ڕاپۆرتی جیهانی

06:04 - 09/05/2019

چیرۆکی خۆکوشتنی بە کۆمەڵی دانیشتوانی شارێک‌

پەیسەر

زۆر جار بیستوومانە کە پێشمەرگەیەک یان شەرڤان و گەریلایەک بۆ ئەوەی لەلایەن دوژمنەوە بە دیل نەگیرێت خۆی کوشتووە، لە مێژووی زۆربەی گەلاندا چیرۆکی خۆکوشتنی سەربازێک بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی دوژمن هەیە، بەر لە ١٠٠٠ ساڵ شەرڤانەکانی حەسەن سەباح بەردەوام ژەهریان پێ بووە بۆ ئەوەی بەرلەوەی بکەونە دەستی دوژمن خۆیان بکوژن، بەڵام نمونەی خۆکوشتنی بە کۆمەڵ بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی دوژمن لە مێژوودا یان تۆمار نەکراوە یان زۆر کەم تۆمارکراوە.

 

 لە مێژووی نزیکی کورددا باس لەوە دەکرێت لە ساڵی ١٩٣٧ لە شۆڕشەکەی سەید رەزای دێرسیمدا بە دەیان ژن بۆ ئەوەی نەکەونە دەست سەربازانی تورک خۆیان خستووەتە ناو روبارێکەوە و خنکاون، یان چیرۆکێک  لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە بە چیرۆکی ئەشکەوتی حیسام بە ناوبانگە، لە ساڵی ١٩٨٠ ژمارەیەک پێشمەرگە کە دەوترێت حەوت پێشمەرگە بوون لە ئەشکەوتێکدا لەلایەن سوپای ئێرانەوە گەمارۆ دەدرێن، ئەو حەوت پێشمەرگە تا ئەو کاتەی گولەیان پێ دەمێنێت شەڕ دەکەن، دوای تەواوبوونی گولە ئامادە نابن تەسلیم بن یان بە دیلی بکەونە دەست دوژمنەکەیان، هەربۆیە بڕیار دەدەن خۆیان لە سەر ئەشکەوتەکەوە هەڵدێرن، بەم جۆرە بە کۆمەڵ خۆیان دەکوژن و خۆکوشتنیان پێ باشترە لەوەیکە بە دیلی بکەونە دەست دوژمن.

بەڵام گەورەترین خۆکوشتنی بە کۆمەڵ بۆ ئەوەی نەکەونە دەست دوژمن لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە، دانیشتوانی شارۆچکەیەک بە ناوی دێمین لە ساڵی ١٩٤٥ لە ترسی سوپای سۆڤییەت بە کۆمەڵ خۆیان کوشت، چیرۆکی خۆکوشتنەکەیان بەم جۆرەیە:
ساڵی ١٩٣٣ لە ئەڵمانیا هەڵبژاردن کرا، هیتلەر و حیزبەکەی توانیان لەو هەڵبژاردنەدا بە دروشمی گەورە سەرنجی خەڵکێکی زۆر بۆ لای خۆیان رابکێشێن، هیتلەر هیوایەکی لەناو خەڵکدا دروستکردبوو کە ئەڵمانیایەکی بەهێز دروست دەکات، ئەڵمانیایەکی مەزن کە هیچ گەلێک لە جیهاندا نەتوانێت رکابەریان بێت، دانیشتوانی شارۆچکەی دیمین کە لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٠ هەزار کەس بوو لە هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکەی ئەڵمانیا زیاتر کەوتنە ژێر کاریگەری هیتلەر و دروشمەکانییەوە، هەربۆیە لەسەر ئاستی ئەڵمانیادا دانیشتوانی دێمین زۆرترین دەنگیان بە حیزبەکەی هیتلەردابوو.

لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا زۆربەی شارەکانی ئەڵمانیا بەهۆی بۆردومانەوە وێران ببوون، بەڵام شارۆچکەی دێمین بەهۆی ئەوەی شارۆچکەیەکی بچوک و پەراوێزکەوتوو بوو هەرگیز بۆردومان نەکرا، تەنیا شارێکی ئەڵمانیا بوو کە لە ئاگری جەنگ بە دوور بوو.

لە کاتی جەنگدا دەزگای راگەیاندنی ئەڵمانیا بەپێی رێنماییەکانی گۆبڵز وەزیری راگەیاندن لەلایەکەوە ورەی بە سەربازانی ئەڵمانیا دەبەخشی و لەلایەکی دیکەوە ترسی لە دوژمن لەناو خەڵکی ئەڵمانیادا بڵاو دەکردەوە، بە تایبەت لە دوای ساڵی ١٩٤١وە بە بەردەوامی میدیای ئەڵمانیا باسیان لە دڕندەیی سوپای سۆڤییەت دەکرد بۆ ئەوەی ئەو هەستە لەناو خەڵکی ئەڵمانیادا دروست بکەن بەر لەوەی سۆڤییەت بەسەر ئەواندا سەربکەوێت دەبێت ئەڵمانیا سۆڤییەت تێک بشکێنێت، چونکە سۆڤییەت دوژمنێکی زۆر دڕندەیە.

لە ساڵی ١٩٤٥دا بێ هیوایی باڵی بەسەر سوپای ئەڵمانیادا کێشابوو، تا دەهات لە شکست نزیکتر دەبوونەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام لە پێشڕەویدابوون، لە کۆتاییەکانی مانگی نیساندا سوپای سوری سۆڤیەت لە دێمین نزیک ببووەوە، دانیشتوانی شارۆچکەکە کە تا ئەو کاتە گوێیان لە دەنگی تەقینەوە و بۆردومان نەببوو، رۆژی ٣٠ نیسان بۆ یەکەمجار بە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە راچڵەکین، بەڵام تەقینەوەکە لەلایەن سوپای سورەوە نەکرابوو، بەڵکو ئەوە سوپای ئەڵمانیا بوو کە لە کاتی پاشەکشێدا پردەکانی دوای خۆیان دەتەقاندنەوە، شارۆچکەی دێمین وەک دورگەیەک وایە کە لەلایەن سێ رووبارەوە گەمارۆ دراوە، سوپای ئەڵمانیا بۆ ئەوەی پێش بە پێشڕەوی خێرای سوپای سور بگرێت هەموو ئەو پردانەیان تەقاندەوە کە لەسەر سێ رووبارەکە دروستکرابوون، پردەکان تەنیا رێگای هاتووچۆی نێوان شارۆچکەی دێمین و شارەکانی دیکە بوو.

کاتێک لە رۆژی ٣٠ نیساندا سوپای سور لە شارۆچکەکە نزیک بووەوە ترس هەموو شاری داگرتبوو، خەڵکەکە ویستان رابکەن بەڵام بەهۆی تەقاندنەوەی پردەکان رێگەی دەربازبوونیان نەبوو، هەستیان دەکرد سوپای ئەڵمانیا خیانەتی لێ کردوون وەک مێگەلە مەڕێکی بێ شوان وابوو کە لەبەردەم گەلە گورگدا بە تەنیا بەجێماون، خەڵکەکە لەلایەکەوە ترسیان لە سوپای سور هەبوو چونکە بیستبوویان لە شوێنەکانی دیکە سوپای سور خەڵکی بێ تاوانی کوشتووە و دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ژنان و منداڵان، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی خیانەتی سوپای ئەڵمانیاوە تەواو بێ هیوا ببوون، هەر بۆیە تەنیا لە رۆژی ٣٠ نیساندا بەر لەوەی تانکەکانی سوپای سور لە شارۆچکەکە نزیک ببنەوە ٢١ کەس خۆیان کوشتبوو، رێک لەو کاتەشدا بوو کە هیتلەر خۆی کوشت.

بەپێی بەڵگەنامەکانی سوپای سۆڤیەت لە سێ رۆژی یەکەمی مانگی ئایاری ١٩٤٥ زیاتر لە ٩٠٠ کەس بە شێوازی جۆراوجۆر خۆیان کوشتبوو، هەندێکیان گولەیان بە خۆیانەوە نابوو، هەندێکیان خۆیان هەڵواسیبوو، هەندێکی دیکەشیان بە تایبەت ژنان لە کاتێکدا منداڵەکانیان بە باوەشەوە بووە بەردیان بەخۆیانەوە بەستبوو و خۆیان خستبووە ناو روبارەکەوە.

فلۆریان هوبێر مێژوونووس دەڵێت دوای ئەوەی سوپای سور گەیشتە ناو شارۆچکەکە بە دەیان ماڵیان سووتاند، دەستدرێژیان کردبووە سەر دەیان ژن، هەربۆیە پێدەچێت ئەمە زیاتر هاندەربووبێت بۆ خۆکوشتنی بە کۆمەڵی دانیشتوانی شارۆچکەکە، تا چەند مانگ دواتریش لەناو دارستانەکانی دەوروبەری شار جەنازەی ئەو کەسانە دەدۆزرایەوە کە خۆیان کوشتبوو، ڕوون نییە چەند کەس خۆیان کوشتووە بەڵام لە تۆمارێکدا ناوی ٦٠٠ کەس تۆمارکراوە کە لەو چەند رۆژەدا خۆیان کوشتووە، بەپێی زۆربەی ئامارەکان زیاتر لە ١٠٠٠ کەس خۆیان کوشتووە.

دوای شکستی هیتلەر، ئەڵمانیا بەسەر دوو وڵاتدا دابەشبوو، ئەڵمانیای رۆژهەڵات و ئەڵمانیای رۆژئاوا، لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی حکومەتێکی سۆشیالیستی سەر بە یەکێتی سۆڤییەت دامەزرا، بەهۆی ئەوەی شارۆچکەی دێمین لە بەشی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا  بوو بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ پرسی خۆکوشتنی بەکۆمەڵی دانیشتوان و سوتاندنی ماڵان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان قسەی لەبارەوە نەکرا.