ڕاپۆرتی جیهانی

08:23 - 06/04/2019

ئۆتیزم چیە؟ چۆن دەستنیشانی بكەین كەسێك ئەو نەخۆشییەی هەیە؟‌

پەیسەر

مێژووی دۆزینەوەی نەخۆشی ئۆتیزم زۆر كۆنە، بەڵام كاتێك لە ساڵی 1943 (لیۆكارنەر) ی پسپۆڕی نەخۆشی دەروونی منداڵان زۆرینەی خەسڵەت و نیشانەكانی دیاریكرا، بووە سەرەتای دیاریكردنی نەخۆشیەكە ، وشەی ئۆتیزم كە لە بنچینەدا وشەیەكی یۆنانیە بەمانای (گۆشەگیری)دێت و لە كوردیشدا پێی دەگوترێت (تەنهایی).

 

 بە پێی هەندێك لە سەرچاوە تەندروستیەكان ئۆتیزم بریتیە لە: شێوان و تێكچوونی شێواز هەڵسوكەوت و بیركردنەوەیی و پەیوەندی كردنی منداڵ لەگەڵ كەسانی دەوروبەر و رێژەی تووش بوونەكەش لە منداڵێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت، هەندێكێیان نیشانەكانیان لاوازە، ئەم جۆرەیان دەتوانن بە شێوەیەكی سەربەخۆ ژیان بەسەر ببەن و هەندێكی دیكەشیان  نیشانەكان یان راستتر كاریگەری نەخۆشیەكە (رێژەكەی)زیاترە، ئەم جۆرەیان پێویستیان بە كەسانی دیكە هەیە بۆئەوەی بتوانێت درێژە بەژیان بدات.

ئۆتیزم جۆرێكە لەپەشێوی و تێكچوونی گەشەی مێشك، كار لە سەر یەكێك لەمانە دەكات (كردار- واتە سەرجەم هەڵس و كەوتە جەستەییەكان) و (گوفتار- بەمانای ئەنجامدانی چالاكی زارەكی و تێگەیاندن یان تێگەیشتن) و لایەنی (كۆمەڵایەتی- ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كەسەكە ناتوانێت پەیوەندییە كۆمەڵایەتەیكانی بەشێوەیەكی ئاسایی و وەك ئەوانی دیكە ئەنجام بدات) كەسەكە دەكات. 

ئەم كاریگەریانە هەروا نامێننەوە بەڵَكو ئەمانە دەروازەن بۆ چوونە نێو گرفتەكانی دیكەو هەریەكەیان لەبواری تایبەت بە خۆیدا.

لە بواری كۆمەڵایەتی دا منداڵ كاتێك دەیەوێت داواكارییەكی هەبێت یان شتێك رەت بكاتەوە لە رێگەی یەكێك لەم دوو جۆرەوە ئەنجامی دەدات كە یەكەمیان پێی دەگوترێت (پەیوەندی زارەكی) واتە منداڵ بتوانێت لە رێگەی دەرنگ و وشەوە ماناو مەبەستی خۆی بگەیەنێت و ئەوی دی (نازارەكی)یە، كە بەمانای ئەنجامدانی كردارێك دێت، لێرەش دا دەبێت (بەتایبەت دایك و باوك) زۆر شارەزای ئەوە بن مەرج نیە ئەوەی نەیتوانی قسە بكات یان ئاماژە بكات تووشی حاڵەت یان نەخۆشی ئۆتیزم بووبێت، بەڵام باشترین كارێك لەوبوارەدا ئەنجام بدرێت ئەوەیە سەردانی پزیشكی پسپۆڕو سەنتەرە تایبەتەكان بكەن، بۆ ئەوەی لەلایەك دوا نەكەون لە چارەسەركردن و لەلایەكی دیكەشەوە نەكەونە هەڵەوە. چوون بە پێی بەداوادا چوونەكان گرفتی بەشێك لەدایكان و باوكانی هەندێك لەو منداڵانە ئەوەبووە كە درەنگ دەركیان كردووە، یان پزیشكێكی تری منداڵان بینیویەتی و شارەزایی ئەوتۆی نەبووە لە بواری نەخۆشی ئۆتیزم دا.

بە پێی وتەی هەندێك لە شارەزایان منداڵ لە تەمەنی 18 مانگییەوە نیشانەكانی دەردەكەوێت، بەڵام زانستی تازە ئەوەی یەكلایی كردوەتەوە كە دەكرێـت هەر لە سكی دایكەوە دەست نیشانی نەخۆشیەكە بكرێـت، بەو پێیەی بەشێك لە نەخۆشیەكە فیزیكی یەوە پەیوەندی بە دروست بوون و پێكهاتەی خانەكانی مێشكەوە هەیە.

یەكێك لە دیارترین خاڵە كۆمەڵایەتیەكانی منداڵ پەیوەندیەتی لە گەڵ دایك، بە پێی وتەی شارەزایان منداڵ لە تەمەنی 4 مانگییەوە دایكی دەناسێنێتەوە، دەنگ و ڕەنگ و بۆن و هەستەكانی دایكی لە یەكێكی دیكە جیادەكاتەوە، بەڵام ئەو منداڵانەی ئەو نەخۆشییەیان هەیە بەو شێوەنین، جیاوازی ناكات لەنێوان دایكی و ژنێكی دیكە، ئەم نەخۆشییە وەنەبێت هەر لەتەمەنی منداڵییدا بێت بەڵكو تووش بوو بە درێژایی تەمەنی لەگەڵی دەمێنێتەوە، بەشێك لەوانە رێژەكەیان زیاد دەكات و بەشێكی دیكەشیان كەم دەكات، ئەوەش پەیوەندی بەجۆری خواردن و شێوازی مامەڵەو خەمخۆری چارەسەرەوە هەیە. 

هەرچەندە زۆرینەی شارەزایان باس لەوە دەكەن هۆكارێكی دیاری كردوای تەواوەت لە ئارادا نیە بۆ تووش بوون، بەڵام چەندین هۆكار هەن كە دەكرێت بە هۆكاری تووش بوون بەو نەخۆشییە بزانرێت.

-هۆكاری جینات و خانە كرۆمۆسۆمیەكان بەیەكێك لە هۆكارەكانی دروست بوونی ئەم نەخۆشییە دادەنرێت، توێژینەوەكان دەریان خستووە، منداڵانی (جمك)دوانە بە ڕێژەی 90% لەو منداڵانەی كە دوانە نین زیاترە.، هەروەها رێژەی تووش بوون لەنێو منداڵانی (دوانەی لێكچوو) زۆر زیاترە لە منداڵانی دوانەی لێكنەچوو. لە ماوەی پێنج ساڵی رابوردوودا پشكنین كراوە لەسەر كرۆمۆسۆمەكان و (دی ئێن ئەی) و دەركەوتووە (5 تا15) كرۆمۆسۆم لە جەستەی مرۆڤدا هەیە كە پەیوەندییان بەو نەخۆشییەوە هەیە.
-هۆكاری بایۆلۆژیی: بە پێی توێژینەوەیەكی زانستی (%4 بۆ 32%) كێشەی دواكەوتنی ژیرییان هەیە و زۆرینەیان (سەرع)یان هەیە، بە پێی توێژینەوەكان ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە، كێشەی گەیاندنی كارەبایی مێشكیان بۆ دروست بووە كە رێژەكەیان لە نێوان (11% بۆ 83%) دایە.

-هۆكاری بەرگری (مەناعە): لەكاتی تێكەڵ بوونی تۆو كرۆمۆسۆماتی نێوان دایك و باوك كێشەی جووت بوون و یەكگرتنیان بۆ دروست دەبێت و هەندێك لە دەمارەخانەكانی مێشكی ئەو جۆرە كەسانە وەك پێویست دروست نابن.
-هەندێكی دیكە باس لەوە دەكەن لەكاتی لەدایك بوونی مندڵەكەدا رێژەی ئۆكسجینی پێویستی بۆ نەچێت، یان فشاری زۆری بخرێتەسەر مێشكی لەدایك بووەكە.

-هەندێك لە نەخۆشیەكانی دایك لەكاتی حامیلەییدا بەتایبەتی سورێژەی دایك یان كەمی ڤیتامین دی.

پشكنین و تاقیگە:
چۆنیەتی دەستنیشانكردنی لە رێگەی پشكینین (ئای كیو - IQ). دەبێت كە لە رێگەی تاقیگە پزیشكیەكانەوە ئەنجام دەدرێت و دواتر لە رێگەی تایبەت خۆیانەوە دەردەكەوێت رێژەكەی چەندەو لە چ جۆرێكە. بە پێی قسەی شارەزایان بەرزبوونی مادەی جیوە(زیئبەق)  كەلەرێگەی قژی دایكەوە هەیەو پشكنینی بۆ دەكرێت، پاشان بۆ خودی توش بووەكەش ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بزانرێت منداڵەكە لە دایكیەوە تووشی بووە یان لە رێگەی ترەوە پێی گەشتووە. 

ئۆتیزم حاڵەتە یان نەخۆشی؟
هەندێك لە شارەزایان باس لەوە دەكەن (ئۆتیزم) نەخۆشی نیەو حاڵەتە لەبەر ئەوەی كە هۆكارەكانی تووش بوون و چارەسەریشی دیار نیە، بۆیە ناكرێت ناو بنرێت نەخۆشی، هەندێكی دیكەش باس لەوە دەكەن، ناكرێت بگوترێت هۆكارەكان دیارنین و چارەسەریش ناكرێت لەبەر ئەوەی بڕیاردانێكی پەلەیەو لەوانەیە لە ئێستەدا ئەو كارانە ئەستەم بێت ولە داهاتوویەكی (دوور یان نزیك) هەم هۆكاری تووش بوون و هەم چارەسەركەشی ئاسان بێت. هەربۆیە لەم راپۆرتەدا بە هەردوو شێوەكە ناوی هاتووە.

جۆرەكانی ئۆتیزم:
ئۆتیزم یەك جۆر نیە، شارەزایان پێیان وایە تا ئێستە پێنج جۆری دۆزراوەتەوە و بە دووریشی نازانن لە داهاتووش دا جۆریی دیكە بدۆزرێنەوە یان ئەوانەی ئێستە بخرێنە ژێر ڕیزبەندی ترەوە، بەڵام ئەوەی لە ئێستەدا زانستی پزیشكی پەی پێبردبێت دەكرێت بگوترێت پێنج جۆرە:
1-كلاسیكی: مرۆڤێكی ئاساییە هەندێكجار ئەوانەی زیرەكییەكانیان زۆر زیاترە و وەك بەهرەدارێك دەردەكەوێت، لەبەرئەوەی چواردەورەكەی لە ئاستی ئەمانەدا نین دووچاری دووركەوتنەوەو گۆشەگیری و تەنهایی دەبێت و ئەگەر ئەم حاڵەتەش نەخرێتە ژێرچاودێری و چارەسەرەوە كێشەكە گەورەتر دەبێت.
2- ئیسپرجە، توانای رێكخستنی خۆی نیە، هەمیشە بێتاقەتە و هەست بە خەمۆكی و بێدەنگی دەكات، بە دەنگەدەنگی ئەوانی دیكەش بێزار و بێتاقەت دەبێت و دەست بە هات و هاوار دەكات. رەفتارەكامی دووبارە دەبێـتەوە، ئاستی زیرەكییان ئاساییەو لە گەڵ مرۆڤێكی ئاسایی جیاناكرێتەوە.
3-سافاند، رێژەی ئۆتیزمی زۆرە، نیشانەكانی دیكەی وەك پچڕانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و پەیوەندی كردنی كەمە، بەڵام لەلایەنی ژمارەو بیركاری دا زیرەكیەكەی بێ وێنەیە، بەتەنها سەیركردنێك دەتوانێت مامەڵەلەگەڵ ژمارەی زۆر بكات بۆ كۆكردنەوەو لێدەكردن، ژمارەكەی یەكسەر دەزانێت، زۆرینەی ئەمانە حەزیان لە رەسم و بواری هونەرو هونەرمەندانە.


4-ئێكس ئەلهەش: ئەمانەیان كێشەی مێشكیان هەیە، توانای تێكەڵاوی كۆمەڵایەتیان نیە، هەندێكجار كێشەی قسەیان هەیە، ناتوانێت شتەكان دەرببڕێـت، هەندێك لە منداڵەكان لەو كاتانەدا قسە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت. واتە توانای دەربڕینی تەواویان هەیە بەڵام نایانەوێت لەو كاتانەدا قسە بكەن كە تۆ دەتەوێت، بەڵكو لەو كاتانەدا قسە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت.
5- رێت: كێشەی جەستەییان هەیە لەبواری رۆشتن و خۆگرتن واتە سەنتەری رێگە رۆِشتنیان ئاسایی نیە ، ئەمانە پێویستیان بە چارەسەی پزیشكی و سروشتی و ڕاهێنانەوە هەیە.
بە پێی وتەی شارەزایانی بواری ئۆتیزم ناكرێت هەر لەو چەند جۆرەدا ئەم نەخۆشییە قەتیس بكرێت ساڵانە جۆری دیكە دەدۆزرێتەوە.

چۆن لەو كەسانە بڕوانرێت؟
تێگەیشتن لە نەخۆشیەكە زۆر گرنگە بەتایبەت چۆنیەتی هەڵس و كەوت لەگەڵی ، یەكێك لەو كێشانەی كەس و كار هەیانە لە منداڵەكانیان تێناگەن و نازانن چۆن رەفتاریان لەگەڵ بكەن. ئەوەش بووەتە هۆی زیاتر دابڕانی توش بوەكان و كەس و كارەكانیشیان، هەندێك لەكەس و كارەكان باس لەوە دەكەن بەهۆی حاڵەتی منداڵەكانیانەوە كەس و كارەكانیان لێیان دوور كەوتوونەتەوە، یان بە پێچەوانەوە لەبەر ئەوەی خەڵك وەك پێویست لە نەخۆشیەكە تێنەگەشتوون و وەك منداڵی ئاسایی لێیان دەڕوانن و چاوەڕوانی ڕەفتاریان لێدەكەن، كەس و كارەكانیان ناچاربوون بە دابڕان و نەچوونە سەردان و تێكەڵاو نەكردنی خەڵك و تەنانەت لە بازاڕ و بۆنەكانییش. 

هەر بۆیە دەبێت لە رێگەی میدیاكانەوە ئەو بابەتانە كاری لەسەر بكرێت و بە یەك رۆژی ساڵ نەوەستن و بەدەم خەمی ئەو مرۆڤانەوە بچن كە گیرۆدەی دەستی ئەو نەخۆشانەن.  دەبێت كۆمەڵگە ئەوەندە هوشیاری هەبێت كە بزانێت ئەو منداڵانە خاوەن پێداویستی تایبەتن، دەبێت لەو خێزانانە تێبگەن و ئەگەر كیشەیەكیان هەوبوو یان شتیان شكاند یان پەلاماری شتیان دا ئاگادار بن و بزانن خاوەن پێداویستین و كاردانەوەی نەشیاویان نەبێت، دەبێت هاوكاری كەس و كاریان بن لە چارەسەری كێشەكانیاندا نەك بە پێچەوانەوە باری سەرشانی ئەوان ئەوەندەی تر قورس بكەن.

ئۆتیزم نەخۆشیی و حاڵەتە نەك شێتی:
هەندێك لە كەس و كاری ئۆتیزمەكان گیرۆدەی دەستی رەفتارو گوفتاری خەڵكانی چواردەور و كۆمەڵگەن بەوەی منداڵەكانیان بە (نوقسان) یان (شێت) ناو دەبەن، ئەمەش فشاری دەروونی زۆریان بۆ دروست دەكات و پاڵیان پێوە دەنێت زیاتر گۆشەگیرو دابڕاوبن، ئەو مرۆڤانە نەخۆشن وەك هەر نەخۆشێكی دیكە، منداڵ و پارچەیەك لە جەستەو رۆح و گیانی دایك و باوكیانن، شایانی ئەوەن وەك خۆیان بناسرێن و هاوكاری بكرێن، نەك بە دەربڕینی دەستەواژەی نابەرپرسانە نیگەران و خەمبار بكرێن.

كاریگه‌ری ئۆتیزم به‌پێی ره‌گه‌ز ده‌گۆڕێت
توێژینه‌ویه‌كی نوێ ئاشكرای ده‌كات نه‌خۆشی ئۆتیزم به‌جیاوازی كارده‌كاته‌ سه‌ر مێشكی ره‌گه‌زی نێرومێ. توێژینه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئۆتیزم له‌زانكۆی كامبرج له‌به‌ریتانیا ئه‌نجامدراوه‌‌و تێیدا توێژینه‌وه‌ی ورد بۆ مێشكی 120 ژن‌ و پیاو ئه‌نجامدراوه‌ كه‌نیوه‌یان ئۆتیزمیان هه‌بووه‌.
به‌پێی راپۆرتی تیمی توێژینه‌وه‌كه‌ كه‌له‌گۆڤاری (بره‌ین) له‌به‌ریتانیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌و كچانه‌ی ئۆتیزمیان هه‌یه‌ زیاتر كاریگه‌رتر ده‌بن به‌نه‌خۆشییه‌كه‌‌و چاره‌سه‌ركردنیشیان گرانتره‌، بەڵام ڕێژەی توشبوون لە کوڕاندا سێ بەرامبەری کچانە.

د.مێن چوان لای، ئه‌ندامی تیمی توێژینه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ " له‌م توێژینه‌وه‌دا بۆمان ده‌ركه‌وت كاریگه‌ری ئۆتیزم له‌ره‌گه‌زه‌كاندا جیاوازه‌‌و هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ توێشووی خانه‌كانی مێشكی پیاو گه‌وره‌تره‌، جگه‌له‌وه‌ پێویسته‌ چاودێری وردتری ژنان‌و كچان بكرێت له‌ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستیدا.

نیشانەكانی ئۆتیزم:
 پێش لەوەی بچینە سەر ئەوەی چۆن بتوانین هەڵوێستەیەك بكەین لەبەرامبەر ئەو جۆرە كەسانەدا ، دەبێت ئێمە بیان ناسینەوەو دواتریش خۆمان بڕیاردەرو حوكم دەر نەبین، ئەگەر حاڵەتێكی لەو جۆرانە لە منداڵەكانی خۆمان یان ناسراوو درواسێ دا هەبوو، رێنماییان بكەین بۆ نیشاندانی بەپزیشكی پسپۆڕ و بردنیان بۆ سەنتەرە تایبەتەكان، دەكرێت چەندین نیشانە هەبن ، بەڵام هیچیان ناكاتە ئەوەی خۆمان بڕیاری یەكلاكەرەوەیان لەسەر بدەین تا پسپۆڕێك یەكلایی نەكاتەوە، لەوانەش:

1-قسەناكات لەسەرەتای تەمەنیەوە، واتە كاتێك پێویستە منداڵ دەست بە دەربڕینی وشەو رستەكان بكات ئەو نایكات و لەتەمەنی قسەكردن تێدەپەڕێت. واتە منداڵێك ئەگەر لەدوای 2ساڵ قسەی نەكرد، ئەوا پێویستە دایك و باوكی سەردانی دكتۆری دەرونی بكەن. مەرجیش نیە هەر منداڵێك دوای دوو ساڵ قسەی نەكرد یەكسەر بڕیاری لە بارەوە بدەین. ئەگەر گڕوگاڵی نەبیت (تا 12 مانگی) ، یەك وشە نەڵیت (تا 16 مانگی) ، گرێیەكی دوو وشەیی نەڵێت (تا 2 ساڵی) .
2- تیكەڵی منداڵان نابێت ناتوانێت لەگەڵ منداڵی هاوتەمەنی خۆی و گەورەو بچوك یاری و تێكەڵاوی بكات.
3- ناتوانێت یاری بە لەعابە(شت و مەكی یاری) بكات، ئەگەربیشیكات تەنها بەشوینێكی دیاری كراوی لەعابەكە وەكو تایەی سەیارەكانی یاخود دەستی بوكەڵەكانی یاری دەكات و ناتوانێت وەك پێویست رەفتاریان لەگەڵ بكات.
4- لەسەرەتای تەمەنی یەوە بەقەرەبالغی تێكدەچێت و ئیدارە ناكات و دەگری، بەتایبەت منداڵی نۆبەرە و تەنهاكان، ئەگەر ئەم حاڵەتە تا سێ ساڵی بەردەوام بوو دەبێت نیشانی پزیشك و پسپۆڕی تایبەتی بدرێت.
5-گریانیان زۆرە و قیژە دەكەن، بەتایبەت كاتێك برسییان بێت یان خەویان بێت.


6- چەند خواردنیكی دیاری كراو دەخۆن تەنها ئەوخواردنانە دەخۆن و ناتوانن خوادنی جۆراوجۆر بخۆن و زۆرینەشیان هەستی برسێتی و تینوێتی و تێرخواردنیان نیە.
7-بنیشت و مەصاصە ناخۆن چونكە زمانیان كەم دەجوڵێنن كە ئەم دووخواردنەش زمانی دەوێت بجوڵێنرێت.
8-درەنگ فێری توالێت دەبن، هەشیانە تا تەمەنیان بەرەو زیاتریش بڕوات هەر فێرنابن.
9-خەویان سوكە زوو بەخەبەردێن، درەنگیش خەویان لێدەكەوێتەوە.
10-لەتەكنۆلۆجیا زیرەكن وەكو موبایل و لاپتۆب و ئایپاد و تەلەفزێۆن.
11-حەزیان لە چوونە دەرەوە و ناو ئۆتۆمبێل و جووڵەی زۆرە.
12-حەزیان لەگەڕان و چونەدەرەوەو شوینی فراوانەو بە شوێنی داخراوو تەنگ بێزار دەبن.
13-زوو لەشوینان تاقەتیان ئەچێت و داوای گۆڕینی شوێن دەكەن، یان حاڵەتیان خراپتر دەبێت.
14-زۆرینەیان عینادن واتە ئینكارن و داوای هەرچی شتێكیان كرد هەر دەبێت ئەوە بێت.
15-شت فیر دەبن و زوو بیریان ئەچیتەوە وشەو ژمارەو ناو فیردەبن و زوو بیریان دەچێتەوە.
16-ناتوانن جل و بەرگی خۆیان لەبەر بكەن و دایبنین و رێكی بخەنەوە.
17-ڕەنگە بەمنداڵی ئیسكە نەرمەیەكی زۆریان هەبوبێ یاخود زەردووی زۆریان تووش بووبێت، چونكە زەردوی بەرز بیت كاریگەری دەكاتە سەر میشك هەر بۆیە هەر یەكێك لەو دوو حاڵەتە بۆ منداڵ دەبێت زوو چارەسەر بكرێت.
18-گوێنەدان بەدەوروبەر زۆرجاردەكاتە ئاستیك كەسوكاروادەزانن منداڵەكەیان(گوێگران) كەڕبوە.
19-پێكەنینی بی هۆ و لەناكاو و بەردەوام ودواتر گریان بە هەمان شێوە.
20-لاوازی یان نەبونی هۆشیاری و ئاگا لەخۆ بوون و چاونەبرینە چاوی بەرامبەر لەكاتی قسەكردن بۆیان.
21-تێنەگەیشتن لەزمانی جەستەو گرفت لەبابەتە بینراوەكاندا.
22-دواكەوتنی كەشەی هەستەكان(بون كردن-بەركەوتن و تامكردن)
23-هەست نەكردن بەگەرماو سەرما و بەرز و نزمی و نەبوونی مەترسی لە گیانەوەر و خشۆك.
24-ترسان لەهەندێ شت كەپێوست بەترس ناكات نەترسان لەهەندی شت كەجی مەترسی نیە وەكودەنكی فرۆكە یان دەنكی ئاژەڵ ڕاكردن بەسەرشەقامەكان بێ گوێدانە مەترسی ئۆتۆمبێل.
25-داوای یارمەتیدان ناكات لە چواردەورەكەی بۆ هیچ كارێك ، پرس ناكات. و هەرچی هات بە خەیاڵی خۆیدا ئەنجامی دەدات
26- حەزێكی زۆری هەیە بۆ یاریەكی تایبەت، یان تەنێكی تایبەت (ئیتر هەر خەریكی ئەوە ئەبیت) و تاقەتی ئەوانی دیكەی نیە.


نیشانەی تریان زۆرە ، لێرەدا باسی ئەو نیشانانەمان كرد كە سەرەتا دەردەكەون ، نیشانەی تر (بە دەنگی گسكی كارەبا زۆر بیزار دەبن ، كەمتر هەست بە ئازار و گەرمی و ساردی دەكەن، حەز ئەكەن قوتو لەسەر یەك هەڵچنن یان یاریەكانی بەڕیز دابنین ... هتد
 وەك شارەزایان باسی دەكەن مەرج نیە منداڵ لە تەمەنی  2-3 ساڵیدا بڕیاری لەسەر بدرێت لە دیاریكردنی ئۆتیزمدا ، هەندێك منداڵ بەپێچەوانەوە 2 ساڵی سەرەتا بێ كێشەن دواتر وردە وردە شتیان بیر دەچێتەوە و وەكو ئۆتیزم دیاری دەكرین (20٪) ، هیچ پشكنینیك نیە بۆ دیاری كردنی ، هیچ چارەسەرێك نیە جگە لە ڕاهێنانی دەرونی و زمانەوانی و چارەسەركردنی گەشكە (دوای هەرزەكاری) ، بە دەگمەن نەخۆش هەیە چاك دەبنەوە !! ، پێویستە ئەم نەخۆشیە جیا بكریتەوە لە هەندی نەخۆشی تری وەك (بیركۆڵی ، مناڵی نابیست ، نەخۆشی دەرونی- ژیریەكانی تر). 

لەوانەیە هەندێك نیشانە هەبێت بەڵام ئۆتیزم نەبێت و مرۆڤ بكەوێتە هەڵەوە لە دەستنیشان كردنی هەربۆیە باشترە سەردانی شوێن و پسپۆڕی تایبەتی بكرێت و لە خۆمانەوە و سەرپێیانە بڕیارنەدەین.

ئاماری هەرێمی كوردستان تەواو نیە:
هەرچەندە ئاماری ورد لە بەردەستدا نیە بۆ ژمارەی توشبووانی ئۆتیزم بەڵام ئەوانەی سەردانی سەنتەرەكانی ئۆتیزمیان كردووە یان بە فەرمی ناویان تۆمارە لە سەنتەرەكانی هەرێمی كوردستان (حكومی و ناحكومی) دەگوترێت زیاترە لە 3 هەزار كەس و تەنها 3 سەنتەری تایبەت لە لایەن حكومەتەوە دانراون و سەرپەرشتی دەكرێن و زیاتر لە 20 سەنتەری دیكە ناحكومین و لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن.

بە پێی سەرچاوە میدیاییەكان لەباشووری كوردستان ساڵانە 50 منداڵ وەك تووشبووی ئۆتیزم دە، تاوەكو ئێستا نزیكەی 3000 حاڵەتی ئۆتیزم دەستنیشانكراون، لەوژمارەیەش 900 منداڵ لە هەولێر، 1050 لە سلێمانی، 750 لە دهۆك و 250 لە كەركووكن.  زۆرینەی كەس و كاری توشبووەكانیش رەخنەی توند ئاراستەی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن كە وەك پێویست بەدەمیانەوە ناچن و دەزگاكانی راگەیاندنیش ساڵانە لە رۆژی جیهانی ئۆتیزم دا باسیان دەكرێت و ئیتر ئەو خەم و مەینەتە زۆرە جێدەهێڵن بۆ كەس و كاریان. 

شارەزایان باس لەوەدەكەن بەدەر لەو ژمارەیەش منداڵی دیكە هەن و تۆمار نەكراون ئەویش لەبەر كلتوورو ئاكاری كۆمەڵایەتی و دوورە دەستی بەشێكیان لەسەنتەری شارەكانەوە. چونكە تا ئێستەش خەڵك هەندێك نەخۆشی بە نەنگی و كەمی دادەنێن، بەتایبەتی نەخۆشی ئۆتیزم بە (شێتی)دادەنێن. 

دایك و باوك چی بكەن؟ 
دوای ئەوەی كەس و كار سەردانی لایەنی پەیوەندیدار دەكەن و دڵنیا دەبنەوە لەوەی كە منداڵەكەیان تووشی ئەو نەخۆشییە یان حاڵەتە بووە، دەبێت كۆمەڵێك كار هەیە ئەنجامی بدەن، هەرچەندە ئەم كارە هەروا ئاسان نیەو خەم و دڵەڕاوكێ و پەژارەیەكی زۆر دایان دەگرێـت، بەڵام دەبێت ئەوەندە هۆشیارییان هەبێت كە بەرگە بگرن و دۆخەكە قبووڵ بكەن و بەو كارەی هاتۆتە پێشەوە قایلبن و لەگەڵ ئەوەشدا كاربكەن بۆ ئەوەی نەكەونە هەڵەی كوشندەترەوە لەوانەش:
1-گونجاندنی دایك و باوك لە گەڵ بیركردنەوەی ئەوان تا زیاتر نیگەران نەبن. نەك بتانەوێت ئەوان وەك خۆیان لێبكەن، كە ئەمە دەبێت بەڕاوێژ بێت لە گەڵ پزیشكی پسپۆڕ.
2- دیاریكردنی شوێنی تایبەتی بۆ نەخۆشەكە كە تیایدا هەست بە حەوانەوە و پشوو بكات.
3- چاندنی رۆحی باوەڕبەخۆبوون و ستایش و پاداشتكردنی لەكاتی ئەنجامدانی كاری باش.
4-بواری پێبدەن ئەو یارییانەی حەزی لێی هەیە ئەنجامی بدات.
5-لە رێگەی وێنە، هێڵكاری، ئاماژە، كورتكراوە كارەكانی فێر بكەن.
6-پێدانی سۆزو خۆشەویستی و دەربڕینی بە زمان و كرداریش، هەرگیز تووڕەی مەكەن.
7-هەوڵبدەن لەگەڵ منداڵی دیكە تێكەڵ ببێت، لەنێو سەنتەرەكان و ئەنجامدانی یاری بە كۆمەڵ.
8-دایك و باوك پێكەوە هاوكارو هاوڕابن لە پەروەردەكردن و ئاگاداری كردنیان.