05:03 - 31/05/2019
خالید تەوەکولی: ریفۆرمخوازی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی پڕۆژەیەکی رۆشنبیری نییە
ریفۆرمخوازانی ئێران تووشی قه‌یرانێکی گه‌وره بوونه‌ته‌وه و به‌شێکی به‌رچاو له پێگه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی خۆیان له ده‌ستداوه، هه‌ر بۆیه نیگه‌رانن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا بدۆڕێن و په‌رله‌مان و سه‌رۆک کۆماریش بکه‌وێته‌وه ده‌ستی محافزکارەکان. ئایا ئه‌م قه‌یرانه کاتییە؟ یان قه‌یرانی شه‌رعییه‌ته که کۆی پرۆسەی ریفۆرمخوازیی له ئێران وه‌کوو هه‌وڵێکی فیکری و سیاسی بۆ گۆڕینی پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات خستووه‌ته ژێر گومان و پرسیاره‌وه؟ به‌م بۆنه‌وه هه‌وڵماندا هۆکاره‌کانی لاوازبوونی بزووتنه‌وه‌ی ریفۆرمخوازی و داهاتووی ئه‌م به‌ره سیاسییه له ئێران، له گه‌ڵ دوکتور خالید ته‌وه‌کولی تاوتوێ بکه‌ین.
دوکتور خالید ته‌وه‌کولی دوکتورای کۆمه‌ڵناسییه و هاوکات رۆژنامه‌نووس و چالاکێکی سیاسی ناسراوه له ڕۆژهەڵاتی که لە ڕووی روانگه‌ی سیاسییەوە له ریفۆرمخوازانی ئێران نزیکه، ناوبراو له خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی ئێران وه‌کوو نوێنه‌ری شارەکانی سه‌قز و بانه هه‌ڵبژێردرا به‌ڵام لەلایەن ئەنجومەنی چاودێری دەستورە ڕێگەی پێنەدا بچێته په‌رله‌مانەوە.
به‌ره‌ی ریفۆرمخواز به تایبه‌ت دوای هاتنه سه‌رکاری حکومه‌تی رۆحانی تووشی کێشه و قه‌یرانێکی یه‌کجار زۆر بووەته‌وه
په‌یسه‌ر: دوای ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٨ له ئێران‌دا و ئه‌و دروشمانه‌ی خه‌ڵک له زۆربه‌ی شاره‌کان وتیانه‌وه له دژی هه‌ر دوو باڵی سیاسی ناو ده‌سه‌ڵات واته محافزکار و رێفۆرمخواز بوو و ئاماژه‌ی به‌وه ده‌دا که کاتیان به‌سه‌ر چووه، ئه‌م پرسیاره هاتووه‌ته ئاراوه که ئایا سه‌رده‌می ریفۆرمخوازی له ئێران‌دا کۆتایی هاتووه؟ ئایا به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا که کۆماری ئیسلامی که‌وتووه‌ته ژێر فشارێکی ئابووری و سیاسی زۆره‌وه، ئیتر هیوا و ده‌رفه‌تێک بۆ ریفۆرم له حکومه‌تدا ماوه؟
د. خالید ته‌وه‌کولی: راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که به‌ره‌ی ریفۆرمخواز به تایبه‌ت دوای هاتنه سه‌رکاری حکومه‌تی رۆحانی تووشی کێشه و قه‌یرانێکی یه‌کجار زۆر بووەته‌وه، بەر لە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٨ ئاماژە هەبوو بۆ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری، به‌ڵام پێشبینی نەدەکرا ئاست و قووڵایی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه تا ئه‌م راده زۆر بێت و هه‌موو پێکهاته‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه. بەو هۆیەی رێفۆرمخوازان ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌یان پێشبینی نه‌کردبوو نه‌یانتوانی خوێندنه‌وه‌یه‌کی دروست و نوێی بۆ بکه‌ن، هه‌روه‌ها نه‌یانتوانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه تایبه‌ته بگونجێنن. به بڕوای من ئه‌م قه‌یرانه که ئێستا رووبه‌ڕووی ئه‌م باڵه سیاسییه‌ی ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێران بووه‌ته‌وه به گشتی سێ هۆکاری سه‌ره‌کی هه‌یه:
یه‌که‌م ئه‌وه‌یکه به‌شێکی زۆر له بیرمه‌ندانی ئه‌م به‌ره سیاسییه له چه‌ن ساڵی رابردوودا بێده‌نگ بوون، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بۆچوونی یه‌کێک له دیارترین بیرمەندانی ریفۆرمخوازایی ئێرانی واته سه‌عید حه‌جاریان که پێیوابوو حکومەتەکەی ڕۆحانی له دۆخێکی ئاوارته و تایبه‌تدا هاتووه‌ته سه‌رکار بۆیه پێویسته ریفۆرمخوازان چاوه‌ڕێ بکه‌ن ڕۆحانی حکومەت و ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخه ئاساییه‌که‌ی خۆی تا سه‌ر له نوێ بتوانن به شێوه‌ی جدی خۆیان رێک بخەنەوە، ئه‌م لێکدانه‌وه‌ی حه‌جاریان و هه‌روه‌ها ئاماده‌بوونی به‌شێک له ریفۆرمخوازان له کابینەکەی ڕۆحانیدا بووە هۆی ئه‌وه‌ی ریفۆرمخوازه‌کان سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانکارییه خێرایانه‌ی که له گۆڕەپانی سیاسی ئێران و ناوچه‌که و هه‌روه‌ها پەیوه‌ندی ئێران له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌هاته ئاراوه بێده‌نگ بن یان پشتگیری له حکومەتەکەی ڕۆحانی بکه‌ن.
دووهه‌م خاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناکامی و ناکارامه بوونی حکومەتەکەی ڕۆحانی، راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه حکومه‌ته‌که‌ی ڕۆحانی به تایبه‌ت دوای دەستبەکاربوونی ترامپ و کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له رێککه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌که یه‌کجار لاواز بوو هه‌ر ئه‌مه بووەهۆی قوڵبوونەوەی کێشه ئابوورییه‌کانی خه‌ڵک. به‌شێکیش له به‌ڕێوه‌به‌رانی حکومه‌ت لە گهندهڵییەوە تێوەگلابوون و ئه‌مەش ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری بوو. ئه‌م کێشانه به هۆی پشتگیری ریفۆرمخوازان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا له ڕۆحانی و هه‌روه‌ها ئه‌ماده‌بوونی به‌شێکیان له کابینەکهیدا تا راده‌یه‌کی به‌رچاو له‌سه‌ریان که‌وت و خه‌ڵکێکی زۆر ئه‌م باڵه سیاسییه‌ی به به‌رپرس و هۆکاری ئه‌م کێشانه دەبینی، لەپاڵ ئەمانەشدا پڕوپاگه‌نده و هه‌وڵه‌کانی باڵی محافزکاریش بۆ لاواز کردنی حکومەتەکەی ڕۆحانی کاریگەری خۆی هەبووە.
هۆکاری سێیەمیش دژایەتی بەربڵاوی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییه لەگەڵ ریفۆرمخوازان، محافزکارەکان به‌رده‌وام که‌متر له ریفۆرمخوازه‌کان که‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لامار و ره‌خنه‌ی هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن، هه‌ر له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی دواییدا چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی نوێ لەلایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه بۆ ریفۆرمخوازان دروستکراوه کە هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی ریفۆرمخوازان ته‌نیا ده‌یانه‌وێت تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژ بکەنەوە و خۆیان له سیسته‌مه‌که‌دا بمێننه‌وه، بێده‌نگیی ریفۆرخوازانیش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی له به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرشانه‌دا به‌رگری له خۆیان بکه‌ن و ئه‌مه‌ش لاوازتری کردن.
به گشتی ئه‌توانم بڵێم ئه‌م سێ خاڵه هۆکاری سه‌ره‌کی بوون بۆ دروستبوونی ئه‌و قه‌یرانه‌ی باڵی ریفۆرمخواز رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه که به بڕوای من کاریگه‌رترینیشیان هه‌ر هه‌مان لاواز بوونی حکومەتەکەی ڕۆحانییه.
سه‌رده‌می ریفۆرمخوازی له ئێران‌دا کۆتایی نه‌هاتووه به‌ڵام به‌م قه‌یرانه‌ی ئێستاوه زیاتر له هه‌موو کاتێک پێویستی به ریفۆرمێکی ناوخۆیی هه‌یه
په‌یسه‌ر: ههروەک ئاماژه‌تان پێدا ئێستا ئێران له دۆخێکی دژواردایه، جیاوازییه‌کی به‌رچاویش بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه له هه‌ڵوێستی دوو باڵه سیاسییه‌که‌دا به‌دیناکرێت، هه‌ر دوو باڵه‌که پێیانوایه نابێت دانووستان له‌گه‌ل ئه‌مریکادا بکرێت، له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا ریفۆرمخوازان چۆن ده‌توانن جارێکی‌تر ببووژێنەوە و سه‌رله‌نوێ متمانه‌ی خه‌ڵک به ده‌ست بهێننه‌وه؟
د. ته‌وه‌کولی: هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر پێمانوابێت هه‌موو خه‌ڵکی ئێران به‌رامبه‌ر به کێشه‌کان و شێوه‌ی ده‌ربازبوون له گرفته سیاسی و ئابوورییه‌کان وه‌کوو یه‌ک بیر ده‌که‌نه‌وه. ته‌نها به‌شێک له خه‌ڵک دڵیان به هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌م دۆخه دژوار و مه‌ترسیداره خۆشه. واته هه‌موو خه‌ڵکی ئێران یان هه‌موو چین و توێژه‌کان وا بیر ناکه‌نه‌وه به تایبه‌ت چینی مامناوه‌ندیی کۆمه‌ڵگا حه‌ز ناکات تێچووی گۆڕانکارییه‌کان زۆر بێت. ئێستاش ئه‌م چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه یان به‌شێکی زۆریان هیوادارن گۆڕانکارییه‌کان له ناوخۆ و به هێوری بچێته پێشه‌وه، نه‌ک لەژێر فشاری دەرەکی و له رێگه‌ی شه‌ڕ و گه‌مارۆی ئابوورییه‌وه، چونکە له وه‌ها باروودۆخێکدا ئه‌وه چینی مامناوه‌ندییه که زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت که ده‌نگی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌رده‌وام ئه‌رێنی (ئیجابی) نییه و زۆر جار نه‌رێنی (سه‌لبی)یه. واته له ترسی هاتنی که‌س یان لایه‌نێک ده‌نگ به که‌س یان لایه‌نێکی دیکه ده‌ده‌ن. بۆ نموونه هێشتا ریفۆرمخوازه‌کان به‌راورد بە محافزکارەکان وێنەیەکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی باشتریان هه‌یه، واته ئه‌گه‌ر گۆڕانێکی جیدی له ئارادا نه‌بێت و جارێکی دیکە له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئه‌م دوو باڵه رووبه‌ڕووی یه‌کتر ببنه‌وه، ره‌نگه دیسان ده‌نگی خه‌ڵک بۆ ریفۆرمخوازه‌کاندا بێت و ناچار بن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لۆژیکه‌که‌ی پێشتر. هه‌رچه‌ند به به‌رده‌وام بوونی ئه‌م بارودۆخه، زه‌حمه‌ته هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان که بڕیارە له سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٠دا به‌ڕێوه بچێت سه‌رکه‌وتوو بێت.
به گشتی دەمهوێت بڵێم بە بۆچوونی من سه‌رده‌می ریفۆرمخوازی له ئێران‌دا کۆتایی نه‌هاتووه به‌ڵام به‌م قه‌یرانه‌ی ئێستاوه ریفۆرمخوازیی ئێرانی زیاتر له هه‌موو کاتێک پێویستی به ریفۆرمێکی ناوخۆیی هه‌یه و ناچاره به خۆیدا بچێته‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ له واقیعی کۆمه‌ڵگای ئێران و بارودۆخی ناوچه‌که و جیهان بکاته‌وه. هه‌رچه‌ند حه‌جاریان پێیوایه له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا نابێت ریفۆرمخوازان پشتگیری له خه‌ڵکی ناڕازی بکه‌ن، به‌ڵکوو باشتر وایه بێده‌نگ بن تا قه‌یرانه‌که تێده‌په‌ڕێت. به‌ڵام هاوکات به‌شێک له بیرمه‌ندانی ئه‌م بهرەیە پێیانوایه که پێویسته روانگه‌ی ره‌خنه‌ییان هەبێت و به هه‌ندێک چه‌مک و لێکدانه‌وه‌ی نوێوه بێنه‌وە مه‌یدان و جەماوەر لەگەڵ خۆیان ئاشت بکەنەوە. ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که هیوا هەڵچنین لەسەر سندوقه‌کانی ده‌نگدان خراپ نییه، به‌ڵام هه‌موو هەڵبژاردن و دەنگدان هەموو خواسته‌کانی خه‌ڵک ناگرێته خۆی. بۆیه پێویسته بیر له مێتۆدی نوێ بکرێته‌وه. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبەر محەمەد خاته‌می ئاماژه‌ی به‌م مه‌ترسییه دا و وتی ئه‌گه‌ر به خۆماندا نه‌چینه‌وه ئه‌سته‌مه خه‌ڵک وه‌کوو جاران لەسەر داوای ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.
په‌یسه‌ر: ریفۆرمخوازان له هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا به‌رده‌وام له‌سه‌ر دووڕییانێکدا ماونه‌ته‌وه، واته هه‌رکات له خه‌ڵک و خواسته‌کانی کۆمه‌ڵگا نزیک بوونه‌ته‌وه له‌لایه‌ن باڵی به هێزی ده‌سه‌ڵاته‌وه زیاتر سه‌رکوت کراون و زیاتر پەراوێزخراون، هه‌ر کاتێکیش له ده‌سه‌ڵات نزیک بوونه‌تەوە، پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییان لاواز بووه. به‌شێک لە چاودێران پێیانوایە ئه‌م مێتۆده سیاسییه له‌رزۆکه گه‌یشتۆته کۆتایی خۆی و له‌مه زیاتر ناتوانێت به‌رده‌وام بێت. خه‌ڵک به تایبه‌ت له‌م دۆخه‌دا هه‌ڵوێستی به‌هێز و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان ده‌وێت. ئایا لەم دۆخەدا ریفۆرمخوازەکان دەتوانن بە جۆرێک پێداچوونه‌وه بە خۆیاندا بکەن کە له‌م قه‌یرانه ده‌ربازیان بکات؟
د. ته‌وه‌کولی: زۆرجار هه‌موو ئه‌و گۆڕانکارییانەی له کۆمه‌ڵگادا رووده‌ده‌ن له بازنه‌ی ئیراده‌ی ئێمه‌دا نین و خۆیان ده‌سه‌پێنن. کاتێک سیاسه‌ت تووشی جۆرێک داخران ده‌بێت هه‌ندێک گۆڕانی دیکه به‌ڕێوه‌یه که ره‌نگه که‌س چاوه‌ڕێی نه‌کردبێت.
هه‌رکات له ئێران‌دا ریفۆرمخوازان ده‌سه‌ڵاتیان بووه کۆماریخوازه‌کانی ئه‌مریکا فشارێکی زیاتریان خستۆته سه‌ر ئێران
په‌یسه‌ر: ئایا ئه‌مه ئه‌و کاته‌یه که ریفۆرم کۆتایی هاتووە و توانای هیچ گۆڕانێکی نه‌ماوه؟
د. ته‌وه‌کولی: ئه‌مه ئه‌و کاته‌یه که ریفۆرم به ئامانجه‌کانی خۆی نه‌گه‌یشتووه. ئه‌مه جیایه له‌وه‌ی که ریفۆرم وه‌کوو میتۆدی سیاسی هێشتا به‌راورد به میتۆده‌کانی دیکەی وه‌کوو شۆڕش، کووده‌تا یان شه‌ڕ، باشترین و ئه‌خلاقیترین میتۆده بۆ گۆڕانکاری، چونکە هه‌م تێچووی که‌متره و هه‌م جۆرێکە لە ئه‌ندازیاریی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌رخۆ و ئارام که ده‌سکه‌وته‌کانی به ئاسانی له کیس ناچن. ئه‌گه‌ر له کۆمه‌ڵگایه‌کدا ئه‌م مێتۆده به ئه‌نجام نه‌گات به مانای هه‌ڵه بوون یان خراپبوونی میتۆده‌که نییه، به‌ڵکوو ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا هه‌ڵگری ئه‌و شێوه ڕوانین و میتۆده نەبێت یان باڵ و لایه‌نه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات به هێزن و ده‌توانن به‌ر به گۆڕانکارییەکان بگرن یان ته‌نانه‌ت ده‌ستی ده‌ره‌کی به شێوه‌ی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ئه‌م هه‌وڵانه له‌بار ده‌بات. بۆ نموونه هه‌رکات له ئێران‌دا ریفۆرمخوازان ده‌سه‌ڵاتیان بووه کۆماریخوازه‌کانی ئه‌مریکا فشارێکی زیاتریان خستۆته سه‌ر ئێران که له ئه‌نجامی ئەم فشارانەدا محافزکارەکان به هێزتر بوون.
به گشتی پێموایه ئه‌گه‌ر له‌م ساته‌وه‌خته‌دا ریفۆرمخوازان بیانه‌وێت میتۆدگه‌لی وه‌کوو هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان تاقی بکه‌نه‌وه سه‌رکه‌وتوو نابن چونکە ئێستا له ئێران‌دا سیاسه‌ت تووشی داخراوییهکی سه‌یر بووه هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری یه‌کجار که‌مه. له کاتێکیشدا که ئه‌گه‌ری شه‌ڕ لە ئارادا بێت باسکردن له ریفۆرم بایه‌خێکی ئه‌وتۆی نامێنێت. بۆیه ناچارن چاوه‌ڕێ بکەن هەرچەندە ئه‌م چاوه‌ڕوانی کردنەش له به‌رژه‌وه‌ندییاندا نەبێت، هاوکات ئه‌گه‌ر بتوانن لەرووی تیۆرییه‌وه بە خۆیاندا بچنەوە و چه‌شنێک ریفۆرمی کۆمهڵگاتهوهر ده‌ستپێبکه‌ن و پەیوهندییهکانیان له‌گه‌ڵ رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان و کۆمه‌ڵگادا زیاتر بکه‌ن ده‌توانن سه‌رکه‌وتوو بن، ئه‌گه‌ر له‌م پرۆسهیەدا سه‌رکه‌وتوو بن پێموایه ده‌توانن له داهاتوودا کاریگه‌ر بن. به بڕوای من به‌م مه‌رجه‌وه له داهاتوودا ریفۆرمخوازان له زۆربه‌ی هێزه سیاسیانه‌ی ناوخۆ و ته‌نانه‌ت به ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیشەوە وسهرکهوتووتر ده‌بن به‌ڵام له‌م بارودۆخه‌دا دژواره بتوانن کاریگه‌ر بن.
په‌یسه‌ر: پێوایه کورد له‌م ناوه‌دا دەبێت چی بکات؟ ههروەک ده‌زانن به‌شێکی به‌رچاو له حیزبه کوردییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌م ساڵانه‌دا به‌رده‌وام ده‌یانوت کێشه‌ی سیاسی ناوخۆی ده‌سه‌ڵاتی ئێران یان ململانێی محافزکار و ریفۆرمخواز پەیوه‌ندیی به کورده‌وه نییه و کێشه‌ی کورد له‌م بازنه‌دا چاره‌سه‌ر نابێت. له‌م بارودۆخه‌دا که ئاماژه‌تان پێدا رۆڵی کورد چی ده‌بێت؟
د. ته‌وه‌کولی: من دیسان پێموایه ئه‌گه‌ر دۆخه‌که ئاسایی ببێته‌وه، ریفۆرمخوازان له کوردستاندا ده‌نگیان ده‌بێت؛ به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا پێشبینی زۆر ئه‌سته‌مه، به گشتی پێموانییه له ئێرانی ئه‌مڕۆدا و به پێی ئه‌م دەستورە کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکرێت، ههروەک ده‌زانن ریفۆرمخوازان له ئاستێکی دیاریکراودا باس له ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی سیاسیی و مافی که‌مینه‌کان ده‌که‌ن که ئه‌مه بۆ ئێمه باشه و تا راده‌یه‌کیش که‌ڵکمان لێی وه‌رگرتووه. واته بۆ ئه‌وانه‌ی داخوازییه‌کانیان له‌م ئاسته‌دا بێت ئه‌توانێت دڵخۆشکه‌ر بێت، به‌ڵام له‌مه زیاتر کورد ناتوانێت به داخوازییه‌کانی خۆی بگات.
ئۆپۆزیسیۆنی کورد به هه‌موو باڵه‌کانییه‌وه ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی لێکدوورن که زۆر ئه‌سته‌مه بتوانن دانوستانێکی زۆر بچووکیش بکه‌ن
جگە له‌مه ئۆپۆزیسیۆنی کورد به هه‌موو باڵه‌کانییه‌وه ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی لێکدوورن که زۆر ئه‌سته‌مه بتوانن دانوستانێکی زۆر بچووکیش بکه‌ن. واته هیچ خاڵێکی هاوبه‌ش له نێو ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا نابینرێت که بتوانن له‌سه‌ری دابنیشن و گفتوگۆ بکه‌ن. ئه‌وه‌ی دەبینرێت شه‌ڕێکه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رکه‌وتنی ره‌ها یان دۆڕانی ره‌ها و هیچیتر. ریفۆمخوازانیش وه‌کوو به‌شێک له کۆماری ئیسلامی له ناو ئه‌م بازنه‌دان، واته ئه‌گه‌ر ئێمه پێمانوابێت ئه‌وان بڕوایه‌کی زیاتر یان تێگەیشتنێکی باشتریان له کێشه‌ی کورد هه‌یه یان ئه‌گه‌ر به ده‌سه‌ڵات بگه‌ن ئه‌م کێشه چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن ئه‌مه به ته‌واوەتی هه‌ڵه‌یه. ئه‌وان ره‌نگه کورد وه‌کوو به‌شێکی کاریگه‌ر له فه‌رهه‌نگی ئێرانی و هه‌روه‌ها قووڵایی ستراتێژیکی ئێران سه‌یر بکه‌ن، به‌ڵام به‌و شێوه‌ی که ئۆپۆزیسیۆنی کوردی به دوای چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی کورده‌وه‌یه هیچ بڕوایه‌کیان به‌م کێشه نییه و ئاماده‌ش نین له‌سه‌ری وتووێژ بکه‌ن.
په‌یسه‌ر: ئه‌مه‌ش دیسان داخراوییهکی سیاسی دیکه‌یه که ئه‌مجاره به‌رامبه‌ر به کورد دروست ده‌بێت. ئه‌گه‌ر وابێت کورد له وه‌ها دۆخێکی دژوار‌دا ده‌بێت چی بکات؟
د. ته‌وه‌کولی: به‌ڕاستی وه‌ڵامدانەوە به‌م پرسیاره دژواره. ئه‌وه‌ی ده‌توانم بیڵێم ئه‌وه‌یه له‌م بارودۆخه‌دا ته‌نها دەبێت چالاکیمان ببێت و کار بکه‌ین و ئاماده بین، به‌ڵام ئه‌سته‌مه دیاریکردنی چۆنیه‌تی ئه‌م کار و چالاکیانه. راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که به‌شێک له‌م کێشەیەش دیسان ئه‌و گۆڕانکارییانه چاره‌سه‌ری ده‌که‌ن که له بازنه‌ی ئیراده‌ی ئێمه‌دا نین. هه‌ر بۆیه دەبێت هه‌موو لایه‌ک ئاماده‌یی پێویستیان بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانکارییانه‌دا هەبێت. جگه له‌مه نه ریفۆرمخوازی ده‌توانێت ئێمه به هه‌موو ئامانجه‌کانمان بگه‌یه‌نێت نه هه‌وڵ بۆ رووخاندنی حکومه‌ت. ئه‌گه‌ر وه‌ک ئێوه ده‌ڵێن ریفۆرمخوازی ده‌سکه‌وتێکی بۆ کورد نه‌بووه میتۆده‌کانی دیکه‌ش هیچ ده‌سکه‌وتێکیان نه‌بووه و ره‌نگه زیانیشیان هەبووبێت. ئه‌وه میتۆده سه‌خت و تونده‌کان بوون که به‌رده‌وام کۆماری ئیسلامی‌یان به‌رامبه‌ر به کورد به‌هێزتر و رادیکاڵتر کردووه نه‌ک ریفۆرمخوازی. به گشتی پێموایه گۆڕانکارییه‌کان و ره‌وتی رووداوه‌کان، له بازنه‌ی ئیراده‌ی کورد و ریفۆمخوازاندا نین، بۆیه هه‌ر به‌ره‌یه‌کی سیاسی به‌رانبه‌ر به‌م گۆڕانکاریانه ئاماده‌تر بێت بێگومان له داهاتوو و له درێژماوه‌دا ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ریشی زیاتر ده‌بێت.
به‌ره‌ی ریفۆرمخوازی نێو هه‌رێم زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایەیە که ئەگەر بە دەسەڵات بگات دەتوانێ ئامانجەکانی خۆی مسۆگەر بکات
په‌یسه‌ر: زیاتر له ده ساڵه ره‌وتێکی ریفۆرمخوازیی له سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێک رۆشنبیر و لایه‌نی سیاسی له هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی پێکردووه که ئێوه‌ش وه‌کوو چالاکێکی سیاسی ئاگاداری ئه‌م ره‌وته هه‌ن و چه‌ندین بابهتیشتان له‌سه‌ری نووسیوه. پێتانوایه له نێوان ئه‌م ره‌وته له‌گه‌ڵ ریفۆرمخوازی له ئێران‌دا خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه؟
د. ته‌وه‌کولی: ئه‌گه‌رچی جیاوازییه‌کی بنه‌ره‌تی له‌م دوو ره‌وته‌دا به دیده‌کرێت به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شیش هه‌یه که زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و میتۆدانه‌ی هه‌ر دوولا به کاری ده‌هێنن. وه‌ک ئاگادارن هه‌رێم هێشتا ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ نییە و به‌شێکە له عێراق. هه‌روەها هێشتا حیزبه‌کان هێزی سه‌ربازیی خۆیان هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه ریفۆرمی له هه‌رێمی کوردستانی دژوارتر کردووە، لەلایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و بزووتنه‌وه رۆشنبیرییه‌ی له ئێران کار ده‌کات و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی ریفۆرمخوازی سه‌ریهه‌ڵدا له باشووری کوردستان به‌دیناکرێت. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک دروشمی وه‌کوو گۆڕانی ده‌سه‌ڵات و لابردنی گه‌نده‌ڵی هاته ئاراوه، به‌ڵام به‌ره‌ی ریفۆرمخوازی نێو هه‌رێم زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایەیە که ئەگەر بە دەسەڵات بگات دەتوانێ ئامانجەکانی خۆی مسۆگەر بکات هه‌ر بۆیه که‌متر به‌ها ده‌ده‌ن به بنه‌ما تیۆرییه‌کان و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت و ئایین و چه‌پ و ناسیۆنالیزم و فێدڕالیزم و... که‌متر باسی جیدی و بنهڕەتی ده‌کرێت. من باسی ئه‌و کارانه ناکه‌م که هه‌ندێک له رۆشنبیران وه‌کوو نووسین یان وه‌رگێڕان ده‌یکه‌ن و هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به واقیعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستانه‌وه نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستم ئه‌و باس و خوێندنه‌وه و ره‌خنانه‌یه که راسته‌وخۆ بنه‌مای تیۆریک بۆ کاری سیاسی له کوردستان دروستده‌که‌ن له‌سه‌ر بنه‌ما مێژوویی و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایە. بۆ نموونه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به دروشمی چاکسازی هاته ناو گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت، به‌ڵام که سه‌یری ده‌زگا فیکرییه‌کان و بڵاوکراوه‌کانیان ده‌که‌ی که‌متر به‌ها ده‌ده‌ن به داڕشتنی باسی تیۆریی و جیدی سه‌باره‌ت به‌و ئامانج و به‌رنامانه‌ی که هه‌یانه و که‌متر باسی گرێ فیکرییه‌کان ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌مه ئه‌بێت به هۆی ئه‌وه‌ی که بۆ نموونه له کاتی ریفراندۆمدا گۆڕان هه‌ڵوێستێکی روونی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته نییه و نازانێ چیبکات. ئه‌م سه‌رلێشێواوییه له زۆربه‌ی شوێن و بابه‌ته‌کانی دیکه‌شدا ده‌بینرێت. به‌م بۆنه‌وه ئه‌م هێزانه تووشی جۆرێک پۆپۆلیزم ده‌بن. به پێچه‌وانه‌وه بزووتنه‌وه‌ی ریفۆرمخوازی له ئێران هه‌م به‌رهه‌می پرۆژه‌یه‌کی رۆشنبیریی گه‌وره بوو هه‌م له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م ره‌وته ئاڵوگۆڕێکی فیکری گه‌وره له‌م وڵاته هاته ئاراوه که هێشتا به‌رده‌وامه.