چاوپیکەوتن

03:07 - 27/03/2019

كەمال ئۆزكریاز: ئاكەپە هاوپه‌یمانیى نه‌كردایه‌ لە هەڵبژاردن دووەم دەبوو‌

پەیسەر

چەند رۆژێكى كه‌مى ماوە، بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى شارەوانى (خۆجێیى) لە توركیا. كۆمپانیاكانى راپرسى وەكو ساڵانى رابردوو، ناتوانن پێشبینییەكانیان بخەنەڕوو، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى راپرسى یاساغ كراوه‌، كەمال ئۆزكریاز بەڕێوەبەرى ناوەندى (ئەڤراسیا) بۆ راپرسى و توێژینەوەى مەیدانى، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (پەیسەر پرێس) پێشبینییەكانى لەبارەى هەڵبژاردنى خۆجێیى توركیا كە بڕیارە رۆژى یەكشەممەى داهاتوو (٣١ ئادار) ئەنجام بدرێت دەخاتەڕوو.

په‌یسه‌ر پرێس: چەند رۆژێك بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەكان ماوە، تابلۆى گشتى چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئۆزكریاز: تابلۆى گشتى بە قسەكانى رەجەب تەیب ئەردۆغان بەدەر دەكەوێت، كاتێك دەڵێت "حەز لە ئەنكێت و راپرسى ناوەندەكان ناكەم". پێویست ناكات شارەزا و پسپۆرى بارودۆخى توركیا بیت، بۆ ئەوەى بزانى ئەردۆغان بۆچى حەز لە ئەنكێت و راپرسى ناكات، چونكە ئەنجامەكان بەدڵى ئەو نین، ناتوانێ وەكو جارانى پێشوو پینەوپەڕۆ بكات.

په‌یسه‌ر پرێس: ئەوەى دیارە پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار (ئاكەپە) قورسایى خۆى دەداتە سەر شارەوانییە گەورەكان. ئایا دەتوانێ پێگەى جارانى لە رووى چەندایەتى بەدەستبهێنێتەوە؟

ئۆزكریاز: لە توركیادا ٣٠ شارەوانى گەورە هەیە. بەگوێرەى تێستى راپرسى مەیدانى و توێژینەوەكانمان لەم ژمارەیەدا بەلانى كەم پارتى گەلى كۆمار (جەهەپە) ١٢ شارەوانى دەباتەوە. ٢ شارەوانى گەورە (زەنیزلى و باڵككەسیر) بۆ (ئى پارتى) یە بە سەرۆكایەتى مەڕاڵ ئاكشەنەر. هەرسێ شارەوانى گەورەى ئامەد، ماردین و وان بۆ پارتى دیموكراتى گەلان (هاداپ)ەیە. هەروەها بە گوێرەى راپرسى دەزگاى (ئەڤراسیا) پارتى بزوتنەوەى نەتەوەپەرست (مەهەپە) شارەوانى گەورەى (مانیسا) دەباتەوە. لەسەر شارەوانى گەورەى ئورفا، ركابەرییەكى توند لە نێوان ئاكەپە و پارتى سەعادەت لە ئارادایە. لە شارەوانیە گەورەكانى دیكە ئاكەپە پێگەى خۆى دەپارێزێت.

په‌یسه‌ر پرێس: بەگوێرەى ئەنجامەكانى ئەڤراسیا ئاكەپە كامە شارەوانى گەورە لەدەست دەدات؟

ئۆزكرایاز: جەهەپە هەرسێ شارەوانى گەورەى ئەنقەرە، ئیستانبوڵ و بوڕسا لە ژێر دەستى ئاكەپە دەردێنێت. ئى پارتى هەردوو شارەوانى دەنیزلى و باڵككەسیر لە ئاكەپە دەباتەوە. هەروەها جەهەپە شارەوانى مێرسین لە دەستى مەهەپە دەردێنێت.

په‌یسه‌ر پرێس: بەگوێرەى هەندێك لە پسپۆران و ئەنجامى ئەو راپرسیانەى بڵاودەكرێنەوە، رێژەى دەنگەكانى مەهەپە زیادى كردووە. ئێوە چى دەڵێن لەمبارەیەوە؟

ئۆزكریاز: لە بارودۆخێكى ئاساییدا و ئەگەر مەهەپە بەتەنیا بەبێ رێككەوتن لەگەڵ ئاكەپە بەشدارى هەڵبژاردن بووایە، لە تەواوى توركیادا ئاكەپە دەبووە پارتى دووەمین و جەهەپە یەكەم دەبوو. مەهەپە رێژەیەكى زۆرى دەنگدەرى ئاكەپە بۆخۆى دەبێت، رەنگە رێژەى دەنگەكانى بگاتە ٢٠%. واتە مەهەپە ٩ – ١٠% دەنگى ئاكەپە بۆ خۆى دەبات. كێشەكە لەوە دایە مەهەپە لە چەندین ناوچەى توركیادا بەشدارى لە هەڵبژاردن ناكات. لە كۆى ٣٠ شارەوانى گەورەدا تەنیا بەشدارى لە هەڵبژاردنى ٣ شارەوانى دەكات. واتە زیادبوونى دەنگەكانى مەهەپە رەنگدانەوەى لەسەر هەڵبژاردنى خۆجێیى (شارەوانى) نابێت. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنى گشتى بووایە رێژەى دەنگى مەهەپە ٢٠%ى تێدەپەڕاند.   

په‌یسه‌ر پرێس: لە هەڵبژاردنەكانى پێشووى پەرلەمان و سەرۆكایەتى، بگرە لە راپرسى لەسەر گۆڕینى سیستەمى پەرلەمانى بۆ سەرۆكایەتى، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تا رادەیەكیش لە میدیادا باس لە چەندین شێوازى سەختەكارى و دزینى دەنگ كرا لە بەرژەوەندى پارتى دەسەڵاتدار. ئەگەرى دووبارەبوونەوەى ئەمە لە ٣١ ئەم مانگەدا بەهێزە؟

ئۆزكریاز: وەكو هەموو وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە توركیادا ئەگەرى سەختەكارى و فڕوفێڵ لە ئارادایە. لە پڕۆسەى راپرسى گۆڕینى سیستەمى پەرلەمانى بۆ سەرۆكایەتى، بە شێوەیەكى زەق و دیار سەختەكارى لە بەرژەوەندى دەسەڵات ئەنجامدرا. كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن بەدەر لە یاسا بە هەزاران پسوولەى هەڵبژاردنى یەدەگى چاپ كرد. لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى رابردووش سەختەكارى خۆى دووبارە كردەوە. بەڵام ئەنجامدانى سەختەكارى لە هەڵبژاردنى خۆجێى لە توركیادا زەحمەتە، چونكە بە هەزاران كاندید هەیە، ئەو ژمارە زۆرەى كاندیدان لە رێگاى دۆست و لایەنگرانیانەوە دەتوانن سندوقەكان لە دەنگ و شێوازەكانى دیكەى سەختەكارى بپارێزێن. كەواتە ئەنجامدانى سەختەكارى لە هەڵبژاردنى شارەوانیدا بگاتە ئاستى گۆڕینى ئەنجامەكە زۆر زەحمەتە.

په‌یسه‌ر پرێس: هه‌ده‌په‌ لە رۆژئاواى توركیادا بەشدارى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەكان ناكات و دەڵێت، پشتگیرى كاندیدى ئەو پارتانە دەكەین كە ركابەرى ئاكەپەن. دەنگدەرى كورد بە تایبەتى و دەنگدەرى هه‌ده‌په‌ بە گشتى لە رۆژئاواى توركیادا هەڵوەستەى لەسەر بڕیارى سەركرایەتى هه‌ده‌په‌ چیە؟

ئۆزكریاز: لە رۆژئاواى توركیادا بە رێژەى دەنگدەرى كورد دەنگدەرى چەپیش هەیە كە دەنگ دەداتە هه‌ده‌په‌. ئەوانە بەهۆى كوتلەبەندى سیاسەتى توركیا، پێشوەخت بریاریان داوە لە هەڵبژاردنى خۆجێى دەنگ بەو كاندیدە ئۆپۆزسیۆنانە بدەن كە دەتوانن لە كاندیدى ئاكەپە ببەنەوە. واتە پێش بڕیارى سەركرایەتى هه‌ده‌په‌، جەماوەرى هه‌ده‌په‌ لە خوارەوە بریارى خۆى دابوو. بە گوێرەى هەموو ئەو راپرسییانە ئەنجاممانداوە، رێژەى دەنگى هه‌ده‌په‌ لە هەڵبژاردنى گشتى لە رێژەى دەنگى لە هەڵبژاردنى خۆجێى زیاترە. دیارە لە رۆژئاواى توركیادا رێژەیەكى زۆر لە دەنگدەرى هاداپ لە هەڵبژاردنى خۆجێیدا دەنگ بۆ كاندیدى جەهەپە دەدات. بۆیە سەركرایەتى هه‌ده‌په‌ بە گوێرەى ویستى جەماوەرەكەى بڕیارى بەشدارینەكردنى لە هەڵبژاردنى خۆجێى داوە.

په‌یسه‌ر پرێس: ناوبەناو رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكاندا پەیوەست بە شارە كوردیەكاندا دەڵێت" ئەگەر جارێكى دیكە هەوادارانى تیرۆر لە هەڵبژاردنى شارەوانیەكاندا ببەنەوە قایوم دادەنێینەوە". ئەم قسانەى ئەردۆغان تا چەند كاریگەرى لەسەر دەنگدەرى هه‌ده‌په‌ لە شارە كوردییەكاندا هەیە؟

ئۆزكریاز: لەو شوێنانەى ژمارەى دەنگدەر كەمە، لە خوار ٢٠ – ٢٥ هەزار دەنگدەرە، كاریگەرى نەرێنى بەجێدێڵێت، دەنگدەر دوودڵ دەكات و دەیترسێنێت. ئەمە سنووردارە بە چەند شارۆچكە و شارەدێیەك. بەڵام لە شوێنە گەورەكان كە ژمارەى دەنگدەرى زۆرە، كاریگەرى پێچەوانە دەكات، دەنگدەر سوورتر دەكات لەسەر دەنگدان بە هەدەپە.

په‌یسه‌ر پرێس: جەختت لەوە كردەوە كە هەدەپە لە هەرسێ شارەوانى گەورەى ئامەد، ماردین و وان دەبات. جیاوازى دەنگ چۆنە، ئایا هەمان رێژەى جیاوازى جارانە یان گۆڕانكارى بەسەردا دێت؟

ئۆزكریاز: پێموایە هەدەپە رێژەى دەنگەكانى دەپارێزێت. لەوانەیە بە رێژەیەكى كەم لە هەندێك شوێن دەنگەكانى لە كوورتى بدات بەبێ ئەوەى كاریگەرى لەسەر ئەنجامەكان هەبێت. هۆكارى ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانى سەرچاوەكانى دەوڵەت لەلایەن ئاكەپە. لە ئێستادا شارەوانیەكان لە دەستى هەدەپەدانین بۆ ئەوەى هاوكارى كۆمەڵایەتى دابەش بكات. بەگشتى لە كوورتیدانى دەنگى هەدەپە بە رێژەیەكى كەم ئاكەپە ناگەیەنێتە سەركەوتن.

په‌یسه‌ر پرێس: (سرى ساكك) كاندیدى هاداپە لە مووش، پێتوایە ئەم كاندیدە بە پشتبەستن بە پرۆفیلە بەهێزەكەى بتوانێ بۆ یەكەمین جار هاداپ لە موش بگەینێتە سەركەوتن؟

ئۆزكریاز: لەسەر شارەوانى مووش راپرسیەكى تایبەتم نەكردووە. بەڵام مووش یەكلایى نەبۆتەوە، كێ دەتوانێت سەركەوتن بەدەست بێنێت.

په‌یسه‌ر پرێس: پێشبڕكێ لە شارى قاڕس، لە نێوان هەدەپە و رێككەوتنى كۆمار لە لوتكە دایە. كێ دەیباتەوە؟

ئۆزكریاز: بەگوێرەى بەدواداچوونەكانمان كاندیدى هەدەپە (ئایهان بیلگین) سەركەوتن بەدەست دێنێت و رێژەى ٣٠% دەنگەكان دەگرێت. جگە لە قارس، لە دێرسیمیش پێشبڕكێ لە لوتكە دایە، ناتوانین پێشبینى بكەین.