ڕاپۆرتی جیهانی

04:20 - 30/04/2019

سۆسیال میدیا چۆن بوو به‌ هه‌وێنی ناكۆكی و هێرشی ئایینه‌كان بۆ سه‌ر یه‌كتر؟‌

پەیسەر

به‌ هۆی كاریگه‌ری ڕوداوه‌كانی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌رو ئازادی ڕه‌های سۆشیال میدیاوه‌، تیرۆرسته‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌ستیان داوه‌ته‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر شوینه‌ پیرۆزه‌كانی سه‌رجه‌م ئاینه‌كان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان و دواینیشیان كه‌نیسه‌ی یه‌هودیه‌كان بوو له‌ كالفۆڕنیا.

(چاباد) یش له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌س و گروپانه‌وه‌ كه‌ ئه‌كته‌ر ئاسا ده‌سیان داوه‌ته‌ تیرۆر كردنی خه‌ڵكی، ناوی چووه‌ لیستی ئه‌و شوێنه‌ پیرۆزانه‌ی كه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و  چوار كه‌سی تێدا بوون به‌ قوربانی، بۆ ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستیانه‌ش كه‌ تۆوی ترس و دڵه‌ ڕاوكێ ده‌چێنێت ته‌كنه‌لۆژیاو حوكمه‌تیش هیچیان له‌ ده‌ست نایه‌ت. 

له‌ شه‌ش مانگی ڕابردوودا زنجیره‌یه‌ك له‌و هێرشانه‌ ڕوویان دا، هێڕشبه‌ران هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر جوله‌كه‌كان كه‌ خه‌ریكی خوا په‌رستی بوون له‌ پیترسبێرگ. هه‌روه‌ها له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ردا هێرشیان كرده‌ سه‌ر چاباد و مه‌سیحیه‌كانی سریلانكا له‌ كاتی جه‌ژنداو موسوڵمانانی نیوزله‌ندا له‌ كاتی نوێژی هه‌ینیدا. 

سروشت و دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ پرسیار گه‌لێكی گرنگی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ سه‌رده‌می په‌راوێزی سیاسیدا، كه‌ به‌ زۆری هۆكاره‌كه‌ی سۆشیال میدیایه‌كی بێ سه‌رو به‌ری كۆنترۆڵ نه‌كراو و نه‌مانی متمانه‌ له‌ نێوان ڕێكخراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌ دینیی و سیاسیه‌كانیشن.

ئه‌براهام كووپه‌ر كه‌ به‌ڕێوبه‌ری ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ ڕێكخروێكی جوله‌كه‌یه‌ بۆ مافی مرۆڤ له‌ ئه‌مریكا ده‌ڵێت " تاوانباری سه‌ره‌كی لێره‌دا سۆشیال میدیایه‌، جگه‌ له‌وه‌ش داڕمانی هه‌ستی پێكه‌وه‌یی له‌ نێوان دوو حیزبه‌ زلهێزه‌كه‌ی ئه‌مریكادایه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوو تیژی. شه‌رخوازه‌كان له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ له‌ تیرۆرسته‌كانی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ فێربوون كه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌ر شوێنێك پێویستیان به‌ پشتگیری هیچ حوكمه‌تێك و هیچ جوڵانه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری نیه‌. ئه‌وانه‌شی كه‌ كێشه‌ی ده‌رونیان هه‌یه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێك بۆیان بۆ ئه‌نجامدانی كاری هاوشێوه،‌ چونكه‌ سۆشیال میدیا زۆر به‌ ئاشكرا كلتوری ڕق و كینه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی نهێنی و تایبه‌ته‌وه‌ ده‌توانن چۆنێتی ئه‌نجامدنی كاری هاوشێوه‌ فێربن. 

هێرشه‌كه‌ی چاباد و مه‌ترسییه‌كان
كه‌سی گومان لێكروا له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر چاباد خوێندكارێكی به‌شی په‌رستاری ته‌مه‌ن نۆزده‌ ساڵه‌ به‌ ناوی جۆن تی ئێرنست، بڵاوكراوه‌یه‌كی له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و زۆر به‌ ڕونی و به‌شێوه‌‌یه‌كی پێشبینیی نه‌كروا تێیدا بیروڕای خۆی و چۆنێتی هێرشكردنه‌كه‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌. بڵاوكراوه‌كه‌ی دریژ بوو هاوشێوه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌ سپی پێسته‌كه‌ی نیوزله‌ندا كه‌ مانگی پێشوو په‌نجا موسوڵمانی بێ تاوانی كرد به‌ قوربانی. 

له‌ بڵاوكراوه‌كه‌یدا ئێرنست  ده‌ڵیت، ئه‌م كاره‌ی له‌ پێناو پاراستنی ڕه‌گه‌زی ئه‌وروپیه‌كان كردوه‌ دژی جوله‌كه‌ی جیهانی كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر مه‌سیحیه‌كانی ئه‌وروپایان ده‌كوشت و ئابوری و میدیای ئه‌وروپایان داگیر كردبوو.

هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م هێرشانه‌ پشت به‌ چه‌ند ئایه‌ت و ڤێرس و سفرێك ده‌به‌ستن كه‌ له‌ ئایینه‌كه‌یاندا هاتوه‌و ده‌یكه‌ن به‌ پاساو بۆ كاره‌ توندڕوییه‌كانیان. هه‌میشه‌ هێرشیان كردوه‌ته‌ سه‌ر دروشم و هێما پیرۆزه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هێرشه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌‌. 

هێرشكردن و ته‌قا‌ندنه‌وه‌ی شوێنه‌ پیرۆزه‌كان، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ مرۆڤ هه‌ست به‌ دڵنیایی ده‌كه‌ن تێیداو كه‌شیكی ئارامی هه‌یه‌ شتێكی نوێ نیه‌

هێرشكردن و ته‌قا‌ندنه‌وه‌ی شوێنه‌ پیرۆزه‌كان، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ مرۆڤ هه‌ست به‌ دڵنیایی ده‌كه‌ن تێیداو كه‌شیكی ئارامی هه‌یه‌ شتێكی نوێ نیه‌. به‌ درێژایی مێژوو ئایین یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌هێزترین هێزه‌كانی یه‌كبوون و پێكه‌وه‌ بوون. به‌ڵام هه‌میشه‌ وك هۆكارێكی ململانێ و خوێن ڕشتن به‌كار هێنراوه‌. له‌ شه‌ڕی خاچ په‌رسته‌كانه‌وه‌ تا هۆڵۆكۆست. هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌و نه‌ته‌وه‌و حوكمه‌ته‌كان ئاینیان به‌كار هێناوه‌ له‌ شه‌ڕه‌كاندا دژی ئه‌وانه‌ی كه‌ دژیان بوون.

به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی زۆر به‌ خێرایی له‌ گۆڕاندان، توندووتیژی تیایاندا ڕنگ ده‌داته‌وه‌ و پوكانه‌وه‌و نه‌مانی هێز وه‌ك نه‌ته‌وه‌ و ده‌ركه‌وتنی له‌ شێوه‌ی تاك و گروپی بچوك و  هێرشكردنه‌ سه‌ر خه‌ڵكی سیڤیل بووه‌ به‌ باو. 

به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ ڕایگشتی تیدا وه‌رگیراوه،‌ ئه‌وانه‌ی هاودینن سۆزیان زیاتر بۆ یه‌ك هه‌یه‌ وه‌ك له‌وانه‌ی هاو نه‌ته‌وه‌ن، بۆ نمونه هه‌ر له‌ ناو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا‌ له‌م چاره‌كه‌ سه‌ده‌ی دواییدا هه‌ڵویستی دژه‌ جوله‌كه‌ زۆر به‌ ڕوونی هه‌ست پێ ده‌كرێت، له‌ كاتێكدا له‌ پێشودا زۆركه‌م بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ لێك ترازاوه‌و ته‌كنه‌لۆژیا سنوری ده‌سه‌ڵاتی تاكی فراوان كردووه‌و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیشی لاواز ده‌رخستوه‌. 

له‌ ساڵی 2017 ڕیژه‌ی تاوان دژی جوله‌كه‌كان له‌ ئه‌مریكا بۆ %37 به‌رز بووته‌وه‌، به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها دژی جوله‌كه‌ نیه‌ به‌ڵكوو دژی هه‌موو ئایینه‌كانی تریش ده‌كرێن، به‌ڵام جوله‌كه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج و به‌ جوله‌كه‌ش كۆتایی نایه‌ت به‌ڵكو‌ ئه‌مه‌ وه‌ك نه‌خۆشیه‌ك هه‌موو كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه‌.

پێویسته‌ به‌ ته‌واوی سه‌ركرده‌ سیاسی و دینیه‌كان به‌ كردارو به‌ گوفتار ڕووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره‌ كه‌س و تاقمانه‌ ببنه‌وه‌

رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كه‌
پێویسته‌ به‌ ته‌واوی سه‌ركرده‌ سیاسی و دینیه‌كان به‌ كردارو به‌ گوفتار ڕووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره‌ كه‌س و تاقمانه‌ ببنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ڕقێكی كۆنه‌و  تۆزی نیشتوی سه‌ری له‌ ڕێگای سۆشیال میدیاوه‌ به‌ با ده‌درێت، له‌ سه‌ر ئه‌وان چه‌ند سه‌نتێكی كه‌م ده‌كه‌ویت تا ژه‌هری خۆیان بڕێژن. به‌ڵام ئێمه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌مان چه‌كی خۆیان به‌ ڕوویانا بته‌قینه‌وه‌ له‌ ڕیگه‌ی (تویته‌رو فه‌یسبوك و یوتیوب و گوگڵ و سه‌رجه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌).

ئێستا به‌ هۆی ترس و ودڵه‌ڕاوكێوه‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌كانی په‌رستن به‌ گاردی تایبه‌ت پارێزگاری لێ ده‌كرێت، پێویسته‌ به‌ هه‌موومانه‌وه‌ ڕێگه‌ بگڕین له‌ ئاسایی بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ كه‌ كه‌نیسه‌و مزگه‌وت و سیخ و هه‌موو شوێنه‌كانی تری په‌رستن پێوه‌ی ده‌ناڵێنن. ئێستا هه‌ر جۆرێك له‌ په‌یڕه‌وانی هه‌ر ئاینێك له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌مینه‌ بن ژیانیان زیاتر له‌ مه‌ترسیدایه‌. جوله‌كه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵین هیچ جێگایه‌ك بۆ ئێمه‌ ئارام نیه‌ و ناتوانن به‌ ئاشكرا سروشه‌ ئاینیه‌كان به‌جێبهێنن و گه‌نجه‌كان ناتوانن هێماو مه‌دالیا ئاینیه‌كان بپۆشن، له‌ كاتی پۆشینیشیدا پێویسته‌ بیشارنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چاوی ڕقه‌وه‌ ته‌ماشا نه‌كرێن.

پێویسته‌ سروشتی كارپێكردنی سۆشیال میدیا بگۆڕین، پێویستمان به‌ بانگه‌وازێك هه‌یه‌

له‌ سه‌ره‌تای مێژووی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینه‌كانه‌وه‌، په‌یڕه‌وان مژده‌یان ده‌دا كه‌ ئایین هه‌موو مرۆڤایه‌تی ده‌كات به‌ یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌و سیسته‌مێكی جیهانی، به‌ڵام هه‌ر به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی دژی یه‌كتر وه‌ستانه‌وه‌ له‌ سه‌ر شێوازی ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌ ئاینیه‌كان. نه‌ته‌نه‌وه‌كان هه‌ر زوو سیمبوڵه‌ ئاینیه‌كانیان كرد به‌ ئاڵاو له‌ شه‌ڕ و  ڕووبه‌ڕووبونوه‌كاندا به‌كاریان هێناو له‌ كاتی داگیر كردنی ووڵاتێكی تردا هه‌ڵده‌سان به‌ گۆڕینی ناوی وڵاته‌كه‌ به‌ ناوی پێشه‌واو ناوه‌ ئاینیه‌كانی خۆیان. 

هه‌تا پاش تێپه‌ڕینی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك كه‌ بیرو ڕای لێ بورده‌یی و پێكه‌ژیان هاته‌ كایه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌زموونه‌ مێژوویه‌كان ئاماژه‌ن بۆ ململانێ و پێك هه‌ڵپژان له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ بۆ ئایه‌نه‌كه‌یان. 

له‌ سه‌رده‌می ئێستادا هه‌موو وڵاتانی جیهان له‌ هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌و ده‌سه‌ڵاتن به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ تاكه‌كان له‌ ڕیگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ خه‌ریكی دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیانن و له‌ یه‌ك نزیك ده‌بنه‌وه‌. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا توانای تونده‌ڕه‌وێك بۆ تێكدان و ڕژاندنی ژه‌هری توندوتیژی له‌ هه‌موو كاتیك به‌ هێزتره‌. بۆ تاكێك كه‌ بیه‌وێت مێژوو بگۆڕێت زۆر ئاسانه‌. ئه‌گه‌ر تاكێكی سپی پێستی ئه‌مریكیت، ئه‌وا ئامانجاه‌كه‌ ڕوونه‌ كه‌ لێدانه‌ له‌ موسوڵمان و جوله‌كه‌كان. بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵین ئه‌مه‌ ته‌نه‌شه‌ بكات، پێویسته‌ سروشتی كارپێكردنی سۆشیال میدیا بگۆڕین، پێویستمان به‌ بانگه‌وازێك هه‌یه‌. ئێستا هه‌موومان له‌ شۆكی ڕووداوی هێرشی سه‌ر په‌رستگاكانین، چۆن گه‌نجێك به‌و توڕه‌ییه‌وه‌ خۆی به‌ خۆشحاڵ ده‌زانێت له‌ كوشتنی خه‌ڵكی.    

سه‌رچاوه‌: واشنتۆن پۆست
نوسینی:  Mark Fisher 
وه‌رگێڕانی: عه‌دنان عیزه‌دین