04:25 - 14/03/2019
لەپەنای بینا بەرزو جوانەكانی وڵاتاندا زیندانێك هەیە مەترسیدار
هەر بەناوهێنانی زیندان مرۆڤ گیانی دادەگیرێت و یەكسەر دەكەوێتە بیری چوارچێوەیەكی سنورداركرداو، كەوتنە نێو ژینگەیەكی دابڕاو، ژینگەیەكی پڕ لە ترس و هەراسانكاریی، ئەگەر ئەوە رەوشتی گشتی زیندانەكان بێت، دەبێت لەنێو هەموو زیندانەكانی دونیادا ژمارەیەك جیابكرێـتەوە پێیان بگوترێت مەترسیدارترین، پێدەچێت ئەوەندە مەترسیداربن كە پێوەرە ئاساییەكانیان تێپەڕاندبێت، لەم راپۆرتەدا بەكورتی هەندێك لە مەترسیدارترین زیندانەكانی دونیاتان پێدەناسێنین.
زیندانی گیتامارا Gitarama Prison:
یەكێك لە مەترسیدارترین زیندانەكانی دونیا دەكەوێتە وڵاتی تایلەنەدەوەو بە گیتامارا بەناوبانگە، ئەو زیندانە ئەوەندە مەترسیدارە پێی دەگوترێت( دۆزەخی سەر زەوی)، بەپێی ئەو قسەوباسانەی لەبارەی ئەو زیندانەوە دەكرێت دەستەواژەی (دۆزەخ)زۆر لەباەگونجاوە بۆی، زیندانەكە توانای كۆنترۆڵكدرنی 500 كەسی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا 6 هەزار كەسی تێدا زیندانی دەكرێت.
سەرەڕای قەرەباڵغی و جەنجاڵی زیندان كە بۆ خۆی مایەی ناخۆشی و دڵگرانی و تەنگەنەفەس بوونە، بەڵام لەهەموو شت ناخۆشتر ئەوەیە شوێنی دانیشتن یان پاڵكەوتنی نیە، زیندانیان هەموویان بە پێوە دەوەستن ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ زۆر بەخێرایی ماندوو ببێت و بڕوخێت، پێیەكان تووشی هەوكردن و برین ببن و لەوێشەوە جۆرەها نەخۆشی دیكەی وەك فەقەرات و جۆرەها هەوكردنی دیكە، هەندێكجار بۆ ئەوەی زیندانی لەو دۆخە ناخۆشە دەربازی ببێت، پێەكانی دەبڕنەوەو ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی جێگەیەكی لەوە باشتری بدەنێ، لانی كەم بتوانێـت پاڵ بكەوێت یان دابنیشێت.
زیندانی كاراندیرۆ Carandiru
بۆ ئەوەی لە مەترسیەكانی زیندانی كاراندیرۆ تێبگەین دەبێت بچینەوە بۆ یەكێك لەو روداوانەی كە لە ساڵی 1992 رویداوە بووە هۆی كوژرانی 111 كەس، هەرچەندە بە درێژایی ئەو ماوەیە تا ئێستەش وەڵامێكی گونجاو نەدراوە بەدەستەوە، تا ئێستە ن بەرپرسانی زیندان و نە لایەنی پەیوەندیدار رونكردنەویەكیان لەوبارەوە نەداوە، فەرمانڕوایانی بەرازیل تا ئێستە قایل نەبوون بە پێدانی زانیاری بە هیچ كەس و لایەنێك، نەك هەر روداوەكەی ساڵی 1992 بەڵكو بەردەوام شەڕو شۆڕی گەورەی لەزیندانەكەدا روودەدات و دەبێتە هۆی كوژران و برینداربوونی دەیان كەس، باس لەوە دەكرێت ئەو زیندانەی بەرازیل زیاتر لە 5 هەزار كەسی تێدایە، بەپێی راپۆرتە پزیشكیەكان نەخۆشی ئایدز لەناو زیندانەكەدا هەیەو بە یەكێك لە كێشە گەورەكانی ئەو زیندانە دادەنرێت.
زیندانی بانگ کوانگ، تایلەند Bang Kwang prison
زیندانی بانك كوانگی تایلەندی بە یەكێك لە زیندانە مەترسیدارەكانی جیهان دیچتە ئەژمار، هەرچەندە لە تایلەند بەناوی هوتێلەوە بەناوبانگە بەڵام هیچ شتێكی ئەو زیندانە لە ئوتێل ناچێت، یەكێك لە مەترسیەكانی ئەوەیە كە رۆژانە زیندانی ئەشكەنجە دەدرێت، ئەشكەنجەی ئەو زیندانە بووەتە رۆتینێكی رۆژانە، لەگەڵ ئەوەشدا ژورەكانی زۆر بچكۆلەو تەنگن، ئەوانەی دەچنە ئەو زیندانە بۆ ماوەی سێ مانگ قاچیان تەوقی تێدەكرێت و بە كەلەبچەوە دەسوڕێنەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەنجامدانی كارە گرانەكانی زیندانیەكان هێشتا ئەو تەوقانە هەر بەپێیانەوە دەبێت، باشترین خۆراكیان یەك ژەمەیە لە شەو رۆژێكدا و تەنها برنجە بەڕووتی، هەر بۆیە زیندانیەكان ناچارن بە پارەی خۆیان خواردن بۆ خۆیان دابین بكەن، هەر ئەم خاڵە بەسە بۆ ئەوەی زیندانیەكان بیكەن بەشەڕو خوێن رێژیی.
زیندانی لاسابانیتا لە فەنزوێلا Lasabanita Prison
ئەم زیندانەی فەنزوێلا بە خراپترین زیندانەكانی دونیا و خوێناوی ترین زیندانەكان دێتە ئەژمار، لەنێو ئەمەریكادا ناوو ناوبانگی ئەم زیندانە زۆر خراپە، ئەوانەی بۆ یەكجار چووبنە نێو ئەو زیندانەوە بەهیچ شێوەیەك بیرلەوەناكانەوە جارێكی دیكە بچنەوە نێو ئەو دۆزەخە، نەخۆش و بریندارێكی زۆری لێیەو بە هیچ شێوەیەك چارەسەری پزیشكییان بۆ ئەنجام نادریـت، نەخۆشیە پەتاییەكان زۆر بەخێرایی بڵاو دەبنەوە، زۆرینەی زیندانیەكان لانی كەم چەقۆیەكیان پێیە، ئەوانەی تر چەك دەبەنە ناوزیندان یان بەڕێگەی دیكە بۆیان دەبرێتە ژوورەوە، هەر بۆیە جەنگی خوێناوی گەورە لەنێو زیندانیەكان هەڵدەگیرسێت، توانای زیندانەكە بۆ 15 هەزار كەسە، بەڵام لە ئێستەدا 25 هەزار كەسی تێدایە، تەنها لەیەك شەڕی ساڵی 2014 دا 196 كەس كوژران و 624 كەسیش بریندار بوون.
زیندانی دیاربەكری توركیا Diyarbakır
زیندانی دیاربەكر لە ساڵی 1980 لە شاری (ئامەد)ی باكووری كوردستان دروستكراوە، كوردەكان پێی دەڵێن حەپسی ئامەد، لەو زیندانەدا تاوانبارانی مەترسیدار زیندانی دەكرێن، بەپێی تاوانەكانی زیندانیەكان شوێنەكانیان بۆ جیادەكرێتەوە، زیندانەكە ئەمنیەتی (ئاسایش)ییە، ئەوانەی كە چوونەتە ئەو زیندانەوە باس لەوە دەكەن هەرچی شت هەیە لەو زیندانەدا هەیە جگە لە مرۆڤایەتی و كەرامەتی مرۆڤ بوون،هەندێك باس لەوە دەكەن بۆ ئەوەی وێنای زیندانەكە بكرێت دەبێت بەراورد بكرێت بە (ئۆردوگای ئاشویتس)ی نازیەكان، بەپێی ئامارە فەرمیەكان لە ساڵی 1980 تا 1982 ، 52 كەس لەژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە، زیندانیان لەلایەن سەگی پەروەردەكراوی تایبەتەوە ئەشكەنجە دەردێن، لەوزیندانەدا دەیان كەسی ناوداری باكوورو هونەرمەند و رۆژنامەنووس و خەڵكی دیار زیندانی كراون، زیندانیەكان ناوی سەرۆكی زیندانەكەیان لە (ئەسعەدیەلدرم) ەوە گۆڕییوە بۆ (ئەسعەد جەلاد).
ئۆردوگای ژمارە 22 كۆریای باشوور Camp 22
ناوی تەواوی ئەم زیندانە (كوان لی سوو 22)ە، هەرچی ناوەرۆكی تەواوی ئەو زیندانەیە بەتەواوی شاراوەو نادیارە، یەكێك لە ترسناكترین كارەكانی ئەم زیندانە ئەوەیە خێزان و خانەوادەی تاوانبارەكانیش زیندانی دەكرێن. لە ئێستەدا تەنها 5 هەزار كەسی تێدا دەژین.
لەم زیندانەدا ئەوەندە پارێزكاری ئاسایشی بۆ دانراوەو ئەوەندە سەخگیری دەكەن هیچ كەس ناتوانێت بەسەلامەتی بێتە دەرەوە، ساڵی 1960 دروستكراوە، لە 1980 تا 1990 پەرەی سەندووە، رووبەری زیندانەكە 225 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ئەو ئۆردوگایە بە كارەبای 3300 ڤۆڵتی و سیم و تەلی دڕكاوی زۆر بەرز دەورەی گیراوە هەربۆیە ناكرێت هیچ كەسێك لێی دەرباز بێت.
زیندانی دورگەكانی ئایزلەندا Racquet Island Island Prison
ئەم زیندانە دوورگەییە پێكهاتووە لە 10 زیندان بۆ 12 هەزار كەس دروستكراوە بەڵام لە ئێستەدا 17 هەزار كەسی تێدایە، لەم زیندانەدا ئەشكەنجەو كوشتن و سوكایەتی لەلایەن پاسەوان و چاودێرەكانەوە رێگەپێدراوە، یەكێك لە دیاردە ترسناكەكانی ئەم زیندانە ئەوەیە هۆڵێكی وەرزشی و كێبەكێ یان دروست كردووە بۆ ئەوەی زیندانیەكانی تێدا بەشەڕ بدەن و یەكتری بكوژن، لەو هۆڵەدا بەكارهێنانی دار (كوتەك) ئازادەو دوو زیندانی بە دیارچاوی ئەوانی ترەوە دەكرێنە نێو قەفەزێك و بە تێڵا دێن بە سەرو گوێی یەكدا و دەبێت یەكێكیان ئەوی دیكە بكوژێت. لەم ساڵانەی دواییدا چەندین راپۆرتی مەترسیدار لەبارەی چادوێرەكانی زیندانەوە بڵاو كرایەوە، زیندانەكە ئەوەندە ترسناكە كە هیچ كەسێك هەست بە ئارامی ناكات و كەسێك نیە نەچووبێتە ناو گروپێكەوە تا پارێزگاری لێبكات ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گروپەكانیش لەبەردەم مەترسی هێرشی لەخۆیان بە هێزتردان.
زیندانی لاسانتە ی فەرەنسا la Prison de la Sante
لەنێو شاری پاریسی پایتەختی فەرەنساو چەند كیلۆمەترێك لە نزیك رووباری (سن)ەوە ئەو زیندانە لە ساڵی 1867 دروست كراوە، هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە ئەشكەنجەو ئازاری زۆری تیداكراوە، لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا جێگەی زیندانكردنی ئەسیرەكانی جەنگ بووە، دیوارەكانی ئەوەندە ئەمنی دروستكراون لەساڵی دروست كردنیەوە تا ئێستە تەنها 3 كەس توانیویانە لێوەی رابكەن، جێگەی 500 زیندانی دەبێتەوە بەڵام لە ئێستەدا 1900 كەسی تێدایە ژوورەكانی تەنها 3 مەتر رووبەریانە، 14 بەشی جیاوازی تێدا كراوەتەوە.
شارەزایان باس لەوە دەكەن بوونی ئەو زیندانە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو شارستانیەتەی فەرەنسا بانگەشەی بۆ دەكات و پێچەوانەشە لەگەڵ ئەوەی پاریس پایتەختی ئاشتی بێت.
دۆلفینی رەش لە روسیا Black dolphin prison
ئەگەر وشەی زیندان بە شێوەیەكی گشتی مەترسیدار بێت، ئەوا هەندێك لەو زیندانانە جیادەكرێنەوەو بە مەترسیدارتر دەناسرێن، یەكێك لەو زیندانانە (دۆڵفینی ڕەش)ی روسیایە، ناوی دۆڵفینی رەش ناوە باوەكەی زیندانەكەیەو لەو پەیكەرەوە وەرگیراوە كە دەكەوێتە نێو حەوشەی زیندانەكەوە، بە پێی وتەی شارەزایان ئەو زیندانە بەترسناكترن و تۆقێنەرترین زیندانەكانی دونیا دێتە ئەژمار، زیندانەكە سیستەمێكی پاسەوانی بەهێزی هەیە، لەبەر ئەوەی مەترسیدارترین تاوانبارەكانی تێدایە، ئەو كەسانە بكوژی مەترسیدار، بازرگانانی مادەی هۆشبەر، تیرۆرستە مەترسیدارەكان، خوێنڕێژ و مرۆڤی گەلێك ترسناكی تێدایەو بە پێی راپۆرتێكی ناشناڵ جوگرافیك، یەكێك لە زیندانیەكان گۆشتی مرۆڤ دەخوات.
یەكێك لەو سەربازانەی كە پاسەوانی زیندانەكە دەكات بە پلەی (عەریف) دەڵێت: هیچ كەسێك لەو زیندانە ناتوانێت بچێتە دەرەوە بە مردن نەبێت. یەكێك لەو كەسانەی لەناو زیندانی دۆڵفین دایە مەترسیدارترین كەسە بەناوی (نیكۆلۆف)، بە پێی گێڕانەوەكەی خۆی كەلە گۆتەیەكی ڤیدۆییدا دوردوكەێت بە پێكەنینەوە دەیگێڕێتەوە گوایە ئەو لەگەڵ یەكێك –كە هەردوكیان سەرخۆش بوون- دەبێتە شەڕیان و دوای ئەوەی بە زۆر دەیباتە حەمامی ماڵەكەی خۆی پارچەپارچەی دەكات و بەشێك لە جەستەی دەخوات، دوای ئەوە بە ئیسراحەت پارچە پارچەی دەكات و هەندێك لە رانەكەی دەكاتە ناو نایلۆن و بەناوی گۆشتی كەنگەرەوە دەینێرێت بۆ خێزانی هاوڕێیەكی تا بیكات بە خواردن، ئەویش خواردنی لێدروست دەكات و لەگەڵ منداڵەكانی دەیخۆن. ئەمە یەكێكە لە مەترسیدارترین كەسەكانی دونیا و لە زیندانی دۆڵفینی رەشدایە.
مرۆڤەكوژەكانی نێو ئەو زیندانە نزیكەی700 كەسن و بە هەموویان 3500 كەسیان كوشتووە كە هەرەیەكێك لەزیندانیەكان پێنج كەسیان بەردەكەوێت، لەلایەكی دیكەوە، ئەو كەسانەی دێنە ئەو زیندانەوە هەموویان زیندانی هەمیشەیین و بە هیچ شێوەیەك نایەنە دەرەوەو هیچ جۆرە لێبوردنێكیش نایانگرێتەوە، ئەوان بەبەردەوامی و شەووڕۆژ لە ژێر چاودێری كامێرای پێشكەوتوودان.
سەگی راهێنراوی گەورە لەگەڵ پاسەوانەكان هەیە كە سەگی راهێنراوی زۆر بەهێزو گەورەن و كێشیان دەگاتە 90 كیلۆو دوو مەتر درێژیانە، ئەو سەگانە زۆر تایبەتن و راهێنراون بۆ ئەو كارانەی كە پێیان سپێرراوە.
ئەوانەی شارەزای زیندانەكەن باس لەوە دەكەن بۆ دەست گەیشتن بە زیندانی كراوەكان دەبێت سێ دەرگای ئاسنی بەهێز ببڕیت، واتە سێ زیندان لەناو یەكدایەو كە پێكدێت لە ژوورێكی 4 بە 4 و شوێنی دوو كەسە پێكەوە، هەر كاتێكیش بۆ هەر بابەتێك زیندانیەك بهێنرێتە دەرەوەی ژوورەكەی جگە لە پاسەوانی و چاودێرییەكی وردو توند چاویان دەبەستن و دەستیان بۆ پشتەوە كەلەبچە دەكەن و سەریان شۆڕدەكەنەوە بۆ خوارەوە تا هیچ جێگەیەك نابیین. ئەوەش بۆ پاراستنی ئەمنیەتی زیندانەكە، تا زیندانی كراوەكان شێوەو قەبارەی زیندانەكان و لایەنە ئەندازەییەكەی شارەزا نەبن، جموجوڵی زیندانیەكان تەنها لەناو زیندانەكەدایەو بە هیچ شێوەیەك گۆڕەپانی نیە، ئەوان جاروبار دەبرێنە لای زیندانیەكانی تر، لەو كاتانەدا دەست بە پشكنینی ژوورەكانیان دەكرێت و بە دوای هەموو شتێكدا دەگەڕێن كە بە قاچاخ هێنرابێتە نێو زیندانەوە،لەبەر ئەوەی شوێنی وەرزشی تێدا نیە یەكێك لە یاساكانی زیندان ئەوەیە لەكاتی لەخەو هەستان تا كاتی خەوتن دەبێت لەناو زیندانەكەدا بجوڵێن، جگە لەكاتی نان خواردن لەنێو زینداندا كافتریای لێ نیەو، رۆژانە تەنها نان و شۆربای جۆراو جۆریان دەدەنێ..
لە ئێستەدا ژمارەی زیندانیان تەنها 700 كەسە، ئەوان مەترسیدارترین مرۆڤەكانی سەر زەوین، ئەو كەسانەی كە تازە دەچنە نێو زیندان دەست و چاویان دەبەسترێتەوەو ناشهێڵن بە هیچ شێوەیەك دابنیشن یان بحەوێنەوە، كەسیش بۆی نیە دەستیان بگرێت یان قسەی لەگەڵ بكرێت تا ئەو كاتەی بەڕێوەبەرانی زیندان رێگەی پێدەدەن. پاسەوانەكان هەموو پانزە خولەك جارێك سەردانی راڕەوەكان دەكەن و ژوورەكان بەسەر دەكەنەوە تا دڵنیا ببنەوە لەڕەوشەكە.
زیندانی دۆڵفینی رەش یەكەمجار لە ساڵی 1773 لە نزیك سنوورەكانی كازاخستان دروست كراوەو لە سەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی ژمارە یەكی مەترسیدارترین زیندانەكانی دونیایە..