ڕاپۆرتی جیهانی

04:09 - 21/04/2019

ئیمارات گه‌وره‌ترین په‌رستگا بۆ هندۆسه‌كان دروست ده‌كات‌

پەیسەر

له‌ هه‌نگاوێكى جیاوازدا بۆ یه‌كه‌م جار په‌رستگایه‌كى گه‌وره‌و فراوان بۆ هندۆسه‌كان له‌ ئه‌بوزه‌بى پایته‌ختى ئیمارات دروست ده‌كرێت و له‌ مه‌راسیمێكدا رۆژى شه‌ممه‌ به‌ردى بناغه‌كه‌ى دانرا، به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڵێن، ئه‌م هه‌نگاوه‌یان له‌چوارچێوه‌ى به‌ره‌وپێشبردنى رۆشنبیرى یه‌كترقبوڵكردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى رق و كینه‌ و هه‌وڵه‌كانى ئیماراته‌ بۆ گرنگیدان به‌ به‌هاكانى میانڕه‌وى و په‌سه‌ندكردنى ئاینه‌كانى دیكه‌.

په‌رستگاكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ى مومریخه‌ له‌سه‌ر رێگاى خێراى نێوان دوبه‌ى و ئه‌بوزه‌بى، له‌سه‌ر رووبه‌رى ٥٥هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌ دورست ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى میدیاى فه‌رمى ئیمارات له‌سه‌ر په‌رستگاكه‌ بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌.

په‌رستگاكه‌ هۆڵى په‌رستن له‌ خۆ ده‌گرێت له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى تایبه‌ت به‌ سه‌ردانیكه‌ران و شوێنى فێربوون، هه‌روه‌ها شوێنى تایبه‌ت بۆ منداڵان و باخچه‌ و هۆڵى نانخواردن و فرۆشگا و كتێبخانه‌و شوێنى دیكه‌ى تێدایه‌و ده‌رگاى په‌رستگاكه‌ به‌رووى سه‌ردانیكه‌رانى ئاینه‌كانى دیكه‌شدا كراوه‌یه‌.

له‌ مه‌راسیمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى په‌رستگاكه‌دا سه‌ركرده‌و به‌رپرسانى ئیمارات ئاماده‌بوون، وه‌زیرى و كه‌شوهه‌واو ژینگه‌، وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت بۆ كاروبارى خوێندنى باڵا، سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵگه‌، هه‌روه‌ها باڵیۆزى هندستان له‌ ئیمارات ئاماده‌بوون.

له‌ دروستكردنى ئه‌و په‌رستگایه‌دا به‌ردى لمین به‌كاردێت، له‌ دیزاینكردنى په‌رستگاكه‌ سه‌دان كه‌سى كارامه‌ كارده‌كه‌ن، له‌ په‌یكه‌رى په‌رستگاكه‌دا حه‌وت تاوه‌ر و پێنج گومه‌زى نه‌خشین هه‌یه‌، وه‌ك به‌ناوبانگترین په‌رستگاى جیهان دیزاینى كێشراوه‌.

سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى په‌ره‌پێدانى كۆمه‌ڵگه‌ موغیر خه‌یلى، له‌ وته‌یه‌كیدا گوتى، دانانى به‌ردى بناغه‌ى په‌رستگاكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو وڵات و گه‌لى ئیمارات و هندستان پته‌وترده‌كات، هاوكات وه‌ك ئاماژه‌یه‌كیش ده‌بینرێت بۆ به‌رجه‌ستكردنى گیانى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن له‌نێو خه‌ڵكى ئیماراتدا كه‌ زۆرینه‌ى ره‌هاى موسوڵمانن.

گوتیشى"ئه‌م بۆنه‌یه‌ هه‌روه‌ها هه‌لێكه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى هۆشیارى و هه‌روه‌ها دروستكردنى ناوبانگى نێوده‌وڵه‌تى وڵات كه‌ هێماى ئاشتى جیهانییه‌، ئه‌م رووداوه‌ راستگۆیانه‌ترین گوزارشته‌ له‌ جیاوازى گه‌لى ئیمارات كه‌ گه‌لێكى پێشكه‌وتوون و ئه‌وانى دیكه‌ قبوڵ ده‌كه‌ن".

پێشبینى ده‌كرێت، ساڵى داهاتوو كاركردن تێدا ده‌ستپێبكات، چاوڕوانده‌كرێت له‌و ساڵه‌دا سێ ملیۆن هندى له‌ ئیمارات كاربكه‌ن و له‌و وڵاته‌ بژین، ده‌وڵه‌تى ئیمارات له‌ رێگه‌ى به‌رنامه‌یه‌كى جێگیرى دامه‌زرێنه‌ره‌یه‌كه‌یه‌وه‌(شێخ زیدان بن سوڵتان ئال نیهان) پێشتر كاریكردووه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان و قبوڵكردنى به‌هاكانى یه‌ك دى، له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و به‌رنامه‌ى خۆیدا په‌رستگا بۆ هندۆسه‌كان دروست ده‌كات، به‌پێى یاساكانى ئه‌و وڵاته‌ رقوكینه‌و جیاكارى ئایینى به‌ تاوان دانراوه‌.