02:10 - 17/05/2019
غەنوشی بەنیازە واز لەئیخوان و ئیسلامی سیاسی بهێنێت
ڕاشد غەنوشی، سەرۆكی جوڵانەوەی نەهزەی تونسی چووەتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بۆ ئەوەی خۆی لەئیسلامی سیاسیو ئیخوان موسلمین بێبەری بكات، دوای ئەوەی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی ئەو وڵاتە نیازی ئەوەی ئاشكراكرد، ئەو گروپە بخاتە لیستی تیرۆر.
ناوەندە سیاسییەكانی تونس پێیانوانییە سەردانەكەی راشید غەنوشی بۆ پاریس لەسەر بانگهێشتی فەرمی فەرەنسا بووبێت، لەكاتێكدا، بەرپرسانو هەوادارانی جوڵانەوەی نەهزە بانگەشەی ئەوە دەكەن، ئەو سەردانە لەسەر داوای فەرمی ماكرۆن بووە.
ناوەندە سیاسییەكان پێشیانوایە، غەنوشی بۆیە سەردانی پارسی كردووە، بۆ ئەوەی هەڵمەتێكی فراوان لەژی ئیسلامی سیاسیو ئیخوان موسلمین بەرپا بكات، تا باوەڕ بەماكرۆن بهێنێت، كە جوڵانەوەی نەهزە هیچ پەیوەندییەكی بە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمینە نەماوە، كە جگە لەفەرەنسا ئەمریكاش بەنیازە ئەو كۆمەڵەیە بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
جوڵانەوەی نەهزەی تونس بەفەرمی رایگەیاندووە، سەردانەكەی غەنوسی ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت، كە چەند بەرپرسێكی جوڵانەوەكەش یاوەری ناوبراو دەكەن، لەگرنگترینیان ڕەفیق عەبدوسەلام زاوای غەنووشی و بەرپرسی پەیوەندییە دەرەكییەكان.
غەنوشی لەو سەردانە جگە لەكۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆنو بەرپرسانی تری فەرەنسا، لەچەند ناوەندێكی توێژینەوەی فەرەنسیش سمینار پێشكەش دەكات، ئەمە جگە لەكۆبوونەوە لەگەڵ رەوەندی تونس لەفەرەنسا.
رۆژنامەی "عەرەب" لەراپۆرتێكدا جەختیكردووەتەوە، كە هیچ ئاماژەیەك نییە بەوەی پاریس بەفەرمی بانگهێشتی سەرۆكی جوڵانەوەی نەهزەی كردبێتو ئاشكراشیكردووە، سەردانەكە لە لایەن كۆمپانییایەكی گەورەوە ڕێكخراوە، كە جوڵانەوەی نەهزە گرێبەستی لەگەڵ كردووە.
غەنووشی لەسەردانەكەیو لەوكاتەی بەفڕۆكە گەشتی دەكرد، لەناو فڕۆكەكە تووشی ژنێك هات، كە رەخنەی لەخۆیو سیاسەتی جوڵانەوەكەی كرد، بەوەی تونسی تووشی قەیرانی ئابووریو كۆمەڵایەتی كردووە ، كە گرتە ڤیدیۆیی ئەو ژنە لەكاتی قسەكردن لەگەڵ غەنوشی بەشێوەیەكی فراوان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكە، ژنەكە هێندە توند بەرانبەر غەنوشی قسەی كردووە، وتوویەتی: نەفرت لەم ڕۆژگارە، كە جوڵانەوەی نەهزی هێنایە سەر حوكم لەتونس. كە ناوەندەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو رووداوە سەلمێنەری ئەوەیە، شەقامی تونسی لە غەنوشی و جوڵانەكەی توڕەن.
لەئێستادا جوڵانەوەی نەهزە ترسی ئەوەی هەیە، ئەو هەلەی لەدوای 2011 لەتونسو پاش شۆڕش بۆی هاتووەتە پێش لەدەستی بدات، كە لەدوای ئەو ساڵە هاتە سەر حكومو ئێستا زۆربەی ناوەندەكانی ئەو وڵاتەی لەژێر دەستدایە.
فەرنسا ماوەیەكە رێوشوێنی توندی بەرانبەر جوڵانەوە ئیسلامییەكان گرتووەتە بەرو ماكرۆن بەنیازە لەو چوارچێوەیەدا كارو چالاكییەكانی چەند رێكخراو و كۆمەڵەو جوڵانەوەیەكی ئیسلامی قەدەغە بكاتو بە تیرۆرستیان ئەژمار بكات، كە سەردانەكەی غەنوشی هاوكاتە لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی پاریس ماوەیەكە دەستی پێكردووە.
هاوكات چاوەڕێدەكرێت، لەرۆژانی داهاتوو هەڵمەتەكەی پاریس زیاتر گەشە بكات، دوای ئەوەی ماكرۆن رایگەیاند، ئیسلامی سیاسی بەنیازن فەرەنسا دابەش بكەن، كە ئەوەش هێڵی سوورە بۆ ئەوانو سەرۆكی فەرەنسا جەختیكردەوە، نابێت چیتر چاو لەراستییەكان بپۆشینو رێوشوێن دژی ئەو هەنگاوانە بگرینە بەر.
ماكڕۆن ئاشكراشیكرد، كە حكومەتی وڵاتەكەی راسپاردووە، هیچ نەرمییەك بەرانبەر ئەو گروپو رێكخراوانە نەنوێنێت، لەژێر پەردەی ئاین دەیانەوێت فەرەنسا بەرەو دابەشبوونی ئاینی بەرن، كە راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، ئیسلامی سیاسی پەلیان هاویشتووەتە ناو ناوەندە گرنگەكانی پاریس.
سەرچاوە: ئەلعەرەب