ڕاپۆرتی جیهانی

09:30 - 12/06/2019

"دانانی سەرۆكی زۆرێك لە وڵاتانی زلهێز لەدەستی ئەواندایە"..‌

پەیسەر

تا ئەمڕۆش لەبیركردنەوەی زۆر كەسدا ئەوە جێگیربووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك تاكە زلهێزی جیهان، لەمسەر بۆ ئەوسەری زەوی بەدەستەوەیە و ئارەزووی چی بكات دێتە دی، بەڵام بۆ زۆر كەس هێشتا كۆمەڵەی "بیڵدەربێرگ" ناوێكی نامۆیە و پێی ئاشنا نین ، نازانن توانای ئەو كۆمەڵەیە لە پرسە سیاسی، ئابووريی، جیۆلۆجی، ژینگەیی ‌و... هتد, چییە، ڕەنگە بۆ زۆر كەس نامۆبێت تەنانەت وڵاتێكی وەك ئەمریكا یەكێك لە سەرۆكەكانی لەلایەن ئەو كۆمەڵەیەوە دانراوە.

ساڵی 1954 نزیكەی (100) كەس لە هەرە كەسایەتییە كاریگەرەكانی ئەوروپای ڕۆژئاوا‌ و ئەمریكای باكوور بەشێوەیەكی نهێنی و لەڕێكارێكی ئەمنی زۆر توندوتۆڵدا لە هۆڵەندا كۆبوونەوە، ئەو كەسایەتییە كاریگەرانه‌ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دۆخی ئابووریی، سەربازیی، سیاسەتی نێودەوڵەتی و هاوسه‌نگیی هێزی جیهانیان تاوتوێ كرد، دوای كۆبوونەوەكەش كۆمەڵەی "بیڵدەربێرگ" لەدایكبوو.

بۆ زۆركەس وێنەی بیڵدەربێرگ بەشێوەیەكە كە دەڵێن "ئەو حكومەتەی بە نهێنی جیهان بەڕێوەدەبات" دیارترین كەسایەتییەك كە ڕۆڵێكی كاریگەری لە دروستكردنی ئەو كۆمەڵەیەدا هەبوو، (شازادە بێرنارد) باوكی بیاتریس-ی پادشای هۆڵەندا بوو، لەپاڵ ئەویشدا سیاسەتمەداری دیاری پۆڵەندا، جۆزێف ڕیتنجەر (1888-1960) هه‌بوو.

دەستنیشانكردنی ناوی كۆمەڵەی بیڵدەربێرگ لەناوی هەمان ئەو هۆتێلەوە هاتووە كە لە ڕۆژانی 29 تا 31ی ئایاری ساڵی 1954 ئەو كەسایەتییانەی كۆمەڵەكەیان دروستكردن، تیایدا كۆبوونەوە.

ڕەنگە بۆ زۆركەس نامۆبێت كە باس لەوەبكرێت ئەو كۆمەڵەیە بڕیار لە دیاریكردنی سەرۆكی وڵاتان دەدات، بەڵام ئەوە ڕاستیه‌ ‌و بۆ ئەوەش دوو نمونەی زۆر بەرچاو و كاریگەر هەن:
ساڵی 1991 بیل كلینتۆن، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بەشداریی لە كۆبوونەوەی لوتكەی بیڵدەربێرگ كرد، بە دیاریكراوی دوو ساڵ دوای بەشداریكردنەكەی كلینتۆن بووە سەرۆكی ئەمریكا.

یەكێكی دیكە لە نمونە زیندوو و كاریگەرەكان، تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیایە، بەرلەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت كەسێكی چالاكی نێو بیڵدەربێرگ بوو، چوار ساڵ بەر لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بەردەوام ناوی ئەو لەنێو ناواندا بوو بۆ وەرگرتنی باڵاترین پۆستی بەریتانیا، تا سەرەنجام پۆستەكەی وەرگرت.

ڕیچارد ئاڵدریچ، مامۆستای زانكۆی "وارویك"ی به‌ریتانیا لەبارەی دامەزراندنی ئەو كۆمەڵە كاریگەرەوە بۆچوونی وایە، بیڵدەربێرگ وەڵامێك بوو بۆ هەژموونە گەورەكەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای ئەوروپا، بە تایبەت لەو ساڵانەدا دەستوەردانی ئەمریكا لەو وڵاتانەی دەكەوتنە سنوری ڕۆژئاوای ئەوروپاوە گەیشتبووە لوتكە، بۆیە ئەو كەسایەتییە كاریگەرانە كۆبوونەوە بۆئەوەی بە ئەمریكا بڵێن "ستۆپ" بۆئەوەی چارەنووسی وڵاتەكانیان دوای جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن خۆیانەوە دیاریبكرێت.
ئاڵدریچ پێیوایە لەنێو ئەوانەی كۆمەڵەكەیان دروستكرد، كەسانێكی كاریگەر و خاوەن بڕیار هەبوون، كە به‌ ئاسانی بڕیار و بیروڕاكانیان ڕەتنەدەكرایەوە.

كۆمەڵەی بیڵدەربێرگ لەگەڵ تێپەڕبوونى كاتدا ساڵانە كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدەدا، بۆئەوەی لەبارەی هەموو شتێكی سەر زەوی قسە بكەن ‌و ڕای خۆیان هەبێت، لە بواری تەكنەلۆجیاوە تا ده‌گاته‌ سیاسەت، لە وەبەرهێنانەوە بۆ ژینگە و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

هەندێك بۆچوون هەن دەڵێن، كۆمەڵەی بیڵدەربێرگ پلانی سیاسەتی نوێی جیهان دادەڕێژێت، هاوكات هەوڵدەدات حكومەتێكی جیهانیی یەكگرتوو دروستبكات، بە كرداریش ئەوە بیندراوە كە سەركردەی وڵاتانی گەورەی جیهان ‌و گەورە سەرمایەدارەكان پەیوەندییان بەو كۆمەڵەیەوە هەیە، ئەوانن سیاسەتی جیهان دادەڕێژن ‌و هەر ئەوانیشن بڕیاردەدەن ئەو سیاسەتە بۆ كوێ ‌و تا كەی بەردەوام بێت.

ئەم كۆمەڵەیە سه‌ره‌ڕای ئەوەی لەپشتی دەرگا داخراوەكانەوە سەرۆكی وڵاتان دیاریدەكەن، هەندێك لە ئەندامەكانیان پلان ‌و ستراتیژی خۆیان بۆ دروستكردنی قەیران ‌و ڕووداوە جیهانییەكانیش دادەنێن.
دیارترین ڕووداو كه‌ بیڵدەربێرگ دەستی لەدروستكردنیدا هەبوو هێرشكردنە سەر عێراق بوو لەساڵی 2003دا، هاوكات كۆمەڵەكە بڕیاردەدەن سەركردەی وڵاتان چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە جیهانیەكاندا بكەن، تەنانەت یاریی بە ڕایگشتی دەكەن‌و چۆنیان بوێت هەڵیدەسوڕێنن.

وەك ئاماژەمان بۆكرد كە هەریەكە لە (شازادە بێرنارد) باوكی بیاتریس-ی پادشای هۆڵەندا، هەروەها سیاسەتمەداری دیاری پۆڵەندا جۆزێف ڕیتنجەر كە دووان لەدامەزرێنەرە كاریگەرەكانی كۆمەڵەی بیڵدەربێرگ بوون، بەڵام ئەو دووانە هەریەكەیان پەیوەندیی بە وڵاتێكی زلهێزەوە هەبووە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان، شازادە بێرنارد ئەفسەر بووە لە هێزی تایبەتی ئەمنی ئەڵمانیای نازی ناسراو بە (SS)، بەڵام لە ساڵی 1934دا دەستلەكاركێشانەوەی لەو دامەزراوە مەترسیدارەی ئەڵمانیا پێشكەشكرد.

جۆزێف ڕتنجەر-یش لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەمدا تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ڤاتیكان-ی درابووە پاڵ و لە كۆمەڵەی وڵاتانی هاوپەیمان دەركرا، ساڵانێكی تەمەنی لەكاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە تاراوگه‌ بەسەربردووە‌ و لەو ماوەیەدا پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەركردەكانی بەریتانیا بە تایبەتی وینستۆن چەرچڵ، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی بەریتانیا دروستكردووە، ماوەیەكی زۆریش پارەی لە ئەمریكا وەرگرتووە تا ئەوكاتەی ساڵی 1952 كۆمەڵەی بیڵدەربێرگ-ی دروستكرد.

ڕۆژی 31/5 تا ڕۆژی 2/6ی 2019 كۆمەڵەی بیڵدەربێرگ خولی (61)هەمینی خۆی، بە بەشداریی (130) كەسایەتی كاریگەریی جیهان، لە ناویاندا (فیلیم ئەلیكساندەر) پادشای هۆڵەندا، (ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین) وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، (برونۆ لۆمێر) وەزیری ئابووريی فەرەنسا، (مایك پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، (جارید كۆشنەر) گەورە ڕاوێژكار و زاوای دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا ڕێكخست.

دوای ئەوەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەینی ڕابردوو بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی بیڵدەربێرگ لە سویسرا بوو، ڕۆژنامەنووسان پرسیاری ئەو بابەتەیان لە پۆمپیۆ كرد، بەزەردەخەنەوە وەڵامێكی دیبلۆماتیانەی دایەوە و گوتی:"یەكێكم لە هەوادارانی شۆكۆلاتە و پەنیر"، ئەوەش دەریدەخات پۆمپیۆ نەیوستیووە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ ئەو كۆمەڵەیەدا ئاشكرابكات.

خولی ئەمجارەی كۆبوونەوەی ساڵانەی بیڵدەربێرگ تایبەت بوو بە كێشەكانی پەیوەست بە ژینگە، هەژموونی چین ‌و ڕوسیا، ئایندەی سەرمایەداریی، برێكزیت (چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا)، پێشبڕكێی وڵاتان بۆ خۆپڕچەككردن، هەڕەشەی هێرشی ڕێكخراوی هاككەران، دیارترین تەوەریش لەسەروو هەموو ئەوانەوە گرێبەستی سەدە بوو، كە تیایدا جارید كۆشنەر بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چارەسەركردنی كێشەی ئیسرائیل-فەڵەستینی خستبووە ڕوو.