لێکۆڵینەوە

06:05 - 19/03/2019

وەڵامێک بۆ دیاکۆنۆڤی ڕووسی، ع. زەبیحی و د. جەعفەر شێخولئیسلامی‌

پەیسەر

بەشی یەکەم
نووسینی: هادی محەمەدی

"هەندێ جار ئێمەی دەروونناس وەکوو ئەسپ لە سێبەری خۆمان دەسڵەمینەوە، دەروونناس بۆ ئەوەی دوور ببینێ، دەبێ خۆی نەبینێ."
فریدریش نیچە/  چ قسەیەکت کرد بلیمەت!
بۆ کاری تۆژینەوەی ئێتمۆلۆژیک، یانی دەرخستنی ڕەگ و ڕیشەی وشەکان، یان تۆژینەوەی مێژوویی و زمانناسی مێژوویی، ئەگەر کوردی سۆرانی بکەیت بە بنەما، خەدەنگی تۆ سێ سەد ساڵ دەڕوا. ئەگەر کورمانجی بکەی بە بنەما، ڕەنگە دەسەڵاتت واوەتر لە پانسەد ساڵ بڕ نەکا. ئەگەر کوردی گۆرانی بکەیت بە بنەما، لە هەزار ساڵ واوەتر دەچی. ئەگەر پشت بە گۆرانی سەردەمانی ساسانی و ئەشکانی ببەستی، خەدەنگت تا دوو هەزار ساڵ دەڕوا. ئەگەر کەم تا زۆر زمانی مادی ئەڤێستایی بزانی، لە ٢٥٠٠ واوەتر دەچی. بەڵام کاتێ دەگەیت بە زمانی هوری ئەوجار بە دەڤەرێک دەگەیت کە ئیتر مێژوو بڕ ناکا...

یانی بەپێی وتەکەی نیچە، تۆ دەبێ لە سۆرانی زۆر واوەتر بچی، خۆتی سۆرانی ئاخێڤ نەبینی، تا بتوانی دوور ببینی و ڕەگ و ڕیشە بناسی و مەبەست بپێکی.

١) زمانی مادی

نەتەوەی کورد بەگشتی خۆی بە نەوەی مادەکان دەزانێت، لەم دواییانەش دا، لە کۆتایی ساڵی 2018 دا لە ئاڵمانیا دوو کتێب لەمەڕ پرسی کورد بە ئەڵمانی چاپ کراون کە هەر دوویان لەباری مێژووییەوە کوردەکان بە نەوەی مادەکان دەزانن. بەڵام کورد بەگشتی  ڕەنگە نازانن کە مادەکان کێ بوون و لە مێژوودا چییان کردووە؟ ڕەنگە باش نازانن کە مادەکان خاوەن کلتور و زمان و خەت بووگن. خاوەن سامانی سیاسی کۆمەڵایەتی و ئەرتەشی یەکگرتوو و جۆرێک لە فیدراسیۆن و پاشان ئەمپراتۆری بووگن. لەم بابەتەوە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و لابیانی لایەنگری رۆژاواییشان، چ بە ئەنقەست و، چ بەهۆی نەزانی، زمان و کولتوری مادییان نەناسیوە. بۆ وێنە تا ئێستاش هەر دەڵێن: یەک دێڕ نووسین بە زمانی مادی نەدۆزراوەتەوە! بە جۆرێک کە نووسەران و زمانناسانی کوردیش، کەسانێکی وەک عەبدولڕەحمان زەبیحی و دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی باوەڕیان بەم وتەیە کردووە.
دیسکۆرسی زاڵی داگیرکەریش بە ئەنقەست لەمەڕ زمانی مادی ئەڤێستایی هەر " زمانی ئەڤێستایی" بەکار دێنێ، قەت "زمانی مادی" بەکار ناهێنێ. بەڵام خۆ ئەڤێستا نەتەوە نییە تا خاوەن زمان بێت! هیچ زمانێکیش لە ئاسمانەوە بەدی نایەت، یان لە قاقڕ ناڕسکێت. بەڵکوو زمان لە جەرگەی پێوەندی کولتوری کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکەوە پێکدێ و گەشە دەکا. کەوابوو کتێبی ئەڤێستا دەبێ لە جەرگەی کولتوورێکەوە سەری هەڵدابێ و بە زمانی نەتەوەیەک نووسرابێ: کولتووری توروس-زاگرۆس، دەوڵەتی ماد. 
لێرەدا سەرەتا دیدگای پورداود و چەند کەس لە رۆژهەڵاتناسان لەم بابەتەوە دێنمەوە و پاشان دێمە سەر تۆژینەوە و بەراورد کردنی هەندێ لە وشە و دەربڕینی دەقی ئەڤێستا و گەشە و گوورانی لە زاراوەکانی کوردی لە ئێستادا.
پورداود وەک زاناترین و تواناترین ئەڤێستاناسی ئێرانی ئەگەرچی زۆر هەوڵ دەدات کە قەت باسی زمانی مادی نەکات، بەڵام لە یەشتەکان دا ڕاشکاوانە دبێژێ: ئەنجومەنی موغانی زەردەشتی، یانی هێنەران و خوێنەرانی ئەڤێستا، دەبوا لە ماڵباتی مادەکان بووبان... هەروەها ئەم ئەنجومەنە لە سەردەمی خودی زەردەشتا بریتی بوون لە زەردەشت، میدیو مانگە، فەڕئەشا، جاماسپ و کەی ڤەشتاسپ کە هەموویان لە هۆزی مادەکان بوون. [یەشتها، پورداود]
جەیمز دارمستەتەر، رۆژهەڵاتناسی ئاڵمانی ـ فەرانسی دبێژێ: "کتێبی ئەڤێستا لە سەردەمی مادەکان و بە زمانی مادی نووسراوە. هەروەها زمانی کوردی پاشماوەی زمانی مادی یە. [دارمستەتەر، زەند ئەڤێستا]
پرۆفسۆر مەکنزی لەمەڕ زمانی مادی دەڵێ: "هەر لە یەکەم سەرنج دا مرۆڤ هەست بەوە دەکات کە زمانی مادی و زمانی کوردی هەر یەک زمانن. ماد، یانی هەر هەمان مەزنترین نەتەوەی ناوچەکە کە تا ئێستا بەناوی کوردەوە درێژەی بە ژیان داوە." [سەرچاوە لە پەراوێز دایە.] 
هێرتس فێلدی ئاڵمانی دبێژێ: زەردەشت لە ڕۆژاوای ئێران و لە دەڤەری "ئێران وێژ"، لە ماڵباتی سپیتمای مادی لە دایک بووە. [Zarathustra and his World] 
هەر لەم بابەتەوە ئێنکتیل دوپێرۆن، رۆژهەڵاتناسی فەرانسی، دبێژێ:
"بیست شوێنی جیاوازی جیهان شانازی بەوەوە دەکەن، کە شوێنی لەدایک بوونی زەردەشتن. ئەگەر ئێستا زەردەشت بگەڕێتەوە و ئەو هەموو وێنە جیاوازانە کە لە وی کێشاویانە ببینێ، لەناویانا خۆی ناناسێتەوە. ئەو شەش سەدە بەر لە زاین ژیاوە. بێگومان سەری سوڕ دەمێنێ ئەگەر ببینێ کە بردوویانەتەوە بۆ سەردەمی پێش شەڕی ترۆیا. هەر وەها ناوی خۆی وەک رازێنەرەوەی زەمەنی جاویدان و پێشەنگی پرشنگداران دەبیستێ. بەڵام ئەو کە لە نەوەی پادشایانی مادە، ئەگەر بزانێ کە بۆ فەلەستین و، بۆ خزمەتی کۆیلەکانی باپیرانی دووریان خستۆتەوە، ئاخۆ چ دبێژێ؟ ئاوایە کە مێژوو دەشێوێندرێ و چەواشە دەکرێ." {زەند ئەڤێستا} 
کریستیان بارتلۆمە، فەرهەنگنووسی ئاڵمانی و وەرگێڕی گاتاکانی زەردەشت، لە فەرهەنگەکەی دا لەمەڕ زەردەشت دبێژێ: بەپێی هەموو نیشانەکانی ئەڤێستا، زێدی زەردەشت دەکەوێتە ڕۆژاوای ئێران، یانی وەڵاتی میدیا. [Alter iranischer wörterbuch, C. Brtholome].
ڤلادیمیر دیاکۆنۆڤ، ڕۆژهەڵاتناسی رووسی کتێبێکی هەیە بە ناوی مێژووی ماد. دیاکۆنۆڤ لەم کتاوەدا باسی زمانی مادی و زمانی ئەڤێستا دەکات، به‌ڵام دیدگای دیاکۆنۆڤ له‌م بابه‌ته‌وه‌ هێندە سەیر و پڕ له‌ ناكۆكی یە کە دەبێ ئاوڕێکی لێ بدەینەوە.‌ رۆژهەڵاتناسی رووسی دبێژێ: 
"زمانی ئەڤیستایی، گرنگترین زمانی سەردەمی مادی دێرین بووە، زمانێکی ئێجگار بەهێز کە لە گرووپی زمانەیل هند و ئورووپی دا جێ دەگرێت، ناکرێ ئەم زمانە لەگەڵ زمانی پارسی بە یەک زمان بزانین... هەروەها زمانی مادی و زمانی ئەڤێستا دوو زمانی تەواو جیاوازن، لە زمانی مادی تەنیا چەند وشەیەک لە دەقەکانی یۆنانی و لە بەردنووسی ئاشوریان دا ماوەتەوە." [تاریخ ماد، دیاکونوف]
وەک دەبینین دیدگا و بۆچوونی دیاکۆنۆڤ پێویستی بە راستکردنەوەی لە چەشنی کوپرنیکی هەیە. لەمەڕ ئەم چەند دێڕە سەرەتا پێویستە دوو خاڵ بەشێوەی بنەڕەتی راست بکەینەوە.
یەکەم، بەپێچەوانەی دیدگای دیاکۆنۆڤ، ئەو زمانەی کە ئەڤێستای پێ نووسراوە، زمانی مادی بووە. وەک پێشتر وتم، زمانێک بە ناوی زمانی ئەڤێستایی ناتوانێ لە ئاسمانەوە ببارێ. لەم نێوەدا ئەڤێستا وەک کتێبی دینی زەردەشتیان سەرەتا لە دەوڵەتی ماددا و پاشان لە دەوڵەتی پارس دا، ئەڵبەت لە سەردەمی داریوش بەملاوە، دەبێ بە دینی ڕەسمی وەڵات. کەوایە ئەڤێستا یان بە پارسی یە، یان بە مادی. چون لەو سەردەمەدا زمان دیسکۆرسێکی بەهێزتر شک نابەین. بەر لە مادەکان دینی هەموو هۆزەکانی ئاری جۆرێک دینی سروشتی میترا پەرست بووە. هۆی چی بوو کە مادەکان دینی متافیزیکی زەردەشتیان داهێنا؟ دەبێ بڵێم بەهۆی ئەوەی کە مادەکان چەند سەد ساڵێک دەسەڵاتداری بابل بوون، لەوێ لەگەل سیستمی دینی متافیزیکی ئاشنا دەبن و پاشان زەردەشتیزم دەخولقێنن. چون لە دەڤەری زاگرۆس دا بۆ یەکەم جار مادەکان بوون کە پاش سەردەمی فدراسیۆن، سیستمی ئەمپراتۆریان پێکهێنا. وە دەسەڵاتی مەزنی ئەمپراتۆری بۆ ڕەوایی بەخشین بە خۆی پێویستی بە پاڵپشتی دینێکی متافیزیکی هەیە. وەها پێویستییەکی مێژوویی بوو کە موغانی مادی دینی زەردەشتیان داهێنا.
دووهەم، زمانی مادی {یان بە ڕای دیاکۆنۆڤ، ئەڤێستایی} نابێ بەشێوەی لاوەکی لە گرووپی زمانەیل هند و ئورووپی دا بگونجێنین، بەڵکوو دەبێ ئەم زمانە وەک درێژەی زمانی هوری/ئاری بزانین. زمانی هوری دایک و سەرچاوەی گرووپی زمانانی ئاری بووە.
دیاکۆنۆڤ سێ وشەی گرنگی مینەوی زمانی مادی بەپێی رێنووسی ئاشووریان بە نموونە دێنێتەوە: ئەرتا بەمانای راستی، شەتەر/کیشتەر بەمانای شا و دەسەڵات. پەرنە/بەرنە بەمانای فەڕ و شکۆی شاهانە." {تاریخ ماد، ٤٥٨}
لێرەدا پێویستە هەڵەکانی دیاکۆنۆڤ بەمجۆرە ڕوون بکەینەوە: 
یەکەم وشەی ئەرتا بەمانای راستی کە دیاکۆنۆڤ لە خشتنووسی ئاشووریان دەیهێنێتەوە، لەگەڵ سێ وشەی "ئریش" و "ئەشا" و "ئەرژە/ ئەرزە"ی ئەڤێستایی هەر یەکێکن، ئەم وشانە دواتر لە کوردی نوێ دا دەبن بە ڕاست، ڕاستی، رازاوە.
دووهەم، ئەڵبەت دیاکۆنۆڤ بۆ خۆی ئاماژە بەوە دەکات کە وشەی "شەتەر"ی مادی هەر هەمان "خشەتەر"ی ئەڤێستایی یە. بەڵام رەنگە نەزانێ کە وشەی "خشەڎرا" لە ئەڤێستادا لەپاش ئەشا و ڤەهومەنا، وەک سێهەمین فریشتە و گزنگی پیرۆزی ئەهورایی دێت و لە گاتاکان دا دەیان جار دووپات بۆتەوە. 
سێهەم، دیاکۆنۆڤ دەڵێ وشەی پەرنە/بەڕنە هەر هەمان وشەی "فەڕنە"ی مادییە کە لە ئەڤێستادا بەشێوەی "خڤەرنە/xvarna" هاتووە." دیسان پرسیار ئەمەیە: ئاخۆ دیاکۆنۆڤ نازانێ کە ئاخافتن و نەخشاندنی ئاشووری وشەکان جیاوازە لە ئاخاڤتن و نووسینی مادی؟ 
دیاکۆنۆف دەڵێ: دوو وشەی مادی "سپەک" بە مانای سەگ، کە هێرۆدۆت هێناویە و، "تیگرێس" بەمانای تیژ، کە سترابۆن هێناویە، هەر دوو لە دەقی ئەڤێستاش دا بە هەمان مانا هاتوون.
دیاکۆنۆڤ دبێژێ: وشەی مادی "بەگا" بەمانای خودا و، وشەی ئەڤێستایی "یەزەتا" بە مانای خودا لێک جیاوازن و لە ئەڤێستادا وشەی بەگا نەهاتووە. {تاریخ ماد، ص ٩١} بەڵام بۆ ئاگاداری دیاکۆنۆڤ وشەی مادی بەگا بەمانای خودا لە ئەڤێستا زۆر جار هاتووە، بۆ وێنە لە یەسنای ٣٢، لە بەندی ٨ دا. ئەڵبەت زۆر شایانی سەرنجە کە وشەی مادی بەگا هەم لە لقی زمانی سلاڤی ئوروپای ڕۆژهەڵات دا، یانی زمانەکانی بۆسنی، بولغار، سێرب، پۆڵۆنی ڕوس و هتد، هەم لە زمانی سانسکریتی هندی دا، ناوی خودا پێکدێنێ. خوێنەری زانا لێرەدا هەست بەو ڕاستییە دەکا کە تا دیسکۆرسێکی بەهێزی زمانی کولتووری نەبووبێ، وەها دیاردەیەک ڕوو نادا. [بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە بۆ ئێتمۆلۆژی بەگا]  
سەرەڕای ئەمەش، دیاکۆنۆڤ لە کۆتایی کتێبەکەی دا، بێ خەبەر لەوە کە وەها شتێکی وتووە، دەڵێ وشەی بەگا لە ئەڤێستادا بەمانای خودا هاتووە و ئاماژە بە میترا و ئەهورا مەزدا دەکا
. {تاریخ ماد ٥٦٥} 
لە زمانی مادی ئەڤێستایی دا هەندێ شت هەن چەندین ناویان هەیە. وەکوو بەگا، دەڎا، ئەهورا، مەزدا، یەزاتە کە هەموویان ناوی خودان؛ یان زەم، بوومی، گەیۆ و ژیۆ کە هەموو بە مانای زەوی دێن.
  
دیاکۆنۆڤ رەنگە نەزانێ کە لە زمانی ئەڤێستایی دا لە درێژەی گەشە و گۆڕانی وشەکان دا، هەندێ لە پیتەکان جێ گۆڕکێ دەکەن. بۆ نموونە "خڤەرنە"ی ئەڤێستایی کۆن لە ئەڤێستایی نوێ دا دەبێ بە هڤەرە، لە پەهلەوی دا دەبێ بە هور، لە هەورامی دا دەبێ بە وەر، لە کوردی سۆرانی و فارسی دا دەبێ بە خۆر. یان وشەی ڤاران، لە پەهلەوی و گۆرانی دا دەبێ بە واران، لە سۆرانی و فارسی دا دەبێ بە باران. 
من لەم نووسینەدا دەمەوێ چ بڵێم. لە ڕاستیدا من بەو ئاکامە گەیشتووم کە هەم زمانی ئەڤێستا و هەم زمانی بەردنووسەکانی ئێران زمانی مادی بووە. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەم پرسە دیاکۆنۆڤی روسیشی تووشی گومان کردووە:
لە کتێبی مێژووی ماددا دەنووسێ: مادەکان لە سەدەی حەوتی پێش زایین دا خاوەن خەت و نووسین بوون، خەتەکەش هەر ئەوەیە کە ئەمڕۆ بە پارسی باستان ( کەونارا) دەیناسین، بەڵام لە راستیدا رەگ و ریشەی مادی یە. {تاریخ ماد، ٤٥١} دیاکۆنۆڤ لە درێژەدا دەڵێ: "بەگشتی ئەم بیرە بە مێشک دا دێت کە دەبێ زمانی ئەدەبی بەردنووسەکانی هەخامەنشی، لەژێر کاریگەری بەهێزی زمانی مادی دا نووسرابێت. ئاشکرایە کە تەنیا بەهۆی زۆر وشەی هاوبەش لە هەر دوو زمان دا دەکرا ئەم دیاردەیە روو بدات. بەجۆرێک کە لە ئەنجام دا زمانی ئەم بەردنووسانە لەباری وشەوە لە زمانی مادی نزیکترە تا زمانی ئاخافتنی پارسەکان[!] ئەوە کە بەشێکی تایبەت بۆ زمانی مادی تەرخان نەکراوە نیشان دەدات کە مادەکان لەو زمانە تێگەیشتوون! {تاریخ ماد، دیاکۆنوف، ص٤٥٤). جگە لەمەش زمانی پارسی لە درێژەی قۆناغەکانی پێش مێژووی گەشەی خۆی دا زۆر توخمی فراوانی لە زمانی مادی وەرگرتووە، بەتایبەت کاریگەری بەهێزی کولتووری زمانی مادی- یانی زمانی ئتنیسیتەیەک کە ئەوکات ئێجگار گەشەی کردبوو، لە زمانی پارسی کۆن دا هەست پێدەکرێت... {تاریخ ماد، ص٩٠}

پرسی ناو و وشە مادییەکان لە بەردنووسەکانی سەردەمی پارسەکان دا هێندە خەست و بەرچاوە کە سەری لە دیاکۆنوف شێواندووە. بەجۆرێک کە کاتێ باسی سەردەمی هەخامەنشی دەکا، تووشی شک و گومان دەبێ و دەڵێ:
 "بەپێی راڤە و شیکاری زمانناسانە دەرکەوتووە کە چەندین تێرم و وشەی سیاسی وەکوو "خشائێتی/شا"، "خشەترەڤان/ساتراپ" وشەی مادین. هەروەها وشەی "فەڕنە" یانی هێزێکی ئەفسوونی و فەڕ و شکۆی شاهانە، وە ناوی "میترا" و "ئەنی یاهە بەگاهە" ئەمانە هەموو وشەی مادین. هەروەها چەندین وشەی وەکوو "بەرزەمەن" بەمانای پیرۆز، "زاور" بەمانای هێز و زۆر، "کەسکە/کەسک" یانی بەردی لاجەوەرد هەموو وشەی مادین. خاڵی سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە ناوی هەندێ لە هۆز و خێڵەکانی ئێرانی وەکوو "ماسپی" و "ساگارتی" ناوی مادین. لە هەمووش سەیرتر ئەوەیە کە خودی ناوی "پارسە" ناوێکی مادی یە". ئەم وشەیە لە راستیدا "پارسوە"یە بە مانای پەراسو و پەراوێز و کەنار. {مێژووی ماد، ل ٩٠-٩١}
ئەوە کە دەڵێن تا ئێستا هیچ نووسینێک بە زمانی مادی لەئارا دا نییە و هەموو بەردنووسەکانیان بەناوی زمانی پارسی کۆنەوە قەبڵاندووە، هێندە سەیر و سەمەرەیە کە بەشێک لە ئارکۆلۆژیستانی رۆژاواییشی تووشی شک و گومان کردووە! بەجۆرێک کە فریدریش شمیت ١٨٩٧-١٩٦٤، ئارکۆلۆژیستی ئاڵمانی و، مایەر هۆفێر ١٩٢٦-٢٠١١، رۆژهەڵاتناسی ئۆتریشی ( نەمسایی) و، هەندێ نووسەری رووسی پێیان وایە کە سەرەتای هەموو بەردنووسەکانی ئێران بە زمانی مادی و بە چوار وشەی مادی "بەگا"، "وەزەرکا"، "ئەهورا مەزدا" دەست پێدەکەن! 
 سەرسوڕمانی رۆژهەڵاتناسان لە جێی خۆی دایە. بەڵام نەک تەنیا سێ وشەی گرنگی بەگا، وەزەرکا و ئەهورا مەزدا، بەڵکوو هەموو بەردنووسەکان بە زمانی مادی نووسراون. بەجۆرێک کە دیاکۆنۆف لە راستی نزیک دەبێتەوە و دەڵێ: وادیارە زمانی مادی هێندە لە زمانی پارسی نزیک بووە کە داریوش بە پێویستی نەزانیوە کە بەردنووسی بێستوون بە زمانی مادی تەرجمە بکات!

جا خوێنەری وشیار هەست بەو ڕاستیە دەکا کە هەر دەوڵەت نەتەوەیەک خودای نەتەوەیی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەگەر زمان و ئتنیسیتەیەک بە ناوی پارسی و پارس هەبووبا، ئایا نەدەبوو خۆی خودای خۆی خولقاندبا و ئیتر هانا بۆ خودای مادی نەبا؟ یان خۆی ناوی وەڵاتی خۆی بنێ و بە وشەی مادی پەراسو و پەراوێز ڕازی نەبێ؟
 هەموو ئەو وشانەی کە دیاکۆنۆڤ وەک وشەی زمانی مادی دەیانهێنێتەوە لە کتێبی ئەڤێستادا هەر بە هەمان مانا هاتوون. بەمجۆرە بۆچوونی دیاکۆنۆڤ هەڵدەوەشێتەوە و جیاوازییەک لەنێوان زمانی مادی و زمانی ئەڤێستایی دا نامێنێ. تەنیا دەکرێ بێژین کە بەپێی مەودای زەمەنی نووسین لەنێوان بەشەکانی ئەڤێستادا هەندێ جیاوازی هەیە و وشەکان کەم تا زۆر سوواون و گووراون. بۆ نموونە، ١٧ سرودی گاتاکان هی سەردەمانێکی کۆنترن و بەشەکانی تر هی سەردەمانی تازەترن. یان بەشێکی زۆر لە یەشتەکان لە سەردەمی ئەشکانی نووسراون.

بەڵام لەم پێوەندییەدا دیدگای مینورسکی ژیرانەتر و وردبینانەترە. ڤلادیمیر مینورسکی، رۆژهەڵاتناسی بەناوبانگی رووسی، دەڵێ: " من دڵنیام کە رەگ و ریشەی زمانی کوردی لە زمانی مادی دایە." ئەو دەنووسێ: " ئەگەر کوردەکان لە رەگەزی مادەکان نین، کەوایە ئەی ئەو نەتەوە کۆن و بەهێزە چی بەسەرهاتووە؟ یان ئەم هەموو هۆز و تیرە جیاوازەی کورد کە هەموویان بە زمانێکی تاقانە، جیاواز لە زمانی فارسی دەپەیڤن، لە کوێوە هاتوون؟ " ئەو دەڵێ: " هەر ئێستا بەشێکی مەزن لە کوردەکان خۆیان بە کرمانج دەزانن و بە زاری کرمانجی دەئاخڤن، وشەی کورمانج سەنتێزێکە لە ناوی دوو هۆزی مێژینەی کورد، کورتی و ماردی کە لە سەردەمانی دێرین دا تێکەڵ بە یەکتر بووگن. " {کوردان نەوەی مادەکان، ڤلادیمیر مینورسکی} 
ئەڵبەت ئەو دوو هۆزە کۆنە کە مینوورسکی باسی دەکا بریتین لە گورتی/گوتی و ماژی کە دواتر وشەکانی کرمانج، کرمان و "کرماشان"ی لێ شین دەبێ. ( بۆ زانیاری وردتر، ئێتمۆلۆژی وشەکانی کورد و کورمانج.) 
پورداود وەک زاناترین توێژەری ئەڤێستا و ئەدەبیاتی مەزدیەسنا بە وردی هەستی بەم ڕاستییە کردووە کە زمانی ئەڤێستا هەر هەمان زمانی مادی یە، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندی شۆڤێنی لە سەرەتای تەرجمەی گاتاکان دا دەنووسێ زمانی ئەڤێستا زمانی "شمال غربی" ئێران واتە باکووری رۆژئاوای ئێران بووە!
لەم بابەتەوە گرنگترین بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەوە کە زمانی ئەڤێستا هەر هەمان زمانی مادییە ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ خودی دەقی ئەڤێستا. وەک لە بەشی ئێتمۆلۆژی وشەکان دا روونم کردۆتەوە، گرنگترین وشەکانی زمانی ئەڤێستا و، زمانی پەهلەوی، یانی چەندین وشەی وەک: بەگا، ئەهورا، زەردەشت، ئاریان، دوێت، برا و... تائێستاش تەنیا لە زمانی کوردـ مادی دا بە دروستی ئێتمۆلۆژی دەکرێن. لێرەدا سەرەتا باسی ئەڤێستا دەکەم و پاشان لە بەشی دیکەدا دەچمە سەر زمانی بەردنووسەکان.
 بەڵگە و دۆکیۆمێنت لە دەقی ئەڤێستاوە: سەرەتا دەبێ بێژین کە خودی زەردەشت لە هۆزی ماد بووە. ناوی زەردەشت وشەیەکی مادی یە و بەپێی گراماتیکی ئەم زمانە بەدیهاتووە. بڕوانە بۆ بەشی ئێتمۆلۆژی. ناوی سپیتما زەرتوشترا کە لە ئەڤیستا و لە گاتاکان دا بەردەوام دووپات دەبێتەوە: یانی زەردەشتی "سپیتما". "ما" لە وشه‌ی "ماڎ" بەدیهاتووە، ئەم وشەیە دواتر دەبێ بە ماد. لە بەشی ئێتمۆلۆژی دا ئەم شتەم بە وردی ڕوون کردۆتەوە. هەروەها پسمامی زەردەشت "مەدیۆ مانگە" کە لە یەسنا ٥١، بەندی ١٩دا ناوی هاتووە یەکەم پشتیوانی رێبازی زەردەشت بووە. وەک پورداود دبێژێ: هەموو موغانی زەردەشتی لە ماڵباتی ماد بووگن... بەڵام ناوی هیچ کام لە پادشایانی هەخامەنش لە ئەڤێستادا نەهاتووە." کەچی ناوی هڤەخشتەر کە لە گاتاکان دا هاتووە، ناوی بەهێزترین پادشای مادیش بووە. هەرڤسا لە زام یەشت دا بەدرێژی باس و بەسەرهاتی پادشاهانی کەیانی دەگێڕێتەوە، بەجۆرێک کە لە دەسنووسانی کۆن دا ئەم یەشتە زیاتر بە کەیان یەشت ناسراوە. لە بەشی پێشوودا باسی ئەوەم کرد کە ماد و کەیانی هەر یەک شتن. هێرتس فیلدی ئاڵمانیش لە "زەردەشت و سەردەمی وی" دا ئەم پرسەی بە وردی باس کردووە. واوەتر لەمەش لە یەسنای حەوت دا لە زمانی زەردەشتەوە باسی سێ کۆنسێپتی پادیشاهی، مادی ئایریا و سپای میدیا دەکرێت:

ئه‌شا داڎمی پاتیشاهی {ئەشا پادشاهی پێداوم}
ئه‌شا داڎمی ماڎی ئایریا {ئەشا مادی ئاریای پێداوم}
ئه‌شا داڎمی هه‌مه ‌سپا‌ڎ مه‌یدیا {ئەشا هەموو سپای میدیای پێداوم}
یەسنای ٧، بەندی ١١


شایانی سەرنجە لە فارسی دا ئەم بەشەیان تەرجمە نەکردووە و هەر وەک خۆی هێناویانەتەوە. [بڕوانە بۆ ئەڤێستا، ج. دوستخواە].
* * *
بێگومان زمان و کولتووری نەتەوەکانیش لە درێژەی مێژوودا تووشی ئاڵوگۆڕی قووڵ و مەزن دەبن، زمانی مادی وەک کۆنترین زمانی ئاری کە ئەڤێستای پێ نووسراوە، وەک زمانێکی هەڵگری دیسکۆرس و کولتوری مەزرا، لە درێژەی مێژوودا تووشی ئالوگۆڕی مەزن دەبێ و دەیان لق و زاراوەی وەک پەهلەوی/گۆرانی، هەورامی، زازایی، سۆرانی، کرمانجی، کەلهوڕی، لەکی، لۆڕی، فارسی، پەشتوو، بەلوچی و ... لێدەبێتەوە کە لەم نێوەدا زمانی کوردی بەگشتی و، دوو زاراوەی هەورامی و زازایی بەتایبەتی، لە زمانی مادییەوە نزیکترن و زیاتر رەسەنایەتی خۆیان پاراستووە و باشتر بواری دەنگناسی، سیمانتیک و گراماتیکی زمانی مادییان هەڵگرتووە.
2) دەقی ئەڤێستا: سەرنج و بەراورد

تۆژینەوە لەم بابەتەوە ئێجگار سەخت و دژوارە. چونکە زمانی ئەڤێستا زمانی نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا بووە و ئێستا زمانێکی مردووە و ئەمڕۆ ئیتر کەس بەم زمانە نادوێت. 
سەرەنجێک لە یەسنای حەوت، ئەم یەسنایە بەتەواوی بەهەڵە و بەپێچەوانەوە بە ئاڵمانی، ئنگلیسی و فارسی تەرجمە کراوە:

١)ئەشەم ڤەهو، ڤەهیشتەم ئەستی. [پاکی ئەشا باشترین شتە]

٢) ئەشا داڎمی خڤه‌ری مه‌زدام، هوروتات ئه‌مرتات گه‌ئوش هودا خشنومه‌نی ئه‌هورا مه‌زدا ئه‌مشا سپه‌نتام. 

[ئه‌شا داڎمی فەڕی مه‌زدا، هروتات و ئەمرتات، ڕەزا و بەخششی جیهانی خودایی، ئەهورا مەزدا و ئەمشاسپەنتان.]
 ...
٣- ئەشا داڎمی ئاپه‌م هه‌ومەیه‌ {ئەشا ئاوی مێوی/مەی پێداوم}
ئه‌شا داڎمی گام ژیڤیه‌ {ئەشا گیا و مەزرای ژیانی پێداوم}
٤- ئه‌شا داڎمی ئه‌مه‌ بره‌سمه‌ هه‌وه‌ زاوره‌م {ئەشا ئەم برست و زوراپەی پێداوم}
ئه‌شا دا‌ڎمی ڤاچه‌ هومه‌تا هوختا هڤه‌رشتا {ئەشا واچەکانی بیری پاک، وتەی پاک و رەوشتی پاکی پێداوم}.
ئه‌شا داڎمی گاژە سروڎره‌م... {ئەشا سروودی گاتاکانی پێداوم}.
ئەشا داڎمی هڤه‌رشتا میرڎه {ئەشا رەوشتی پاکی میترای پێداوم}.
[یەسنا ٧، بەندەکانی ١، ٣ و ٤]

لێرەدا  تەرجمەی فریتس ڤۆڵف بە ئاڵمانی، دەقی میلز بە ئینگلیسی و، وەرگێڕانی دوستخوا بە فارسی دێنمەوە، کە هێندە لێک دوورن کە هەڵەی تێگەشتن زەق دەکەنەوە:

1. Asha ist das beste Gut...
Ashamäßig weihe ich als Nahrung (nämlich) als Myazda die beiden, Haurvatat (und) Ameretatat [s. Y3.1 No. 3.], (und) die guttätige Milche:
um zufriedenzustellen Ahura Mazdah (und) die Amesha Spenta's; 
um zufriedenzustellen den ashafrommen, die Belohnungen verschaffenden, siegreichen, Hab und Gut fördernden Sraosha.

3. Ashamäßig weihe ich die Haoma's [haomi!, vgl. die Parallelstelle Y3.3, wo haoma.],
um zufriedenzustellen die guten Wasser, die guten mazdahgeschaffenen Wasser;
ashamäßig weihe ich das für den Haoma bestimmte Wasser,
ashamäßig weihe ich die flüssige Milch,
ashamäßig weihe ich die ashamäßig aufgesetzte Hadhanaepata-Pflanze:
um zufriedenzustellen die mazdahgeschaffenen Wasser.

4. Ashamäßig weihe ich samt Zaothra's, samt Gürteband die ashamäßig gespreitete Baresman,
um zufriedenzustellen die Amesa Spenta's;
ashamäßig weihe ich die gutgedachten, gutgesagten, gutgetanen Sprüche;
ashamäßig weihe ich das Aufsagen der Gatha's;
ashamäßig weihe ich die gut ausgeführten Befehle [1850.];
ashamäßig weihe ich diesen Erwerb des Anspruchs auf das (andere) Leben und des (höchsten) Anrechts und die Ratavbefriedigung [Eins der beiden cha is ausgelassen.] der Ratav's:
um zufriedenzustellen die ashaheiligen geistigen (und) stofflichen Yazata's und um zufriedenzustellen meine eigene Seele [1783.].
دەقی ئینگلیسی:
1. With a complete and sacred offering [Ashi] I offer and I give this meat-offering, and (with it) Haurvatat (who guards the water), and Ameretatat (who guards the plants and the wood), and the flesh of the Kine of blessed gift1, for the propitiation of Ahura Mazda, and of the Bountiful Immortals (all, and) for the propitiation of Sraosha (Obedience) the blessed, endowed with sanctity, who smites with the blow of victory, and who causes the settlements to advance.
3. And I offer the Haomas with a complete and sacred offering for propitiation [to the good waters] for the good waters Mazda-made. And I offer this Haoma-water with scrupulous exactness and with sanctity, and this fresh milk, and the plant Hadhanaepata uplifted with a complete and sacred offering for the propitiation of the waters which are Mazda-made. 
4. And I offer this Baresman with its Zaothra (and with its binding) for a girdle spread with complete sanctity and order for the propitiation of the Bountiful Immortals, and I offer with my voice the thoughts well-thought, the words well-spoken, and the deeds well-done, and the heard recital of the Gathas, the Mathras well-composed and well-delivered, and this Lordship, and this Sanctity, and this ritual mastership, and the timely Prayer for blessings, with a complete and sacred offering for the propitiation of the holy Yazads, heavenly and earthly, and for the contentment of the individual soul! 


تەرجمەی فارسی:
به‌ ایین اشه‌ می دهم خورش میزد، خورداد و امرداد، و شیر خوشی دهنده‌، خشنودی اهوره‌ مه‌زدا و امشاسپندان را.
بە ایین اشە می دهم اب هوم 
بە ایین اشە می دهم شیر روان...
بە ایین اشە می دهم برسم و زور و کشتی...
به‌ ایین اشه‌ می دهم سخن (درباره‌) اندیشه‌ نیك، گفتار نیک، کردار نیک
بە ایین اشە می دهم گاهان
بە ایین اشە می دهم فرمان ایزدی نیک بجای اوردە
{اوستا، دوستخواە، ص ١٢٧}


لێرەدا گرنگترین شت کە سەر لە هەر سێ وەرگێڕ دەشێوێنێ، بریتییە لە ڤێربی "داژمی"، کە فۆرمی داتیڤی هەیە و ئەشا لەودا ڕۆڵی نۆمیناتیڤ/بکەر دەگێڕێ، نەک منی شاراوە لە ڤێربی "داژمی" دا. فریتس ڤۆلف بە ئاڵمانی دەیکات بە weihe بەمانای دەبەخشم، پیرۆز دەکەم؛ میلزی ئینگلیسی offer دێنێ، بەمانای پێشنیار کردن و، ج. دوستخواەش ڤێربی "می دهم" دێنێ! ڤێربی داژمی یان دامی دەبێ بە فارسی بە "مرا دادەاست" ترجمە بکرێت.

درێژەی دەقی ئۆرژیناڵ، بەندی ١١
١١- ئەشا داڎمی ماڎی ئوشیمای [ئەشا مادی ئوشیڎی پێداوم؛ وێدەچێ مەبەست چیای "ئوشیدەرە" بێت کە چەندین جار لە ئەڤێستا ستایش دەکرێت].
ئه‌شا داڎمی پاتیشاهی {ئەشا پادشاهی پێداوم}
ئه‌شا داڎمی ئیە ڎرەم فره‌ ئور ڤه‌ئیشت ڤه‌رشنی هه‌رشتا {ناوی فره‌ئورڤه‌ئیشت وێده‌چی هه‌ر هه‌مان فه‌روه‌رتی مادی بووبێ}
ئه‌شا داڎمی ماڎی ئایریا {ئەشا مادی ئاریای پێداوم}
ئه‌شا داڎمی هه‌مه ‌سپا‌ڎ میدیا {ئەشا هەموو سپای میدیای پێداوم}

ترجمە فارسی:

بە ایین اشە می دهم میژیوشم 
بە ایین اشە می دهم پتیە شهیم
بە ایین اشە می دهم ایاسرم.
بە ایین اشە می دهم میدیارم
بە ایین اشە می دهم همسپتمدم


١٣- ئه‌شا داڎمی ئه‌هورایی بیه‌، میڎرایی بیه‌، به‌رزه‌ن بیه 
{ئەشا داڎمی سروشتی ئه‌هورایی، سروشتی میترایی و ره‌وشت به‌رزی}.
‌١٤- ئه‌شا داڎمی تڤا ئاڎری ئه‌هورا مه‌زدا پوڎره مەت ڤیسپەی بیۆ ئاترا بیۆ
{ئه‌شا دوو ئاگری كوڕی ئه‌هورا مه‌زدا و هه‌موو ئاگره‌كانی تری پێداوم}
ئەشا داڎمی ئاویۆ ڤەنگهۆبیۆ ڤیسپەنام ئاپەم مەزداڎاته‌نا‌م ڤیسپەنام ئورڤەرنام مەزدا ڎاته‌نام
{‌ئەشا ئاوی پاک و هەموو ئاوێکی مەزدا داتە و هەموو گیایەکی مەزدا داتەی پێداوم}.

بە ایین اشە می دهم اهورە و مهر، و بزرگواران گزند ناپژیر...
بە ایین اشە می دهم ترا ای اژر پسر ئەهورا مزدا و همە اژران را.
بە ایین اشە می دهم ابهای نیک و همەی ابهای مزدا افریدە و همەی گیاهان مزدا را.

{اوستا، دوستخواە، ص ١٢٩}

١٦- ئەشا داڎمی گاریوش ئوشیده‌رنه‌ مه‌زداڎاتە ئه‌شا خڤه‌ڎره
{ئەشا داڎمی چیای ئوشیده‌رنه‌ی مه‌زدا داته‌ و خاوه‌ن فه‌ڕی ئه‌شایی}.

بە ایین اشە می دهم کوە اوشیدەرن مزدا افریدەی بخشندەی اسایش اشە
{همان، ص ١٣٠}

سەرەڕای ئەوەی کەسێک کوردی گۆرانی بزانێ لێرەدا کەم تا زۆر لە دەقی ئەسڵی تێدەگات، بەڵام بۆ روونکردنەوە و بەراورد لەگەڵ دەقی فارسی، بەشێوازی کوردی سۆرانیش نووسیمەوە. جەلیل دوستخواە کە خۆی بە شاگردی پورداود دەزانێ و لە پێشەکی ئەڤێستای فارسی دا دەڵێ ئەم کارە بەپێی راسپاردە و کار و تۆژینەوەکانی پورداود بەئەنجام گەیشتووە، چۆنە کە نازانێ لە ئەندێشەی زەردەشتی دا، فریشتەی ئەشا هێمای رێگەی راستی و شا ڕێگەی ئەهورا مەزدایە!؟ یان لە ئەڤێستا و لە ئایینی زەردەشت دا دوو ناوی "بەڎا" و "ده‌ڎا" بەمانای بەخشندە و دەهەندە، دوو ناوی سه‌ره‌كی خودان و هه‌روه‌ها داڎار/داتار سفه‌تی سه‌ره‌كی خودان‌ كه‌ هه‌موو جیهانی به‌دیهێناوه‌. کەچی لێرەدا بەپێی تەرجمەی فارسی هەموو شتێک پێچەوانە دەبێتەوە و مرۆڤی نزاخوێن جێگەی خودا دەگرێتەوە و ئاو و گیا و پادیشاهی بە خودا و بە ئەشا دەبەخشێ! تەنانەت ئەهورا بە ئەشا دەبەخشێ! ئەمە لە کاتێک دایە کە ئەم یەسنا ڕەنگە لە سەردەمی ئەشکانی دا بەدیهاتووە. سەردەمێک کە نە شۆڕشی رۆشنگەری ئوروپا لە ئارادایە، نە هێگل و مارکس سەریان هەڵداوە تا یاساکانی لۆژێک و ئیدیالیزمی کۆن هەڵوەشێننەوە؛ نە نیچەیەک هاتووە کە خودا بمرێنێ و سیستمی متافیزیکی هەڵوەشێنێتەوە. جگە لەمەش وەک دەبینین دوستخواە بەندی ١١ هەر تەرجمە ناکات و وەک خۆی دەیهێنێتەوە! هەروەتر لە یەسنای ٦ بەندی ٨یش دا ئەم دێڕانەی بەندی ١١ دیسان هاتوون، بەڵام ئەم جارە ستایش کراون. کەچی دوستخواە لێرەش دا تەرجمەی نەکردوون! ئایا بەئەنقەست ئەم بەندانە تەرجمە نەکراون! بۆ ئەوە کە باسی پادیشاهی ماد و وڵاتی میدیا دەکرێت!؟  

لە هەموو ئەم یەسنادا باسی دیاردە و بەرهەمەکانی خودا دەکرێت کە بە مرۆڤ گەیشتوون و مرۆڤیان به‌خته‌وه‌ر كردووه‌. تا ئەوە کە لە بەندی ٢٤دا دەڵی: ئەی ئەشا! ئێستا بۆ هەموو ئەم شتانەی کە بە منت بەخشیوە، ئەمن مەزدا ئەهورا ستایش دەکەم. ئەمە لە کاتێک دایە کە خودی پورداود لە تەفسیری یەسنادا ئەشا یان ئەشی بەمانای فریشتەی گەنج و سامان و دەوڵەمەندی مانا دەکاتەوە.

هەروەها لە بەندی ٢٦ دا ئەوپەڕی ستایش بەجێ دێنێ و دبێژێ: 

ئەهونە ڤیریەم یەزەمیدە {ئەهونە ڤیریە/بیری بەدیهێنەر ستایش دەکەم}
ئریش خڎەم واچه‌م یه‌زه‌میده‌ {پەیڤ و خدەی دروست ستایش دەکەم}
داهمەم ڤەنگهۆ ئافریتەم یەزەمیدە {داهمی باش ئافرێنراو ستایش دەکەم} 
ڎە‌یره‌م ته‌خمه‌ داهمی ئوپه‌مه‌نه‌ یه‌زه‌تام یه‌زه‌میده‌ {ژەیرم/سێهەمین تۆخمی دامی ئیزەد پەنا ستایش دەکەم}
هوروتات ئەمرتات یەزەمیدە {هروتات و ئەمرتات ستایش دەکەم}
گەئوش هودا یەزەمیدە {خودای گیتی ستایش دەکەم}
هەومگه‌ په‌ره‌ هه‌ومگه‌ یەزەمیدە {هەوم/مەیو و به‌ری‌ هه‌وم ستایش دەکەم}
ئاسمەنگە بومڎیه‌ یه‌زه‌میده‌ {ئاسمان و زەوی ستایش دەکەم} 
فرە ساستی داهمی ڤەنگهۆ ئافریتۆش {داهمی باش ئافرێنراو ستایش دەکەم}.
* * *
لە درێژەدا بەندی یەکەمی یەسنای ٤٦ دێنمەوە:
     
کام نمۆ زەم، کوڎرا نمۆ ئه‌ینی
په‌یری خڤه‌یتوش ئه‌یریه‌مه‌نا ده‌ده‌یتی
نویت ما خشناوش یا ڤه‌ر‌زه‌نا هه‌چا
نه‌یدا ده‌هیایوش یوی ساسترۆ دره‌گڤه‌نتۆ
كه‌ڎا ڎوا مه‌زدا خشنه‌وشی ئه‌هورا.

یەسنا ٤٦، بەندی ١

روو لە کوێ کەم، بۆ کوی بچم؟
ئاترڤانان و شەڕڤانان پشتیان تێکردووم،
نە خزمانم یاریم دەدەن نە وەرزێران بە قسەم دەکەن
رێبەرانیش وە دوای ڤانەی درۆ کەوتوون
کەوایە چۆن شاد دەبێ مەزدا ئەهورا.

کام نمۆ زەم؟
یانی: روو لە کام زەمین بکەم؟
"کام" لە کوردی ئێستاشدا هەر کامە. "نمۆ" رووکردن، بەتایبەت لە هەورامی دا بووە بە نما بەمانای نوێژخوێندن و رووکردن لە دەرگای یەزدان. لە کرمانجی دا دبێژن نمە. وشەکانی ئەیریەمەن و ڤەرزنا لە کوردی دا بووگن بە ئیرمان و وەرزێر.


 نۆزدە بەند لە یەسنا ٤٤ بەم دێڕە دەست پێدەکات:
tat thwâ peresâ eresh-môi vaocâ ahurâ

{گاتاکان، یەسنا ٤٤، فۆنۆگرافی/دەنگنووسی کارڵ گیڵدنێر}
دەکرێ بە خەتی کوردی ئێستا بەمجۆرە بینووسینەوە:
تەت تڤا پەرسا، ئریش مۆڤی ڤاچا ئەهورا.
یانی: لە تۆ دەپرسم ئەهورا، ڕاستی بە من ڤاچا.

ئەم رستەیە وەک دەبینین لە باری سینتاکس و گراماتیکەوە زۆر لە زمانی کوردی ئێستا نزیکە. ئێستاش لە کوردی دا بەمجۆرە رستە دەسازین: تەک/تەڤ توا پەرسا، لە تۆ دەپرسم، ڕاستیم پێ واچە/ بێژە." تەنیا رەنگە وشەی "ئەهورا" ببرێتە سەرەتای رستەکەوە.
لە ژێرەوە سێ تەرجمە فارسی و تەرجمەی ئینگلیسی ئەم ڕستە دێنمەوە:
"ای هستی بخش یکتا، پرسشی از تو دارم، و خواستارم راستی را بر من اشکار سازی". {گاتها، ترجمە: موبد فیروز ێ‌ژرگشسب}
"بە من بگو ای اهورا مزدا، انگونە کە بە درستی دریابم" {گاتها، ترجمە خسرو خزاعی}

ای اهورە! این را از تو می پرسم، مرا بە درستی {پاسخ} گوی
{اوستا کهنترین سرود ایرانیان، جلیل دوستخواە}
تەرجمەی ئینگلیسی بەمجۆرەیە: 
This I ask Thee, tell me truly, Ahura. 

خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە دوو ڤێربی پەرسا/persa و ڤاچا/vacha ی ئەڤێستایی ئێستاش لە زاراوەی هەورامی دا ماونەتەوە و وەک خۆیان بەکار دێن:
پەرسام/ پەرسات/ پەرساش
پەرساما/ پەرساتا/ پەرساشا
دێڕێکی فلکلۆریک دبێژێ:
پەرسام کۆساڵان چی سەرسەختەنی
کەمەر فراوان بێ درەختـــــــــەنی!
هەر وەها وشەی پرسە، بەمانای کۆڕی ماتەمینی هەر لەم ریشەوە هاتووە. یانی خەڵک دەچن و لە خاوەن مردوو دەپرسن و دڵیان دەدەنەوە.
رەگی "واچ" بەمجۆرە بەکار دێت:
واچو/ واچی/ واچۆ
واچمێ/ واچتێ/ واچا 
 

ڤێربی مرەوت:
ڤێربی مرەوmrao/ کە لە ئەڤێستادا بەمانای گوتن و ئاخاڤتن بەکار دێت، ئێستاش لە زاراوەی کوردی گۆرانی دا بەزۆری بەکار دێت. لە ئەڤێستا هاتووە: 
mraot ahurô mazdå spitamâi zarathushtrâi, 
مرەوت ئەهورا مەزدا سپتیما زەرتوشترا. 
جەیمز دارمستەتەر بەمجۆرە دەیکات بە ئینگلیسی:
Ahura Mazda spake unto Spitama Zarathushtra,
]ئەڤێستا، فەروەردین یەشت، بەندی یەک، فۆنۆگرافی/دەنگنووسی کارل گێڵدنێر[
یانی: ئەهورا مەزدا بە سپیتما زەردەشت فەرموی." یانی لە کوردی ئێستادا مرەوت دێتە کۆتایی رستەوە.

ڤێربی "مرەو" لە زمانی کوردی گۆرانی دا بەمجۆرە بەکار دێت:
مرەوت/ فەرموی
مەرەمۆ/دەفەرمێ
مەرەما/ دەفەرموون
شایانی باسە کە کتێبی سەرئەنجامی یارسان هەموو بەندەکان بەمجۆرە دەست پێدەکا: 
بۆ نموونە: پیر شاخوشین مەرەمۆ:
ئەز چەنی تۆمە شالیار بێگەرد
قەڵای کەنگاوەر ئانی بی وە گەرد


زمانی کوردی کۆن و نوێ، بەپێی سرووشتی کوردەواری و بەپێی خەسڵەتی کولتووری، جڤاکی و مێژوویی خۆی، زمانێکی سەرڕاست و رۆشنە و زۆر بە کەمی مینو و تێرمی ئەبستراکت/ ئینتزاعی بەکار دێنێ. بۆ نموونه‌ چوار تێرمی گرنگ و بنه‌ڕەتی لێره‌دا دێنمه‌وه‌:
سپه‌نتە مەئینیۆ: ئەندێشەی پاک
ئەنگرە مەئینیۆ: ئەندیشەی چەوت
ئەهوورا: ڕێبەری جیهان
مەزدا: داتاری مەزن

وه‌ك ده‌بینین هه‌موو ئه‌م كۆنسێپتانه‌ ریشه‌یان له‌ جیهانی سروشتی و مرۆڤی دایه‌، بەڵام لە کاتی تەرجمەی ئەڤێستادا بۆ زمانەکانی تر و، بەتایبەت بۆ زمانی فارسی، بەرەو بواری ئابستراکتیان بردووە. یانی وەها لە تەم و مژی ئینتزاعی دا تێکیانپێچاوە کە لە مانای راستینی خۆی بەتەواوی دابڕاوە. مرۆڤ هەست دەکا لە زۆر بابەتەوە هەر لە دەقی سەرچاوە تێنەگەیشتوون و بە کەیفی خۆیان تەرجمەیان کردووە و چتی سەیر و سەمەرەیان نووسیوە. لێرەدا چەند نموونە لە یەشتەکان دێنمەوە کە هەم تەرجمەی فارسی و هەم دەقی ئینگلیسی نادروستن. بەجۆرێک کە تۆێژەر تووشی سەرسوڕمان دەبێ و دەزانێ کە ئەڤێستا دەبێ سەرلەنوێ تەرجمە بکرێت: 

هەموو یەشتەکانی ئەڤێستا بەم کوپلەیە دەست پێدەکا:

(pa nãm i ýazdã, hôrmezd i hvadâe i awazûnî gurz hvarahe awazâyât, dâdâr hôrmezd i raemañd i hvarahemañd mainyuã mainyô i bêtum bê rasât,
ezh hamâ gunâh patit pashêmãnôm, ezh haravistîn dushmat duzhûxt duzhvaresht men pa gêthî minît vaem guft vaem kard vaem jast vaem bun bût estet ezh ã gunâhihâ manishnî gaweshnî kunishnî tanî rvãnî gêthî mainyuãnî ôxe awaxsh pashêmã pa se gaweshnî pa patit hôm!) 
{یەشتەکان، فۆنۆگرافی گیلدنێر}

بە رێنووسی کوردی:
پە نام ئی یەزدا، هورمزد، ئی خۆدای، ئی ئەوزونی گورز هڤەرە ئەوە زایات. 
دادار، هورمزد، ئی رایمەند، ئی هڤەرەمەند مەئینیوا مەئینیۆی بە توم برەسات، ئەژ هەمە گونە. 
پەتیت پەشیمانۆم، ئەژ هەرەڤیستین دوشمەت دوژوخت دوژڤەرشت، من پەی گەئیتی مینیت ڤایم گوت ڤایم کەرد وام ژاست[خواست]، وایم بوون، ئیستێت ئەژ ئە گوناهیاهە مەنیشنێ گۆیشنێ کونیشنێ، تەنی رەڤانی گەئیتی مەینیڤانی ئۆخە ئەوەخش پەشیئما پەی سێ گەڤشنێ پەی پەتیت هۆم! 

جەلیل دوستخواە سەرەتای هورمۆزد یەشت بەمجۆرە وەریدەگێڕێ:
"ستایش و نیایش و نیرو و توان ارزومندم اهورەمەزدای رایومند فرەمند را، امشاسپندان را، مهر فراخ چراگاە را، رام بخشندە چراگاە خوب را، خورشید جاودانە رایومند تیز اسب را و اندروای زبر دست را". {اوستا، ج. دوستخواە، ص ٢٦٧}
وەک دەبینین وەرگێڕانی فارسی، ئەم کوپلەیە لە تۆی مینو و وشەی ئابستراکت و تەم و مژاویدا دەپیچێنەوە و لە مانای دروست و سەرڕاست دووری دەخەنەوە. لەو دەقەی ئەڤێستایی دا قەت باسی فرەوەشی، فروهەر و ئەمشاسپەنتان نەکراوە. بەکورتی هەر کەسێک ئەو دوو دەقە لە فارسی و ئەڤێستایی دا بەراورد بکات، دڵنیا دەبێ کە دەقی فارسی فڕی بەسەر دەقی ئەڤێستاوە نییە.
ئەڵبەت هەر فارسەکان تووشی وەها هەڵەیەک نەهاتوون، لە ژێرەوە تەرجمەی ئینگلیسی سەرەتای هورمۆزد یەشت بە قەڵەمی جەیمز دارمستەتەر دێنمەوە:

May Ahura Mazda be rejoiced! May Angra Mainyu be destroyed by those who do truly what is the foremost wish (of God).
I praise well-thought, well-spoken, and well-done thoughts, words, and deeds. I embrace all good thoughts, good words, and good deeds; I reject all evil thoughts, evil words, and evil deeds.
I give sacrifice and prayer unto you, O Amesha-Spentas! even with the fullness of my thoughts, of my words, of my deeds, and of my heart: I give unto you even my own life.
I recite the 'Praise of Holiness:'

لێرەدا دەقی وەرگێڕانی ئینگلیسی دارمستەتەر دیسان دەکەمەوە بە کوردی با خوێنەر چاک بزانێ کە رۆژهەڵاتناسی فەرانسی کە رەنگە متمانەی بە تەرجمەی فارسی ئەڤێستا کردووە، تووشی چ هەڵەیەک هاتووە:
"ئه‌هورا مه‌زدای من شاد ده‌بێ، ئەنگرە مینوی من به‌ ده‌ستی ئه‌و که‌سانه‌ تێکده‌شکێ که‌ به‌ڕاستی به‌پێی باشترین خواستی خودا کار ده‌که‌ن. ئه‌ز بیری پاک، وته‌ی چاک و هه‌روه‌ها خواستی باش ستایش ده‌که‌م، هەروەها وته‌کان و کرداری باش .
ئه‌ز هزری باش، وته‌ی باش و کرداری باش له‌ ئامێز ده‌گرم و دژی بیری خراپ، وته‌ی خراپ و کرداری خراپم، هه‌موویان ڕە‌ت ده‌که‌مه‌وه.‌ ئه‌ز له‌ لای خودا بۆ ئێوە ده‌پاڕێمه‌وه‌ و گیانی خۆم بۆ بەخشینتان به‌خت ده‌که‌م. هه‌روه‌ها ئەمشاسپەنتان و ته‌نانه‌ت به‌ هه‌موو هزر و بیر و هه‌موو پەیڤه‌کان و، هه‌موو کردارم و هه‌موو به‌شێکی دڵم به‌ ئێوه‌ ده‌به‌خشم. هه‌روه‌ها هه‌موو ژیانیشم به‌ ئێوه‌ ده‌به‌خشم. ئەز به‌ ده‌نگی مۆسیقا شته‌ پیرۆزه‌کان ستایش ده‌که‌م".

بۆ روونکردنەوە و دەرخستنی هەڵەکانی وەرگێڕانی فارسی و هەروەها وەرگێڕانی جەیمز دارمستەتەر، لێرەدا وەرگێڕانی دەقی ئەڤێستایی بە کوردی نوێ دێنمەوە:

"پە نامە ئەو یەزدان هورمزد، ئەو خۆدایە، ئەو داداری خۆری بەتین و مەزن کە تۆی بەدیهێناوە. 
ئەو هورمزی دادار/بەدیهێنەر، زانا و رایمەند/ڕایەدار، هڤەرەهمەند: خاوەن فەڕ و شکۆ، خاوەن بیر و ئەندێش، لە هەمە جۆر بە تۆ بدات.
لەوە پەشیمانم کە هەرڤەسا خراپم ویستووە {بیری خراپ}، خراپم وتووە {وتەی خراپ}، خراپم کردووە {ئاکاری خراپ}، ئێستا لەبەر خراپی بیر، وتە، ئاکاری جەستە و رەوان، لە ڕەوشتی مادی و مینەویم پەشیمانم."

لە تەرجمەی دارمستەتەردا لەخۆڕا باسی ئەنگرەمینۆ {ئەهریمەن} دەکرێت. لەکاتێکا لە دەقی ئەسڵی دا باسی ئەهریمەن نەکراوە، مەگەر لە یەشتەکانی تردا. لە سەرەتای هورمزد یەشت دا بەکورتی باس دەکرێت. بەڵام قەت ناڵێ ئەهریمەنی من. هەروەها لە سەرەتای هورشیت یەشت دا باسی ئەمشاسپەنتان و گیان بەخشین و لە باوەش گرتنی کردار و وتار و ئەندێشەی پاک ناکرێ و لە دەقی ئۆرژیناڵ دا شتی وا نییە. بەڵکوو لە بەشی یەکەم دا بە چەندین سفەتی بەرز و پۆزەتیڤ مەزدا ستایش دەکرێ و هەروەها بە هێنانی وەسفی ئورڤەت ئەسپە خۆر ستایش دەکرێت. خۆر کە هەمان میترایە. هەر ئەمەش دەری دەخات کە یەشتەکان لە سەردەمی ئەشکانی دا کە میترا پەرست بووگن بەدیهاتوون.
بۆ ئەرخەیانی زیاتر لە ژێرەوە هەر ئەم کوپلەیە کە لە سەرەتای هورشیت یەشت دا هاتووە و وادیارە لە سەرەتای سەردەمی ئیسلامی دا نووسراوەتەوە {چونکە چەندین وشەی عەرەبی تێهاتووە} دێنمەوە، تا خوێنەر دڵنیا بێت کە لە سەرەتای ئەم یەشتەدا باسی ئەنگرەمینۆ و سفەتی نگەتیڤ ناکرێت:   
پەنام ئی یەزدا، ستایم زبایم دادار هورمزد، ئی رایۆمەند، ئی هڤەرەهمەند، ئی هەرڤیسپ ئاگاە، ئی کردگار، ئی خوداوەند خوداوەندا، ئی پادشا بەر هەمە پادشاها، ئی نگەهدار، ئی خالەق، ئی مەخلوق، ئەڕسق روزی دەهەندە، ئی قادر و کەڤی و قەدیم، ئی بەخشایندە ئی بەخشایشگەر، ئی میهرەبان، توانا ئی دانا {و دادار} و پاک پەروەردگار، ئادڵ، پادشاه ئو بێ زەوال، پادشا هورمزد، ئی خودا ئی ئەوزونی گورز هڤەرە ئەوە زایات. خڤەرشیت ئی ئەمەرگ ئی رایۆمەند ئی ئەروەند ئەسپ برەسات. ئەژ هەمە گونە... 
* * *
نێر و مێ لە ئەڤێستادا:
tat thwâ peresâ eresh-môi vaocâ ahurâ, kathâ ashâ tat mîzhdem hanânî dasâ aspå arshnavaitîsh

لە تۆ دەپرسم ئەهورا
ڕاستی بە من ڤاچا.
چۆن دکارم لەبەر تیشکی ئەشادا 
بەسەر دە ماینی هەستەکانما زاڵ ببم؟

{گیلدنێر، یەسنا ٤٤، بەندی هەژدە، هەمان}

دوو وشەی کۆتایی دەسا ئەسپا یانی دە ماین. "ا"ی کۆتایی کە وەک پاشگری ئەسپ هاتووە، نیشانەی "مێ"یە و ئەسپە دەکا بە ئەسپا، بەمانای ماین.
لە هەورامی و زازایش دا ئەم شتە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە و بەکار دێت. بەم جیاوازییەوە کە لە هەورامی دا "ا" دەبی بە بزوێنی "ێ" و "ـە". بۆ وێنە لە ئەڤێستادا بە ئەسپی نێر دەڵین ئەسپە، بە ماین دبێژن ئەسپا. لە هەورامی دا:
شوان {بۆ پیاو}
شوانێ {بۆ ژن}
هەروەها لە هەورامی دا کردارەکانیش بەپێی سوژەی نێر و مێ دەگۆڕدرێن. بۆ وێنە:
هەڤاڵ مامۆسان؛ بۆ پیاو. چنوور مامۆسانە؛ بۆ ژن.

ژمارەکان لە ئەڤێستادا: 
ژماردن بە زمانی مادی لە یەک تا دە:
ئەیڤە، دڤا، ڎە‌ری، چەتڤار، پەنچە، خشڤەش، هەپتە، ئەشتە، نڤە، دەسە.
لە هەورامی دا: یووە، دووێ، یەرێ... دەسە.
لە زازایی دا: یوو {ژوو}، ددێ، هێرێ... دەس. 
وەک دەبینین ئەم ژمارانە لە هەورامی و زازایی دا کەمترین گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. 
هەروەها ئێستا بەتایبەت لە کاتی ژماردنی گوێزدا، لە دەڤەری هەورامان و ژاوەرۆش بۆ ژمارەی دە، جاروبار "دەسە" بەکار دێت. بۆ وێنە دەڵێن: پێنج دەسە گوێزم شارۆ کردووە...
یانزە بە ئەڤێستایی: ئەیڤە دەسە؛ هەورامی: دەسە و یووە؛ زازایی: دەسە و یوو.
دوانزە بە ئەڤێستایی: دڤا دەسە؛ هەورامی: دەسە و دووی؛ زازایی: دەسە و دی.
سیانزە: ئەڤێستایی: ڎە‌ری دەسە؛ هەورامی: دەسە و یەرێ؛ زازاکی: دەسە و هێرێ.
چواردە: ئەڤێستایی: چەتڤار دەسە؛ هەورامی: دەسە و چوار؛ زازایی: دەسە و چێر.
نۆزدە: ئەڤێستایی: نەڤە دەسە؛ هەورامی: دەسە و نۆ؛ زازایی: دەسە و نێڤ.
بیست: ئەڤێستایی: ڤیستی؛ هەورامی: ویست؛ زازایی: ڤیست.
بیست و دوو: ئەڤێستایی: دڤەچە ڤیستی؛ ئاڵمانی: سوای ئوند سڤانسیش.
بیست و پەنج: ئەڤێستایی: پەنچە ڤیستێ؛ ئاڵمانی: فۆنف ئوند سڤانسیش. وەک دەبینین لەم بابەتەدا شێوازی ژماردنی ئەڤێستایی و ئاڵمانی لێک دەچن، لە هەر دوو زمان دا، لە پێشدا ژمارەی بچووک (٥) دێت، پاشان ژمارە بیست (٢٠) دێت.

راناو و پیتی پێوەندی {حرف ربط} لە ئەڤێستادا
لە دەقی ئەڤێستادا لەجیاتی من "ئەزم" بەکار دێت. لە هەورامی دا دەبێ بە ئەم، لە پەهلەوی دا دەبێ بە ئەز. لە هەموو فەهلەویات و لە شعری شاعیرانی یارسان و لە سەیدی هەورامیش دا هەر ئەز دێت. ئێستاش لە کرمانجی و زازایی دا هەر ئەز بەکار دێت.
راناوی کۆی "ئێمە" لە پەهلەوی دا هەر ئێمەیە. لە کرمانجی دا دەبێ بە ئەم. فارسی: ما 
راناوی "ئێوە" لە ئەڤێستا، خشمە، لە پەهلەوی "شمە"، ئێستاش لە هەورامی و زازایی دا هەر "شمە" بەکار دێت. لە فارسی دا بووە بە شما.
ئیە: ئەمە، بۆ ئاماژە بە نزیک.
ئەڤە: ئەوە، بۆ ئاماژە بە دوور.
لە زمانی مادی ئەڤێستایی دا پیتی پێوەندی بریتیە لە "ئوتا" بەمانای "ئو" هاتووە. وەک دەزانین ئێستاش لە زمانی کوردی دا پیتی پێوەندی "و" لە کرمانجی دا هەر بەشێوەی "ئو/ ـو" بێژ دەکرێت، وەک: باخ ئو بێستان. ئەم پیتە لە زمانی ئاڵمانی دا دەبێ بە ئوند/und و لە ئینگلیسی دا ئەند/and. بەڵام لە فارسی دا زیاتر بە شێوەی "وە" بێژ دەکرێت. 
زێدە پیتی ئەڤێستایی ئەنتەر لە کرمانجی دا دەبێ بە هەندر.
هەروەها پیتی پێوەندی مڵکی/ گنێتیڤ لە مادی ئەڤیستایی دا "و" یە، وەک میترۆ زیا، میترای زیانبەخش، لە هەورامیش دا هەر "و" بەکار دێت، وەک دەگاو ڕواری، یانی گوندی ڕوار.
لە ئەڤێستادا وردە پیتی "هەچا" بە مانای "لە" دێت. ئەم پیتە لە پەهلەوی دا دەبێ بە هەچ. لە  هەورامی دا بەشێوەی ئەچا ماوەتەوە. لە گۆرانی دا بووە بە چە، جە، نە. لە درێژەدا روونی دەکەمەوە کە لە زاراوەکانی تری کوردی و هەروەها لە فارسی دا چی بەسەر دێت.


چەند دەنگی تایبەت لە ئەڤێستادا
شایانی باسە کە زمانی مادی ئەڤێستایی چوار دەنگی "ح"، "ق"، "ع" و "ل"ی نییە و پیتی بۆ ئەم دەنگانە دانەناوە. دواتر ئەم دەنگانە لە زمانەکانی ترەوە دێنە ناو زمانی کوردییەوە. ئەڵبەت لە زمانی فارسی و هەندێ زمانی ئوروپایی دا بە هەڵە دەنگی "ڎ" به‌ "پ" دەنووسن. هەروەها لە فارسی دا دەنگی "ڤ" بە "و" دەنووسن، جگە لەوەش دەنگی "وو" هەر بە "و" دەنووسن. هەروەتر دەنگی "ێ" بە "ی". دەنگی "ڕ"ی قەڵەویش هەر بە "ر" دەنووسن.
 
دەبێ ئەوەش بزانین کە له‌ زمانی ئەڤێستایی دا چه‌ند ده‌نگ، یان فۆنیم هه‌ن که‌‌ هەندێکیان بە ئه‌لف و بێی ئێستای کوردی و فارسی نانووسرێن. به‌ڵام تا ئێستاش له‌ ناوچه‌کانی هه‌ورامان و ده‌وروبه‌ر ماو‌نه‌ته‌وه‌ و له‌ ئاخافتن دا ده‌بێژرێن. لێره‌دا ئاماژە‌ به‌ سێ ده‌نگ ده‌که‌م: 
یه‌که‌میان‌ بریتییە لە "نگ"، وەک لەم وشانەدا: شەبەنگ، پەرەنگ، ئاسمانگ، سەنگ. ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک به‌ ته‌له‌فزی گ، به‌ڵکوو به‌ بێژتنی له‌چه‌شنی لانگ /language ی ئینگلیسی، که‌ ده‌بێ له‌بێژ کردن دا بانی زمان بلکێت به‌ ئاسمانه‌ی ده‌مه‌وه و دەنگەکە لەناو لووتەوە بوترێت‌. 
دووهه‌م ده‌نگ‌ بریتییە لە "ڎ" وەک لەم وشانەدا: بەڎ، ئەڎا، داڎار، کەورڎ، شاڎ. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م پیتە تازەیی بۆ ئەم دەنگە دانراوە و پێشتر پیتی "ژ"ی عەرەبییان بەکار هێناوە کە زۆر وشەی کوردی شێواندووە وەک ئاڎر و ئاڎرپاتگان، کە بووگن بە ئازەر و ئازەربایجان. ئه‌م ده‌نگه‌ قه‌ت به‌ پیتی "ژ"ی عه‌ره‌بی تێر نابێت، هەروەها بە پیتی "گ"ی کوردیش. وەک لە بەشی ئێتمۆلۆژی وشەکان دا باسم کردووە، ئەم دەنگە لە کوردی نوێ دا بە چەندین دەنگی جیاواز گۆڕدراوە. دەبێ بۆ وتنی ئەم دەنگە‌ لای راستی بانی زمان بلکێنی به‌ لای ڕاستی ئاسمانه‌ی ده‌مه‌وه‌، خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە بە لای چەپی زمان بێژ ناکرێت! ئەم دەنگە ئەمڕۆ زیاتر لە دەڤەری هەورامان، ژاوەرۆ، جاف و گۆران دا ماوەتەوە. لە بەشی ئێتمۆلۆژی وشەکان دا بە پوختی باسی ئەم دەنگە کراوە.
 سێهەمین دەنگ بریتیە لە "ژ" ئەڵبەت نەختێک ناسکتر لە دەنگی "ژ"ی عەرەبی. ئەم دەنگە لەم وشانەدا دەوتریت: گاژە، ورژە و... ڕەنگە ئەم دەنگە هەر شێوازی سواوی دەنگی "ڎ" بووبێ. چون ئەمڕۆ بەدەگمەن لە هەورامان دا بەکار دێت. لە هەندێ گۆرانی ئۆسمان و حەمە حسێن هەورامی دا مرۆڤ هەستێ پێ دەکا. وەک گۆرانی ئانە بارش کەرد چوو بۆ داڵانی.

لە زمانی ئەڤێستاوە بەرەو زمان و زاروە تازەکان هەندێ لە دەنگەکان جێگۆڕکێی دەکەن:
پ/ ب/و/ ڤ: ئاپە، ئاڤ، ئاو، ئاب؛ پەنام، بە نام؛ پەرە، بەرێ. ئاگرڤان، ئاگروان، ئاگربان.
چ/ ژ/ش: ڤەچیرە، ڤەژیر؛ ڤەئیچە، واچە، وێژە، وشە. ئێرچ، ئێرش
ڤ/ و/ ب: ڤەروێ، ڤەور، وەروێ، وەفر، بەفر؛ ڤاران، واران، باران؛ ڤیرە، ویر، بیر.
ڤ/خ/هـ/و: خڤەرنە، فەڕنە، هڤەرە، خوەر، هور/ وەر؛ هوسرەو، خەسرەو
ئـ/ هـ: ئەرد، هەرد؛ ئەورە، هەور؛ ئەسر، هێسر
* * *
دەنگی "ل"
دەنگی "ل" لە زمانی مادی ئەڤێستایی دا نییە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە تۆژینەوەی ئەم پرسە و لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێستای زاراوەکانی زمانی کوردی دا، زۆر جێگای سەرنجە. ئەم زمانە هێشتا لە هەندێ دەڤەر و زاراوەی دا بە باشی دەرگای بۆ پیتی "ل" نەکردۆتەوە. لێرەدا بۆ روونکردنەوەی ئەم خاڵە سەرەتا وشەی ئەڤێستایی ئورڤەنت وەک نموونە دێنمەوە کە لە سەردەمی کۆن دا هەم ناوی رووباری ئەڵوەن و هەم ناوی چیای ئەڵوەند بووە: 
ئەڵوەن/ئەروەند/ئاروەند/ ئورڤەند/ئورڤەنت

١) روباری ئەڵوەن
ئەڵوەن ئاوەگەد ها وە خوینەوە
وە رێژاو مەیۆ وە خانەقینـــەوە

ناوی روباری ئەڵوەن لە ئەدەبی مەزد یەسنادا بەشێوەی "ئورڤەنت" هاتووە، بەڕای دەوڵەتشایی: ئەڵوەند لە بناغەدا ئاروەند بووە. ئار/ئاری+ وەند/ پاشگری مڵکداری، یانی رووباری هۆزی ئاری. بەڵام واوەتر لە بۆچوونی دەوڵەتشایی، وشەی "ئورڤەنت" لە ئەڤێستادا بە مانای تیژ و تووندئاژۆ دێت. بەڵام ئەگەر بە ئورڤا+ڤەنت بیخوێنینەوە، ئەوجار یانی بەهێز، بەڕۆح، بەورە. لێرەدا بەمانای توند و تیژ و بێ بوار هاتووە. یانی رووباری تووند و تیژ و پڕخرۆش. 
٢) ناوی چیای ئەرڤەند دواتر دەبێ بە ئەڵوەند، لێرەدا دەکرێ لەپێش دا ئار+ڤەنت بووبێ، یانی ئاگرین، ڕەنگە لە سەردەمێکا کە ئەم چیا گڕکانی لێ هەڵقوڵاوە ئەم ناوەی لێ نراوە. 
دەنگی "ل" بەپێی زاراوە و ناوچەکان:
 پێویستە ئەوەش بزانین کە لە دەڤەری هەولێر دەنگی "ل" بە "ر" دەگوترێت. وەک دەڵێم/دەرێم، دوکەڵ/ دوکەر، ماڵ/ مار، دڵ/ در و هتاد. هەروها لە زاری سنەییش دا کاتێ دەیانەوێ بۆ نموونە بێژن ژنگەل، دەڵێن ژنگەر، چتگەل: چتگەر. هەروەها لە زاری هەورامیش دا گوڵاڵە: گوراڵە، هەڵاڵە: هەراڵە. یان مەولەوی مەرەمۆ:
سه‌وڎای وه‌نه‌وشه‌ی په‌ل دێزێ باخان
هه‌وای گۆراڵان سه‌ر کاوان زاخان
په‌ی که‌سێ خاسه‌ن ئه‌وه‌ڵ ده‌ردش بۆ
ئێبتێدای خێزیای دوودی سه‌ردش بۆ

 هەروەها لە زاری کەلهوڕی دەڤەری کرماشان دا سەرنجڕاکێشترە. لێرەدا پیتی "ل" بەجۆرێکی فرە سەیر بێژ دەکرێت: حاڵەتێک لەنێوان دوو دەنگی "ڵ" و "ر" دا کە هیچیشیان نییە، بەڵکوو دەنگێکی ئێجگار زراڤە کە سەنتێزێکە لە هەر دوو دەنگی "ڵ" و "ر". {بۆ دڵنیایی هەندێ لە گۆرانییەکانی شارام نازری، لەوانە دڵە دامەنی، شعری سەید یاقۆ مایەشتی و گۆرانی "پەپووسورڵەیمانی" نموونە باشن}. 

پرۆسەی گوورانی زێدەپیتی ئاچا بۆ لە:

لە زمانی مادی ئەڤێستایی دا دەنگی "ل" نییە. بە سەرنجێکی کورت لە زێدە پیتی "ئاچا" لە دۆخی ئێستای زاراوەکانی زمانی کوردی دا زیاتر ئەم شتە روون دەبێتەوە کە ئەم زمانە وەک میراتداری ڕاستینی زمانی مادی، تا ئێستاش بە تەواوی دەرگەی بۆ پیتی "ل" نەکردۆتەوە. بارتۆلۆمە بە دروستی باسی ئەوەی کردووە کە زێدە پیتی ئاچا لە ئەڤێستا بە چەندین مانای وەکوو Hin zu…, neben, aus بەکار دێت. وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، لە زمانی مادی ئەڤێستایی دا لەجیاتی "لە"، "ئاچا/ئەچا" بەکار دێت. ئەم زێدە پیتە لە پەهلەوی دا دەبێ بە هەچ، لە زاراوەی لەکی دا دەبێ بە "ئەژ/ئەج". کەچی لە هەورامی دا هێشتا وەکوو ئەچا ماوەتەوە. لە گۆرانی دا، دەبێ بە "ئەج، چە، جە" و "نە". لە کورمانجی دا دەبێ بە "ژە" "د"، لە کەلهوڕی دا دەبێ بە "دە، وە"، لە موکری و لۆڕی دا دەبێ بە "دە"، لە فارسی دا دەبێ بە "در" و "از"، تا ئەوە کە سەرئەنجام لە کوردی سۆرانی دا دەبێ بە "لە". بۆ نموونە:

مادی ئەڤێستایی: ئاچا
"ئاچا ڤەئیشو ئاچا ئەچیشتم ئاچا ئەهوم..." [ئەڤێستا، یەسنا ٣٥]

هەورامی: ئەچا، چە
هەورامی پاوە: "ئەم ئەچانە مەژیوو."
یانی: من لەوێ دەژیم.
هەورامان لەهۆن: "من چانە ژیڤو." [من چە ئانە ژیڤو]
بە هەمان مانا.
 وەک دەبینین لێرەدا ئاچا سواوە و بووە بە چ/چە

گۆرانی/پەهلەوی ساسانی: هەچ
"کیم، کی خوێشەنەم، هەچ کۆ مەژام، پەژو کۆ وەشۆم، هەچ کۆژرا پەژوەند و توخمەم؟"
[چیژەک هەندەرچی فەرجوژ کیشان]
یانی: من کێم، کێ یە خزمم، لە کوێوە دێم، بۆ کوێ دەچم، لە توخم و پێوەندی کێم؟ 
لەکی:  ئەژ‎
خامووشی ئەژ ویر نمەچێ
دەنگ ئەشق بەرزترین سەوڵ دنیاس!
"قاسم ئەرژەنگ"

لەم هەڵبەستەدا "ژ"ی ئەژ قرتاوە و بووە بە ئە:
 خوشین گوم بی و مەقسودم ئە دەس چی
لەتیفی سەوت داودم ئە دەس چی
[بابە تاهێر]

لە ئەدەبی گۆرانی/ هەورامی دا: "جە"، "نە"
دڵ ئه‌سیری تۆن شای وه‌فاداران
به‌و باوا شێخه‌ ماڵ جه‌ بێســاران

                                    "بێسارانی"

نه‌ پای مه‌زار ئه‌و له‌یله‌که‌ی پڕ مه‌یل
جه‌ دیده‌م واران ئه‌سرینان چوون سه‌یل

                                "ئەحمەد بەگ کۆماسی"

کورمانجی: "ژ"، "د"، "ل"
دەنگبێژان سترانێن هەری خوەش ژ بۆ چەمی زەلال ستراند، هەلبەستکاران هەلبەستێ هەری نازک ژ بۆ چەمی زەلال دخوەندن... شڤان ل بەر زنار سەکنی بوو: من د عەمرێ خوەدا زنارەکی وەها نەدیتیە... پیر گوتبوو: د ناڤ دلێ زاڕۆکان خراپی تونەیە، ب تەنێ زاڕۆک کارن هەرن قەسرێ بەرفینێ...  
"چیرۆکی قەسرا سپی، موراد دلدار"

کەلهوڕی: "وە"، "دە"
كوڕە‌یل هه‌لا كه‌ن سه‌ر كانی چووڵه‌
قیـقـه‌ێ نـازاران كـــــــونه‌ وه‌ كـووڵه‌
ماڵْ دووس بار كرد هام وه‌ چووڵه‌وه‌
وێنه‌ی ئه‌ڤداڵان وه‌ كه‌شـــــــكووڵه‌وه

فۆلکلۆر 

چەنی چەن ساڵە ویرم ها دە لات
تامەزروو بییم سەر بنەم وە سات
لێوم تەڕ بکەم وە ئاوی لێوت
مەشام سەرخوەش کەم وە بووی سێوت
تێر بخوەم شەراو دە پەیکێ دەست
شێت و شەیدا بووم وە نگای مەست

 وەحید کەمالی/ ئیلام

هەروەها لە دەڤەری موکریان بەتایبەت لە مەهاباد لە ئاخاڤتنی رۆژانەش دا لەجیاتی "لە" "دە" بەکار دێت، وەک هێمن دبێژێ:
هەتا دوژمن نەگەوزێنێ دە خوێنم
دەخوێنم بۆ گەلی خۆم هەر دەخوێنم

"مامۆستا هێمن"
لۆڕی: "دەر"، "دە"
قەدەم خەیر دەو هار میا مەیلش وە جەنگه
هەفت تیری دەر پیچ سووەش پڕ دە فشەنگه
[فولکلۆر]

فارسی: "در" و "از"
"در لبانِ تو، شعڕ روشن صیقل می‌خورد
من تو را دوست می‌دارم، و شب از ڤلمتِ خود وحشت می‌کند"
[شاملو]

هەر لە ڕەوتی گەشەی زێدە پیتی ئاچا دا هەست بە دوو پرسی گرنگ دەکەین. یەکەم هەست بە گەشە و گوورانی زاراوەکان لە کۆنترینەوە بۆ نوێترین زاراوە دەکەین. بەجۆرێک کە لەنێوان زمانی مادی و کوردی سۆرانی دا چەندین هەڵقەی پێوەندی لە ئارا دایە. بەچەشنێک کە "ئاچا" کاتێ دەبێ بە "لە" لەباری فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژییەوە بەتەواوی دەگۆڕدرێت. بەڵام مانا هەر هەمان مانایە. کەچی لەم نێوەدا لە زاری هەورامی دا وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە. یانی لە زمانی سەردەمی ساسانی دا گۆڕاوە، بەڵام لە هەورامی دا نەگۆڕاوە. ئەوەیە کە نووسەری کرماشانی م. یاقوتی دبێژێ: هەورامان ئێستاش بە زمانی مادی دەپەیڤن.
دووهەم، بەمجۆرە دڵنیا دەبین کە زاراوەکانی زمانی کوردی وەک وەچەی رەسەنی زمانی مادی ـ ئەڤێستایی، تا ئێستاش دەنگی "ل"یان بەتەواوی وەرنەگرتووە. تەنیا لە تازەترین زاراوە، یانی لە سۆرانی دایە کە پیتی "لە" بووە بە ئەلترناتیڤی سەرەکی. ئەم وشەیە نزیکترین زاراوەکان لە زمانی ئەڤێستایی دیاری دەکا: هەورامی، گۆرانی، لەکی.

چەند چاوگ و وشەی ئەڤێستایی:
زان: رەگی ئەڤێستایی "زانین" پێکدێنێ، "زان" لە بەردنووسی بێستوون دا دەبێ بە "دان". پورداود دبێژی: "زان هەر بەمانای دان و 'دانش' دێت، چونکە لە کوردی دا کە لەهجەیەکی ئێرانیە زانم لە جیاتی 'دانم' دێت." هەروەها دەڵێ: "هەر دوو وشەی "فرزانە" و "فرزانەک"ی پەهلەوی هەر لەم رەگەوە هاتوون و مانای زانست و زانایی دەگەیەنن." 
لێرەدا دەبێ بێژین کە رەگی "زان"ی ئەڤێستایی لە زمانی کوردی دا وەک خۆی ماوەتەوە و وشەی "فەرزانە"ش فۆرمی شێوێندراوی وشەی "فرەزان"ی کوردی یە. 
وشەی ئەڤێستایی "هۆزانتۆ" کە لە کرمانجی دا دەبێ بە هۆزان، لە گاتاکان، لە بەندی ٥ یەسنای ٤٦ و هەروەها لە بەندی ٥ی یەسنای ٤٩دا هاتووە. ئەم وشەیە لە دوو بەش پێکدێت: هڤە/هۆ بەمانای چاک+ زان کە رەگی زانین پێکدێنێ. لەسەر یەک دەبێ بە چاکزان. بەڵام ئەم وشە ئێستا لە کرمانجی دا بەمانای زانا و شاعیر بەکاردێت.

دا: "دا" رەگی دان/داین، بەخشین، داهێنان، بەدیهێنان و ... پێکدێنێت. وەک کریستیان بارتۆلۆمە دبێژێ: "وشەکانی دە، دی، دەدا، دەژا، داد، داژ، دان، دەهیا، دەتۆش، دەژۆش، دائیتی، دایە، داتە و هەموو لەم ڕەگەوە دێن". هەروەها داتار/داڎار بە مانای بەدیهێنەر/کریاتۆر. هەمتر به‌ڎا/به‌گا و ده‌ڎا و ئەڎا سێ ناوی خودا لە زمانی مادی دا هەر لەم رەگەوە دێن. جگە لەمەش "خودا/هودا" و "دوژدا" وەک دوو تێرمی دژ بە یەک. خودا/هودا: هو+دا. هو/خو یانی باش/چاک، لەسەریەک یانی داتاری باش. لە بناغەدا "ڤەنگهو داتار" بووە. هەر بەمپێیەش دوژدا یانی بەدیهێنەری خراپ، بەدئەندێش. 
هەر لە رەگی "دا"وە لە زمانی کوردی نوێ دا چەندین چاوگی وەک داین، داهێنان، داڕشتن، دامەزراندن و ... مان هەیە. هەر لە زمانی ئەڤێستادا فرە داتە یانی فرە پێدان؛ ڤێ داتە: یانی بەخشین، دابەشکردن؛ ڤەدات: بە دوو مانا، بەخشینی چاک، یاسای چاک. 
لە ئەڤێستا پرۆسەی بەدیهاتن لە ڕەگی "دا"وە بریتییە لە سێ قۆناغ: یەکەم، بەدیهاتنی شتە سرووشتیەکان وەک کات، شوێن، روناکی، تاریکی، ئاسمان و هتد. لە ئەڤێستادا ئەم شتانە بە خۆداتە{خۆکرد} باس دەکرێن. دووهەم، جیهانی مادی و ئەو شتانە کە بۆ مرۆڤ بەسوودن وەک خۆر و هەرد و ئاگر و... ئەمانە بە مەزدا داتە{مەزدا کرد} وەسف دەکرێن. وشەی کوردی "مەزات" بەمانای هەڕاج دەبێ هەر لەم شتەوە هاتبێ. سێهەم بوونەوەرانی دزێو و زیان بەخش وەک مێش، کولە، سەرما، زۆستان، مەرگ و نەخۆشی و... ئەمانە بە دێوداتە{دێوکرد} وەسف دەکرێن. 

دۆژ: دوژدەئینا: یانی دژە دین، بەد دین. دوژ ژیاتی: بەد ژین. دوژی یارە: ساڵی دژوار. {وەک دیارە وشەی "یارyear/jahr/"ی ئاڵمانی و ئینگلیسی دەگەڕێنەوە سەر ئەم وشە ئەڤێستاییە}. شایانی باسە کە پێشگری "دوژ" ئەگەرچی نەختێ سواوە بەڵام لە زمانی کوردی ئێستادا هەر هەمان رۆڵ دەگێڕێ. وەک دژوێن، دژبەر، دوژمن، دژلەوەڕ، دژوار، دژایەتی و ... بەڵام لە زمانی فارسی دا بووە بە "دش".   
ژی: "ژی" بەمانای ژیان، لە یەسنای ٣٩ بەندی یەک دا بەشێوەی "ژی شەنتی" هاتووە. لە زمانی پەهلەوی دا دەبێ بە ژیڤیستەن. هەروەها "ژڤا" کە لە بەندی حەوتی یەسنای ٤٥دا هاتووە، بەمانای زیندوو دێت. لە بەردنووسەکان و لە زاری هەورامی دا دەبێ بە ژیڤا. لە پەهلەوی دا دەبێ بە زیڤەندەک. لە سۆرانی دا: زیندوو؛ لە فارسی دا زندە. 
لە رەگی "ژی" ئەڤێستایی، لە زمانی کوردی نوێدا دەیان وشەی وەکوو ژی، ژین، ژیان، ژیوا، ژینا، ژیوار، ژیار، ژووژانەوە، ژیانەوە، بووژانەوە، ڤەژین و ... هەیە.
 هەر لەم رەگەوە لە ئەڤێستا دا "ژەن و ژنا" بە مانای ژن دێت، یانی سەرچاوە و بەدیهێنەری ژیان. {زام یەشت، بەندی ٨١} لە فارسی دا رەگی "ژی" دەبێ بە "زی": زندگی. هەر لە ئەڤێستادا بە پێوەنددانی ئە+ژی، وشه‌ی "ئەژی" دروست دەبێ، بەمانای دژی ژیان، هەروەها بەمانای مار و ئەژدیها، بوونەوەرێکی ژەهرین کە ژینلەبەران دەمرێنێ. وشەی ئەژی لە کوردی نوێ دا له‌ لایه‌ك ده‌بێ به‌ حه‌ژیا و له‌لایه‌ك دەبێ بە دژ/دژی. 
بیر: ڤیرە/ڤەیریە/ئەڤێستایی، هۆش/هوڤیرە/بەهۆش، ڤیرە لە کەلهوڕی دا دەبێ بە ویر، هویر، هویرشه‌. لە سۆرانی و کرمانجی دا دەبێ بە بیر.
پورداود بۆ ئەوە کە وشەی ویر لە فارسی دا بدۆزێتەوە هانا بۆ ئەدەبی فارسی سەدەی چوار و پێنجی کۆچی دەبا و لە ناسر خوسرەو خۆراسانی نموونەیەک دێنێتەوە! ئەڵبەت تا ئەوکات لە دەڤەری خۆراسان هێشتا زمانی کوردی زمانی ئاخاڤتن بووە:
زین بد کنش حژر کن و زین پس دروغ او             می نوش اگر بهوش و بصیری و تیز ویر
{یاداشتهای گاتها ١٢٥}

کر: رەگی ئەڤێستایی کردن: کریات، یەسنای ١٩، بەندی ١٥. هەروەها چەندین وشەی وەکوو کرد و کار، کردار. کردگار: بەمانای سوژە/بکەر/بەدیهێنەر. بەرکرد: بەمانای ئوبژە/بەرکار. هەروەها وشەکانی "کریەیشن، کریاتور و کریاتیڤ"ی ئاڵمانی ئینگلیسی هەر لەم رەگەوە سەرچاوە دەگرن.
ڤین: کرمانجی/ڤین، پەهلەوی و گۆرانی: وێن، سۆرانی/فارسی/بین. 
ڤەز: لە رەگی "ڤەز"ی ئەڤێستایی بەمانای بزووتن چەندین ناو و چاوگی وەک وزە، بزاڤ، بزۆز، بزێو، بزاوت، بزووتن و هتدی لێ بەدیهاتووە.
وەرز: وەرزنە: وەرزێران، وەرزیتەن/پەهلەوی، یانی وەرزدانی زەوی، وەردکردن و کێڵانی خاک و زەوی؛ واستەرە/ئەڤێستایی، یانی مەزرا، وەرزیتار/پەهلەوی: یانی جوتیار. لە سۆرانی دا: دەبی بە وەرزیر، فارسی: بەرزگر. وەک دەبینین ناوی بکەری وەرزێر بەمانای جوتێر لە سۆرانی دا هەر لەم رەگەوە هاتووە.
مەزن: مەز/مەزنیگە/ مەزەنتە، بەمانای گەورە، لە یەسنای ٣٧، لە بەندی دوو دا هاتووە. هەروەها لە یەسنای ٢٩، بەندی ١١دا.
مر:  وشەکانی مەرڎ/marth و مەرتیە/martya ی ئەڤێستایی هەر لە ڕەگی "مر" پێکهاتوون. وشەی مەرتیە لە کوردی نوێ دا دەبێ بە مرۆ/مرۆڤ/مەرد، یانی بوونەوەرێکی بمر کە رۆژێک دەمرێت. هەروەها وێدەچی ناوی عەرەبی عومەر لە پێش دا هومەرت بووە، بەمانای مرۆڤی هێژا. 
دوو وشەی یۆنانی و لاتینی moros  و morior هەر لەم رەگەوە دێن. هەروەها چەندین وشەی ئاڵمانی و ئینگلیسی وەک martyerer, mord, morder بەمانای شەهید، کوشتن و بکوژ هەر لەم رەگەوە دێن. هەروەها وشەی فارسی "مەردم" و وشەی "مار"یش هەر لەم رەگەوە دێن. مار یانی خشۆکی ژەهرینی مرێنەر. هەروەتر وشەی "مەرەنچ" بەمانای مراندن و وێران کردن دێت.

سەرنجێکی کورت لە زاراوەکانی ئێستای زمانی کوردی 
 بە نه‌ختێ تێڕامان و قووڵبوونەوە لەمەڕ زمانی کوردی دەتوانین بێژین:
 یەکەم، زمانی کوردی ئێستا کۆنترین و ڕەسەنترین زمانی ئاری یە کە لە رێگەی زمانی پەهلەوی/گۆرانییەوە دەگاتەوە زمانی مادی/ئەڤێستایی.
 دووهەم، زمانی کوردی زمانێکی فرە زاراوەیە، زمانێکی ئێجگار هەراو و کەڵەگەت کە وزە و پۆتانسیەلێکی هەرە مەزنی هەیە بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن. رەنگە لە هەموو دنیادا هیچ زمانێک بەقەد زمانی کوردی فرە زاراوە نەبێت. چەندین زاراوەی وەک کرمانجی، زازایی، سۆرانی، گۆرانی، هەورامی، کەلهوڕی، لەکی و لۆڕی زاراوە سەرەکییەکانی زمانی کوردی پێکدێنن، کە ئەمانەش بۆ خۆیان چەندین بن زاراوەی تریان لێ دەبێتەوە. لە خوارووترین زاراوە تا سەرووترین زاراوە جیاوازی هێندە بەرینە کە فرە جار ئاخێوەران لە یەکتر تێ ناگەن.  جیاوازی زاراوەکان هەر تەنیا لە وشەکان دا نییە، بەڵکوو لە شێوازی گرامر، سینتاکس و فۆنۆلۆژیش دایە. بۆ وێنە لە هەورامی و گۆرانی دا دوو دەنگ/فۆنیمی "ڎ" و "نگng/" هەن کە لە زاراوەکانی تردا نین. یان لە زاراوەی کەلهوڕی دا دەنگی "ۊ/ “Üهەیە کە لە زاراوەکانی تردا نییە. یان دەنگی "ڤ" پتر لە کرمانجی و لەکی دا هەیە.
هەروەها لە گرامردا لە زۆربەی زاراوەکان دا بۆ وێنە دەڵێن: چوار کەس کوژران، بەڵام لە کرمانجی دا دەڵێن: چوار کەس هاتنە کوشتن. جگە لەمەش، لە فۆرمی کۆ کردنەوەی ناوەکان دا لەم چوار زاراوەیەدا بە چوار شێوەی جیاوازی هەیە:
هەورامی : ناو+ ا/کا= کوڕ+ا/کا= کوڕا/ کوڕەکا.
کەلهوڕی: ناو+ ـەیل= میوانەیل/ شەوەیل.
سۆرانی: ناو+کان/ان، وەک: میوانەکان، یان میوانان.
کرمانجی: ناو+ ێن. میوانێن، هەڤالێن.
هەروەها لەمەڕ دروستکردنی ناوی بکەر لە دوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی دا بەمجۆرەیە:
سۆرانی رەگی ڤێرب+ـەر، وەک نووسەر، خوێنەر.  
کرمانجی: هەندێ جار رەگ +کار، وەک نفیسکار، هەسنکار، زۆر جاریش رەگ+ ڤان، وەک شەڕڤان، ئاگرڤان. کە ئەمەیان هەر هەمان فۆرمی ئەڤێستایی یە. 
جگە لەمەش لە سێ زاراوەی هەورامی، زازایی و کرمانجی دا، شێوەی بەکارهێنانی ناوەکان، وەک زمانی مادی ئەڤێستایی یاسای نێر و مێ رەچاو دەکرێ کە لە زاراوەکانی سۆرانی و کەلهوڕی دا ڕۆڵی نەماوە.

درێژەی هەیە