ڕاپۆرتی جیهانی

10:57 - 13/05/2019

چیرۆكی پلانی نهێنی ئەمریكا بۆ سڕینەوەی ڕوسیا لەسەر نەخشە‌

پەیسەر

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە هەژموونی ئەوكاتەی یەكێتی سۆڤیەت پلانێكی مەترسیداری دانابوو، پلانەكەش بەتەنیا هێرشی ئاسایی نەبوو بۆسەر سۆڤیەت، بەڵكو سڕینەوەی بوو لەسەر نەخشەی جیهان بە بۆمبی ئەتۆمیی.

سڕینەوەی یەكێتی سۆڤیەت لەسەر نەخشە
ئەوە ناونیشانی ڕاپۆرتێكی نهێنی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكایە كە مێژووەكەی بۆ ئەیلولی ساڵی 1945 دەگەڕێتەوە، كە تیایدا بەرپرسانی سەربازی باڵای ئەوكاتەی ئەمریكا پلانی ڕوخاندنی یەكێتی سۆڤیەتی جارانیان هەبووە بەبۆمبی ئەتۆمی.

پلانەكە بەشێوەیەك بوو كە سەرجەم شارە گەورەكانی ڕوسیا لەنێو نەخشەی سڕینەوەكەدا بوون، لەگەڵیشیدا ئەو خەڵكەی تیایدا بوون سەرجەمیان لەناوببرێن، ئەو پلانەی ئەمریكاش دوای یەك مانگ لە هێرشكردنە سەر هەردوو شاری هێرۆشیما و ناكازاكی ژاپۆن دانراوە، كە ئەوكاتە ئەمریكا سەركەوتوو بوو لە ڕاگرتنی هەژموونی ژاپۆنیەكان، بۆیە ئەمریكییەكان پێشبینیانكردووە هەمان كار ئەگەر لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت ئەنجامبدەن، ئەوا دەتوانن كۆتایی بە نەیارە سەرسەختەكەیان بهێنن.

204 بۆمبی ئەتۆمی بۆ لێدان لەڕوسیا ئامادەكرابوو
پلانەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دوای هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەوكاتەی ئەمریكاوە، دەست بە ئامادەكارییە تەكنیكییەكان كرا، بۆ هێرشەكە‌و سڕینەوەی ڕوسیا لەسەر نەخشە 204 بۆمبی ئەتۆمی ئامادەكرابوو، كە شەش بۆمبیان تەرخانكرابوو بۆ لێدان لەشاری مۆسكۆ.

پنتاگۆن ئەو 204 بۆمبە ئەتۆمییەی دابەشكردبوو بەسەر 66 ئامانجدا، واتا زۆرێك لەشارە گەورەكانی ڕوسیا لەنێو ئامانجەكەدا بوون، هەرچی شارە بچوكەكانیش بوو بەشی خۆی كاریگەریی گەورەی بۆمبە ئەتۆمییەكانی بەردەكەوت.

قەبارەی زیانەكان
لەنێو نەخشەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكادا بەشێك بۆ قەبارەی زیانەكانی ئەو پلانە مەترسیدارە تەرخانكرابوو، هەرچەندە بەوردی باسنەكراوە، بەڵام بۆ فڕێدانە خوارەی هەر بۆمبێكی ئەتۆمی لە ڕوسیا‌و تەقینەوە، نزیكەی 100 هەزار قوربانیی دیاریكرابوو.

لەوكاتەدا ژمارەی دانیشتوانی شارەكانی یەكێتی سۆڤیەت نزیكەی 70 ملیۆن كەس بوو، بۆیە بەگوێرەی پلانەكەی ئەمریكا نزیكەی 70%ی خەڵكی ڕوسیا بەو هێرشە دەكوژران.
سەرۆكایەتی ئەركانی ئەوكاتەی سوپای ئەمریكا لەڕاپۆرتەكانیدا باسی لەوەكردووە، لەناوبردنی خەڵكی ڕوسیا خاڵی سەرەكییە لە ڕوخاندنی یەكێتی سۆڤیەت.

سەرۆكی ئەمریكا باس لەڕۆژی قیامەت بۆ ئەمریكییەكان دەكات
هاری ترومان، سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا لەوتارێكدا بۆ ڕایگشتی وڵاتەكەی ئاماژەی بەمەترسییەكانی یەكێتی سۆڤیەتدا و ڕایگەیاندبوو "یەكێتی سۆڤیەت نكوڵی لەتاقیكردنەوەی ئەتۆمی دەكات، بەڵام ئەوان یەكەم چەكی ئەتۆمییان تاقیكردوەتەوە، بەشێوەیەكی فەرمیش دەستیان بە پێشبڕكێی چەكی ئەتۆمی بردووه‌ لەگەڵماندا، ئێمە ئامۆژگاریی ئەمریكییەكان ناكەین بۆئەوەی كە ڕۆژی قیامەت نزیكە، یاخود لەمانگێك یان ساڵێكی تردا بۆمبی ئەتۆمی بەسەریاندا ببارێت، بەڵام ئێمە بڕوامان وایە پاساوەكانی ئەمریكییەكان بۆ ترسانیان ڕەوایە‌و ئەوەش وادەكات ئێمە ئامادەكاریی بۆ بڕیاری مەترسیدار بكەین" ئەو قسانەی ترومان بەئاشكرا بۆنی ئەوەی لێدەهات كە ئەمریكا دەیەوێت بەهەرشێوەیەك بێت بەر بەفراوانبوونی یەكێتی سۆڤیەت بگرێت.

هاری ترومان لەوتارێكی دیكەی بەناوبانگیدا پاساوی بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دژ بەوڵاتانی نەیاری ئەمریكا هێناوەتەوە‌و دەڵێ:"خودا لەگەڵماندایە، هەرئەوە پێماندەڵێ لەكەیدا چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنین".

لەیەكێك لەبەڵگەنامەكاندا هاری ترومان باس لەنیازی ئەمریكا بۆ ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت دەكات‌و دەڵێ:"دەبێ ئەمریكا تەواو ئامادەبێت بۆ وەشاندنی گورزی ئەتۆمی لەیەكێتی سۆڤیەت بەئامانجی سڕینەوەی، ئەو جەنگە سەرتاسەریە ‌و لە جەنگەكانی ڕابردوو تۆقێنەرترە، بۆیە پێویستە سەرجەم چەكە ترسناكەكانی بەرگریی‌و هێرشبردن بەكاربهێندرێت".

لەبەڵگەنامەیەكی دیكەدا لاوریس نۆرستاد، جێگری سەرۆكی دەستەی هاوبەشی هێزی ئاسمانی ئەوكاتەی ئەمریكا دەڵێ:"بۆ لەنێوبردنی یەكێتی سۆڤیەت پێویستمان بە 204 بۆمبی ئەتۆمی هەیە، ئەوكارەش بۆ پاراستنی ئەمنی قەومی ئەمریكایە".

پلانەكەی ئەمریكا وڵاتانی ئەوروپاشی دەگرتەوە
بەشێكی پلانی سڕینەوەی یەكێتی سۆڤیەت لەسەر نەخشە تەنیا تایبەت نەبوو بە هێرشی ئەتۆمیی بۆسەر شارەكانی ڕووسیا، بەڵكو بەشێك لەشارەكانی ئەوروپا بەر هێرشەكەی ئەمریكا دەكەوتن لەوانە ئەڵمانیا، پۆڵەندا، كە ئەوكاتە ڕوسیا هەژموونی بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا هەبوو.

لەپاڵ ئەو دوو وڵاتەدا ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ‌و چین دوان لەئامانجەكەی ئەمریكا بوو كە دەیویست هێرشی ئەتۆمی بكاتە سەر.

شارەزایان پێیان وایە، ئەگەر ئەمریكا ئەو پلانەی جێبەجێبكردایە ئەوا دەبووە ڕۆژی قیامەت لەسەر زەوی، چونكە ملیۆنان كەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە لەچەند چركەیەكدا لەنێودەچوون، لەپاڵ ئەوەشدا هەسارەی زەوی گەورەترین گورزی بەردەكەوت.

بۆچی پلانەكە هەڵوەشایەوە
هەرچەندە بەڕواڵەت وادەردەكەوێت كە ئەمریكا ئامادەكاریی تەواوی بۆ سڕینەوەی یەكێتی سۆڤیەت لەسەر نەخشە كردووە، بەڵام ئەوە هەموو بابەتەكە نییە، چونكە توانای تەكنیكی ئەمریكا لەوكاتە سنورداربووە، بۆنمونە دەبوو ژمارەیەكی بەرچاو فڕۆكەی هەبێت تا بتوانێت 204 بۆمب باربكات‌و بەسەر ڕوسیادا بەریبداتەوە.

پلان Bی ئەمریكا بریتی بووە لە موشەكی دورهاوێژ تا لەڕێگەیەوە نەخشەكەی جێبەجێبكات بەڵام ئەوەش گرفتی زۆری هەبووە، بۆنمونە هیچ موشەكێكی ئەوكاتەی ئەمریكا توانای بڕینی كیشوەرەكانی نەبووە.

ژێردەریایی یەكێكی دیكەبوو لەبیرۆكەكانی ئەمریكا، بەڵام ئەوەش تەنیا خەیاڵێك بوو چونكە لەوكاتەدا هیچ وڵاتێك ڕێگەی بەتێپەڕبوونی ئەو ژێردەریاییانە نەدەدا بۆ كارێكی لەوشێوەیە، ئەوە جگە لەوەی ئەمریكا خاوەنی ژێردەریایی زۆر نەبوو.