12:22 - 17/03/2019
زۆرینەی هەوڵەكان لەئەمریكای باشوور و سەركەوتووترینیشیان لەوڵاتە عەرەبییەكان بووە
هەوڵەكانی تیرۆركردنی سەركردەكان لەجیهاندا رۆڵێكی گەورەیان هەیە، لەكودەتاكردن بەسەر دەسەڵاتو گۆڕینی ئاراستەی مێژوویی.
هەوڵەكانی تیرۆركردنی سەركردەكان، لەلایەن نەیارانی دەسەڵاتو دەزگا هەواڵگریو رێكخراوە نهێنییە نێودەوڵەكان ئەنجامدەدرێت، ئەوەش وەك كۆتا رێگە بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی سەركردەیەك، یان كۆتایی پێهێنانی.
هەرچەندە هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەكان لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان زۆرن، كە بەشێك لەهەوڵەكان بەپلانی نهێنیو هەوڵی تۆكمەش ئەنجامدراون، بەڵام سەرجەمیان سەركەوتوو نەبوون.
لەهەندێك هەوڵی تیرۆركردنی سەركردەكان بەخت "چانس" رۆڵێكی گەورەی هەبووە، لەدوای بەختیش هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی پاسەوانەكان بۆ كەسانی هێرش بەر، كە ئەمە وای كردووە، چەندین سەركردەی جیهانی لەهەوڵەكانی كوشتن رزگاریان ببێت.
ئەگەر ئامارێكی هەوڵەكانی كوشتنی سەركردەكانی جیهان وەربگیرێت، ئەوە گۆڕەپانی سیاسی وڵاتانی ئەمریكای باشوور زۆرترین هەوڵی تێدا ئەنجامدراوە بۆ كوشتنی سەركردەی وڵاتانو زۆرترین هەوڵە سەركەوتووەكانیش لەوڵاتانی عەرەبی بووە.
ڤیدڵ كاسترۆ ژمارەیەكی قورس
ڤیدڵ كاسترۆ، كە بە یەكێك لە "نیشانە"كانی شۆڕشی كوبا دادەنرێت، لەو سەرۆكانەی جیهان بوو زۆرترین هەوڵی تیرۆركردنی دراوە، كە هەوڵەكانیش رێگەی جیاواز بوون، بەڵام سەرجەمیان شكستیهێناوە.
كاسترۆ بەفەرمی وەك یەكەم سەركردەی جیهان ناوی چووەتە كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان بەوەی زۆرترین هەوڵی كوشتنی دراوە، ئەوەش 638 جار هەوڵی تیرۆركردن بووە لەدوای ئەوەی لەساڵی 1959 دەسەڵاتی لەكوبا گرتە دەست.
دەسەڵاتە جیاوازەكانی ئەمریكا تۆمەتبارن بەزۆرترین هەوڵ بۆ كوشتنی ئەو سەركردەیەی كوبا، كە لەو پێناوەشدا چەندین رێگە گیراوەتە بەر، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، كە یەكێك لەرێگەكان، هەوڵی ژەهراویكردنی بوو، كاتێك لەساڵی 1960 لەرێگەی ئامادەكردنی پاكەتێك جگەرەی "كۆهیبا" هەوڵی تیرۆركردنی درا، بەڵام هەوڵەكە شكستیهێنا.
هەوڵێكی تر لەرێگەی دانانی تەقەمەنیو بۆمب بوو لەناو ئەو مەلەوانگەی كاسترۆ مەلەی تێدا دەكرد، بەڵام جارێكی تریش ئەو هەوڵە شكستیهێناو ناوبراو بەسەلامەتی دەرچوو.
فەنزوێلا.. كەسایەتی جیاوازو یەك ئامانج
هۆگۆ چافێزی سەرۆكی پێشووی فەنزوێلا سێ جار هەوڵی تیرۆكردنی دراوە، دیارترینیان هەوڵی ڕفاندنی بوو لە ساڵی 2002، كە بۆ ماوەی دوو رۆژ لەلایەن گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات لەو وڵاتە رفێنرا، بەڵام دواتر بەهۆی خۆیشاندانو پشتگیری جەماوەری لەماوەی 48 سەعات ئازادیان كردو گەڕایەوە بۆ دەسەڵات.
چاڤێز لەساڵی 2006شدا لەهەوڵێكی تری تیرۆركردن لەنیۆیۆركی ئەمریكا رزگاری بوو، دوای ئەوەی چووە ئەو وڵاتەو تیشكێكی زۆر لەسەر ئەو كورسییە دانرابوو بۆی، كە بریار بوو لەسەری دابنیشێت، ئەوەش لەكۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
دوا هەوڵ-یش بۆ تیرۆركردنی لەساڵی 2010 بوو، كاتێك كەسێكی كوبی دەستگیر كراو دانی بەوەدانا نێردراوە بۆ تیرۆركردنی، كە تائێستا وردەكاری ئەو هەوڵە بەنهێنی ماوەتەوە.
نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی ئێستای فەنزوێلاش یەكێكە لەو سەركانەی زۆرترین هەوڵی كوشتنی دراوە، كە ئەوانیش 16 هەوڵ بوون، بۆ ئەوەش ئەمەریكا و كۆلۆمبیا تۆمەتبار كران بەهەوڵەكان.
یەكێك لەهەوڵەكان لەساڵی 2014 بوو، ئەوەش دوای تەنیا 14 رۆژ لەگرتنە دەستی دەسەڵات، كە گروپێك دزەیان كردبووە ناو كۆشكەكەی بۆ كوشتی، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، لەساڵی 2018 دواین هەوڵی كوشتنی درا، ئەوەش لەرێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، كە تەقینەوەیان هەڵگرتبوو، لەوكاتەی لەئاهەنگێكی سەربازی وتاری دەخوێندەوە.
پۆلیڤیا
ئیڤۆ مۆرالیس سەرۆكی پۆلیڤیا، یەكێكە لەو سەرۆكانەی جیهان چەندین جار هەوڵی تیرۆركردنی دراوە، بەڵام دیارترین ساڵەكانی 2008 و 2009 و 2013 بووە، بەڵام لەسەرجەم هەوڵەكان رزگاری بووە.
جیهانی عەرەبیو دیارترین هەوڵە سەركەوتووەكانی تیرۆركردن
گۆڕانكاریكردن لەدەسەڵات لەعێراق پاش هەوڵێكی تیرۆكردن بوو لەسەردەمی پاشایی لەساڵی 1953، كە لەو هەوڵەدا پاشای عێراق مەلیك فەیسەڵی دووەمو بەشێك لەئەندامانی خانەوادەكەی لەكۆشكی ریحابی پاشایەتی لەبەغدا كوژرانو دواتر "عهبدولكهریم قاسم و سهلام عارف رووخانی رژێمی پاشاییان راگەیاندو دەسەڵاتی كۆمارییان راگەیاند.
هەروەها لەشانشینی ئوردنی هاشم-یش لە 20 تەموزی ساڵی 1951 پرۆسەیەكی تیرۆركردنی تێدا ئەنجامدراو تێدا دامەزرێنەرەی شانشینەكە "عبدالله بن الحسین" كوژرا، ئەوەش لەكاتی ئامادەبوونی بوو لەنوێژی هەینی لەمزگەوتی "ئەقصا".
تیرۆركردنەكە لەلایەن كەسێكی فەلەستینی بەناوی مستەفا شوكری سێ فیشەكی بە سەرییەوە ناو هەر لەوێدا گیانی لەدەستدا.
شانشینی سعودییەش بەدەرنییە لەهەوڵەكانی تیرۆركردنو لەساڵی 1975 یەكەم پرۆسەی تیرۆركردنی بەخۆوە بینی شا "فەیصەلی بن عبد العزیز" تیرۆكرا، كە دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی وڵاتەكە شازادە "فەیصەل بن مساعد"یان تۆمەتبار كرد بەوەی فیشەكی ئاراستەی پاشا كردووەو كوشتوویەتی.
هەرچی میسرە لەپرۆسەی تیرۆری سەركردەكان بێبەش نەبووەو لە نمایشێكی سەربازی لەساڵی 1981، ئەنوەر سادات كرایە ئامانج، ئەوەش لەلایەن سەربازێك بەناوی خالد ئیسلامبول، هەروەها لەلوبنانیش بەهەمان شێوە چەندین پرۆسەی تیرۆركردنی تێدا ئەنجامدراوە دیارترینیش پرۆسەی تیرۆركردنی "ریاز سوڵح" لەساڵی 1951، معروف سەعد لەساڵی 1975، كامل جنبلات لەساڵی 1977، تۆنی فرنجیە لەساڵی 1978، رەشید كرامە لەساڵی 1987، رەفیق حەریری لەساڵی 2005، جۆرج حاویو چەند هەوڵێكی تر.