ڕاپۆرتی جیهانی

11:49 - 11/04/2019

ئه‌و كچه‌ى بووه‌ سمبولى شۆرشى سودان و گڕى له‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ردا‌

پەیسەر

سودانییه‌كان له‌ كۆتایى ساڵى رابردووه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ ناڕه‌زایى و خۆپیشاندان كرد بۆ گۆڕانكارى و رۆشتنى ده‌سه‌ڵات، له‌م رۆژانه‌دا تینیان بۆ ده‌سه‌ڵات هێناو سوپاو پۆلیسیان ناچاركرد پشت له‌ حوكمڕانى 30 ساڵه‌ى سەرۆك عومەر حەسەن بەشیر بكه‌ن و پشتیوانى خۆپیشانده‌ران بن، خاتوونێكى گه‌نج بووه‌ هێمای خۆپیشاندانى چه‌ند مانگه‌ى سودانییه‌كان و به‌و گوڕوتینه‌ى به‌ خۆپیشاندانه‌كانیدا بووه‌ سیمبولى به‌رگرى.

خۆپیشاندانه‌كان لەم چەند رۆژەی دوایى مانگرتنیان برده‌ به‌رده‌م باره‌گاى سه‌ركردایه‌تى سوپا، بەمەبەستی هاندانی سوپا بۆ ئەوەی لایەنگری گەل دژی دەسەڵات بكات لە شۆرشی مەدەنی سوداندا. له‌و مانگرتنه‌دا ئه‌و خاتوونه‌ وه‌ك گوتاربێژى خۆپیشاندانه‌كان ده‌ركه‌وت و سه‌رنجى جیهانى به‌لاى خۆیدا راكێشا.

ئه‌و كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌ سۆدانییه‌ كه‌ به‌ په‌یكه‌رى ئازادى ناوى ده‌ركردووه‌، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان مشتومڕى زۆرى له‌سه‌ره‌و بووه‌ته‌ كاره‌كته‌رى دیارى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌و به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌و ڤیدیۆكانى بووه‌ پاڵه‌وان له‌ كاتى مانگرتنى سودانییه‌كان له‌به‌رده‌م باره‌گاى فه‌رمانده‌ى سوپا و نامه‌ى ئاڕاسته‌ى جیهان كرد كه‌ ئافره‌تانى ئه‌وان سیمبولى به‌رگرى و ئازادین.

ئه‌و كچه‌ له‌به‌رده‌م خۆپیشانده‌ران و ناڕازییه‌كان هوتافى حه‌ماسى گوته‌وه‌، به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێنه‌یه‌كى ئه‌ویان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو بڵاوكرده‌وه‌، كاتێك كچه‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌قفى ئۆتۆمبێلێكه‌و هوتاف ده‌كێشێت و داواى گۆڕان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك له‌ وێنه‌و ڤیدیۆكان ده‌رده‌كه‌وێت به‌ متمانه‌ به‌خۆبوونێكى زۆره‌وه‌ گوتار ده‌دات و هوتاف ده‌كێشێت. 
گوتار بۆ جه‌ماوه‌رێكى زۆر ده‌دات به‌ بێ ترس

راگه‌یاندنى جیهانى گرنگى زۆریان به‌ده‌ركه‌وتنى ئه‌و خاتونه‌ سۆدانییه‌دا، كه‌ رابه‌رایه‌تى به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌رانى ده‌كرد، تۆڕى هه‌واڵى سى ئێن ئێن ئه‌وخاتونه‌ى به‌"سیمبولى شۆڕى سودان"وه‌سفكرد به‌ وه‌ستانى جێگرى و متمانه‌ به‌خۆبوونى كه‌ گوتار بۆ جه‌ماوه‌رێكى زۆر ده‌دات به‌ بێ ترس، ئه‌وه‌ش سیماى كه‌سایه‌تییه‌كى چالاكى ژنانه‌ى پێ به‌خشى، هه‌ندێك له‌ راگه‌یاندنه‌كان وه‌ك سه‌رچاوەى هێزو سروشتى ئافره‌تان سه‌یریان كرد.

 

ئه‌و خاتونه‌ ته‌نها له‌ راگه‌یاندنه‌كان ستایش نه‌كرا هونه‌رمه‌ندان و گۆرانیبێژانى رۆژئاوا ستایشى رۆڵى ئه‌ویان كرد، وه‌ك كچێكى چالاكى سودانى، رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریكى نوسیبووى كه‌ ئه‌و هێماى به‌شدارى ژنانه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كان وه‌ وێنه‌یه‌كى سه‌رنجراكێشى به‌ ناڕه‌زاییه‌تییه‌كان به‌خشى.

جلوبه‌رگى ئه‌و خاتونه‌ چالاكوانه‌ سه‌رنجى میدیاكارانى راكێشا به‌وپێیه‌ى جلوبه‌رگه‌كانى جلى كۆنى سودانییه‌و كلتورین، گوزراشت ده‌كه‌ن له‌ كه‌لتورى نیشتیمانى سودانى، هه‌روه‌ها ره‌نگى سپى بووه‌ سیمبولى ناره‌زاییه‌كانى سودان.

ئه‌و خاتونه‌ ته‌نها جلوبه‌رگه‌كانى فۆكلۆرى نه‌بوون به‌ڵكو گواره‌ى ئاڵتونیشى له‌ گوێبوو هاوشێوه‌ى دوو مانگ كه‌ ئه‌وه‌ گه‌وهه‌رى ئافره‌تانى شووكردوون، وه‌ به‌پێى چه‌ند كتێبێكى مێژوویى هێماى جوانى ئافره‌ته‌، هه‌ندێك چالاكى ئه‌و خاتونه‌یان بۆ بنه‌ڕه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى سودانى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، كه‌ كه‌سێكى له‌پڕ ده‌ركه‌وتوو ده‌بێته‌ سیمبول و به‌رپه‌رچى ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌وه‌و هوتاف ده‌كێشێت وگوتار بۆ جه‌ماوه‌رى زۆر ده‌دات.