ڕاپۆرتی جیهانی

04:45 - 06/06/2019

جیهان یادی گەورەترین ئۆپەراسیۆن لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەكاتەوە‌

پەیسەر

بەبەشداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا و سەركردەی زۆرێك لەوڵاتانی زلهێز، ئەمڕۆ پێنج شەممە یادی 75 ساڵەی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی بەرز ڕادەگیرێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئاڕاستەی جەنگی جیهانیی دووەمی دیاریكردو بووە سەرەتایەك بۆ هەرەسهێنانی گەورەترین وڵاتی زلهێز لەوكاتەدا كە ئەڵمانیای نازی بوو.

ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی چی بوو؟
ئەڵمانیا دوای ئەوەی توانی فەرەنسا داگیر بكات، ئەوە بوە شۆكێك بۆ ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی جیهان‌و هەستیانكرد ئەگەر ئەڵمانیا نەوەستێنن، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە ئەوروپا كە بە كیشوەرە بەتەمەنەكە ناسراوە، وردە وردە بكەوێتە دەست ئەدۆڵف هیتلەر، بۆیە دوای هەریەك لە ئەمریكا و بەریتانیا بەبەشداریی چەندین وڵاتی ئەوروپا هاوپەیمانێتییەكیان بۆ لێدان لە ئەڵمانیای نازی پێكهێنا، هێزەكەی هاوپەیمانان بەسەركردایەتی دوایت ئایزنهاوەر (كە دواتر بووە 34هەمین سەرۆكی ئەمریكا)، دەستی بەئامادەكاریی بۆ گەورەترین ئۆپەراسیۆ سەربازیی لەدژی ئەڵمانیا كرد، ئەبوو لە ڕۆژی 6/6/1944 ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی دەستیپێكرد.

ئۆپەراسیۆنەكە لەمێژوودا بێوێنە بوو چونكە لەو ڕۆژەدا هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا كاتێك لە كەناراوەكانی نۆرماندی دابەزین، بە بەشداریی شەش هەزار و 900 كەشتی جەنگیی، 12 هەزار فڕۆكەی جەنگی، و زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 سەرباز گەیشتنە نۆرماندی.

گرنگی ئۆپەراسیۆنەكە لەوەدابوو یەكەمجار بوو هێزی هاوپەیمانان ڕاستەوخۆ دابەزینی ئاسمانی بكەن‌و لەگەڵ ئەڵمانیا بكەونە شەڕەوە، كە ئەو شەڕە بووە دەستپێكی كۆتایهێنان بەدەسەڵاتی نازییەكان لەئەورپا، هەروەها ئامادەسازیی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە چارەنوسسازە ماوەی سێ ساڵی پێچوو.

ئەڵمانیا لەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیە ئاگاداربوو
هێزەكانی ئەڵمانیا زانیاریی ئەوەیان هەبوو هاوپەیمانان خۆیان بۆ گەورەترین ئۆپەراسیۆن لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ئامادەكردووە، بەڵام پێیان وانەبوو وادەی ئۆپەراسیۆنەكە هێندە نزیك بێت ئەویش لەبەر دوو هۆكار، یەكەم كەشوهەوای نۆرماندی كە لەوكاتەدا تەم و سەرمابوو، هاوكات هۆكارێكی دیكەش ئەوەبوو كە میحوەری جەنگی ئەڵمانیا لەگەڵ یەكێتی سۆڤێتی ئەوكات ئارام بو و هیچ نیشانەیەك بۆ هێرش دژ بە ئەڵمانیا لەئارادا نەبوو، هاوكات ئەڵمانیا پێشوەخت ملیۆنان (مین)ی لەدەوروبەری نۆرماندی چاندبوو، بەڵام نەیدەزانی هاوپەیمانان پلانێكی دیكەیان هەیە و بەشێوەی دابەزینی ئاسمانیی هێرشدەكەنە سەریان، سەرەنجام ڕۆژی 6/6/1945 كاتژمێر 6:30ی خولەكی بەرەبەیان هاوپەیمانان گەیشتنە نۆرماندی و دەستیان بەوەشاندنی گورزی خۆیان لە هێزەكەی هیتلەر كرد.

"هەمیشە هەق بە هیتلەرە"
هێزەكەی هاوپەیمانان بەسەركردایەتی ئایزنهاوەر دەستیان بە هێرشكرد، لەبەرامبەریشدا هێزەكەی ئەڵمانیا بەسەرپەرشتی ئەدۆڵف هیتلەر دەستیان بەوەڵامدانەوە كرد.

جەنەڕاڵ ڕۆمل، كە فەرمانەكانی هیتلەری دەگەیاندە سوپای ئەڵمانیا دەستەواژەیەكی بەناوبانگی هەیە كە لەشەڕی نۆرماندیدا بەكاریهێنا ئەویش ئەوەبوو كە دەیگوت :"هەمیشە هەق بە هیتلەرە، ئەو لەپاڵماندایە بۆ دواین وتنی دواین وشە".

ئەدۆڵف هیتلەر لەهەمووان زیاتر هەستی بەوەدەكرد لەدەستدانی نۆرماندی ‌و فەرەنسا بەكۆتایهاتنی خۆی و سوپای وڵاتەكەی دێت لەجەنگی جیهانیی دووەمدا، چونكە بەماوەیەكی كەم بەر لەئۆپەراسیۆنی نۆرماندی ئەڵمانیا لەشەڕی لینینگراد شكستیهێنابوو.

ئەڵمانیا لەوباوەڕەدابوو هێزەكەی هاوپەیمانان ئەگەر لە ئەڵمانیاش بدەن ئەوا لەناوچەی (كالی) لە فەرەنسا هێرشدەكەنە سەر ئەڵمانیا، چونكە كالی خاڵی بەستنەوەی فەرەنسایە بەوڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە، بەڵام دواتر دەركەوت كە زانیارییە هەواڵگرییەكان بە چەواشە درابووە هیتلەر بۆئەوەی سوپای ئەڵمانیا هیچ ئامادەكارییەك نەكات.

هاوپەیمانان زیرەكانە لەچەند شوێنێكی دیكەی فەرەنسا كە هێزەكانی ئەڵمانیای لێبوو، ئاگادارییان لەڕێگەی فڕۆكەوە بەردەدایەوە و وایان نیشاندەدا ئەو شوێنە ئامانجی هێرشەكەیانە، بۆئەوەی سەرنجی ئەڵمانیا لەسەر نۆرماندی لاببەن.

كوژرانی 10 هەزار سەرباز لەتەنیا یەك ڕۆژدا
ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی هەر بەتەنیا لە ژمارەی سەربازە بەشداربووەكان‌و ئەو كەرەستەو چەكە سەربازییەی بەكارهات گەورە نەبوو، بەڵكو لەژمارەی قوربانییەكانیشدا گەورە بوو، چونكە بەتەنیا لەچەند كاتژمێرێكی كەم لەڕۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی هاوپەیمانان لەسەر دەستی هێزەكانی ئەڵمانیا كوژران، ئەوە جگە لە برینداربوونی هەزارانی دیكە.

هەر لەڕۆژی یەكەمدا 6 هەزار سەربازی ئەمریكا كوژران كە ئەوە گەورەترین شكستی سەربازیی ئەمریكا بوو تا ئەو كاتە لەمێژوودا، بەڵام هاوپەیمانان توانییان بەو ژمارە قوربانییەی كە داویانە هێڵی بەرگریی ئەڵمانیا تێكبشكێنن.

ڕۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی تەنیا 150 هەزار سەربازی هاوپەیمانان له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابەزین، بەڵام كاتێك ژمارەی قوربانییەكانیان بەدەستی ئەڵمانیا بینی، لەڕۆژی دووەمدا گەورەترین دابەزینی ئاسمانیان كرد كە بریتی بوو لە یەك ملیۆن و 300 هەزار سەرباز.

كاتێك ئەڵمانیا زانی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە نۆرماندی، بەفڕۆكەی جەنگی لە هێزی وشكانی هاوپەیمانانیان دا، هەندێك لە سەربازەكان هەر بەئاسمانەوە و بەر لەوەی بگەنە سەر زەوی كوژران، ئەوانەیشی گەیشتبوونە سەر زەوی‌و لەپاڵ دارو درەختەكاندا خۆیان حەشاردابوو، كەوتنە بۆسەی قەنناس بەدەستە ئەڵمانییەكانەوە‌و كوژران.

هەوڵی تیرۆركردنی هیتلەر
ڕووداوەكانی بەر لە ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی ئەوەندە بە خێرایی ڕویاندا ئەدۆڵف هیتلەری شڵەژاندبوو، ئەڵمانیا دوای ئەوەی لە شەڕی لینینگراد شكستیهێنا، ژمارەیەك لە ئەفسەران و بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا پلانی تیرۆركردنی هیتلەریان داڕشت.

پلانەكە بەشێوەیەك بوو كە لەمیانی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی سەربازیی كە هیتلەر بەشداربوو تیایدا، لەڕێگەی بۆمبێك لەژێر مێزەكەیدا ناوبراو تیرۆر بكرێت، بۆمبەكەی لەگەڵ ئەوەی كە تەقییەوە بەڵام چانس یاوەری پلانداڕێژەرانی كارەكە نەبوو، چونكە بە چەند دەقیقەیەكی كەم لەچونە دەرەوەی هیتلەر لەژووری كۆبوونەوەكە، بۆمبەكە تەقییەوە.

 

فەرماندەی نازییەكان لە ئاهەنگی لەدایكبوونی هاوسەرەكەی بوو
چەند هۆكارێك هەبوون وایانكرد ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی بەسوودی هێزی هاوپەیمانان بشكێتەوە، دیارترینیان ئەوەبوو كە هاوپەیمانان فێڵیان لە ئەڵمانیا كرد، چونكە نازییەكان لە (كالی) ئامادەسازییان بۆ جەنگەكە كردبوو، هێز و كەرەستەی سەربازیی زۆریان كۆكردبووەوە و وایاندەزانی هاوپەیمانان لەوێ هێرشدەبەن، بەڵام دواتر بە هێرشەكەی نۆرماندی توشی شۆك بوون.

یەكێكی دیكە لەهۆكاری شكستی ئەڵمانەكان لەو شەڕە یەكلاكەرەوەدا ئەوەبوو (ڕۆمل)ی فەرماندەی سەربازیی ئەڵمانیا بەر لە هێرشەكە گەڕابووەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ بەشداریكردن لەئاهەنگی 50 ساڵەی لەدایكبوونی هاوسەرەكەی، بەوەش هێزەكانی ئەڵمانیا تووشی شڵەژان بوون ‌و كاتێك ڕۆمڵ بە فەرمانی هیتلەرەوە گەڕایەوە بەرەكانی شەڕ، كار لەكار ترازابوو.

خوێن ڕوباری ئۆماها-ی داپۆشی
یەكێك لەكێشەكانی بەردەم هێزەكەی هاوپەیمان بەتایبەت سوپای ئەمریكا ئەوەبوو، سەربازانی ئەمریكا یەكەمجاریان بوو ڕوبەڕوو لەگەڵ سوپای ئەڵمانیا بجەنگن، بۆیە زۆرترینیان كەوتنە بۆسەی قەنناس ‌و تۆپهاوێژە دوورەكانی ئەڵمانیا و لەنزیك ڕوباری ئۆماها زۆرترین سەرباز كوژران، بەشێوەیەك كە دەگوترێت خوێن وایكردبوو ڕەنگی ئاسایی ڕووبارەكە ببێت بە سور.

ئەڵمانیا لەنزیك ئەو ڕووبارە جۆرە چەكێكی جێگیركردبوو كە لەیەككاتدا 125 فیشەكی دەتەقاند، بەوەش لەنزیك ئۆماها دوو هەزار سەربازی ئەمریكا كوژران.

ئێستا لە نزیك ڕووبارەكە گۆڕی 9 هەزار و 400 سەرباز بوونی هەیە، كە تەنیا لەو بەرەیەی شەڕدا كوژران، ئەوە جگە لەبەرەكانی دیكە كە زیانی گەورەی لێكەوتبوەوە.

ڕووسیا دان بە ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی-دا نانێت
لەگەڵ ئەوەی سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی بووە هۆی ئەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا لەدەستی ئەڵمانیای نازی ڕزگاربكرێت، بەڵام ڕووسیا پێیوایە ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاڕاستەی جەنگی جیهانیی دووەمی یەكلانەكردوەتەوە.

ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لەوبارەیەوە دەڵێت، چونی یەكێتی سۆڤێت بۆ جەنگی جیهانیی دووەم لەساڵی 1941 بووە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا شكستبهێنێت نەك ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی.

ڕووسیا تەنانەت لەگرنگیی ئۆپەراسیۆنەكە كەمدەكاتەوە و دەڵَێ "ئەو دابەزینە ئاسمانییەی هاوپەیمانان هیچ گرنگییەكی نەبوو".

شەوی پێش دابەزینە ئاسمانییەكە چەرچڵ چی بە هاوسەرەكەی وت؟
وینستۆن چەرچڵ، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی بەریتانیا كە بەدیارترین كەسایەتی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم دادەنرێت بەوەی توانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی دژی ئەڵمانیا دروستبكات، شەوی بەر لەئۆپەراسیۆنەكەی نۆرمانی لەنێو جێگەكەیدا نیگەرانییەكانی خۆی بۆ هاوسەرەكەی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە ئاشكراكردووەو وتویەتی:"ئایا دەزانیت سبەینێ بەیانی كە هەڵدەستین لە خەو، دەیان هەزار سەرباز كوژراون؟".


 زیانەكانی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی
لەئەڵمانیا 200 هەزار سەرباز بەدەستی هێزەكانی هاوپەیمانان كوژران، بەڵام سەرەنجام دوای 11 مانگ لەدەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی، بەشێوەیەكی فەرمی دەسەڵاتی نازییەكان لەئەڵمانیا و ئەوروپا كۆتاییهات.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەوەی تا ئێستا بووەتە ژمارەیەكی سەلمێندراو بۆ قوربانییەكان ئەوەیە، 155 هەزار كەس برینداربوون ئەوە جگە لەوەی 18 هەزار سەرباز تا ئێستاش ئاسەواریان دیار نییە.

لەئەڵمانیا 200 هەزار سەرباز بەدەستی هێزەكانی هاوپەیمانان كوژرانو برینداربوون،  لەهاوپەیمانانیش بەمشێوەیە بوو ئەمریكا 9 هەزار و 386 سەرباز، كەنەدا پێنج هەزار و دوو سەرباز، پۆڵەندا 650 سەرباز، بەریتانیا 17 هەزار و 769 سەرباز، سەرەنجام دوای 11 مانگ لەدەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی، بەشێوەیەكی فەرمی دەسەڵاتی نازییەكان لەئەڵمانیا و ئەوروپا كۆتاییهات.