09:49 - 24/03/2019
داعش چی كرد و چۆن لهناوچوو؟ ئایا سهرههڵدهداتهوه؟
دوای پێنج ساڵ له كوشت و بڕ و داگیركردنی یهك لهسهر سێی خاكی سوریا و عێراق و دروستكردنی خهلافهتێك كه پێگهی جوگرافیهكهی هێندهی وڵاتی بهریتانیا دهبوو، هێزهكانی ههسهده كۆتایی ئهو گروپه تیرۆریستییهیان راگهیاند، داعش له ماوهی حكومیدا نزیكهی 10 ملیۆن هاوڵاتی لهژێر دهستیدا بوو ههروهها بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٤٠ هەزار چەکدار لە وڵاتانی بیانییەوە کۆچیان کردبوو بۆ ئەو ناوچەیەی کە بە خەلافەتەکەی داعش ناودەبرا.
ههوێنی دروستبوونی داعش چی بوو؟ چۆن سهری ههڵدا؟
٢٠٠٤
لەدوای داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣دا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە، ئەبو موسعەب زەرقاوی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەی لە عێراق دامەزراند. ئەلقاعیدەی عێراق لەناوچە زۆرینە شیعەنشینەکاندا هێرشی تیرۆریستی ئەنجامدەدا بەهیوای ئەوەی کە پێکدادانی نەژادی لەعێراقدا هەڵگیرسێنێت.
ساڵێک بەرلە دروستکردنی ئەو ڕێکخراوە، زەرقاوی لەگەڵ هەزاران چەکدار و خۆبەخشی توندڕەودا هات بۆ عێراق، بەمەبەستی ئەوەی لەدژی ئەمریکی و بەریتانییەکان و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئەو دوو وڵاتە بجەنگێت.
ئەو ئوردونیە بووە کەسێکی زۆر ناسراو لەسەر ئاستی جیهان لەدوای ئەوەی کۆڵن پاوڵ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، لە وتارێکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ ناوی زەرقاوی هێنا.
حوزەیران- تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦
لە ٧ی حوزەیراندا زەرقاوی لە هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکادا کوژرا، و ئەبو ئەیوب ئەلمەصری جێگەی گرتەوە. مەصری ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراقی دروستکرد، و ئەبو عومەر ئەلبەغدادی وەکو سەرکردەی نوێی ئەو ڕێکخراوە دەستنیشانکرد.
نیسانی ٢٠١٠
ئەبو عومەر ئەلبەغدادی و مەصری لەهێرشێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و عێراقدا کوژران و ئەبوبەکر ئەلبەغدادی بوویە سەرۆکی نوێی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق.
نیسانی ٢٠١٣
بەغدادی ڕایگەیاند گروپەکەی گۆڕیوە بۆ دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام(داعش)، ئەوەش لەدوای ئەوە هات کە جەبهەتولنوسرەی لەخۆگرت، کە بە بەرەی نوسرە ناسراوە و سەربە قاعیدە بوون.
کانوونی یەکەمی ٢٠١٤
داعش کۆنترۆڵی رەقەی سوریای کرد و وەکو پایتەختی دەوڵەتەکەی ڕایگەیاند.
شوباتی ٢٠١٤
ئەلقاعیدە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ داعش پچڕاند لەدوای ئەوەی پێکدادانی ناوخۆیی لەنێوان بەرەی نوسرە و داعش ڕوویدا.
حوزەیرانی ٢٠١٤
لەیەکێک لە هێرشە گەورەکانی داعشدا، ئەو ڕێکخراوە کۆنترۆڵی موسڵ و تکریتی کرد.
هێزەکانی عێراق دواتر توانیان کە تکریت کۆنترۆڵ بکەنەوە بەڵام هەر لەوکاتەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقی بەهۆی ئەو هێرشانەوە بێماڵ و حاڵ و ئاوارە بوون. داعش بەردەوام بوو لە هێرشەکانی و سنووری دێر ئەلزوری کۆنترۆڵکرد کە دەکەوێتە سنووری عێراق – سوریا. لەدوای ئەوەی عێراق کۆنترۆڵی موسڵی لەدەستدا، عێراق داوای لە ئەمریکا کرد هاوکاریان بکات بۆ هێرشکردنەسەر ئەو گروپە چەکداریە.
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤
بەغدادی دامەزراندنی خەلافەتەکەی ڕایگەیاند لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ، و ڕێکخراوەکەی ناونا بە "دەوڵەتی ئیسلامیی".
ئابی ٢٠١٤
داعش کۆنترۆڵی شنگال و زوماری عێراقی کرد و هەزاران ئێزدی کۆمەڵکوژ و ئاوارە کرد. بڕوا وایە کە نزیکەی پێنج هەزار پیاوی ئێزدی کوژراون و نزیکەی حەوت هەزار ئافرەتی ئێزدی وەکو کۆیلەی سێکسی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە. لەدواتردا نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی بۆسەر ئێزدییەکان وەکو جینۆساید ناساند. سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا باراک ئۆباما لەوماوەیەدا دەستپێکی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق ڕاگەیاند.
داعش دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک تۆماری ڤیدیۆیی کوشتنی بیانییەکان بەشێوەی مەترسیدار، لەوانەش ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی جەیمس فۆلی و دەیڤد هاینس کە چالاکێکی ڕێکخراوەیی بوو.
ئەیلولی ٢٠١٤
ئەمریکا دەستیکرد بە هێرسی ئاسمانی لە سوریا. لەماوەی یەک ساڵدا هەشت هەزار هێرشی ئاسمانی لە عێراق و سوریا ئەنجامدا.
تشرینی یەکەمی ٢٠١٤
پنتاگۆن کەمپینی دژ بە داعش و هاوشێوەکانی ناوزەدکرد بە ئۆپەراسیۆنی چارەسەری ڕیشەیی.
کانوونی یەکەمی ٢٠١٥
تۆڕی داعش فراوان بوو و بەوتەی خۆیان ڕایانگەیاند کە لە زیاتر لە ٨ وڵاتی دیکە هاوسۆز و لقیان هەیە. بەپشتیوانیی هێزەکانی ئەمریکا چەکدارانی هەسەدە توانیان لەدوای چوار مانگ لە بەرخودان، داعش لە کۆبانی دەربکەن.
شوباتی ٢٠١٥
داعش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە فڕۆکەوانی ئوردنی موعاز ئەلکەساسبەی نیشاندەدا کە بەزیندوویی سوتێندرا، و بوویەمایەی توڕەیی و ڕقێکی زۆر لە ئوردن و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە و لەئاستی نێودەوڵەتیدا دەنگدانەوەی هەبوو.
ئازاری ٢٠١٥
گروپی چەکداری پەیوەست بە داعشەوە لە دوو مزگەوتی سەنعای یەمەن تەقینەوەیان ئەنجامدا کە بەهۆیەوە ١٣٧ کەس کوژران.
نیسانی ٢٠١٥
داعش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەرکەوتبوو لقی لیبیای ڕێکخراوەکە دەیان کریستیانی ئیسیۆپی سەردەبڕن.
ئایاری ٢٠١٥
داعش کۆنترۆڵی رومادی لە عێراق و پالمیرای سوریا دەکات. هەروەها لقی ڕێکخراوەکە لە لیبیا سرت کۆنترۆڵ دەکەن.
حوزەیرانی ٢٠١٥
داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕادەگەیەنێت لە هێرشێک بۆسەر ناوچەی گەشتیاری سۆسێ لە تونس، کە ٣٨ گەشتیار کوژران، کە ٣٠ لەوان بەڕیتانی بوون.
ئەیلولی ٢٠١٥
ڕووسیا دەستیکرد بە هێرشی ئاسمانی لە سوریا، بەپێی ڕاگەیاندنی خۆیان بۆ تێکشکاندنی داعش بوو. بەڵام ئەمریکا ڕووسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و هاوڵاتییانی مەدەنی بەئامانج دەگرێت.
تشرینی دووەمی ٢٠١٥
داعش ژمارەیەک هێرشی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٣٠ کەس کوژران. فەڕەنسا هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی لە سوریا دژ بە داعش فراوانتر کرد. هێزەکانی پێشمەرگە لە عێراق توانیان کۆنترۆڵی شنگال بکەنەوە.
ئەیلولی ٢٠١٥
هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی رومادیان کردەوە.
حوزەیرانی ٢٠١٦
هێزەکانی عێراق بەپشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، توانیان کۆنترۆڵی فەلوجە بکەنەوە کە ناوچەیەکی ستراتیژی بوو بۆ تێکشکاندنی داعش و ئۆپەراسیۆنەکە نزیکەی مانگێکی خایاند. ئەو شارە لە ٢٠١٤ـەوە لەژێر دەستی داعشدا بوو.
تەموزی ٢٠١٦
داعش تەقینەوەیەکی لە یەکێک لە شەقامە گرنگەکانی ناوبازاڕی بەغدا ئەنجامدا کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژران.
ئەو هێرشەی داعش کە لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا ئەنجامدرا، یەکێک بوو لە گەورەترین هێرشەکانی ئەو گروپە دژ بە هاوڵاتییانی مەدەنی.
ئابی ٢٠١٦
هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و هەسەدە بەپشتیوانی ئەمریکا لە سوریا توانیان کۆنترۆڵی مەنبج بکەنەوە.
تشرینی یەکەمی ٢٠١٦
عێراق و ئەمریکا بەسەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەک ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵیان دەستپێکرد.
کانوونی یەکەمی ٢٠١٦
هێزەکانی لیبیا بەپشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا شاری سرتیان کۆنترۆڵکرد.
کانوونی یەکەمی ٢٠١٦
داعش توانی کۆنترۆڵی پالمیرا بکاتەوە، سەرەڕای بۆمبارانێکی چڕ لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیاوە.
سەرەڕای ئەوەی داعش لە عێراق و سوریا خاکی لەدەستدا، کەچی زیاتر لە ١٤٠٠ هێرشی لە ٢٠١٦دا ئەنجامدا کە بەهۆیەوە ٧٠٠٠ کەس کوژران، واتە ڕێژەکە بەراورد بە ٢٠١5 لەسەدا ٢٠ زیادیکردبوو، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی زانکۆی ماریلاندەوە.
کانوونی دووەمی ٢٠١٧
داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لە هێرشێک بۆسەر یانەی شەوانەی ڕێینا لە ئیستانبوڵ، کە چەکدارێک تەقەی بەسەر ئەو کەسانەدا کرد کە ئاهەنگیان دەگێڕا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە و ٣٩ کەس کوژران.
هێزەکانی عێراق چوونە ناو موسڵەوە ئەوەش لەدوای ١٠٠ ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی.
شوباتی ٢٠١٧
هێرشێکی خۆکوژی لە نزرگەیەکی سۆفیەکان لە باشووری پاکستان ڕوویدا کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٧٠ کەس کوژران، کە ٣٠ کەسیان منداڵ بوون، و دەیانی دیکەش بریندار بوو. داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لەو هێرشە.
هێزەکانی عێراق موسڵیان بەتەواوی کۆنترۆڵکرد. ئەوەش لەدوای ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بەفەرمی شکستی داعشی ڕاگەیاند لەدوای ئەوەی داعش مزگەوتی گەورەی نوری و منارەی حەدبای تەقاندەوە، کە هەر ئەو شوێنەبوو بەغدادی خەلافەتەکەی تێدا ڕاگەیاند.
ئایاری ٢٠١٧
داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە کۆنسێرتی ئاریانا گراندێ لە مانچستەر ئارێنا، کە بەهۆیەوە ٢٢ کەس کوژران، کە منداڵیشیان تێدا بوو، و ٥٩ی دیکە بریندار بوون.
ئەیلولی ٢٠١٧
بۆمبێک لە شەمەندەفەرێکدا تەقیەوە لە وێستگەی پارسۆنس گرین لە لەندەن. داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند بەڵام دواتر سەرچاوەکانی بەریتانیا و ئەمریکا ڕەتیانکردەوە کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان داعش و ئەو هێرشەدا هەبووبێت.
تشرینی یەکەمی ٢٠١٧
هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە توانیان کۆنترۆڵی ڕەقە بکەن، کە پایتەختی پێشووی داعش بوو، ئەمەش لەدوای چوار مانگ لە کەمپینی سەربازی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند: شکستی داعش لە رەقە قۆناغێکی زۆر گرنگ بوو لە کەمپەینی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش و ئایدۆلۆژیا شەڕانگێزەکەیان.
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە زیاتر لە ٦٠ هەزار چەکداری داعش کوژراون.
کانوونی یەکەمی ٢٠١٧
عەبادی ڕایگەیاند داعش لە عێراق تێکشکێندراوە.
هاوپەیمانان ڕایانگەیاند کە کەمتر لە هەزار چەکدارێکی داعش لە عێراق و سوریا بوونیان ماوە، لەکاتێکدا سێ هەفتەیەک بەرلەو ڕایگەیاندنەی هاوپەیمانان هەرخۆیان ئاماژەیان بەوەدا بوو کە زیاتر لە سێ هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سوریا ماون. لەوکاتەدا داعش لەسەدا ٩٥ی خاکی خۆی لەدەستدابوو.
تەموزی ٢٠١٨
زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی و هێرشی دیکەوە لە سوێیدا لە سوریا کوژران. داعش بەرپرسیارێتی خۆی ڕاگەیاند.
ئابی ٢٠١٨
داعش تۆمارێکی دەنگی ٥٥ خولەکی بڵاوکردەوە کە بەوتەی ئەوان دەنگی بەغدادیە. لەو تۆمارەدا بەغدادی دانی بەوەداناوە کە چەکدارانی داعش شکستیان هێناوە و داوای لە شوێنکەوتووانی کرد بەردەوام بن لە جەنگ.
کانوونی یەکەمی ٢٠١٨
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، ترەمپ ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکشێنەوە و شکستی داعشی ڕاگەیاند.
شوباتی ٢٠١٩
هەسەدە "دواهەمین شەڕی" دژ بە داعش ڕاگەیاند.
ئازاری ٢٠١٩
حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند تەنها یەک هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی بەڕیتانیاوە زیانی پێگەیشتووە، لەکاتێکدا بەهۆی ئەو هێرشانەوە ٤ هەزار چەکداری دوژمن لە عێراق و سوریا کوژراون.
دۆناڵد ترەمپ ڕێوشوێنێکی ئەمنی ڕەتکردەوە کە لەسەردەمی ئۆبامادا بڕیاری لێدرابوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئاماری ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەکوژرێن.
لە سێیەم ڕۆژی نەورۆزدا هەسەدە سەرکەوتن و کۆتایی هاتنی داعشی ڕاگەیاند.
ئایا داعش سەرهەڵدەداتەوە؟
سەرەڕای ئەوەی داعش لەسەر ئەرزی واقع کۆتایی هاتووە بەڵام توێژەران لەوبڕوایەدان کە ئەو ئایدۆلۆژیایە هەر بوونی دەمێنێت.
کۆلەمب ستراک، توێژەری باڵا لە ناوەندی ئای ئێچ ئێس مارکیت، دەڵێت: داعش ناوچەیەکی ئارامی لە ناوچە سوننە نشینەکانی عێراق دروستکردووە کە بەزەحمەت هێزە ئەمنییەکان دەستیان پێدەگات، ئەوەش لەڕێگەی تۆڕی پەیوەندی لەناوچە سوننە نشینەکان و ئەوانەی کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەدا هەیە.
هەمان بارودۆخ بۆ سوریا پێشبینی دەکرێت بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکشێنێتەوە.
توێژەران، لەوانەش بێسمە مۆمانی، پڕۆفیسۆر لەزانکۆی واتەرلوو، لەوبڕوایەدان کە گەڕانەوەی چەکدارانی داعش بۆ وڵاتانی خۆیان بەشێوەیەکی کاریگەر ڕێگردەبێت لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە.
وتەبێژێک لە هێزە کوردییەکان لە سوریا بە ئەلجەزیرەی ڕاگەیاندووە، سەدان لەو چەکدارانەی کە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو لە باغۆز خۆیان تەسلیم بە هەسەدە کردووە چەکدارانی بیانین.
بەڵام زۆرێک لە وڵاتان ئامادەییان نیە کە ئەو چەکدارانە لەخۆیان بگرنەوە.
مانگی ڕابردوو ترەمپ داوای لە ئەوروپا کرد کە ئەو ٨٠٠ چەکدارەی داعش لەخۆیان بگرن کە لەسوریا دەستبەسەرکراون و دادگایان بکەن، بەڵام فەڕەنسا و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئەو داوایەیان ڕەتکردەوە.
سەرچاوەکان:
سەرچاوەکان: ئیندپێندنت و ئەلجەزیرە ئینگلیزی