ڕاپۆرتی جیهانی

07:48 - 08/04/2019

سوپای پاسدارانی ئێران رووبه‌ڕووی به‌هێزترین سوپای جیهان ده‌بێته‌وه‌‌

پەیسەر

به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران به‌لێدوانی توند پێشتر هۆشدارییان دابوو له‌ هه‌نگاوی ئه‌مریكا بۆ به‌ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڕیاركه‌ی به‌ فه‌رمی راگه‌یاند پێده‌چێت ناوچه‌كه‌ پێ بنێتـه‌ قۆناغێكی هه‌ستیارو ئاڵۆزه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌و دوو وڵاته‌ توانای سه‌ربازی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام تواناكانی سوپای ئه‌مریكا به‌ به‌راورد به‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان یه‌كه‌مه‌.

محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سوپای ئه‌مه‌ریكا كردو رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر بێت‌ و واشنتۆن سوپای وڵاته‌كه‌ی بخاته‌ لیستی ڕیكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی جیهانه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئاسایشی سوپاكه‌ی له‌رۆژئاوای ئاسیا پارێزراو نابێت.

ئه‌و لێدوانه‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی سوپای پاسدارانی ئێران، چه‌ند كاتژمێرێك پێش ئه‌وه‌ هات، كه‌ دۆناڵد ترامپ-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌فه‌رمی ئه‌و سوپایه‌ی خسته‌ لیستی گروپه‌ تیرۆرسییه‌كانی ئه‌مریكا.

به‌پێی رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئه‌مه‌ریكی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی بڕیاری ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانیان له‌لیستی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان كردووه‌و ترامپیش به‌پشتوانی ئه‌وان بڕیاره‌كه‌ی داوه‌.

له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و كێشمه‌كێشه‌دا پێگه‌ی "گڵۆباڵ فێربۆر"ی ئه‌مریكی ئه‌مه‌ریكی به‌راوردێكی له‌نێوان سوپای ئه‌مه‌ریكاو سوپای ئێران كردووه‌، كه‌ به‌پێی راپۆرتێك سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئاستی 137 وڵاتی جیهان، پله‌ی یه‌كه‌می هه‌یه‌و سوپای پاسدارانی ئێرانیش پله‌ی چوارده‌یه‌می هه‌یه‌.

پۆلێنی سوپاكانی جیهان، له‌ناویشیاندا سوپای ئه‌مریكاو ئێرانیش له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رچاوه‌ی مرۆیی‌و شوێنی جوگرافی‌و توانای ئابووری‌و چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی كراوه‌، كه‌ له‌راپۆرته‌كه‌دا باس له‌ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌مه‌ریكا كراوه‌، كه‌ زیاتره‌ له‌ 329 ملیۆن كه‌س، له‌به‌رانبه‌ردا ژماره‌ی دانیشتوانی ئێران 83 ملیۆن كه‌سه‌و به‌وه‌ش سه‌رچاوه‌ی مرۆیی ئه‌مریكا چه‌ند به‌رانبه‌ری سه‌رچاوه‌ی مرۆیی ئێرانه‌.

هه‌ر له‌راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ له‌ئه‌مریكا 119 ملیۆن كه‌س توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بخرێنه‌ خزمه‌تی سه‌ربازی، به‌ڵام له‌ئێران ئه‌و ژماره‌یه‌ 19 ملیۆن كه‌سه‌، هه‌روه‌ها له‌ئه‌مریكا ساڵانه‌ 4 ملیۆن كه‌س له‌ئه‌مریكا ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بخرێنه‌ خزمه‌تی سه‌ربازی، به‌ڵام له‌ئێران 1.9 ملیۆن كه‌س ته‌مه‌نیان ده‌گاته‌ خزمه‌تی سه‌ربازی.

هاوكات ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی سه‌ربازانی سوپای ئه‌مریكا 2.1 ملیۆن كه‌سه‌، له‌ئێران ئه‌و ژماره‌یه‌ ٨٧٣ هه‌زار سه‌ربازه‌و ٣٥٠ هه‌زاریش هێزی یه‌ده‌گی سه‌ربازین، له‌رووی ئابووریشه‌وه‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا ٧١٦ ملیار دۆلاره‌و بودجه‌ی ساڵانه‌ی سوپای ئێران 3.6 ملیار دۆلاره‌.

چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی
له‌راپۆرته‌كه‌دا باسی له‌ژماره‌ی چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی هه‌ردوو سوپاكه‌ كراوه‌و به‌پێی راپۆرته‌كه‌ش هێزی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا ١٣ هه‌زار فڕۆكه‌ی جه‌نگی هه‌یه‌، كه‌ ٢٣٠٠ فڕۆكه‌یان شه‌ڕكه‌رن‌و ٢٨٠٠ فڕۆكه‌ی تریش هێرشبه‌رین، ١١٠٠ فڕۆكه‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازی‌و ١٠٤ فرۆكه‌ش بۆ راهێنان‌و  ٥٧٠ فڕۆكه‌ش له‌جۆری هێلیكۆپته‌ری جه‌نگی‌و هێرشبه‌رین.

هه‌رچی توانای هێزی ئاسمانی ئێرانه‌، خاوه‌نی ٥٠٩ فڕۆكه‌ی جه‌نگییه‌، كه‌ ١٤٢ شه‌ڕكه‌رن‌و ١٦٥ فرۆكه‌ی هێرشبه‌رین‌و ٨٩ فڕۆكه‌یان بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌ربازین‌و ١٠٤ فڕۆكه‌ی ڕاهێنان‌و ١٢٦ فرۆكه‌ش جۆری هێلیكۆپته‌رن.

له‌رووی تانك‌و زرێپۆشیشه‌وه‌، سوپای ئه‌مریكا ٦٢٠٠ تانك‌و ٣٩ هه‌زار زرێپۆش‌و  ٩٩٠ تۆپهاوێژی ئۆتۆماتیكی‌و ٨٦٤ تۆپی مه‌یدانی‌و زیاتر له‌ ١٠٠٠ سه‌كۆی ئاراسته‌ی موشه‌كی جۆری ڕاجیمه‌یه‌، كه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا، سوپای پاسدارانی ئێران، خاوه‌نی ١٦٠٠ تانك‌و ٢٣٤٥ زرێپۆش‌و ٥٧٠ تۆپهاویژی ئۆتۆماتیكی‌و ٢١٠٠ تۆپی مه‌یدانی‌و ١٩٠٠ سه‌رۆكی موشه‌كییه‌.

له‌رووی هێزی ده‌ریاشیه‌وه‌، سوپای ئه‌مریكا خاوه‌نی ٤١٥ كه‌شتی جه‌نگییه‌، ٢٤ كه‌شتی فرۆكه‌هه‌ڵگرن‌و ٦٨ ژێرده‌ریایی‌و چه‌ند جۆرێكی تری كه‌شتییه‌، سوپای ئێرانیش خاوه‌نی ٣٩٨ كه‌شتی جه‌نگییه‌، كه‌ ٣٤ ژیرده‌ریاییه‌و هیچ كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگری نییه‌.