ڕاپۆرتی جیهانی

06:53 - 24/04/2019

دانیشتوانی گوندەكەی بەشیر دوای لەسەركارلابردنی باسی دەكەن‌

پەیسەر

گوندی حوش بانقا ئەو گوندەكەی شوێنی لەدایك بوون و منداڵی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی لەسەركارلابراوی سودانە، زۆر لەدانیشتوانی گوندەكە دەڵێن خۆشحاڵن بەدوورخستنەوەی لەدەسەڵات دوای 30 ساڵ حوكمرانی دەشڵێن هیچی نەكرد بۆ بوژاندنەوەی ناوچە هەژارەكەیان.

 

 محەمەد عەلی عەبدولحەمید كە جوتیارە لەگوندی حوش بانقا و جل و بەرگری كلاسیكی لەبەردەكات بەئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند " من لەگوندەكەی ئەوم بەڵام هیچ سودێكم لەدەسەڵاتەكەی نەكرد"
عومەر بەشیر منداڵی لەم گوندە بەرێكردووە كە بەدووی 170 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری شاری خرتومی پایتەخت، ئەو لەسەری ساڵی 1944 لەدایك بووە.

حەمید دەڵێت ئەندامانی خێزانەكەی بەشیر سودمەندبوون، ئەوان ئۆتۆمبێل و كێڵگەی كشتوكاڵی و مانگایان هەیە بەڵام ئێمە سودمان لێنەكرد،دەشڵێت هەست بەدڵتەنگی ناكات بۆ لابردنی لەدەسەڵات.

دوای سێ دەیە لەدەسەڵاتەكەی رۆژی 11ی نیسان سوپای سودان عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی وڵاتەكەی لەدەسەڵات دوورخستەوە، ئەوەش دوای چەند مانگێك لەنارەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵك دژی حكومەتەكەی
بەشیر بەهۆی كودەتاكەی ساڵی 1989 دەسەڵاتی گرتە دەست، كودەتایەك كە لەلایەن ئیسلامیەكانەوە دژی حكومەتەكەی سادق مەهدی بەرێوەچوو، لەكاتێكدا مەهدی لەرێگەی هەڵبژاردنێكی دیموكراتیانەوە دەسەڵاتی گرتبووە دەست، و لەئێستاشدا سەرۆكایەتی پارتی ئومەی ئۆپۆزسیۆن دەكات.

بەدرێژای چەند ساڵی رابردوو بەشیر توانای خۆی پیشاندا بۆ بەردەوام بوون لەدەسەڵات و دووركەوتنەوە لەدادگایكردن لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوان و سەركەوتن بەسەر ئاڵنگاریەكانی ناوخۆ.

بەشیر كە پاشخانێكی سەربازی هەیە بەوتارەپۆپۆلیستیەكانی ناسراوە ئەو سوربوو لەسەر نزیك بوونەوە لەخەڵك و بەشێوازی خۆیان قسەی لەگەڵ دەكردن، بەڵام چارەنوسی لەلایەن سوپاوە دیاریكرا وەك جێبەجێكردنی بەشێك لەداواكاری دانیشتوانی شاری خەرتوم و ناوچەكانی تر كە نزیكەی چوار مانگە خۆپیشاندان دژی حكومەتەكەی بەشیر دەكەن، بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی نان بۆ سێ ئەوەندەی نرخی پێشوو لەلایەن حكومەتەوە.

بەڵام نارەزایەتیەكان نەگەیشتنە شەقامەكانی حوش بانقا كە لم دای پۆشیوە، ناسر ئیبراهیم دانیشتوی گوندەكە دەڵێت ئەوان خۆشحاڵن بەدوورخستنەوەی لەدەسەڵات.

دەشڵێت سەیری ماڵەكانی گوندەكە بكە، تەنانەت ئەو خوێندنگایەی كە بەشیر خۆی لێی خوێندووە تا ساڵی رابردووخوێندكارێك نەكەوتە تەوالێتەكەیەوە بریاری دروستكردنەوەی نەدا.

30 ساڵ بەسە
زۆرینەی خانوەكانی گوندەكە لەقوردروست كراون، بەڵام خێزانی بەشیر خانویەكی گەورەی هەیە كە گۆرەپانێكی بەسەرەوەیە و باشترین خانوی گوندەكەیە.

لەگەرمای هاویندا زۆرینەی خەڵك لەناو ماڵەكانیان دەمێننەوە، زۆرینەی شەقامەكانی گوندەكە چەند رارەوێكی لمین، و تاكە شەقامی شارەكە ئەو شەقامەیە كە گوندەكە بەو رێگایە دەبەستێتەوە كە دەچێتەوە سەر رێگای خێرایی خەرتوم.

لەحوش بانقا نەخۆشخانەیەك هەیە كە چاودێری تەندروستی بۆ گوندەكانی دەوروبەری دابین دەكات، بەڵام تائێستاش بەشێكی كاری تێدادەكرێت، هەروەها ناوەندی كۆمەڵایەتی تایبەت بەئافرەتای تێدایە كە خێزانی یەكەمی بەشیر كە ناوی فاتمە خالد بوو دروستی كردووە، هەروەها بازارێكی بچوكی تێدایە كە سەوزە و بەرهەمی ناوخۆی تێدا دەفرۆشرێت.

گوندی حوش بانقا دوورنیە لە ئەهرامە بەناوبانگەكانی مەروی، بۆیە زۆرجار پارچە شوێنەواری تێدا دەدۆزرێتەوە.

ئیبراهیم جەخت لەوە دەكاتەوە كە خزمایەتی لەگەڵ بەشیر هەیە، دەشڵێت بەشیر هەروەك مرۆڤێكی ئاسایی بووە، " بەشیر وەك ئێمە خواردن دەخوات و كاتێك دێت بۆ بۆنە كۆمەڵایەتیەكان چیرۆك و بیرەوەریەكانی دەگێرێتەوە، خۆی گەندەڵ نیە بەڵام گەندەڵكارانی دەپاراست"، ئاماژەی بەوەشكرد پێی وایە 30 ساڵ مانەوە لەدەسەڵات بەسە.

شایستەی دوورخستنەوەیە لەدەسەڵات
لەگەڵ ئەوەی بەشێك لەدانیشتوانی شارەكە نیگەرانن بەدورخستنەوەی بەشیر، لەوانەش مەحمود عیسا گوتی بەشیر مرۆڤێكی باوەردار بوو، ناچاربەجەنگ كرا بەهۆی سەرهەڵدانی یاخیبونەوە، ئەگەر دەتەوێت پارێزگاری لەیەك پارچەی خاكی وڵاتەكەت بكەیت ناچاریت هێز بەكاربهێنێت، دەشڵێت راستە ئابوری سودان داتەپیوە و نرخی كەل و پەل بەرزبۆتەوە و هاوڵاتیان ناتوانن پێداویستیەسەرەكیەكانیان دەست بكەوێت هەموو ئەمە بەهۆی شەرەوەیە.

سەردەمی دەسەڵاتی بەشیر ژمارەیەكی زۆر شەر و ناكۆكی بەخۆیەوە بینی كە لەساڵی 1983 وە تا 2005ی خایاند و بووە هۆی كوژرانی هەزاران كەس ئەنجامەكەی جیابوونەوەی باشوری سودان بوو لەساڵی 2011.

 هەروەها شەری جیابونەوەی هەرێمی دارفۆر لەرۆژئاوای سودان لەساڵی 2003 وە دەستی پێكرد، كاتێك دانیشتوانە پشتگوێخراوەكەی ئەو ناوچەیە چەكیان دژی حكومەتی ناوەندی هەڵگرت.

لەساڵی 2011 شەڕێكی نوێ لەویلایەتەكانی نیلی ئەزرەق و باشوری كردفان لەنێوان هێزەكانی حكومەت و یاخیبووەكان روویدا.

بەڵام گەنجانی تری گوندەكە لەناویاندا مەحمود كە رەتی كردەوە ناوی تەواوەتی خۆی بڵێت بروای بەقسەكانی عیسا نیە دەشڵێت ئەو باوەری وایە بەشیر شایستەی دورخستنەوە لەدەسەڵات بوو چونكە گەندەڵكارانی دەپاراست...

هەریەك لەگوندەكانی حوش بانقا و شاری شندی هیچ خۆپیشاندان و نارەزایەتیەكیان دژی دەسەڵاتەكەی بەشیر بەخۆیانەوە نەبینی، محمود دەڵێت ئەگەر خۆپیشاندان تێیدا روویدابا بەشداری دەكرد، بۆ جەختكردنەوە لەسەر بۆچوونەكەشی بەدەست هێما بۆ سەركەوتن دەكات و دروشمی " تەنها رۆیشتن" دەڵێتەوە دروشمێك كە ئەو خۆپیشاندەرانە دەیانگوتەوە كە لەكۆتاییدا بووە هۆی دوورخستنەوەی بەشیر لەدەسەڵات.