ڕاپۆرتی جیهانی

07:11 - 10/04/2019

ئەردۆغان هەرەشەی پێشخستنی كاتی وەرگرتنی ئێس 400 دەكات و سزاكانی ئەمریكاش ئامادەن‌

پەیسەر

لەكاتێكدا پرۆژەیاسای سەپاندنی سزای ئەمریكا دژی توركیا ئامادەیە، رۆژی چوارشەممە رۆژنامەی سەباح لەزاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیای گواستەوە كە كاتی رادەستكردنی سیستمی ئێس 400ی روسی كە سیستمێكی بەرگریە پێش دەخرێت.

 

 رۆژنامەی سەباح لەپێگەی ئەلیكترۆنی خۆی بڵاویشی كردەوە كە ئەردۆغان لەمیانی سەردانەكەی ئەم دوایانەی بۆ روسیا ئەو رۆژنامەنوسانەی دڵنیاكردۆتەوە كە یاوەریان كردووە كە بڕیاری كڕینی سیستمی ئێس 400 لەپێناوی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا یە و دژی وڵاتی سێیەم نیە، سەرۆكی توركیا ئاماژەی بەوەشكردووە كە توركیا سەروەریەكی رەهای هەیە و رێگە بەهیچ وەڵاتێك نادات بەشداری بكات لەسەپاندنی سەروەری بەسەر توركیادا.

ئاماژەی بەوەشكرد كە گرنگیدانێكی نێودەوڵەتی گەورە هەیە سەبارەت بەبڕیاری توركیا دەربارەی سیستمی بەرگری موشەكی روسیا و وەزیرانی توركیاش بەبەردەوامی ڕووبەڕووی پرسیاری گۆرانگاری لەهەڵوێستی ئەنكەرە لەسەر ئەو پرسە دەبنەوە، وەڵامەكەش ئەوەیە كە ئەو پرسە كۆتایی هاتووە و هەموو شتێك ئامادەیە، ئەردۆغان راشیگەیاند بڕیاربوو رادەستكردنی سیستمە بەرگریەكە مانگی تەموزدا بێت بەڵام پێش خراوە و پێش ئەو كاتە رادەست دەكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی كردووە بەجێبەجێكردنی هەرەشەكانی دژی توركیا بەهۆی سیستمی بەرگری ئێس 400 و وەزارەتی بەرگری پنتاگۆن رایگەیاند لەسەرەتای ئەم مانگەوە رادەستكردنی كەل و پەلی فرۆكەی ئێف 35ی بۆ توركیا وەستاندووە كە بەنوێترین فرۆكەی ئەمریكی دادەنرێت.

رۆژی چوار شەممە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند ئەگەر وڵاتەكەی نەتوانێت فرۆكەی ئێف 35ی دەست بكەوێت ئەوە پێداویستیەكانی لەلایەكی ترەوە پردەكاتەوە تا ئەوكاتەی خۆی فرۆكە دروست دەكات.

لەبەرامبەردا سەرۆكانی لیژنەكانی دەرەوە و هێزە چەكدارەكان لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا هۆشداریان دایە توركیا كەسەركێشی بكات ئەوە ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە، ئەگەر بەردەوام بوو لەهەنگاوەكانی بۆ كڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی، هەرەشەی ئەوەشیان كرد كە رێكاری یاسای تریش دەگرنە بەر.

چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیران كە دووانیان ئەندامی پارتی كۆمارین و بریتین لە جیم ریش و جیم ئینهوف و دوانەكەی تر لەپارتی دیموكراتن و بریتین لە پۆمپ مینیندز  و جاك رید لەوتارێكدا كە لەرۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویانكردەوە نوسیویانە تاكۆتای ئەم ساڵ توركیا فرۆكەی ئێف 35ی پێشكەوتوو وەردەگرێت یان سیستمی موشەكی ئێس 400 و بەدڵنیایشەوە نابێتە خاوەنی هەردووكیان.

لەلایەكی ترەوە دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كە یەكێكیان كۆماری و ئەوی تریان دیموكرات رۆژی سێ شەممە پرۆژە بڕیارێكیان پێشكەش كردووە كە داوا دەكات سزای زیاتر بەسەر ئەو بەرپرسانی توركیادا بسەپێندرێت كە  رۆڵیان هەبووە لەدەستگیركردنی هاوڵاتیانی ئەمریكا و كارمەندانی كونسوڵخانەی ئەمریكا لەتوركیا.

پرۆژە بڕیارەكە كە لەلایەن سناتۆری كۆماری روجی ویكر و سناتۆری دیموكراتی بن كاردین پێشكەش كراوە داوا دەكات دۆناڵد ترەمپ هانی توركیا بدات بۆ ئەوەی رێزی ئازادیە بنەرەتیەكان بگرێت، ئاماژەیان بەوەشكردووە هەزاران كەس لەتوركیا بوونە قوربانی و سكاڵایان لەدژ جوڵێندراوە بە پاڵنەری سیاسی.

لای خۆیەوە سناتۆر كاردین لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند زیندانیكردنی هاوڵاتیانی ئەمریكی و توركی كە وەك فەرمانبەر لەدامەزراوەكانی ئەمریكا لەتوركیا كاریان كردووە ستەمە و پێشێلكردنێكی ئاشكرای مافی مرۆڤە، دەشڵێت، ئەو پرۆژە بڕیارەی پێشكەشیان كردووە ئەوە رووندەكاتەوە كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا چیتر رێگكە بەو رەفتارەی توركیا نەدات كە چەندین ساڵە لەو بوارەدا دەیكات.

پرسی دەستبەسەركردنی كارمەندانی كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و هاوڵاتیانی ئەمریكی بەیەكێ لە پرسە جێ ناكۆكەكانی ئەنكەرە و واشنتۆن دادەنرێت كە هەردووكیان ئەندامی هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی ناتۆن، هەروەها خاڵێكی تری ناكۆكی نێوانیان پەیوەندی بەسیاسەتەكانی هەردوو وڵات دەربارەی سوریاوە هەیە، هەروەها پلانی توركیا بۆ كڕینی سیستمی موشەكی بەرگری روسی.

پرۆژە بڕیارەكە داوای لەئیدارەی ئەمریكا كردووە سزا بەسەر تەواوی ئەو بەرپرسانەی توركیادا بسەپێنێت كە رۆڵیان لەدەستگیركردنی هاوڵاتیان و كارمەندانی ئەمریكا هەبووە، و رێگەیان پێنەدرێت گەشت بكەن بۆ ئەمریكا و موڵك و پارەكانیشیان لەویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بلۆك بكرێت.

لای خۆیەوە سناتۆری كۆماری توم تیلیس كە یەكێكە لەو شەش ئەندامەی كە كە كاریان بۆ رێكخستنی پرۆژەبڕیارەكە كردووە رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی توركیا بەئاراستەی راستدا هەنگاوی نا لەئازادكردنی ئەندرو برانسون قەشە ئەمریكیەكە لەمانگی تشرینی یەكەمی رابردووئازدا كرا بەڵام تائێستاش توركیا پێویستی بەوەهەیە كە نیازپاكی زیاتر پیشان بدات و وەك هاوبەشێكی هاوپەیمانیەتی باكوری ئەتڵەسی رەفتار بكات.

لەم ساڵدا سەركان جولج كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكی و توركیشیە لەلایەن دادگای توركیاوە فەرمانی زیندانیكردنی بۆ ماوەی حەوت ساڵ و نیوی بەسەرداسەپێندرا بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی بەرێكخراوێكی تیرۆرستیەوە.

و تائێستاش سێ هاوڵاتی تورك كە كاریان لەكونوسڵخانەكانی ئەمریكا لەتوركیا كردووە بەتۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت
مانگی رابردووش دادگای توركیا بریاری بەردەوامی دەستبەسەری متین توبوزی دەركرد كە وەرگێربووە لەكونوسڵخانەی ئەمریكا لەئیستەنبوڵ تا ئەوكاتەی دادگایكردنەكەی لەمانگی حوزەیراندا بەرێوەدەچێت.