ڕاپۆرتی جیهانی

11:47 - 26/03/2019

له‌نێوان توركیا و ئه‌مریكا"مه‌ترسیدارترین كێشه‌"له‌ ته‌قینه‌وه‌دایه‌‌

پەیسەر

به‌رپرسێكی سه‌ربازی ئه‌مریكی رایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاته‌كه‌ی توركیا له‌سه‌ر كڕینی سیستمی ئێس 400ی روسی سزاده‌دات. چونكه‌ ناكرێت له‌ یه‌ك كاتدا ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌وه‌ى سیسته‌مه‌ بكڕێت و فڕۆكه‌ى شه‌ڕكه‌ری ئێف 35ی ئه‌مریكیشى راده‌ستبكرێت، به‌رپرسێكى باڵاى توركیاش ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ مه‌ترسیدارترین كێشه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات.

جه‌نه‌راڵ جوزێف دانفۆرد، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكا رایگه‌یاند، هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانانی ئه‌مریكا ناتوانن بوونی سیستمی به‌رگری ئاسمانی ئێس 400ی روسی و فرۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئێف 35ی ئه‌مریكی له‌یه‌ك كاتدا له‌توركیا قبوڵ بكه‌ن.

توركیا  داوای كڕینی  نه‌وه‌ی پێنجه‌می فرۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئێف 35ی ئه‌مریكی كردووه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا له‌مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 2017 وه‌ داوای كڕینی سیستمی به‌رگری ئێس 400ی روسی كردووه‌ و راده‌ستكردنی سیستمه‌كه‌ش زۆری نه‌ماوه‌ و بڕیاره‌ مانگی ته‌موزى ئه‌مساڵ سیسته‌مه‌كه‌ی راده‌ست بكرێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هۆشداری به‌رپرسانی واشنتۆن بۆ ئه‌نكه‌ره‌ زیاد بێت.

له‌ وه‌ڵامێكی كورتدا جه‌نه‌راڵ دانفۆرد، سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ له‌بۆنه‌یه‌كی هاوپه‌یمانێتی باكوری ئه‌تڵه‌سی رایگه‌یاند، هه‌ڵوێستی حكومه‌تی ئه‌مریكا بۆ توركیا روونده‌كرێته‌وه‌ و تائێستاش هیواخوازن ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ بدۆزنه‌وه‌.

هاوكات كاتی ویلبارگر، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی له‌چاوپێكه‌وتنێكی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ئه‌و هۆكارانه‌ی روونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ واشنتۆن دژی كڕینی سیستمی به‌رگری ئێس 400ی روسیه‌، و رایگه‌یاندووه‌، سیستمی ئێس 400 كۆمپیته‌رییه‌ و فرۆكه‌ی ئێف 35ی ئه‌مریكیش به‌هه‌مان شێوه‌ كۆمپیته‌ریه‌، ناشكرێت ئامێری كۆمپیته‌ره‌كه‌ی خۆت به‌ ئامێری كۆمپیته‌ری نه‌یاره‌كه‌ته‌وه‌ ببه‌ستیه‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكی بڕیاریانداوه‌ كه‌ به‌م نزیكانه‌ ئاماده‌كاریه‌كانیان بوه‌ستێنن سه‌باره‌ت به‌ راده‌ستكردنی فرۆكه‌ی ئێف 35 به‌ توركیا، ئه‌وه‌ش به‌هێزترین ئاماژه‌ی نیگه‌رانی ئه‌مریكایه‌ له‌ توركیا به‌هۆی كڕینی سیستمی به‌رگری روسییه‌وه‌.

دانفۆرد جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ توركیا وه‌ك هاوپه‌یمانێكی گرنگ په‌ره‌به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان بدات له‌به‌رئه‌وه‌ی بواره‌كانی نزیك بوونه‌وه‌ زیاترن له‌خاڵه‌ ناكۆكه‌كان، هه‌روه‌ها توركیا له‌ساڵی 1952 وه‌ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتی باكوری ئه‌تڵه‌سی له‌وكاته‌وه‌ی بڕیاری ناردنی هێزی بۆ كۆریا دا بۆ ئه‌وه‌ی شان به‌شانی ناتۆ شه‌ڕ بكات.

دانفۆرد له‌وكاته‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی له‌سوپای ئه‌مریكا وه‌رگرتووه‌، 12 جار سه‌ردانی توركیای كردووه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ردانی هه‌ر وڵاتێكی تر زیاتره‌، ئه‌و ژه‌نه‌راڵه‌ی سوپای ئه‌مریكا گوتیشی، ئێس 400 پرسێكی ئاڵۆزه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر ئاشكرا بكات.

توركیا و روسیا رێككه‌وتنێكی ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ به‌هاكه‌ی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاره‌، بۆ كڕینی سیستمی موشه‌كی روسی، به‌ڵام شاره‌زایانی ئابوری ده‌ڵێن به‌های ئه‌و رێككه‌وتنه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر سزاكانی ئه‌مریكاش له‌به‌رچاو بگیردرێن.

له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ها زۆره‌دا سه‌رۆكی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، جارێكی تر جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پاشه‌كشه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌ ناكه‌ن.  كۆنگرێسی ئه‌مریكا به‌كرده‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی كاتی خستۆته‌ سه‌ر راده‌ستكردنی فرۆكه‌ی ئێف 35ی ئه‌مریكی به‌ توركیا تا مانگی تشرینی دووه‌م، له‌كاتی راده‌ستكردنی سیستمی به‌رگری موشه‌كی روسیش چاوه‌ڕوانده‌كرێت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ته‌واوی لقه‌كانیه‌وه‌ سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنێت.

بوڵنت عه‌لی ره‌زا، به‌رێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی توركیا بۆ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی نێوه‌ده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر توركیا له‌وه‌رگرتنی فرۆكه‌ی ئێف 35 دووربخرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ "مه‌ترسیدارترین كێشه‌ی نێوان ئه‌و دووهاوپه‌یمانه‌یه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌دا".

برادلی بومان، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی هێزی سه‌ربازی و سیاسی له‌ دامه‌زراوه‌ی به‌رگری له‌دیموكراتیه‌ت و هاورێكه‌ی ئیكان ئه‌رده‌میر په‌رله‌مانتاری پێشووی توركیا، له‌نامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا بۆ رۆژنامه‌نوسان نوسیویانه‌"توركیا وه‌ك هاوپه‌یمان مامه‌ڵه‌ ناكات، شتێكی ئاساییه‌ ئه‌وه‌ له‌هاوپه‌یمان چاوه‌ڕوان بكرێت، كه‌ خۆی له‌كڕینی سیستمی به‌رگری ئاسمانی وڵاتێك به‌دووربگرێت كه‌ بۆته‌ مه‌ترسی بۆسه‌ر هاوپه‌یمانه‌كه‌ی".

ئه‌و دوو لێكۆڵه‌ره‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ پێده‌چێت كڕینی كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی روسی له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ ببێته‌ هۆی سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیادا و كۆتایی هێنان به‌ هاوكاری ئه‌مریكا و توركیا له‌بواری سه‌ربازی.