ڕاپۆرتی جیهانی

01:12 - 17/04/2019

چیرۆكی ئەو نووسەرە مەغریبیەی بێ‌ ئاگا كەوتە داوی تۆڕە هەواڵگرییەكەی قەزافی‌

پەیسەر

راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی مەغریب، وردەكاری پەیوەندی نێوان عەبدوللـەتیف راكز نووسەری مەغریبی‌و موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووتری مەغریب ئاشكراكرد، كە تێدا باس لەوە كراوە پەیوەندی نێوان ئەو دوانە سەرسوڕهێنەرو خەیاڵی بووە.

لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی ئەیام، راكز باسی لەسەركەوتنەكانی كردووە، بۆ چوونە ناو بازنەكەی تۆڕە هەواڵگرییەكەی قەزافی‌و دواتر گەیاندنی زانیاری هەواڵگری بەو تۆڕە، تا ئەوەی شا حەسەنی دووەم ، پاشای مەغریب، لێبوردنێكی شاهانەی بۆ دەركردووە.

چیرۆكەكەی عەبدوللـەتیف راكز لەناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەست پێدەكات، كاتێك بەهۆی كەمدەرامەتی رووبەرووی فشاری خێزانی بووەتەوەو تا وای لێهاتووە داوای مافی پەنابەری لەوڵاتی لیبیا كردووە، كە بەهۆی ناڕەزایی دژی سیستەمی پاشایەتی مەغریب لەوڵاتەكەی یاساغ بووە، ئەوەش هۆكارێك بووە بۆ نزیكبوونەوە لەقەزافی.

سەرەتای نزیكبوونەوەی ئەو نووسەرە مەغربییە لە قەزافی بۆ دانیشتنەكانی نێو رەشماڵەكانی لیبیا دەگەڕێتەوە، كە سەرەتا لە لیبیا كاری رۆژنامەوانی كردووەو بەو هۆیەشەوە پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك لەنزیكەكانی قەزافی دروستكردووە، كە ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی لەناو دانیشتنەكانی رەشماڵەكاندا چاوی بە بەرپرسانی باڵای لیبیا بكەوێت‌و دواتر گەشتی دەرەوەی بۆ رێكخراوە.

نووسرەكە خۆی گێڕاویەتییەوە، لەو سەرو بەندە ژمارەیەك لەبەرپرسانی نزیك لەقەزافی داوایان لێكردووە پرۆسەی هەواڵگری لەتونس ئەنجامبدا، كە ئەوە سەرەتای دەستپێكی بووە بۆ كاری سیخوڕیكردن دوای راهێنانكردنی ناوخۆیی لەلیبیا.

راسپاردنی راكز بۆ ئەوە بووە بتوانێت زانیاری گرنگ لە دەوروبەری "زین العابدین بن عەلی" سەرۆكی تونس وەربگرێت، كە كاتێك چووەتە تونس زیاتر لە 200 هەزار دۆلاری ئەمەریكی‌و 10 كیلۆ زێڕی پێ بووە، ئەوەش بەناوی دامەزراندنی كۆمپانیایەكی تایبەت بەكۆچ‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە كارە هەواڵگرییەكانی بكات.

هەروەها ئەوەی گێڕاوەتەوە، كە بەو هۆیەوە توانیویەتی لە خانەوادەی "زین العابدین بن عەلی" نزیك بێتەوە، تا ئەوەی چاوی كەوتووە بە "حاجی ترابلسی" برای "لەیلا تەرابلسی" هاوژینی سەرۆكی تونس، كە ئەوەی لەكاتێكدا كردووە نەیزانیوە سەر بە پاسەوانی "شۆرشی سەوزی" دەزگای ئاسایشی دەرەوەیە، كە ئەو دەزگایە "موسا كوسا" سەرۆكایەتی كردووەو دەزگای فەرمی هەواڵگری لیبی بووە.

راكز بەهۆی چەند كارێكی بۆ دەزگاكە راستەوخۆ لەلایەن قەزافی پاسپۆرتی دیبلۆماسی بۆ دەرهێنراوە، ئەوەش بەسیفەتی رۆژنامەنووس‌و رێگاشی پێداوە بە ئاسانی پەیوەندی بەبالوێزخانەكانی لیبیاوە بكات لە هەر ولاتێكی جیهان بێت.

نووسرە مەغریبییەكە باسی لە چالاكییەكی هەواڵگری كردووە، كە لەتونس ئەنجامیداوەو چەند بەرپرسێكی هەواڵگری لیبیشی لەگەڵ بووە، بەوەی چەك بەرنە نا شاری قەفسە، كە چالاكییەكەیان ئاشكرا بووەو دواتر خۆی بەرپرسیارییەكەی لەئەستۆ گرتووە.

راكز بەهۆی ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تونس چاودێری پەیوەندییەكانی كراوە ئاشكرابووەو چالاكییەكەی شكستی هێناوەو دواتر دەستگیركراوەو بۆ ماوەی 9 ساڵ زیندانی كراوە.

ئەو نووسەرە پێش ئەوەی ماوەی زیندانییەكەی تەواو بكات لەتونسەوە رایكردووە بۆ جەزائیرو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتی خۆی مەغریب، كە لەوڵاتەكەی خۆشی دەستگیركراوە، دواتر بەهۆی ئاشكراكردنی چەند زانیارییەك لەسەر كارە هەواڵگریەكانی شا حەسەنی دووەم لێبوردنی بۆ دەركردووە، دوای ئەوەی بەڵێنیداوە كاری لەو جۆرە نەكاتەوە.