07:23 - 01/05/2019
تره‌مپ قورسترین بڕیار له‌ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یدا ده‌دات
بڕیارێكی چاوه‌ڕوانكراوی ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌دووری هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌باشووری كوردستان، سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی خستوه‌ته دودڵییه‌وه، ماڵپه‌ڕی سی ئێن ئێن-ی ئه‌مریكیش له‌ڕاپۆرتێكدا بڕیاره‌كه‌ی به "تسۆنامی" له‌بڕیاردانی تره‌مپ وه‌سفكردووه، چونكه یان ده‌رگا به‌ڕووی توندوتیژی زیاتر له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كاته‌وه، یان ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ماڵئاوایی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر شانۆی ڕووداوه گرنگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
له‌چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا كۆشكی سپی ئه‌مریكا به‌فه‌رمی ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد، كه ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ كارده‌كات بۆ دانانی ئیخوان موسلمین له‌نێو لیستی تیرۆر و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بیری ئیخوانیی وه‌ك "بیرێكی تیرۆرستی".
بڕیاره‌كه چه‌نده كاریگه‌ریی بۆسه‌ر ئیخوان له میسر، حه‌ماس له‌فه‌ڵه‌ستین‌و بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه له‌تونس هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازیش كاریگه‌ریی بۆسه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان هه‌یه وه‌ك حزبێكی مه‌ده‌نی كه شوێنكه‌وتووی بیری ئیخوانیه‌ته و سه‌ره‌تای كاركردنی له‌باشووری كوردستان مۆڵه‌ت وه‌رگرتن بووه له‌و ڕێكخراوه.
بڕیاره‌كه خۆیده‌بینێته‌وه له‌سه‌پاندنی سزای سیاسی و ئابووری به‌سه‌ر ئیخوان موسلمینیدا، له‌حاڵه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی ئابووری یه‌كگرتووش به ئیخوانه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌پرسی ڕێكخراوه خێرخوازییه‌كان‌و به‌خشین و وه‌رگرتنی پاره، ئه‌وا یه‌كگرتوو ده‌كه‌وێته به‌رده‌م گورزی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا.
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌بڕیاره چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی تره‌مپ نیگه‌رانه‌و بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئه‌وه‌ی ڕونكرده‌وه:"ئه‌و بڕیاره زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌یه، چونكه ئیخوان موسلمین به‌درێژایی ته‌مه‌نی 90 ساڵه‌ی خۆی بیری ئاشتیخوازانه‌و میانڕه‌وانه‌ی گرتوه‌ته به‌ر و خزمه‌تی بیری میانڕه‌وی كردووه".
هه‌ڵه‌دنی بۆچوونی وایه بڕیاره‌كه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ی دابنێ، چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێ، یه‌كگرتوو هێزێكی سه‌ربه‌خۆیه‌و به‌شداره له‌پڕۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
ئه‌و ڕه‌تیده‌كاته‌وه یه‌كگرتوو هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئیخوان موسلمین، ده‌ڵێ ته‌نیا له‌كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا سه‌ركرده‌كانی ئیخوانیان بینیوه.
ئه‌بوبه‌كر كاروانی، ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌یشارده‌وه كه یه‌كگرتوو له‌ڕووی مێژووییه‌وه كاریگه‌ربووه به بیری ئیخوان موسلمین، به‌ڵام ده‌شڵێ، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی بۆسه‌ر یه‌كگرتوو نابێت.
كاروانی بۆ په‌یسه‌ر-ی ڕونكرده‌وه:"ئه‌مریكا ده‌بێ پێناسه‌ی بۆ ئیخوان هه‌بێ، كه ئاخۆ كێشه‌كه‌یان هه‌ر له‌گه‌ڵ ئیخوانه له میسر یاخود حه‌ماسیش له‌فه‌ڵه‌ستین، یان نه‌هزه‌ی تونسی و داد‌و گه‌شه‌پێدانی مه‌غریب، دوای ده‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئیخوانه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كێ له‌نێو لیسته‌كه‌دا ده‌بێت".
سه‌ركرده‌كه‌ی یه‌كگرتوو باس له‌ئه‌گه‌رێك ده‌كات كه هێشتا به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه، ئه‌ویش په‌یوه‌ندیی به‌ئیخوان موسلمینه‌وه هه‌یه له‌م ناوچه‌یه‌دا، به‌وه‌ی ئایا ئه‌مریكا شه‌ڕفرۆشی ده‌كات به‌هه‌ندێك هێز به‌ناوی ئیخوان موسلمینه‌وه، یان تێگه‌یشتنیان ده‌بێت بۆ دۆخی كاركردنی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی كاریگه‌رن به بیری ئیخوان، ئه‌و ده‌ڵێ دواتر ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مریكا چ داواكارییه‌كی ده‌بێت له‌وان.
ڕه‌نگه دیارترین وێستگه‌ی هاوهه‌ڵوێستی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی ئیخوان موسلمینی میسر ئه‌وكاته بێت، كه له‌ڕێگه‌ی كوده‌تاوه عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی ئێستای میسر، محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی میسری له‌پۆسته‌ی دورخسته‌وه.
له‌پاش دورخستنه‌وه‌ی مورسی له‌ده‌سه‌ڵات، میدیای فه‌رمی یه‌كگرتوو له‌سه‌رجه‌م هه‌واڵ‌و بابه‌ته‌كانیدا عه‌بدولفه‌تاح سیسی به "سیسی كوده‌تاچی" "شه‌رمه‌زارییه‌كانی سیسی"، "سیسی ئه‌و سه‌رۆكه‌ی ده‌یان ڤیدیۆی ئابڕوبه‌رانه‌ی هه‌یه" ناوبردووه، سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به سیسی له‌میدیای فه‌رمی یه‌كگرتووه‌وه، بۆ لێدان بووه له كه‌سایه‌تی ناوبراو و دژایه‌تیكردنی له وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی میسر.
ته‌نانه‌ت میدیای فه‌رمی یه‌كگرتوو له‌بابه‌تێكدا سیسی تۆمه‌تباركردبوو به‌وه‌ی سێكسی له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل‌دا كردووه.
له‌دوای ئه‌وه‌ی كۆشكی سپی به‌ئاشكرا بڵاویكرده‌وه كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت كار بۆ خستنه لیستی تیرۆری ئیخوان موسلمین بكات، كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆر و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی تره‌مپ دروستبوو، له‌و ڕوه‌وه ماڵپه‌ڕی سی ئێن ئێن-ی ئه‌مریكی وتارێكی به‌شار جه‌رار، ڕاهێنه‌ری به‌رنامه دیبلۆماتییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ئه‌مریكای كه‌ناڵه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه جه‌رار پێی وایه بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ هێنده به‌هێزه، ده‌بێته تسۆنامییه‌ك له‌كۆی ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌ریكردووه.
ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز-ی ئه‌مریكی كه پێشوه‌خت هه‌واڵی خستنه لیستی تیرۆری ئیخوان موسلمینی بڵاوكرده‌وه ده‌ڵێ، له‌حاڵه‌تی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه سزا به‌سه‌ر هه‌ر كه‌س یاخود دامه‌زراوه و ڕێكخراوێكدا ده‌سه‌پێندرێت كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیخوان موسلمین درێژه پێبدات.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی ڕێكاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌و بڕیاره چاوه‌ڕوانكراوه‌دا ئه‌وهاتووه، قه‌ده‌غه‌ی گه‌شت له‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێت كه په‌یوه‌ندییان به‌ڕێكخراوی ئیخوان موسلمینه‌وه هه‌یه.
ئه‌یمه‌ن نه‌سری، سه‌رۆكی كۆڕبه‌ندی ئه‌وروپی-عه‌ره‌بی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ كه باره‌گاكه‌ی له‌ژنێف-ه ده‌ڵێ:"ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بڕیاره‌كه بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، دواین بزمار ده‌بێت كه له‌تابوتی ئیخوان موسلمین ده‌درێ" ئه‌و بۆچوونیشیوایه، دوای ئه‌مریكا وڵاتانی ئه‌وروپاش هه‌مان هه‌نگاوی واشنتۆن ده‌گرنه به‌ر بۆ دانانی ئیخوان موسلمین له‌لیستی تیرۆر.
ساڵی 2012 دوای شۆڕشی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌میسر، ئیخوان موسلمین له‌یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی دوای ده‌سه‌ڵاتی حوسنی موباره‌ك گه‌یشتنه سه‌ر لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و محه‌مه‌د مورسی بووه سه‌رۆكی میسر، به‌ڵام هه‌ر زوو ئیخوانه‌كان كه‌وتنه دژایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه، بۆیه ئه‌مریكاش دوای یه‌ك ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان له‌ڕێگه‌ی هاوكاریكردنی عه‌بدولفه‌تاح سیسی-یه‌وه ده‌سه‌ڵاتی له میسر گۆڕیی‌و كۆتایی به چێژی ئیخوانییه‌كان به‌ده‌سه‌ڵاتداریی هێنا.
ئه‌بوبه‌كر كاروانی پێیوایه كه دانانی ئیخوان له‌لیستی تیرۆر له‌چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كاندایه بۆ ڕاگه‌یاندنی "گرێبه‌ستی سه‌ده" كه په‌یوه‌سته به كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین-ئیسرائیل‌و ئاشتی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
"ئه‌م بڕیاره به‌شێكه له گرێبه‌ستی سه‌ده بۆ پاكتاوكردنی كۆمه‌ڵێك هێزو كه‌یسی فه‌ڵه‌ستین و هێزی چه‌كدار له ناوچه‌كه، ڕه‌نگه مه‌رجێكی سعودییه‌و ئیمارات‌و میسری ئێستا بێت، كه هاوكاریی ئه‌مریكا بكه‌ن له‌گرێبه‌سته‌كه به‌ڵام ئیخوان بخه‌نه لیستی تیرۆره‌وه" ئه‌وه به‌وته‌ی كاروانی.
كێن ئه‌وانه‌ی به‌ر گورزه كوشنده‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌ون؟
له‌حاڵه‌تی بڕیاردانی تره‌مپ بۆ دانانی ئیخوان موسلمین له‌لیستی تیرۆر، ژماره‌یه‌ك وڵات و سه‌ركرده‌كانیان، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی دیاری جیهانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ونه به‌ر گورزه‌كه‌ی ئه‌مریكا كه دیارترینیان توركیا‌و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان‌و قه‌ته‌ره.
یوسف قه‌ره‌زاوی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی جیهان كه له‌ساڵی 1961ه‌وه له وڵاتی قه‌ته‌ر ده‌ژی‌و به‌بێ ئاماده‌بوونی خۆی له‌دادگا سزای له‌سێداره‌دانی بۆده‌رچووه، به‌هۆی هه‌بوونی هاوسۆزی‌و كاركردن بۆ ئیخوان موسلیمین بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1949 ده‌ستگیرده‌كرێت.
خیره‌ت شاتر، یه‌كێك له‌سه‌ركرده دیاره‌كانی ئیخوان موسلمین كه له‌ساڵی 2013 و دوای دورخستنه‌وه‌ی مورسی له‌ده‌سه‌ڵات، به‌تۆمه‌تی هاندان بۆ توندوتیژی ده‌ستگیركراوه، خیره‌ت به پردی په‌یوه‌ندی ئیخوان به‌وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه ناوده‌برێت.
عه‌لی قه‌ره‌داغی، ئه‌مینداری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی جیهان كه دوای قه‌ره‌زاوی كه‌سی دووه‌می ئه‌و یه‌كێتییه‌یه، هه‌رچه‌نده قه‌ره‌داغی په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ ئیخوان نییه، به‌ڵام پشتگیریی له بیری ئیخوان ده‌كات‌و له‌چاوپێكه‌وتنێكدا باسی له‌وه‌كردوه، "ئه‌وه‌ی ئیخوان ده‌به‌ستێته‌وه به‌تیرۆره‌وه ناتوانێت وێنه‌ی ئیخوان بشێوێنێت، چونكه ئه‌وان له‌فه‌ڵه‌ستین له‌پێناو كێشه‌ی ئه‌واندا شه‌هیدیان داوه‌و به‌رگریی له پیرۆزییه‌كانیان ده‌كه‌ن".
عیسام عه‌ریان، به‌رپرسی نوسینگه‌ی سیاسی ئیخوان له‌میسر و ڕاوێژكاری محه‌مه‌د مورسی، ساڵی 1987 بووه‌ته په‌رله‌مانتاری میسر.