ڕاپۆرتی جیهانی

05:36 - 17/05/2019

قاسم سلێمانی دەیەوێت لەدژی ئەمریكا دەست بەجوڵە بكات‌

پەیسەر

بەپێی رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، فەرماندەیەكی باڵای سەربازی ئێرانی لەبەغدا چاوی بەفەرماندەی ئەو گرووپە چەكدارییە عێراقییانە كەوتووە لەئێرانەوە نزیكن‌و ئاماژەی ئەوەی پێداون بۆ شەڕ خۆیان ئامادە بكەن.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، كە لەسەرچاوەیەكی باڵای هەواڵگری زانیارییەكانی دەستكەوتووە، ئەو فەرماندەیەی ئێران لیوا قاسم سلێمانی بووە، كە فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانییەو پێش سێ‌ هەفتە لەبەغدا چاوی بەفەرماندەی میلیشیا چەكدارییەكانی عێراق كەوتووەو كۆبوونەوەكەشی بە كۆبوونەوەیەكی "پیس" وەسف كردووە.

رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە جوڵەكەی قاسم سلێمانی ئامادەكاری‌و دەستپێكردنی جوڵەیەكە لەدژی ئەمریكا، ئەوەش لەرێگەی هاوپەیمانانە هەرێمییەكانی ئێران لەناوچەكە، ئەوەش ترسی لەلای ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دروست كردووە، بەوەی بەرژەوەندییەكانیان لەناوچەكە بكەوێتە ژێر هەڕەشەی تاران.

ئەمە لەكاتێكدایە، ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا فەرمانی بە كارمەندانی ناپێویستی هەردوو باڵوزێزخانەی ئەمریكا لەبەغداو كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەهەولێر كرد، بەزووترین كات عێراق جێبهێڵن.

رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، كە ئەو بڕیارە كاردانەوەی جوڵەكەی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بووە، كە بەدوای ئەمریكاش بەریتانیاو هۆڵەنداو ئەڵمانیاش لەعێراق كاردانەوەیان نواند.

هاوكات سەرچاوەكان بۆ رۆژنامە بەریتانییەكە ئاشكرایانكردووە، كە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو قاسم سلێمانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی میلیشیاكانی سەر بەئێران لەعێراق كردووە، بەڵام كۆبوونەوەو قسەی ئەمجارەی جیاواز بووە، بەوەی دەبێت ئامادەبن.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بەهەژموونی تاران لەناوچەكە، دەستی بەگەمارۆخستە سەر سەرجەم ناوەندەكانی ئێران كردووە، ئەوەش گرژی زۆری خستووەتە نێوان هەردوولاو بە بەردەوامی هەڕەشە لەیەكتری دەكەن.