ڕاپۆرتی جیهانی

08:07 - 13/05/2019

كۆمەڵگەی كوردستان لە كوێی پیشكەوتنەكانی دونیادایە؟‌

پەیسەر

جیهانی ئەمڕۆ كە ئێمەی تێدا دەژین لە كۆمەڵێك نەتەوەو وڵات و گەلی جیاواز پێكهاتووە، بە پێوەرەكانی ئەم سەردەمە دابەش بووە بۆ پێشكەوتوو دواكەوتوو، بۆ هەژار و دەوڵەمەند، تێگەشتوو ناتێگەشتوو، ئەم دابەشكارییە هەموو سێكتەرەكانی ژیانی مرۆڤایەتی گرتوەتەوە. ئەگەر وایە ئێمە لەكوێی ئەو بارودۆخەداین؟ پێگەی ڕاستەقینەی ئێمە كوێیەو ڕوومان لە چی لایەكە؟ بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكانمان دەست بكەوێت دەبێت نیشانەكانی پێشكەوتن و دواكەوتن بناسین، وە لانی كەم لە هەنگاوی یەكەمدا لەیەكیان جیابكەینەوە. 

باش وایە سەرەتا پێناسەیەك بۆ كۆمەڵگی بكەین، كۆمەڵگە پیناسەی جۆراوجۆری هەیە، زانایانی كۆمەڵناس هەریەكەیان بە پێی قوتابخانەو دیدگای خۆیان پێناسەی كۆمەڵگەیان كردووە، بۆ ئەوەی نەچینە ناو ئەو هەموو پێناسە جۆراوجۆرەوە دەكرێت بە كورتی و بە پوخت  بگوترێت: كۆمەڵە مرۆڤێكن پێكەوە لەناو سیستەمێكی هاوبەشدا دەژین و سنورێكی دیاریكراوی جوگرافییان هەیەو پەیوەندی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی پێكەوەیان دەبەستێتەوە.

كۆمەڵگەكان رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە پیشخستی ڕەوڕەوەی مێژوی وڵاتان و بە پێچەوانەشەوە، هەر  كۆمەڵگەكانن كاریگەرییان هەیە لەسەر پیشكەوتنی وڵاتانی جیهان و شارستانیەتە جیاوازەكانی مرۆڤایەتی، هەر یەك  لەوانەش تایبەتمەندی خۆیان هەیەو بۆ ئەوەی ئێمە لەیەكیان جیابكەینەوە دەكرێت بە سادەیی هەڵوێستەیان لە سەر بكەین.

شارەزایان بیركردنەوەی تەندروست و مەنهەجی بەیەكەم خاڵی سەرەكی دادەنێن بۆ ئەوەی بزانرێت كۆمەلگەیەك چۆن بیر دەكاتەوە و هەنگاوەكانی داهاتووی بە كوێی دەگەیەنێت و بەچ ئاراستەیەكدا دەڕوات، بیرنەكردنەوە بوونی نیە، هەركات گوترا بیرناكەنەوە، پێچەوانەكەی دروستە، چوون ئەو كۆمەڵگەیە بیری كردوەتەوە بەو شیوەیە بێت و بژاردەی خۆیەتی، كۆمەڵناسان پێیان وایە زۆرێك لە كێشەكان پێویستیان بە ناسینەوەو پەیوەست كردنەوە هەیە لە گەڵ پێشینە بۆ ئەوەی بتوانین ئێستە ئاڕاستە بكەین، كێ هەیە باوەڕ بەوە نەكات نەتەوە پیشكەوتوەكانی ئەوروپای ئەمڕۆ پشتیان بە فەلسەفەو بیروبۆچونی فەیلەسوفەكانی سەدەكانی ڕابوردوو نەبەستووە؟ ئایا پیشكەوتنی ئەو هەموو ئامێرەو داهێنانە جیاوازەكان كاریان لەسەر پیشینەیەكی بچووك نەكردووە؟ هەربۆیە هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی ڕابوردووی هەر نەتەوەیەك پاڵپشتێكی زۆرباشە بۆ ئەمڕۆ، ئەمڕۆش باشترین كاتە بۆ ئەوەی داهاتوەكانی لەسەر بونیات بنرێت. 


شارەزایان لەم خاڵەدا باس لەوە دەكەن بۆ ئەوەی كۆمەڵگەكان لە نێوان پیشكەوتوو دواكەوتوودا جیابكەینەوە دەبێت پشت بەو ڕاستەقینەیە ببەستین كە دواكەوتوەكان هەمیشە عاشقی شتە لاوەكی و بچووكەكانن و ناچنە نزیكی كێشە ڕاستەقینەكان و كۆمەڵگە پیشكەوتوەكانیش هەمیشە سەرقاڵی كرۆكی كێشەكانن، سەرقاڵی كێشە گەورەكانن، كۆمەڵگە دواكەوتوەكان هەر بەچواردەوری گرفتەكەدان و پێشكەوتەوەكانیش بوێرانەو ڕاستگۆیانە لە دۆخەكە دەدوێن.
كۆمەڵگە دواكەووتەكان هەمیشە دەستیان بە خۆیانەوە گرتووەو نایانەوێت دەست بەرداری خۆیان ببن، هەمیشە بەناوخۆیاندا نوشتاونەتەوەو تەنها خۆیان دەبینن و دەكرێت بگوترێت كۆمەڵگەی زۆر پابەندو داخراون، نایانەوێت چاوێك لە چواردەوری خۆیان بكەن و بە پێی فلتەری خۆیان پیشوازی لە بابەتەباشەكان بكەن و ڕەتی خراپەكانیان بكەنەوە، كۆمەڵگەی دواكەوتوو تەنها كار لەسەر پابەندبوون بە ڕابوردووی خۆیەوە دەبێت و بە هیچ شێوەیەك توانای گۆڕانكاری لە خۆیدا دروست ناكات. كورتەی ئەو بابەتەش دەكرێت لە دوو دەستەواژەدا كورتیان بكەینەوە كۆمەڵگەی دواكەوتوو داخراوەو كۆمەڵگەی پیشكەوتوش كراوەیە. بەو پێیەی داخران كاریگەری ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر بیركردنەوەو بڕیاردان و هەنگاونان و بە پێچەوانەشەوە، داخران واتە ڕێگەگرتن لە هاتنە ژورەوەی هەموو جۆرە ڕوناكیەك و كرانەوەش واتە ڕێگەدان بە ڕوناكی و بینینی ڕەهەندە ڕاستەقینەكانی هەموو شتێك.

كۆمەڵگە دواكەوتوەكان هەمیشە گوێڕایەڵی دەسەڵاتدارانی دیكتاتۆرو خۆسەپێنن، دەسەڵات بەردەوام سەرقاڵی كاری خۆیەتی و دیكتاتۆرانە بڕیارەكانی دەدات و لە هەر هەنگاوێكیشدا گوتاری درەوشاوەو باق و بریق بەخەڵكەكەی دەدات و بەردەوامیش كۆمەڵگە باوەڕی پێدەكات و پابەندی مانەوەی دەسەڵاتەكە دەبێت، كۆمەڵگە دواكەوتوەكان هەمیشە شوینكەوتەی بنەماڵەو كەسەكانن و پێیان وایە ڕەهایی و مافی دەسەڵاتدارێتی لەخوینی ئەواندایەو خەڵكانی تر كەڵكی ئەوەیان پێوەنیە. هەر بۆیە بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەسەڵات كار بۆ پەرە پێدانی درۆ دەكات، تا دەگاتە ئاستێك درۆ بازاڕی گەرم دەبێت و لە هەموو بوارەكانی ژیانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، دسەڵاتیش بۆ ئەوەی تەمەنی زیاتر بە خۆی ببەخشێت هەموو تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ هیشتنەوەی كۆمەڵگە بەو شێوەیەی كەهەیە. 

لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا بێ پلانی و نەبوونی بەرنامەی كار دەبێتە سیفاتێكی گشتی خەڵكەكەی، ئەگەر ژیریشیان بەكار بهێنن بەشێوە سەرەتاییەكەی بەكاری دێنن و ئەندامانی كۆمەڵگە تەنها بیر لەوە دەكەنەوە چۆن قووتی رۆژانەیان پەیدا بكەن و شەوانە بە سكی برسییەوە نەخەون، بەڵام بە پێچەوانەوە كۆمەڵگە پیشكەوتوەكان هەمیشە لە بیری بابەتە گشتیەكانی وەكو ئازادی و ئابووری سەربەخۆو سیستەمی حوكمڕانی و هەڵبژاردنی راستەقینەو.... 

شیكاری كۆمەڵگە دواكەوتوەكان بۆ كۆمەڵێك شرۆڤەی دواكەوتوانەی نزیك لە ئەفسانەو ئایدۆلۆژیایەو شیكاری كۆمەڵگە پیشكەوتوەكانیش پشت بە تاقیگەو داتاو زانیاریەكانی سەردەم دەبەستێت. كۆمەڵگە دواكەوتوەكان لەبەرامبەر ڕوداوە جۆراوجۆرەكاندا بڕیار لە تەسلیم بوون دەكەنەوەو كۆمەڵگە پیشكەوتوەكانیش بیر لەوە دەكەنەوە چۆن بتوانن خۆیانی لیبپارێزن و جارێكی تریەخەیان نەگرێتەوە، یان بتوانن سوودی لیوەربگرن، هەر ئەم بۆچوونەیە كە لە میژووی ئاینەكاندا قوتابخانەكانی (جەبری) و (ئیختیاری)دروست كردووە.

لە كۆمەڵگە دواكەوتوەكاندا كاتێك دەوڵەت دەست بەسەر هەموو كایەكانی ژیاندا دەگرێت، دیدگای هاوڵاتی بۆ خزمەتگوزارییە گشتیەكانیش دەگۆڕیت، كاتیك قوتابخانەیەك لەلایەن قوتابیانەوە ناشیرین دەكرێت و ئاگری تێبەردەدرێت، باخچەی فەرمانگەیەك خزمەت ناكرێت، دارو پاركەكانی شارەوانی وشك دەكرێت، سەرئاو(WC)ە گشتیەكان ناشیرین دەكرێن و بەلوعاكانی خراپ دەكرێن، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە هاوڵاتی هەست بەوە دەكات بەو شێوەیە دەتوانێت تۆڵە لە دەوڵەتەكەی بكاتەوە، بە پیچەوانەی كۆمەڵگە پیشكەوتوەكانەوە كە هەموو ئەو خزمەتگوزاریانە بە ژیرخانی پیشكەوتنی خۆی دەزانێت و تێڕوانینی وایە ئەگەر نیگەرانیەك هەبێت لە دەسەڵاتەكەیە نەك لایەنە خزمەتگوزایەكان، هەر بۆیە كاتێك بەراورد دەكرێت لە نێوان دوو خۆپیشاندان لە دوو وڵاتی جیاوازدا بۆمان دەردەكەوێت كام كۆمەڵگەیان پیشكەوتووەو كامی تریان بە پیچەوانەوە.

تێڕوانینی كۆمەڵگە دواكەوتوەكان بۆ سەركردایەتی و سەرۆكایەتی پەیوەندی بەچەند شتیكەوە هەیە لەوانەش ، كات بەو مانایەی لەكاتێكی دیاریكراودا دەست بەكار دەبێت و لە كاتێكی دیاریكراوی تردا كۆتایی پیدیت، ئەمەش بەمانای پابەند بوون دێت بە یاساو ڕێككارە كارپیكراوەكان لە حاڵیكدا كە سەركردەی كۆمەڵگە دواكەوتوەكان زۆرینەیان هەمیشەیین، كاتی دەستپێكردنیان دیارەو خاڵی كۆتایی دیار نیە، خۆ ئەگەر یەكێكیان لە ژیرفشاری جۆراوجۆردا لابدرێت هیشتا لە پشتی پەردەوە دەست لەكاروبارەكان وەردەدات و كۆمەڵگەش ئەو كارەی بەلاوە ناپەسەند نیەو نیگەرانی قوڵیان لەوبارەیەوە نیەو هەندێكجاریش وەك لایەنی رۆحی و بگرە خودایش لێیان دەڕوانن.

یەكێكی تر لەو خاڵانەی كە ئەو دووكۆمەڵگەیەی پێ جیادەكرێتەوە كردنەوەی بواری بیركردنەوەی تاكەكەس و ئازادیەكانی تاكی كۆمەڵگەیە، كۆمەڵگە پێشكەوتوەكان بە ئەندازەیەكی زۆر و بە پیی یاساو ڕێككارە ڕێگەپێدراوەكان ئازادی و بیركردنەوەی تاكەكەسیان فەرهەم هێناوەو بە پێچەوانەشەوە كۆمەڵگە دواكەوتوەكان هەر بەشوین عەقڵی كۆمەڵگەو گشتیەوەن، كۆمەڵگە دواكەوتوەكان دەستبردن بۆ ئازادییە تاكە كەسیەكان و بیركردنەوەكانی تاك بە قەدەغەو لەڕێ لادان لە قەڵەم دەدەن.
یەكێكی تر لە جیاوازیەكان ئەوەیە بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكان و چۆنیەتی ڕوبەڕووبونەوەی كێشەكانە، كۆمەڵگە پێشكەوتوەكان یاساو بەرژەوەندی گشتی و مافی هاوڵاتی بوون و گفت و گۆ دەگیرێتەبەر و لە كۆمەڵگە دواكەوتوەكانیش دا بە ئەنجامدانی توندوتیژیی و كوشتار یەكلایی دەكرێتەوە، هێزی بازوو لە پێش هێزی بیركردنەوەوەیە. لە كۆمەڵگە دواكەوتوەكاندا ئەگەر زمانیش بەكار بهێنرێت ئەوا لە بواری توندوتیژی زمان و میدیادا بەكاری دەهێنن.

لەبەر ئەوەی شارەزایان و كۆمەڵناسان باوەڕیان وایە كە حكومەت و دەسەڵات دەرئەنجام و هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەیە، كاتێك حكومەتێك لە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتوودا بونیادی خۆی دەنێت لەبری ئەوەی ببێتە هۆكاری خۆشگوزەرانی و كارئاسانی خۆشی دەبێتە بارگرانیەكی دیكە، لەبری ئەوەی دامەزراوەكان هاوكاری یەكتری بن لە پێناوی پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا، لەدژی یەكتری كاردەكەن و دەكەونە وێزەی یەكتری لەبری ئەوەی وەك تیمێك كاربكەن بە دژە ئاڕاستەی یەكتری دەجوڵێن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی تواناو وزەكانی كۆمەڵگەو حكومەتیش بەفیڕۆ دەڕوات و لەبری پیشكەوتن پاشكەوتن دەبێتە سیمایەكی تری كۆمەڵگە.

شارەزایان و كۆمەڵناسان باس لەوە دەكەن سیماو ڕواڵەتە جیاكەرەوەكانی كۆمەڵگەی پێشكەوتوو لە كۆمەڵگەی دواكەوتوو زۆرن، بەڵام ئەوانە بەشە دیارەكانیەتی، بۆ چارەسەری دۆخەكەو هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی دواكەوتوو كاركردنی لەسەرخۆو باوەڕدارانەی دەوێت، ئەوان پێیان وایە (پەروەردە) و (ئاین) و (میدیا) و (سیاسەتی دەوڵەت) لەو هۆكارە سەرەكیانەن كە دەكرێت ببنە هۆی دواكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك و بە پیچەوانەشەوە. كەواتە ئەگەر كۆمەڵگەیەك بیەوێت گۆڕانكاری بەسەر خۆیدا بهێنێت ئەوا دەبێت كار لە سەر ئەو سێكتەرانەی سەرەوە بكات.