیری كردووه‌. كه‌ دواتر بۆته‌ ئیمپراتۆر. كاتێك ئیمپراتۆر تراجان مردووه‌، ژنه‌كه‌ی كه‌ ناوی بلۆتینا بووه‌، هادریانی وه‌كو كاندیدی ئیمپراتۆر هه‌ڵبژاردووه‌. هه‌ربۆیه‌ هادریان بۆته‌ ئیمپراتۆر.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ ڕۆما زۆرێك له‌ پیاوان عاشقی یه‌كتری ده‌بوون، به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان[4] له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی ژنی هه‌بووه‌، عاشقی پیاوێك بووه‌ به‌ناوی ئه‌نتۆنیۆس هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ئیپمراتۆره‌كانی دیكه‌ ده‌یانكرد. كاتێك هادریان ساڵی 130 سه‌ردانی میسری كرد، له‌گه‌ڵ خۆیدا ژنه‌كه‌ی و ئه‌نتۆنیۆسی بردووه‌. به‌ گه‌شتێك چوونه‌ته‌ سه‌ر ڕووباری نیل. له‌و گه‌شته‌دا و له‌ دۆخێكی ئاڵۆزدا ئه‌نتۆنیۆس له‌ ئاوی نیلدا خنكاوه‌. هادریان زۆر خه‌مبار بووه‌، به‌ جۆرێك دواتر له‌ كه‌ناری نیل شارێكی بۆ بونیاتناوه‌ و ناوی لێناوه‌" ئه‌نتۆنیۆپۆلیس" كه‌ شوێنی ئێستای گوندی "ئه‌نسنا"یه‌ كه‌ ناسراوه‌ به‌ گوندی "شێخ عه‌باده‌" له‌ ناوه‌ندی پارێزگای مینای میسر.


شاژنه‌ ئان… یه‌كه‌مین شاژنی به‌ریتانیا[5]
له‌ ساڵی 1665 له‌ له‌نده‌ن له‌ دایكبووه‌. ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌ فه‌ره‌نسا ژیاوه‌. ساڵی 1683 هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ شازاده‌ جۆرجی دانیماركی كردووه‌، به‌ڵام له‌و هاوسه‌رگیره‌ دڵخۆش نه‌بوون. چه‌ند جارێك منداڵی له‌بارچووه‌. له‌ دوای مردنی باوكی، ماری خوشكی، ئه‌و له‌ ساڵی 1702 بووه‌ شای به‌ریتانیا و له‌ ساڵی 1707 ئینگلته‌را و سكۆتله‌ندای پێكه‌وه‌ به‌سته‌وه‌ و كردی به‌ شانشینێك. بۆیه‌ ئان بووه‌ یه‌كه‌مین شای به‌ریتانی گه‌وره‌. ئه‌و توانی سه‌ركردایه‌تی چه‌ندین وه‌زاره‌تی تێكه‌ڵ بكات. به‌ڵام ئه‌م ژنه‌ زۆر له‌ ژێر كاریگه‌ری ژنێكی هاوڕێی بوو به‌ناوی ساره‌ چه‌رچڵ. كه‌ ژنی دۆق مارلبۆرۆ بووه‌. كه‌ یه‌كێك له‌ داپیره‌كانی وینستۆن چه‌رچڵی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا له‌كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا.
" ناتوانم بڕۆم بخه‌وم تاوه‌كو نه‌تبینم. ئه‌گه‌ر ئه‌زانی چیت به‌سه‌رهێناوم، من دڵنیام ئه‌وه‌ به‌سۆزده‌بوویت له‌گه‌ڵم." ئه‌م یه‌كێك له‌و قسانه‌ی كه‌ شا ئان به‌ ساره‌ی هاوڕێی گوتووه‌. كه‌ 300 ساڵ پێش ئێستا نووسراوه‌. ده‌ڵێن[6] ئه‌وان ئه‌وه‌كو دوو عاشق هۆگری یه‌كتر بوونه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ئان مێرده‌كه‌ی خۆشه‌ویستووه‌، به‌ڵام ساره‌ له‌ پله‌ی دووه‌می هه‌بووه‌. چه‌ندین مه‌ودای دووری بڕیووه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ساره‌ی خۆشه‌ویستی ببینێت. به‌شداری" كاتژمێره‌كانی شه‌وانی خۆشه‌ویستی"كردووه‌.
ساره‌ یاری به‌ ئان كردووه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی پیاوه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی. چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ماددی بۆ مێرده‌كه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ر كردووه‌. په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو ژنه‌ ماوه‌ی 20 ساڵی خایاندووه‌. ساره‌ زۆر ئه‌شكه‌نجه‌ی دروونی ئانی داوه‌، بۆیه‌ ئان بڕیاریداوه‌ كه‌سێكی دیكه‌ په‌یدا بكات بۆیه‌ دواتر ئه‌بیگیل بووه‌ هاوڕێی، بۆیه‌ ساره‌ هه‌ستا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی قسه‌لۆك كه‌ ئان له‌گه‌ڵ ئه‌بیگل په‌یوه‌ندی سێكسیان هه‌یه‌. ئان به‌وجۆره‌ ماییه‌وه‌ تاوه‌كو 1714كۆچی دوایی كرد.

ئیدواردی دووه‌م [7]
ساڵی 1284 له‌ دایكبووه‌، ئه‌و یه‌كه‌مین شازاده‌ی ئینگلیزی بووه‌ كه‌ نازناوی شازاده‌ی وێڵزی به‌ركه‌وتووه‌. كه‌ باوكی ئیدوارد ساڵی 1301 پێی به‌خشیووه‌. كاتێك سێ برای یه‌ك له‌ دوای یه‌ك مردن، دواتریش ساڵی 1307 باوكی مرد. ئیدواردی دووه‌م پادشای به‌ریتانیا بوو. یه‌كه‌مین بڕیاری ئه‌م پادشایه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ گاڤیستۆن ئه‌یرۆلدۆمی گه‌ڕانده‌وه‌ به‌ریتانیا چونكه‌ له‌سه‌رده‌می باوكیدا بۆ فه‌ره‌نسا ڕاونرابوو. ئه‌و ڕاونان و دوورخستنه‌وه‌یه‌ كاریگه‌ریه‌كی خراپی له‌سه‌ر ئیدوارد درووستكرد.
"سنووری مێشك تێده‌په‌ڕێنێت"
"لاده‌ر"
"زیاده‌ڕه‌وی تێداكراوه‌"
به‌مجۆره‌ مێژوونووسان[8] باسی خۆشه‌ویستی نێوان ئیدوارد و گاڤیستۆن-یان كردووه‌. كاتێك گافیستۆن گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ریتانیا، ئیدوارد كچی خوشكێكی خۆی لێ ماره‌كرد. كه‌ ناوی مارگرێت دی كلیه‌ر بوو. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ نزیكی خۆی بێت.
كاتێك گاڤیستۆن له‌ فه‌ره‌نسا گه‌ڕایه‌وه‌، ئیدوارد له‌به‌ر چاوی هه‌موویان ماچی كرد. بۆیه‌ ئیزابیلای ژنی ئیدوارد ئه‌م سوكایه‌تیه‌ی قه‌بوڵ نه‌كرد و به‌ باوكی وت. شا فلیپی باوكی ئیزابیلا به‌ هاوكاری بارۆنه‌كان، گاڤیستۆنیان له‌سێداره‌دا. دوای ئه‌وه‌ ئیزابێلا توانی به‌ هاوكاری رۆجه‌ر مۆرتیمه‌ر كوده‌تایه‌كی به‌سه‌ر ئیدوارد كرد و كوڕه‌كه‌ی شوێنی ئیدواردی گرته‌وه‌. ساڵی 1327 ئیدواردی دووه‌م له‌ كۆشكی بیركڵی زیندانی كراو دواتر هه‌ر له‌وێ كوژرا.

قه‌شه‌ جۆلیۆسی سێهه‌م[9]
جیۆڤانی دیل مۆنتی ناوی ته‌واوی قه‌شه‌ جۆلیۆسی سێهه‌می پاپای كاسۆلیكه‌ كه‌ ساڵی 1487 له‌ رۆما له‌ دایكبووه‌. چه‌ندین پۆستی ئاینی له‌ كڵێساكانی كاسۆلیك گرتۆته‌ ده‌ست، دواتر ساڵی 1536 بووه‌ به‌ كاریدناڵ پاشان ساڵی 1550 له‌ لایه‌ن كڵێسای كاسۆلیكه‌وه‌ كاندیدكرا بۆ پۆستی پاپای ڤاتیكان. به‌ ڕه‌زامه‌ندی باڵی فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی كرا به‌ پاپا و دوای چه‌ند ساڵێك ململانێ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ دواتر ساڵی 1555 مرد.
ئینۆشنزۆ سواڵكه‌رێكی هه‌رزه‌كاربوو، كاتێك چاوی به‌ پاپا كه‌وت، پاپا عاشقی بوو.[10] له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌تی كاتێك بۆته‌ پاپا وایكردووه‌ برایه‌كی ئه‌و كوڕه‌ هه‌رزه‌كاره‌ به‌خێو بكات. زۆرێك له‌ مێژوونووسان ده‌ڵێن كوڕه‌ سواڵكه‌ره‌كه‌ له‌گه‌ڵ پاپا خه‌وتووه‌. كه‌ پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندی سێكسیان هه‌بووه‌. هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پاپای سێهه‌م ئه‌و كوڕه‌ی له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا كردووه‌ به‌ كاردیناڵ. ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌ناو كڵێسادا درووست بێت، به‌ڵام پاپا گوێی پێنه‌داون و بگره‌ كردوویه‌تی به‌ بریكاری دیپلۆماسی و سیاسی سه‌ره‌كی خۆی.
دوای مردنی پاپایش، ئینۆشنزۆ وه‌كو كاردیناڵ ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌ كوشتنی باوك و كوڕێك تۆمه‌تباركرا، پاشان تۆمه‌تباركرا به‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر دوو ژنی هه‌ژار، بۆیه‌ ده‌ستگیركراو، و خرایه‌ زیندانه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ ئابڕووی كڵێساده‌بات، بۆیه‌ دوای ماوه‌یه‌ك له‌ دوورخستنه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ كڵێسا، ئه‌و مرد. به‌ڵام هێشتا كڵاوی كاردیناڵی به‌سه‌ره‌وه‌ بوو.

ریچارد دڵی شێر[11]
ئه‌و سه‌ركردایه‌تی هێرشی خاچپه‌رستانی سێهه‌می ده‌كرد، له‌ دژی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی ده‌جه‌نگا به‌ڵام سه‌ڵاحه‌دین شكستی پێهێنا. ڕیچاردی یه‌كه‌م پادشای به‌ریتانیا بووه‌، به‌ "دڵی شێر"ناسراوه‌. له‌ ساڵی 1157 له‌ شاری ئۆكسفۆردی به‌ریتانیا له‌دایكبووه‌. خاوه‌نی توانی سیاسی و سه‌ربازی هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ براكانیدا له‌ دژی باوكیان یاخیبوون كه‌ ناوی هێنری دووه‌م بوو. له‌ ساڵی 1189 چوو په‌یوه‌ندیكرد به‌ شا فیلیپی دووه‌می فه‌ره‌نسا و له‌ دژی باوكی جه‌نگا. تاوه‌كو باوكی مرد هه‌ر به‌ شوێنیه‌وه‌ بوو.
به‌پێی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ئاشكراكراوه‌، په‌یوه‌ندی نێوان ڕیچارد و شا فلیپی دووه‌می فه‌ره‌نسا به‌ جۆرێك بووه‌ شه‌وان له‌سه‌ر یه‌ك سه‌رین خه‌وتوون[12]. ده‌ڵێن كه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ له‌ ژووری نووستن كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌. ده‌شگوترێت ریچارد له‌بری دۆشك له‌سه‌ر پشتی چه‌ند كۆیله‌یه‌ك خه‌وتووه‌. ئه‌وه‌ش سومبوڵی هاوڕه‌گه‌زخوازییه‌.
رۆجه‌ر دی هۆفیدین مێژوونووسی هاوچه‌رخ ده‌ڵێـت[13]" شای فه‌ره‌نسا، ریچاردی هێنده‌ی خۆی خۆشه‌ویستووه‌." به‌ڵام له‌ كۆتایدا ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ به‌ دوژمنایه‌تی كۆتایی هات. هه‌ردووكیان چوونه‌ چه‌ند شه‌ڕێكه‌وه‌. ریچارد له‌ چه‌ندین شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتنی به‌ ده‌ستهێنا. به‌ڵام له‌ گه‌مارۆدانی قه‌ڵای چالوس له‌ ناوه‌ڕاستی فه‌ره‌نسا برینداركراو  له‌ ساڵی 1199 به‌و برینه‌وه‌ كۆچی دوای كرد.


[1]https://www.forbes.com/sites/booked/2011/02/10/alexander-the-great-gay-or-straight/#9d2da5d3447e https://untoldhistorytour.com/alexander-great-gay/
[2]
[3] https://en.wikipedia.org/wiki/Hadrian
[4] https://www.independent.co.uk/news/uk/this-britain/hadrian-the-gay-emperor-769442.html
[5] http://www.bbc.co.uk/history/historic_figures/anne.shtml
[6] https://www.dailymail.co.uk/news/article-4636386/The-secret-passion-Queen-Anne-Sarah-Churchill.html
[7] http://www.bbc.co.uk/history/historic_figures/edward_ii_king.shtml
[8] https://www.historytoday.com/archive/menage-roi-edward-ii-and-piers-gaveston
[9] https://en.wikipedia.org/wiki/Pope_Julius_III
[10]http://www.glbtqarchive.com/ssh/julius_III_S.pdf
[11] http://www.bbc.co.uk/history/historic_figures/richard_i_king.shtml
[12] https://www.theguardian.com/uk/2008/mar/19/monarchy.france
[13] http://www.todayifoundout.com/index.php/2014/04/richard-lionheart-philip-ii-ate-every-day-table-shared-bed/