ڕاپۆرتی جیهانی

07:30 - 02/05/2019

بودجەی سەربازی وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی کەم وێنە زیادی کردووە‌

پەیسەر

بەپێی نوێترین راپۆرتی دامەزراوەی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی کە لە متمانەپێکراوترین دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە، لە ساڵی ٢٠١٨دا بودجەی سەربازی ٢.٦٪ بەزربووەتەوە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧، بە واتایەکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٨ کۆی ئەو بودجەیەی بۆ بواری سەربازی لە جیهاندا خەرجکراوە تریلیۆنێک و ٨٢٢ ملیار دۆلار بووە بەڵام ساڵی ٢٠١٧ کەمێک زیاتر لە ترلیۆنێک و ٧٠٠ ملیار دۆلار بووە.

 

 ئەو پێنج وڵاتەی بەرزترین بودجەی سەربازیان هەبووە لە ساڵی ٢٠١٨دا بریتین لە ئەمریکا، چین، سعودیە، هیندستان و فەڕەنسا، بودجەی سەربازی ئەم پێنج وڵاتە ٦٠٪ی کۆی بودجەی سەربازی جیهانە، لە دوای ساڵی ٢٠١٠وە ئەمە یەکەمجارە کە بودجەی سەربازی ئەمریکا بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردوودا ساڵ لە دوای ساڵ بودجەی سەربازی چین بەرزبووەتەوە.

راپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی بەردەوامی خەرجییە سەربازییەکان لە دوای جەنگی ساردەوە، دەڵێت بودجەی سەربازی ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بە ساڵی ١٩٩٨، نزیکەی ٧٦٪ بەرز بووەتەوە، بە وتەی یەکێک لە توێژەرەکانی دامەزراوەکە بودجەی سەربازی جیهان لە ساڵی ٢٠١٨دا یەکسانە بە ٢.١٪ کۆبەرهەمی نیشتمانی گشتی جیهان(GDP)، بە واتایەکی دیکە وەک ئەوە وایە هەر کەسێک لە جیهاندا ساڵانە ٢٣٩ دۆلار بۆ بواری سەربازی خەرج بکات.

لە ساڵی ٢٠١٨شدا وەک هەموو ساڵانی رابردوو ئەمریکا بەرزترین بودجەی سەربازی هەبوو لەسەر ئاستی جیهاندا، ئەمریکا و چین پێکەوە نزیکەی نیوەی کۆی بودجەی سەربازی جیهانیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە، هەربۆیە بەرزبوونەوەی بودجەی سەربازی جیهان لە ساڵی ٢٠١٨دا پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی بودجەی سەربازی ئەو دوو وڵاتەوە هەیە.

رێژەی بودجەی سەربازی ١٥ وڵاتی یەکەمی جیهان بەم شێوەیەیە:
١: ئەمریکا ( ٦٤٩ ملیار دۆلار)، ٢: چین ( ٢٥٠ ملیار دۆلار)، ٣: سعودیە (  ٦٧.٦ ملیار دۆلار)، ٤: هیندستان ( ٦٦.٥ ملیار دۆلار)، ٥: فەڕەنسا ( ٦٣.٨ ملیار دۆلار)، ٦: روسیا (٦١.٤ ملیار دۆلار)، ٧: بریتانیا ( ٥٠ ملیار دۆلار)، ٨: ئەڵمانیا ( ٤٩.٩ ملیار دۆلار)، ٩: ژاپۆن ( ٤٦.٦ ملیار دۆلار)، ١٠: کۆریای باشور ( ٤٣.١ ملیار دۆلار)، ١١و ١٢: برازیل و ئیتالیا هەر کامیان (٢٧.٨ ملیار دۆلار)، ١٣: ئۆسترالیا ( ٧.٢٦ ملیار دۆلار)، ١٤: کەنەدا ( ٦.٢١ ملیار دۆلار)، ١٥: تورکیا  ( ١٩ ملیار دۆلار).

ئەمریکا و چین
بەپێی توێژینەوەکەی دامەزراوەی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی بودجەی سەربازی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ٤.٦ بەرزبووەتەوە، بودجەی سەربازی ئەمریکا یەکسانە بە کۆی بودجەی سەربازی وڵاتانی دووەم تا نۆیەمی ریزبەندییەکە، ئەمەش بۆ سیاسەت و پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە سەبارەت بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی چەکوچۆڵی پێشکەوتووتر.

چین کە دووەمی ریزبەندییەکەیە، بودجە سەربازییەکەی بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ لەسەدا پێنج بەرزبووەتەوە، هەروەها بودجەی سەربازی ساڵی ٢٠١٨ی چین دە ئەوەندەی بودجەی سەربازی ئەو وڵاتەیە لە ساڵی ١٩٩٤دا و لەسەدا ١٤ی کۆی بودجەی سەربازی جیهانیشی بۆ خۆی تەرخان کردووە.

چین لە دوای ساڵی ٢٠١٣وە نزیکەی ١.٩ی کۆبەرهەمی نیشتمانی خۆی (GDP) بۆ بواری سەربازی تەرخان کردووە و ئەمەش بۆ گەشەسەندنی بەردەوامی ئابوری ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە.

ئاسیا
بودجەی سەربازی وڵاتانی ئاسیا لە ساڵی ١٩٩٨وە تا ئێستا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە، لە ساڵی ٢٠١٨دا وڵاتانی ئاسیا نزیکەی ٥٠٧ ملیار دۆلاریان بۆ بواری سەربازی تەرخان کردووە، ئەمەش دەکاتە ٢٨٪ کۆی بودجەی سەربازی جیهان.

هیندستان بودجەی سەربازییەکەی ٣.١ بەرز کردووەتەوە و گەیشتووەتە ٦٦.٥ ملیار دۆلار، بەڵام پاکستان لەسەدا ١١ بودجە سەربازییەکەی بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ١١.٤ ملیار دۆلار، کۆریای باشوریش ٥٠١٪ خەرجییە سەربازییەکانی زیادی کردووە، ململانێی نێوان چین و هەندێک لە وڵاتانی ئاسیا لەگەڵ ئەمریکا لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی خەرجییە سەربازییەکانی ئاسیان.

ئەوروپا و روسیا
لە ساڵی ٢٠١٨دا بودجەی سەربازی وڵاتانی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بودجەی سەربازی پۆڵۆنیا ٨.٩ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١١.٦ ملیار دۆلار، بودجەی سەربازی ئۆکرانیاش ٢١٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٤.٨ ملیار دۆلار.

رێژەی بەرزبوونەوەی بودجەی سەربازی وڵاتانی بولگاریا، لیتوانی و رۆمانیا لەنێوان لەسەدا ١٨ بۆ لەسەدا ٢٤دایە و هۆکارەکەشی بۆ هەڕەشەکانی روسیا دەگەڕێتەوە، کەچی روسیا بۆ خۆی بودجەی سەربازییەکەی کەمی کردووە.

بودجەی سەربازی روسیا لە ساڵی ٢٠١٨دا ٦١.٤ ملیار دۆلار بووە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکەدایە، بەڵام بەراورد بە سای ٢٠١٧ نزیکەی ٣.٥٪ دابەزیوە.

ئەمریکای لاتین، ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناتۆ
بەپێی راپۆرتەکە بودجەی سەربازی وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە ساڵی ٢٠١٨دا نزیکەی ٣.١٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش زیاتر هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی بودجەی سەربازی برازیل دەگەڕێتەوە کە دوو ساڵە ئەو وڵاتە گرنگی زیاتر بە لایەنی سەربازی دەدات و نزیکەی ٥.١٪ خەرجییە سەربازییەکانی زیادی کردووە.

لەسەر ئاستی ئەفریقاش، کۆی بودجەی سەربازی وڵاتانی ئەفریقا بە رێژەی ٨.٤٪ دابەزیوە، ماوەی چوار ساڵە بودجەی سەربازی وڵاتانی ئەفریقا لە دابەزیندایە، جەزائیر بە رێژەی ٦.١٪ و ئەنگۆلا بە رێژەی ١٨٪ و سودان بە رێژەی ٤٩٪ خەرجییە سەربازییەکانیان کەم کردووەتەوە.

لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا بودجەی سەربازی وڵاتانی ناوچەکە بە رێژەی ١.٩٪ کەمی کردووە، کۆی بودجەی سەربازی وڵاتانی ئەندامی ناتۆش لە ساڵی ٢٠١٨دا ٩٣٦ ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە نزیکەی ٥٣٪ کۆی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان.

بودجەی سەربازی ئەمریکا زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە کە ٢٧.٨ ملیار دۆلار زیادی کردووە و بودجەی سەربازی سعودیەش زۆرترین دابەزینی بە خۆوە بینیوە و نزیکەی ٤.٦ ملیار دۆلار بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ کەمی کردووە، وەکوو رێژەش تورکیا زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە کە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ نزیکەی ٢٤٪ بودجەی سەربازییەکەی بەرزبووەتەوە.

بەپێی رێژەی کۆبەرهەمی نیشتمانیش ئەم وڵاتانە زۆرترین رێژەی کۆبەرهەمی نیشتمانیان بۆ بواری سەربازی تەرخان کردووە: سعودیە ٨.٨٪ی کۆبەرهەمی نیشتمانی، عومان ٨.٢٪ کۆبەرهەمی نیشتمانی، کوەیت ٥.١٪ کۆبەرهەمی نیشتمانی، لوبنان ٥٪ کۆبەرهەمی نیشتمانی و ئۆردون ٤.٧٪ کۆبەرهەمی نیشتمانی و ئیسرائیل ٤.٣٪ کۆبەرهەمی نیشتمانی.

وەرگیراو لە ماڵپەڕی فارسی: رادیو فەردا