ڕاپۆرتی جیهانی

09:23 - 14/03/2019

ئایا مێشکی پیاوان گەورەترە لە مێشکی ژنان؟‌

پەیسەر

نزیک بە تەواوی داهێنانە زانستییە گەورەکانی مێژوو لەلایەن پیاوانەوە بووە، ئۆتۆمبێل و فڕۆکە لەلایەن پیاوەوە دروستکراون، بۆمبی ئەتۆم هەر پیاو دروستی کرد، کارەبا، تەلەفون، کامێرا، چاپخانە و ... هەر هەمووی داهێنانی پیاون، ئەگەر سەیری لیستی خەڵاتەکانی نۆبڵ بکەین، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی خەڵاتەکانی نۆبڵیان لە بوارە زانستییەکاندا بە دەستهێناوە هەر پیاون، لە ئەدەب و هونەر و فەلسەفەشدا بە هەمان شێوە پیاوان زۆر لە پێش ژنانەوەن، لە ئایینیشدا هیچ پێغەمبەرێکی ژن نەبووە، ئایا هەموو ئەمانە بەس نین بۆ ئەوەی باوەڕ بکەین بەوەی پیاوان لە ژنان بە تواناتر و زیرەکترن؟ ئایا ئەمانە بەڵگە نین بۆ ئەوەی مێشکی پیاوان لە مێشکی ژنان گەورەترە بۆیە بە تواناترن؟

هەندێک کەس لەوەش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن هەر لەناو مرۆڤدا وانییە، بەڵکو لەناو هەموو گیانلەبەرانی دیکەشدا نێرەکان لە مێیەکان بە تواناترن، زۆربەی ئەو ژنانەی لەمێژوودا بەناوبانگن یان شاژنەکان بوون کە بەهۆی هاوسەرەکانیانەوە رۆڵیان پێدراوە، یان لە بواری ئەدەب و هونەردا کاریان کردووە، لە توێژینەوەیەکدا ئاماژە بە ٨٦٨ ژنی بەناوبانگ کراوە کە لەنێوان سەدەکانی حەوتەم بۆ نۆزدەیەمدا ژیاون، لەو ژمارەیە ناو و ناوبانگی ٣٣٧ کەسیان بەهۆی ئەدەب و هونەرەوە بووە، ئەو ژنانەی کە زیاتر ناسراون یان شاژن بوون یان خۆشەویستی پیاوە ناسراوەکانی مێژوو بوون، لە مێژووی ئایینەکاندا مریم بەهۆی ئەوەی دایکی عیسا بووە کەسێکی ناسراوە، لە مێژووی ئیسلامدا خەدیجە و عایشە بەهۆی ئەوەی ژنی پێغەمبەری ئیسلام بوون و فاتیمەش بەهۆی ئەوەی کچی پێغەمبەر و هاوسەری عەلی بووە ناسراون.

تا ئێستا هەموو شتێک لە بەرژەوەندی پیاواندایە، بەڵام بولدینگ و گۆردۆن چایڵد لەسەر ئەو باوەڕەن کە شۆڕشی کشتوکاڵ لەسەر دەستی ژنان ڕوویداوە، ئەوە ژنان بوون کە بۆ یەکەمجار فێربوون کە قاپ و گۆزە دروست بکەن، ڕستن و چنین و دروستکردنی جل و بەرگ و پۆشاکیش هەر داهێنانێکی ژنانە بوو، دروستکردنی ئاش هەر داهێنانێکی ژنانە بووە، لێرەدا رەنگە ئەو پرسیارە دروست بێت کە بۆچی زۆربەی داهێنانە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەلایەن ژنانەوە بووە، بەڵام داهێنانەکانی دواتر زۆربەیان لەلایەن پیاوانەوە بووە؟ ئایا ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە کە لە قۆناغی پێش پیاوسالاری ژنانیش داهێنەربوون، بەڵام لەو کاتەوە کە قۆناغی پیاوسالاری دەستی پێکردووە و ژنان پەراوێز کەوتوون پشکی ژنان لە داهێنانەکان کەم بووەتەوە؟ ئایا ئەمانە نامانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە توانای داهێنان و بەکارهێنانی مێشک ئەوەندەی پەیوەندی بە کلتور و دەسەڵات و ژینگەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانەوە نییە؟ بەو واتایەی ئەوە کلتوری پیاوسالارانە و دەسەڵات و ژینگەیە کە ڕێگربووە لەبەردەم پەروەردەکردن و پێگەیشتنی ژنان و بە پێچەوانەشەوە هەر ئەو کلتورە بووەتە هۆی ئەوەی پیاوان هەلی خۆپەروەردەکردنیان بۆ بڕخسێت.

لە زۆربەی ئایینەکان و کلتورەکاندا لە کۆنەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت جەخت لەسەر جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ژن و پیاو دەکرێتەوە و ئەم جیاوازییانەش کراونەتە پاساوێک بۆ ئەوەی جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا دروست بکرێت، هەندێک پیشە بە پیشەی پیاوانە دابنرێت و هەندێکیش بە ژنانە، کاتێکیش باس لە یەکسانی ژن و پیاو دەکرێت دەڵێن ژن و پیاو لە مافدا یەکسانن بەڵام لە ئەرکدا جیاوازن، ئەم ڕستەیەش بە وەڵامێکی زۆر شیاو دادەنێن بۆ ئەو کەسانەی باس لە یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکەن، بەڵام خۆیان لەو باسە نادەن کە ئەرک و پیشە جیاوازەکان هێز و دەسەڵاتی جیاواز دروست دەکەن و هێز و دەسەڵاتی جیاوازیش نا یەکسانی لێ دەکەوێتەوە.

زانست چی دەڵێت؟
چەند سەدەیەکە ئەم بابەتە زانستیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بەڵام لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو زۆرترین توێژینەوەی زانستی لەسەر جیاواییەکانی نێوان مێشکی ژن و پیاو کرا، بەڵام توێژینەوەکان ئەنجامی جیاوازیان لێکەوتەوە، بەپێی هەندێکیان مێشکی پیاوان کەمێک گەورەترە لە مێشکی ژنان بۆ نمونە مێشکی پیاوان نزیکەی ١٥٠ گرام لە مێشکی ژنان قورسترە، هەربۆیە هەندێک کەس ئەم جیاوازییەیان کردووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بڵێن توانای مێشکی پیاوان زیاترە لە هی ژنان.
هەندێک توێژینەوەی دیکەش باس لە جیاوازییەک دەکەن کە بریتییە لەوەی ئەو عەسەبانەی کە بەشی راست و چەپی مێشکی مرۆڤ پێکەوە گرێدەدەن و بە سی سی ناسراون لە ژناندا ئەستورترە لە هی پیاوان، هەندێک کەس ئەم جیاوازییەیان کردووەتە بنەمایەک بۆ ئەوەی تواناکانی مێشکی ژنان لە بەرامبەر پیاواندا بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا کە لە ڕۆژئاوا روانینێکی نەژادپەرستانە هەبوو بەرامبەر ڕەش پێستەکان و پێیانوابوو ڕەش پێشتەکان توانای مێشکیان لە سپی پێستەکان کەمترە، هەر لەو سەردەمەدا چەند توێژینەوەیەک کرا کە دەیسەلماند سی سی ڕەشپێستەکان لە هی سپی پێستەکان ئەستورترە، بۆ نمونە لە ساڵی  ١٩٠٦دا لە زانکۆی جۆن هۆپکینز توێژینەوەیەک کرا کە دەرەنجامەکەی ئەوەبوو کە سی سی رەشپێستەکان جیاوازە لە هی سپی پێستەکان، هەر ئەمەش بووە بنەمایەک بۆ ئەوەی بوترێت زانستیش پشتڕاستی دەکاتەوە رەشپێستەکان لاوازترن لە سپی پێستەکان، هەربۆیە لە ئێستاشدا هەندێک کەس پێیانوایە پرسی جیاوازی سی سی لەنیوان ژن و پیاودا بە هەمان شێوەی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لەلایەن کلتوری پیاوسالارییەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بڵێن کە توانای مێشکی ژنان لاوازترە لە هی پیاوان.

بەڵام لەم دوایانەدا هەندێک لە زانایان باسی ئەوە دەکەن بچووکتربوونی مێشکی ژنان  بەرامبەر بە پیاوان هیچ پەیوەندییەکی نییە بە ژنانەبوون و پیاوانەبوونەوە، بەڵکو لەناو پیاوانیشدا ئەو پیاوانەی جەستەی گەورەتریان هەیە مێشکیان گەورەترە لەوانەی جەستەیان بچوکترە، هەر بەبۆچوونی ئەو زانایانە ئەو جیاوازییە بچوکانە لەنێوان مێشکدا هیچ پەیوەندییەکی نییە بە توانای مێشکەوە.

سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئەگەر توانای مێشکی ژن و پیاو وەک یەک وایە و لە زانستدا شتێک نییە بەناوی مێشکی پیاوانە یان مێشکی ژنانە، ئەی کەواتە بۆچی زۆربەی داهێنانە گەورەکان داهێنانی پیاوانن؟ زۆربەی ئەو زانایە دەڵێن وەڵامی ئەو پرسیارە پەیوەندی بە ژینگە و پەروەردەوەیە، بۆ نمونە نیوسەدە بەر لە ئێستا زۆر ئەستەم بوو ئەگەر لەسەدا ٢٠ی ئەندازیارەکانی بریتانیا ژن بوایەن، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان رەخساوە ئەمە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی لە کۆمەڵگای بریتانیادا، هەربۆیە هەرچی زیاتر کلتوری پیاوسالاری لاوازبێت و دەرفەت زیاتر بدرێت بە تواناسازی ژنان ئەوا رێژەی ئەو ژنانە زیاتر دەبێت کە لە هەموو بوارە زانستییەکاندا شانبەشانی پیاوان پێش دەکەون.