ڕاپۆرتی جیهانی

02:52 - 11/05/2019

ئەندازیاری ڕوخاندنی ڕژێمەكەی سەدام حسێن چاوی لەسەر هەڵگیرساندنی جەنگە لەگەڵ تاران‌

پەیسەر

هەموان چاومان لەسەر ئەوەیە ئاخۆ ئەمریكا لە ئێران دەدات؟ ئاخۆ ئێران توانای وەڵامدانەوەی زەبەلاحترین هێزی سەربازیی سەر ڕووی زەوی دەبێت یاخود ڕیسك دەكات؟ ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت كێ بڕیاردەریەتی؟ ڕەنگە هەموومان كەم تا زۆر ئاگاداری ساتی بڕیاردانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بین لەبڕیارە چارەنوسسازەكان،  كاتێك بەشێوەیەكی زۆر نهێنی چەند بەرپرسێكی باڵا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لەژورێكی داخراودا بڕیار لەگۆڕانكارییەك لەجیهاندا دەدەن، بەڵام ئاخۆ دەزانین كێ لەپشت بڕیارە گەورەكانی سەرۆكی ئەمریكاوەیە؟

ناوچەكە بۆنی ساتی بەر لە ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن-ی لێدێت
گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریكی لەڕاپۆرتێكی شیكاریی ورد دا كە هەریەكە لە ڕۆژنامەنووسانی ناسراو (مایكڵ هیرش و لارا سیلیگمان) بەشدارن تیدا، باس لەگرژی و ململانێكانی ئەمدواییەی ئەمریكا و ئێران كراوە، بەراورد كراوە بەو كاتەی ئەمریكا هەڕەشەی ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن-ی دەكرد.

بەگوێرەی فۆرین پۆلیسی، دوای ئەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشایەوە‌و دواتر كاری بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئێران كرد، ئەمریكا هێشتا بڕیاری جوڵەپێكردنی هێزی سەربازیی بەرامبەر ئێران نەدابوو، بەڵام كشانەوەی ئێران لەبەشێك لەڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ترسی خستە دڵی ئەمریكاوە، چونكە ئێران لەچەند بڕگەیەكی ڕێككەوتنەكە كشایەوە، كە تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەوەش واتا ئێران دەیەوێت بۆمبی ئەتۆمی دروستبكات، هەربۆیە ئەمریكا دەیەوێت ئەوە بكاتە پاساو بۆ لێدان لە ئێران.

وێنەكەی ئێستا زۆر لەو كاتە دەچێت كە ئەمریكا نیازی هێرشكردنە سەر عێراقی هەبوو، كاتێك دەیویست پشكنەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ دۆزینەوەی چەكی كۆمەڵكوژ بچنە عێراق، دوای گەڕانەوەی ئەو پشكنەرانەش بەدەستی خاڵی كەچی ئەمریكا هەر سوربوو لەلێدان لەعێراق، ئێستاش ئەمریكا پابەند نەبوونی ئێران بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەكاتە پاساوی هێرشكردن.

وەك چۆن جۆرج بوشی كوڕ، سەرۆكی پێشووتر ئەمریكا بەر لەهێرشكردنە سەر عێراق دەیویست ئیستیفزازی عێراق بكات‌و دەرفەت بداتە سەدام حسێن هەڵە بكات بۆئەوەی پاساو بداتە هێرشەكانی، ئێستاش ترەمپ دەیەوێت وەك بوشی كوڕ ئێران ناچار بە هەڵەكردن بەرامبەر ئەمریكا بكات، بۆئەوەی بیانوی بەدەستەوەبێت بۆ وەشاندنی گورز لە ئێران.

بۆڵتن، لەئەندازیاری ڕوخانی سەدامەوە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران
گۆڤارەكە دەڵێ، ئێستا سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر تاران لەدەستی جۆن بۆڵتن-ی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكایە، ئەوە بڕیار دەدات وڵاتەكەی چۆن بەرامبەر تاران مامەڵە بكات، هەر ئەویش بوو كە بە یەكێك لەئەندازیارانی پلانی هێرشكردنە سەر عێراق ناودەبرا.

لەساڵی 2003‌و لەو كاتەی ئەمریكا دەیویست هێرشبكاتە سەر عێراق، جۆن بۆڵتن بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بوو، ئەوەی لەنهێنییەكانی ئەو سەردەمەدا ئاشكرابوون ئەوەیە، بۆڵتن لەوكاتەدا یاریی بەهەندێك لەزانیارییە هەواڵگرییەكان كردووە‌و وایلێكردوون بەسودی هێرشكردنە سەر عێراق‌و ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام حسێن كۆتایبێت.

ئەوەی لەڕاپۆرتەكەی فۆرین پۆلیسی دا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەو كەشتیە زەبەلاحە جەنگییەی ئەمریكا بەناوی ئەبراهام لینكن، لەگەڵ فڕۆكەی جەنگی بی 52، هیچیان بەئاگاداری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ‌و پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەنێردراون، بەڵكو ڕاستەوخۆ بۆڵتن لەو بابەتە بەرپرس بووە‌و فەرمانیداوە.

هەر لەدوای ناردنی كەشتییەكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆڵتن بەر لە سەرۆكی ئەمریكا و وەزیری بەرگریی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ناردنی ئەو كەشتییە بۆ بەرگرتنە بە هەڕەشەكانی ئێران، ئەگەر تاران هێرشبكاتە سەر ئەمریكا یان بەرژەوەندییەكانی لەناوچەكە، ئەوا بەتوندترین شێوە وەڵاممان دەبێت".

بڵاوكردنەوەی هێزی زەبەلاحی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەفەرمانی بۆڵتن بەرپرسانی دیكەی ئەمریكای توشی شۆككردووە، كەسێكی وەك گریك سیلمان كە پێشتر بەرپرسی هەواڵگریی بوە لەوەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێ، ئەوە كارێكە هەرگیز لەپێشوتردا ڕوینەداوە، تەنانەت لەكاتی هێرشكردنە سەر عێراقیش، ئەوە مایەی شۆكە كە بۆڵتن دەسەڵاتەكەی بەوشێوە بەرفراوانە بەكاربهێنێت.

بۆڵتن چاوی تەنیا شەڕ دەبینێ
لۆرین شۆلمان، كە پێشتر بەرپرسێكی باڵای نێو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا بووە، بەڕونی باس لەخواستی بۆڵتن بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێران دەكات‌و دەڵێ:"نازانم ئەم جەنگە لەوەی عێراق دەچێت یان نا، بەڵام ئەوەی ڕاستییە ئەوەیە بۆڵتن شەڕی لەگەڵ ئێران دەوێت‌و بۆ هەلێكیش دەگەڕێت".

شۆلمان ئاماژە بەوەشدەكات، بۆڵتن داوایكردووە بەپەلە‌و بەبێ هیچ گفوگۆكردنێك وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا كاری لەپێشینەو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە لێدان لە ئێران ئامادە بكات.

ڕقی ‌و توڕەیی بۆڵتن لە ئێران ڕیشەیەكی دورودرێژتری هەیە‌و ئەو لەساڵی 2015دا لەوتارێكدا كە ئاماژەی بەوەدا بوو، چارەسەركردنی كێشەی چەكی ئەتۆمی ئێران تەنیا بە لەنێوبردنی خودی ڕژێمی ئێران دەبێت.

لەمانگی كانونی دووەمدا دوای ئەوەی چەند هاوەنێك ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق كرا، جۆن بۆڵتن داوای لەوەزارەتی بەرگریی ئەمریكا كرد بەزوویی چەند ئامانجێكی ئێران لەعێراق دەستنیشان بكەن بۆئەوەی لەلایەن ئەمریكاوە گورزییان لێبوەشێندرێت، بەڵام دواتر ترەمپ ‌و بەشێك لەبەرپرسانی دیكەی كۆشكی سپی ئەو بابەتەیان ڕاگرت.

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی باس لەوەدەكات، پێشتر هەریەكە لە ماكماستەر كە ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا، ڕیكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەبوون، دەیانویست بەدانوستان لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێككەوتن، بەڵام ترەمپ هەردووكیانی لەكارەكانیان دورخستەوە‌و لەشوێنیان بۆڵتن‌و مایك پۆمپیۆی دیاریكرد، كە ئەم دوانەی ئێستا سەرسەختترین نەیاری ئێرانن.

دوای 16ساڵا لەداگیركردنی عێراق ئەمریكا هەنگاوێكی هەڵە دەنێت
هەردوو سیناتۆری دیموكراتەكان (تۆم ئۆدال‌و دیك دێربین) لەوتارێكدا كە لەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست-ی ئەمریكی بڵاوبوەتەوە، ئاماژە بەمەترسییەكانی پەلهاویشتنی ناكۆكی ئێران‌و ئەمریكا بۆ جەنگی خوێناوی دەكەن‌و دەڵێن:"دوای 16 ساڵ لە داگیركردنی عێراق، ئێستا ئەمریكا جارێكی دیكە بەهەمان ئاراستە ململانێیەكی ناپێوێست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەكات، كە لەسەر لۆژیكێكی هەڵە و تاریك بنیاتنراوە" ئەوەش وەك ئاماژەكردن بە لۆژیكەكەی بۆڵتن.

ئەوان ترسیان لە هەژموونی ئێران لەعێراق هەیەو دەڵێن، تاران هێزێكی ڕێكخراوی گەورەی لەعێراق هەیە، كە لەحاڵەتی دروستبوونی شەڕدا ئەمریكا لەو وڵاتە دەكەنە ئامانج.

"بۆڵتن سەگی پاسەوانیی ترەمپە"
بەو ناونیشانەی سەرەوە گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریكی "تایم" باس لە ڕۆڵی بۆڵتن لەڕازیكردنی ترەمپ دەكات‌و بە سەگی پاسەوانی دەیشوبهێنێت.

تایم پێیوایە، گوێڕایەڵترین بەرپرسی باڵای ئەمریكا بۆ فەرمانەكانی ترەمپ، جۆن بۆڵتنە.

فۆرین پۆلیسی باس لەنیگەرانیی جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بەرامبەر بە جۆن بۆڵتن دەكات، كاتێك بۆڵتن لەشەڕی عێراقدا زانیاریی ناڕاستی داوەتە بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی.

 "جەنگی ئەمریكا ‌و ئێران نزیكبووەتەوە"
ڕۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی لەنوێترین ژمارەی خۆیدا بابەتێكی سایمۆن تیسدال، نوسەری كاروباری نێودەوڵَەتی ڕۆژنامەكەی بڵاوكردەوە، كە تیایدا تیسدال دەڵێ:"كارە گەمژانەكانی ترەمپ وادەكات جەنگی ئەمریكا و ئێران نزیكبێتەوە".

تیسدال بۆچوونیوایە، ئەمریكا نیازی وایە كۆتایی بەتەمەنی 40 ساڵەی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بهێنێت.