ڕاپۆرتی جیهانی

02:52 - 13/03/2019

ئەو شاژنەی بەهۆی گەندەڵی مێردەكەیەوە دەسبەرداری عەرشی میسر بوو‌

پەیسەر

رۆژی پێنجی ئەیلولی ساڵی 1921 كچێك لەشاری ئەسكەندەریەی میسر لەدایك بوو كەناوی سافیناز یوسف زولفەقار بوو، دواتر ناوەكەی گۆڕدرا بە شاژنە فەریدە، ئەو لەناوچەی جاناكلیسی شاری ئەسكەندەریە لەخێزانێكی ناوداری میسری لەدایك بوو، ساڵی 1937 یاوەری گەشتێكی كرد لەگەڵ مەلیك فاروقی یەكەمی میسر و دوای گەرانەوەیان لەگەشتەكە بەفەرمی لە 20ی كانونی دووەمی ساڵی 1938 هاوسەرگیریان كرد، و بەرهەمی هاوسەرگیریەكەیان سێ كچ بوو بەناوەكانی فریال و فەوزیە و فادیە و ساڵی 1948 لەمەلیك فاروق جیابۆوە بەهۆی ئەوەی چەند جارێك داوای لێكرد سنورێك بۆ گەندەڵی بەربڵاو دابنێت، بەڵام مەلیك فاروق داواكاریەكەی جێبەجێ نەكرد.

سەرەتای ژیانی شاژنە سافیناز ( فەریدە)
ئەو لە ئەسكەندەریە لەدایك بوو منداڵی و گەنجیەتی لەوێ بەسەربرد، تا ئەوكاتەی هاوسەرگیری لەگەڵ مەلیك فاروق كرد، فەریدە ژیانێكی سادەیی ئاسایی هەبوو حەزی لەخوێندنەوەی كتێب و گوێگرتن لەمۆسیقای كلاسیكی بوو، خێزانەكەی لەشارەكەدا خۆشەویست بوون، باوكی كە ناوی یوسف زولفەقار بوو راوێژكاری دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەسكەندەریە بوو، دایكیشی كە ناوی زەینەب بوو تێكەڵاوی لەگەڵ زۆر لەئافرەتە ناودارەكانی میسر هەبوو لەناویشیاندا شاژنە نازلی دایكی مەلیك فاروق، فەریدە دوو برای هەبوو بەناوەكانی سەعید و شریف.

فەریدە لەخوێندنگایەكی فەرەنسی لەئەسكەندەریە دەستی كرد بەخوێندن و زمانی خوێندن لەو خوێندنگایەدا زمانی عەرەبی و فەرەنسی بوو، لەزۆر بواری تردا خولیای هەبوو ئەو حەزی لەپیانۆ بوو چەند پارچەمۆسیقایەكی كلاسیكیشی ژەنی، هەروەها دەستی وێنەكێشانیشی هەبوو.

ئەو لەتەمەنی 16 ساڵیدا بووە نێچیری فاروقی یەكەم پادشای میسر، ئەگەرچی باوكی فەریدە رایگەیاند هێشتا كچەكەی منداڵە بۆ شوكردن، بەڵام مەلیك فاروق سوربوو لەسەر ئەو هاوسەرگیریە و دواتریش باوكی فەریدە رازی بوو بەمەرجێك مارە بكرێت و گواستنەوەی دوابخرێت، بەڵام مەلیك فاروق رایگەیاند شەش مانگە بەسە بۆ ئامادەكاریەكانی هاوسەرگیری.

هاوسەرگیری فەریدە و مەلیك فاروق
رۆژی پێنجشەممە 20 ی كانونی دووەمی ساڵی 1938 رۆژنامەی ئەهرام لەلاپەرەی یەكەمدا هەواڵی هاوسەرگیری مەلیك فاروقی بڵاوكردەوە، هاوسەرگیریەكەیان بووە جەژن لە مزگەوت و كەنیسە و گۆڕەپان و شەقامەكاندا، بەهۆی ڕووناك كەرەوەكانەوە كە بەوبۆنەیەوە هەڵكران شەوانی قاهیرە و شارەكانی تر بوونە رۆژ، سێ شەو و سێ رۆژ خەڵكی میسر ئاهەنگیان بەوبۆنەیەوە گێرا.

فەریدە سێ كچی بوو بەهۆی ئەوەی كوڕی نەبووە لەگەڵ شاژنە نازلی دایكی مەلیك فاروق، دووچاری كیێشە بوو، خەسوەكەی بەبەردەوامی پێی دە گوت ئەو مەلیك فاروقی بووە كە بۆتە جێنشین بەڵام فەریدە هیچ كورێكی نەبوو كە ببێتە جێنشین.

ناكۆكی فەریدە و مەلیك فاروق
زۆر نەخایاند مەلیك فاروق كەوتە داوی ئارەزووەكانیەوە، و پەیوەندی بەئاشكرا لەگەڵ دوو ئافرەتی تر هەبوو كە دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ كردن، هەروەها چەند كەسێك لەبەرپرسە نزیكەكانی كەوتنە راوكردنی ئافرەتی جوان بۆ مەلیك فاروق، سەرباری ئەوەش گەندەڵی بەشێوەیەكی بەربڵاو لەدامەزراوەكانی حكومەت تەشەنەی كرد، تا شاژنە فەریدە هەستی كرد كە خۆشگوزەران نیە و ناشتوانێت سنورێك بۆ ئارەزوو لەرێ لادراوەكانی مەلیك فاروق دابنێت، مەلیك فاروق هەوڵیدا فەریدە هێوربكاتەوە بۆئەمەش نزیكەی 2 هەزار فدان زەوی بەدیاری پێدا، بەڵام پێچەوانەی ئەوە ڕوویدا كە مەلیك فاروق چاوەروانی دەكرد.

جیابونەوەی مەلیك فاروق و فەریدە
دوای ئەوەی كە فەریدە هەستی كرد گفتوگۆ هیچ سودێكی لەگەڵ هاوسەرەكەی نەماوە، بۆیە لەگەڵ مەلیك فاروق دانیشت و پێی راگەیاند كە دەیەوێت تەڵاقی بدات، لەوەڵامدا مەلیك فاروق رایگەیاند تۆ توڕەیت و پێویستە گەشتێك بكەیت بۆئەوەی هێوربیتەوە، بەڵام شاژنە فەریدە رایگەیاند لەباشترین دۆخیدا و دوای بیركردنەوەیەكی دووروودرێژ ئەو بریارەی داوە.
پێش ئەوەش شاژنە فەریدە بەشداری هیچ بۆنەیەكی لەگەڵ مەلیك فاروقدا نەدەكرد، بەئامانجی ئەوەی مەلیك فاروق هەست بەنیگەرانی و نارەزایەتیەكانی بكات، سەرئەنجام رۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1948 دیوانی پادشایەتی میسر لەبەیاننامەیەكدا جیابونەوەی مەلیك فاروق و فەریدەی هاوسەری راگەیاند ، دوو رۆژ دواتر و رۆژی 19ی تشرینی دووەم شای ئێران فەوزیەی خوشكی مەلیك فاروقی تەڵاقدا.
سەرچاوە مێژوویەكان باس لەوە دەكەن كە مەلیك فاروق، دوای تەڵاقدانی فەریدە گریاوە و بۆماوەی چەند كاتژمێرێكیش دیار نەماوە كاتێك خوشكەكانی بەدوای دا دەگەڕێن دەبین لەشوێنێكی كۆشكەكەی بەكوڵ دەگریەت، فەریدە دوای جیابونەوەی لەمەلیك فاروق گەڕایەوە بۆ ماڵی باوكی، دوای ئەوەش مەلیك فاروق زۆر هەوڵیدا شێخ مەراغی فتوایەك دەربكات بەوەی نابێت فەریدە شوبكاتەوە، بەڵام مەراغی داواكاریەكەی بۆجێبەجێ نەكرد و رایگەیاند، پێچەوانەی شەریعەیتی ئیسلامیە، دوای ئەوەش مەلیك فاروق هەوڵیدا مەراغی رازی بكات فتوای ئەوە دەربكات كە فەریدە بۆی نیە منداڵاكانی ببینێت، بەڵام مەراغی ئەمەشی رەتكردەوە، بەهۆیەوە پەیوەندیەكانی مەلیك فاروق و شێخ مەراغی ئاڵۆزی تێكەوت.
دوای جیابونەوەی لەمەلیك فاروق فەریدە ناوەكەی خۆی كردەوە بەناوە كەی پێشووتری كە سافینازبوو، خەڵك خۆپیشاندانی لەبەرژوەندی فەریدە كرد و دروشمان بۆ پێداهەڵدانی و تورەی بەرامبەر مەلیك فاروق دەربڕی.

دەستپێشخەری بۆ هاوسەرگیری
دوای جیابونەوەی لەمەلیك فاروق سافیناز چەندین دەستپێشخەری بۆ دووبارە هاوسەرگیری بۆهات، بەڵام یەك لەدوای یەك رەتی دەكردنەوە، بەشێك لە ئەمیر و كەسایەتیە گەورەكانی میسر و وڵاتانی عەرەبی داوای هاوسەرگیریان لە سافیناز كرد، بەڵام بەنەرمی  رەتیكردنەوە و داوای لێبوردنی لێ دەكردن، فەریدە دەیگوت ئەو لەگەڵ مەلیك فاروق هاوسەرگیری كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، هەركەسێكیش لەگەڵ مەلیك هاوسەرگیری بكات قورسە دواتر لەگەڵ كەسێكی تر هاوسەرگیری بكات، سافیناز زۆر دەستپێشخەری لەبواری دارایی فریودەری رەتكردەوە.


بەختی مەلیك فاروق كۆتایی هات
دوای جیابونەوەی لەفەریدە خۆری بەختی مەلیك فاروق ئاوابوو بەجۆرێك كێشە لەدوای كێشە بەرۆكی دەگرت لەخۆپیشاندانی كرێكاران و خوێندكارانەوە تا كوشتنی خوێندكارانی زانكۆی دارالعلوم و كوشتنی سەلیم پاشا حاكمی شاری قاهیرەوە تا دەستكردن بەكوشتنی ئەفسەرەكانی ناو سوپا و كوشتنی ئەمین عوسمان و شەری فەلەستین و دروستبوونی شانەی شۆرش دژی مەلیك، سەرئەنجام نیوەشەوی 23 ی تەموزی ساڵی 1952 شۆرش دژی مەلیك سەركەوتنی بەدەستهێنا و 18ی حوزەیرانی ساڵی 1953 كۆماری میسر راگەیەندرا و سەردەمی پادشایەتی كۆتایی هات و مەلیك فاروق بۆ ئیتاڵیا دوورخرایەوە.

فكری سیاسی فەریدە
فەریدە تایبەتمەندی سیاسی هەبوو گوێگرێكی باش بوو زانیاری لەسەر كێشەكانی جیهان هەبوو بۆچونی تایبەتی خۆی هەبوو دەربارەی حزبایەتی و پێی وابوو حزبەكانی میسر بەپێی بەرژەوەندی وڵات كارناكەن، هیچ كارێكی نەدەكرد كە لەبەرژەوەندی خۆی و سەركردایەتیەكەی نەبوایە، بەڵام نە لەوكاتەی كە شاژن بوو نە لەسەردەمی كۆماریشدا هیچ كاریگەریەكی نەبوو، دوای جیابونەوەی لە مەلیك فاروق سافیناز لەشوقەیەكی بچوك لەناوچەی مەعادی دەژیا كە تەنها لەیەك هۆڵ و دوو ژوور پێكهاتبوو، بۆیە هەفتانە چەند جارێك دەچووە دەرەوە بۆ هەواگۆڕین، ئەو لەهۆڵەكەی پێشوازی لەمیوانەكانی دەكرد لەوێ چەند وێنەیەك هەڵواسرابوون كە یەكێكیان وێنەی فەریدە و مەلیك فاروق بوون، دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی پادشایەتی خەڵكی میسر خۆشەویستی خۆیان بۆ فەریدە دەردەبڕی و بەئاشكرا پێیان هەڵدەدا.

فەریدە و سەرۆك عەبدولناسر
لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەمال عەبدولناسردا فەریدە داوای كرد رێگەی پێ بدرێت میسر جێبهێڵێت و عەبدولناسریش داواكاریەكەی پەسەندكرد ئەوەبوو ساڵی 1963 روویكردە لوبنان، دوای ئەوەی مەلیك فاروق رۆژی 17ی ئازاری ساڵی 1965 لەئیتاڵیا كۆچی دوای كرد، فەریدە پەیوەندی بەجەمال عەبدولناسرەوە كرد و داوای لێكرد رێگەی بدات مەلیك فاروق لەمیسر بەخاك بسپێردرێت، جەمال عەبدولناسریش داواكاریەكەی قبوڵكرد بەومەرجەی بە رێورەسمێكی خێزانی سادە بەخاك بسپێردرێت، ئەوەبوونیوەشەوی  27ی ئازاری ساڵی 1965 تەرمی مەلیك فاروق گەیشتەوە قاهیرە و هەر ئەو شەوەش بەخاك سپێردرا ولەرێورەسمەكەدا تەنها كوڕ و كچ و خێزانەكانی و خوشكەكانی بەشداری بەخاك سپاردنەكە بوون، هیچ مەراسیمێكیشی بۆ نەكرا.

فەریدە لەسەرگۆڕی مەلیك فاروق گریا و هەرلەوێش گەردنی ئازاد كرد و داوای لەخواكرد لێی خۆش بێت، دوای ئەوەش گەڕایەوە بۆ لوبنان، پاشانیش روویكردە فەرەنسا و لەو شوقەیە نیشتەجێ بوو كە لەلایەن شای ئێرانەوە پێشتر بەدیاری پێی درابوو، بەڵام بەهۆی زۆری باجەوە ئەو شوقە گرانبەهایەی فرۆشت و ستۆدیۆیەكی بچوكی لە پاریس بەكرێ گرت بۆ كێشانی وێنە و پاشانیش شوێنێكی بچوكی پەیداكرد بۆئەوەی شەوانە تێیدا بخەوێت، فەریدە وێنەكێشراوەكانی كۆكردەوە و پێشەنگایەكی وێنەی كردەوە، لەوكاتەدا لە باڵیۆزخانەی میسرەوە لەپاریس بانگهێشتنامەیەكی بەدەست گەیشت بۆ ئەوەی بەشداری میوانداریەك بكات لەباڵیۆزخانە بەبۆنەی سەردانی ئەنوەرسادات سەرۆكی میسرەوە بۆ فەرەنسا و ئەویش بانگهێشتنامەكەی قبوڵ كرد و هەر لەوێ سادات داوای لە شاژنە فەریدە كرد كۆتایی بهێنێت بەمانەوەی لەدەرەوەی وڵات و بگەڕێتەوە بۆ میسر ئەویش داواكاریەكەی قبوڵ كرد و گەرایەوە بۆ میسر لەكاتی گەرانەوەیدا شاژنە فەریدە لەلایەن ئەنورساداتەوە بەرێزەوە لەكۆشكی جیزە پێشوازی كرا و رۆڵی ئەو لەئاشكراكردنی گەندەڵیەكانی مەلیك فاروق بەرز نرخێندرا.

فەریدە لەسەردەمی محەمەد حوسنی موبارەك مانگانەیەكی بەبڕی 400 جونەیهی میسری وەك موچە بۆ بڕایەوە هەروەها موبارەك فەرمانی دەركرد كە شوقەیەكی لەمعادی پێ بدرێت، ئەوەش لەكاتێكدابوو ساداتیش بەڵێنی شوقەی پێدا بەڵام بەڵێنەكەی نەبردەسەر، لەكاتی نەخۆشكەوتنی فەریدەدا لەنیوەی دووەمی دەیەی هەشتەمی سەدەی رابردوو حوسنی موبارەك سۆزانی خێزانی راسپارد سەردانی بكات و چارەسەری پێویستیشی لەسەر خەرجی حكومەت بۆ بكرێت، فەریدە سەردانی چەندین وڵاتی كرد و بەرێزەوە پێشوازی لێكرا، جگەلەوەش ژمارەیەك تابلۆی ناوازەی كێشا، چەندین جاریش سەردانی زڕكورەكەی كرد لە فەرەنسا و بەبەردەوامیش پێی دەگوت تۆ كوڕی منیش ئەوەش لەكاتێكدابوو كە ئەحمەد فواد دایكی جیاواز بوو.

شەڕ لەگەڵ مەرگ
لەنیوەی دووەمی دەیەی هەشتەمی سەدەی رابردوودا تەندروستی شاژنە فەریدە تادەهات خراپتر دەبوو، لەنەخۆشخانەی دكتۆر ئیبراهیم بەدران نەشتەرگەریەكی بۆكرا، نەخۆشخانەكە رازی نەبوون هیچ بڕەپارەیەك لەبەرامبەر چارەسەریدا وەربگرن، پاشان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی رەوانەی نەخۆشخانەی سەربازی كرا لە معادی دەركەوت دووچاری ڤایرۆسی جگەربووە، پاشان دەركەوت دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە، و بەهۆیەوە خوێنەكەی لە نەمسا بۆ گۆڕدرا، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی سەفا كرایەوە لەمیسر بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی و بەهۆیەی ئەو شاژنەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەت و نەخۆشخانەكەدا دروست بوو، چونكە حكومەت سوربوو لەسەر ئەوەی تێچووی نەخۆشیەكەی بدات و نەخۆشخانەكەش رایگەیاند هیچ بڕە پارەیەك وەرناگرن، دواتر لەسەر ئەوە رێككەوتن كە نەخۆشخانەكە نیوەی خەرجیەكەی وەربگرێت  و نیوەكەی تریش نەخۆشخانەكە بیگرێتە ئەستۆ، دواتر شاژنە فەریدە روویكردە سویسرا و لەوێش ماوەیەك لەنەخۆشخانە مایەوە بەڵام دوای ئەوەی بێ ئومێد بوو داوای كرد بیگەڕێننەوە بۆ میسر، لەسەر پێداگری خۆی گەڕێندرایەوە بۆمیسر و لەوێ لەنەخۆشخانەیەك خرایە ژێر چاودێری چر، تا سەرئەنجام بەرەبەیانی رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1988 لەتەمەنی 68 ساڵیدا كۆچی دوای كرد.

بەخاكسپاردنی شاژنە فەریدە
دوای مردنی شاژنە فەریدە لەرێورەسمێكی پڕشكۆدا هەزاران هاوڵاتی میسری بەشداری رێورەسمی بەخاكسپاردنیان كرد، و لەپێشیشەوە بەرپرسانی حكومەتی میسر هەبوون، رێورەسمەكە بەجۆرێك بوو كە پیاوان و ژنانی بەتەمەنی میسریش دەیانەویست بەشداری تێدابكەن.

 

دوای كۆچی دوای شاژنە فەریدە چەندین فلیم و دراما بەرهەم هێندران كە ژیانی ئەو شاژنەی میسریان پیشان دەدا كە رەنگە بۆ هەتاهەتایە بەنەمری لەژیانی میسریەكاندا بمێنێتەوە.