10:00 - 11/03/2019
هیندستان و پاکستان مێژوویەکى خوێناوى
مێژووى هیندستان و پاکستان بەدابەشبوونێکى خوێناوى دەستپێدەکات و تاوەکو ئێستاش برینى ئەو دابەشبوونە ساڕێژ نەبووە، پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات چەندین قۆناغى جیاوازى بەخۆیەوە بینووە. ئێستا له لێوارى مهترسییهكى گهورهدان، تهقینهوهى دۆخهكه ئهمجاره پێشبینى شهڕى خوێناویترى لێدهكرێت، ههردوولا خاوهنى چهكى كۆمهڵكوژن و زنجیرهیهكى درێژ رووداوى خوێناوى له مێژووهى ناكۆكییهكانیان ههیه.
نیودلهى و ئیسلام ئاباد، بهسهر دوو جهمسهرى ناكۆكى جیهان (چین و ئهمریكا) دابهشبوون و ههریهكهیان لهلایهم یهكێك لهو وڵاتانهوه هاوكارى دهكرێت، ئهوهش مهترسى پێكدادانى زیاتر كردووه، بهڵام ههردوو وڵات به ههستیارهوه دهجوڵێنهوه ترسى شهڕ به قسهو سیاسهتى ههردوولاوه دیاره، لەخوارەوە باس لەو قۆناغانە دەکەین کە مێژووى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات پێیدا تێپەڕبووە، لەدواتریشدا ئاماژە دەدەین بە دواهەمین پەرەسەندنەکانى ئەم دواییە و هۆکارى سەرهەڵدانى ئەو تەنگژانەى کە زۆر نزیک بوو هەردوو وڵات بچنە قۆناغێکى نوێى جەنگەوە.
جیابوونەوەیەکى خوێناوى (١٩٤٧): ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە هەر لەوکاتەوەى کە لەلایەن بەریتانیاوە دابەشکران بەسەر دوو وڵاتى جیاواز مێژوویەکى پێکدادان و تەنگژەیان دەستپێکرد، کە هیندستان زۆرینەى هندۆس بوون و پاکستانیش دەوڵەتێکى زۆرینە موسڵمان بوو. دابەشکردنەکە بوویە هۆى پێکدادان و توندوتیژى لەناوخۆى ئەو وڵاتانە و ناوچەکە و گەورەترین کۆچ لەمێژووى جیهاندا لەوکاتەدا ڕوویدا.
تەقینەوەى قەیرانى کشمیر (١٩٤٧-١٩٤٨): هیندستان و پاکستان رکابەرییان بوو لەسەر کشمیر، کە شانشینێکى زۆرینە موسڵمانە و لەلایەن پادشایەکى هیندەوە حوکمڕانى دەکرا، تەنانەت بەرلەوەى کە سەربەخۆییش لە بەڕیتانیا وەربگرێت هەرلەلایەن ئەوانەوە حوکمڕانى دەکرا. بەڵام ئەو کێشەیە کاتێک تەقیەوە کە حاکمى ئەوکاتەى کشمیر هارى سینغ کشمیرى لکاند بە هیندستانەوە لەبەرامبەر پشتیوانى نیودەلهى بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى هێرشى سوپایەکى قەبیلەکانى پاکستان بۆسەر ئەو ناوچەیە. گەورەبوونى ئەو ڕووداوانە یەکەم جەنگى ئاشکراى نێوان ئەو دوو وڵاتەى لێکەوتەوە.
بڕیارى نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٤٨): هیندستان پرسى کشمیرى بردە ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تیایدا بڕیاردا بە ئەنجامدانى ڕیفراندۆمێک بۆ یەکلایکردنەوەى دۆخى کشمیر. بەڵام ئەنجومەنى ئاسایش ئەنجامدانى ڕیفراندۆمەکەى وابەستەکرد بە کشانەوەى هێزەکانى پاکستان و کەمکردنەوەى ئاستى ئامادەیى سەربازى هیندستان بۆ ئاستێکى مامناوەند بۆئەوەى بتوانرێت یاسا و ڕێساکان لەوناوچەیەدا بەرقەرار بکرێن. جەنگ بە ئاگربەستێک بەدەستپێشخەرى نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایى هات بەڵام پاکستان ڕەتیکردەوە کە هێزەکانى بکشێنێتەوە. بەپێى ئاگربەستەکە شانشینى کشمیر دابەشکرا بەسەر هەردوو وڵاتەکەدا بۆئەو ناوچانەى کە پێشتر کۆنترۆڵیان بەسەردا هەبوون، بەڵام هەردوولا خۆیان بەخاوەنى هەموو شانشینەکە دەزانى.
جەنگى هیندستان-پاکستان (١٩٦٥): سەرەڕاى چەند هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى کشمیر و کەمکردنەوەى پێکدادانەکان لەوناوچەیە، ئەو دوو وڵاتە بۆ جارێکى دیکە چوونەوە جەنگ لەسەر ئەو ناوچەیە. جەنگێکى کورت ڕوویدا بەڵام بۆجارێکى دیکە بە ئاگربەستێکى دیکەى نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایى هات. هەردوولا گەڕانەوە بۆ ناوچەکانى پێشووى خۆیان.
جەنگ لەسەر بەنگلادیش (١٩٧١): هیندستان و پاکستان جەنگى سێیەمیان ئەنجامدا، ئەمجارەیان لەسەر ڕۆژهەڵاى پاکستان. لە جەنگەکەدا پاکستان شکستى هێنا و بەنگلادیش دروستبوو.
ڕێککەوتنى سیلما (١٩٧٢): دوابەدواى پاشەکشە و شکستى پاکستان لە جەنگى ١٩٧١دا، ئیندیرا غاندى سەرۆکوەزیرانى هیندستان و هاوتا پاکستانییەکەى زولفیکار عەلى بهوتۆ لە شارى سیلما یەکتریان بینى و ڕێککەوتنێکیان واژوو کرد. هێڵێکى ئاگربەست لە کشمیر دەستنیشانکرا کە ناوبرا بە هێڵى کۆنترۆڵ و هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى کە کێشەکانیان لەڕێگەى دانوستانەوە کۆتایى پێبهێنن.
بەرگرى چەکدارى لە کشمیر (١٩٨٩): لەدواى ئەوەى هەڵبژاردنێکى کێشەلەسەر لە هیندستان و کشمیرى ژێر کۆنترۆڵى هیندستان ئەنجامدرا بوویە هۆى ئەوەى کە گروپێکى چەکدارى بەئامانجى ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى دروست ببێت. ئەو شۆڕشە بۆ دەیەى دواتریش بەردەوام بوو، بەشێک لە بەهێزبوونى بەهۆى توندوتیژى چەکدارى هێزەکانى هیندستان بوو. هیندستان لەوکاتەدا پاکستانى تۆمەتبار کرد بەوەى کە پشتیوانى ئەو شۆڕشگێڕانەى کردووە لەڕێگەى پێدانى چەک و مەشق و ڕاهێنان بەوهێزانە. بەڵام پاکستان ئەوەى ڕەتکردەوە.
شەڕى کارگیل (١٩٩٩): ئەو دوو دراوسێیە، کە هەردوکیان خاوەنى چەکى ئەتۆمین، چوونە شەڕێکى دیکەوە ئەوەش لەدواى ئەوەى گروپە چەکدارەکان کۆنترۆڵى هەموو ناوچە ستراتیژییەکانى سەر هیڵى کۆنترۆڵیان کرد لە کشمیرى کۆنترۆڵکراو لەلایەن هیندستانەوە. هیندستان توانى ئەو هێزە چەکدارانە لەوناوچانە دووربخاتەوە بەڵام پاکستانى تۆمەتبار کرد بەوەى پشتیوانى کردوون. ئەو دەستکەوتە دیپلۆماتییانەى کە بەهۆى دیدارە مێژوویەکەى هەردوو سەرۆکوەزیران لە لاهور بەدیهاتبوون لەناوچوون و هیندستان پەیوەندییەکانى خۆى لەگەڵ پاکستان پچڕاند.
هێرش بۆسەر پەرلەمانى هیندستان (٢٠٠١): تەنگژەکانى نێوان هەردوو وڵات گەیشتە ئاستێکى بەرزتر لەدواى ئەوەى هێرشێکى تیرۆریستى بۆسەر پەرلەمانى هیندستان ئەنجامدرا. هیندستان پاکستانى تۆمەتبار کرد بە پلانداڕشتن بۆ ئەو هێرشە و بەوهۆیەوە هێزەکانى خۆى لەسەر سنوورى پاکستان جێگیرکرد. ئیسلام ئابادیش هەمان کاردانەوەى هەبوو. لەدواى نێوەندگیرى نێودەوڵەتى ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیە کۆتایى هات.
ئاگربەست (٢٠٠٣): هەردو وڵات ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لەسەر هێڵى کۆنترۆڵ. تاوەکو ئێستاشى لەگەڵبێت ئەو ئاگربەستە بەردەوامە بەڵام جاروبار یەکتر تۆمەتباردەکەن بە شکاندنى ئەو ئاگربەستە.
هێرشەکانى مومباى (٢٠٠٨): گروپە چەکدارییەکان چەند هێرشێکیان ئەنجامدا بۆسەر مومباى پایتەختى ئابوورى هیندستان، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٥٠ کەس کوژران. هیندستان پاکستانى تۆمەتبارکرد بە هێرشەکان. بەڵام ئیسلام ئاباد بەتوندى تۆمەتەکانى هیندستانى ڕەتکردەوە کە ئەو هێرشەى دابووەپاڵ لەشکرى تەیبە، کە ئەو گروپە لەپشت ئەو هێرشەوە تۆمەتبارکرابوو، لەلایەن دەزگاى هەواڵگرى پاکستانەوە ئەو ڕێکخراوە گەمارۆى خرابووەسەر. لەپاش ئەو هێرشە هیندستان هەموو دانوستاندن و گفتوگۆیەکى لەگەڵ پاکستان ڕاگرت. نیودەلهى ڕایگەیاند کە "گفتوگۆ و تیرۆر" بەیەکەوە هەڵناکەن.
هێرشى ئامانجدار (٢٠١٦): هەوڵەکانى نارێندرا مۆدى سەرۆکوەزیرانى هیندستان و هاوتا پاکستانیەکەى نەواز شەریف بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکانیان بەشێوەیەکى لەناکاو وەستا لەدواى ئەوەى کە لەلایەن گروپى جەیشى محەمەد هێرشکرایەسەر بنکەیەکى سەربازى هیندستان، کە ئەو گروپە تیرۆریستیە بنکەیان لەناوپاکستاندایە. هیندستان لەتۆڵەى ئەوەدا ١٩ چەکدارى کوشت لە هێرشێکى ئامانجداردا بۆسەر بەشە پاکستانییەکەى هێڵى کۆنترۆڵ. پاکستان بەردەوام بوو لەسەر ڕەتکردنەوەى تۆمەتەکانى هیندستان.
بۆمبارانکردنى چەند ئامانجێک لە پاکستان لەلایەن هیندستانەوە (٢٠١٩): ٢٦ى ٢ى ٢٠١٩دا هیندستان چەند هێرشێکى ئاسمانى ئەنجامدا بۆسەر کامپەکانى جەیشى محەمەد لە بالاکۆتى پاکستان. ئەو هێرشە دواى تەنها چەند ڕۆژێک هات لەوەى کە ئەو ڕێکخراوە بەرپرسیارێتى خۆى لە کوشتنى ٤٠ سەربازى هیندى ڕاگەیاند لە هێرشێکى خۆکوژیدا لە کشمیر. دواى یەک ڕۆژ لەو هێرشە، پاکستان ڕایگەیاند لەتۆڵەى ئەوەدا دوو فڕۆکەى سەربازى هیندیان خستووەتەخوارەوە.
بۆیەکەمجارە لەدواى پێنج دەیە پێکدادانى ئاسمانى لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕووبدات.
هەرچەندە پاکستان فڕۆکەوانە هیندیەکەى ڕادەستکردەوە، بەڵام هێشتا ترسى ئەوە هەیە کە پێکدادانى فراوانتر لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕووبدات.
بۆچى لەم ساتەوەختەدا دووبارە پەیوەندى هەردوو وڵات تەقیەوە؟
هۆکارى کورت مەوداى ئەو ڕووداوانەى ئەم دواییە، دەگەڕێیتەوە بۆ هێرشێکى خۆکوژى لەلایەن چەکدارێکى گەنجى ئیسلامییەوە کە خۆى بە کاروانێکى ئۆتۆمبێلى هێزە سەربازییە هاوتەریبەکانى هیندستاندا تەقاندەوە لە پولواما لە باشوورى کشمیر. ئەو هێرشە یەکێک بوو لە خوێناویترین هێرشەکان کە لەو ناوچەیەدا ڕوویدابێت لەماوەى ٣٠ ساڵى ڕابردوودا.
بەڵام هۆکارى سیاسى دیکەش لەپشت ئەو ڕووداوانەوەن. نارێندرا مۆدى سەرۆکوەزیرانى هیندستان، دەیەوێت لەمانگى ئایارى ئەمساڵدا خۆى هەڵبژێرێتەوە و ویستى بەهۆى کاردانەوەى ئەو هێرشە و تۆڵەکردنەوە ڕقى ڕاى گشتى زیاتر بکات.
لەلاى خۆشیەوە پاکستان سەرۆکوەزیرانێکى نوێى هاتۆتەسەر کار، عیمران خان، کە ساڵى ڕابردوو هەڵبژێردرا و پشتیوانى سوپایەکى بەهێز دەکات لە وڵاتەکەیدا. خان دەیەوێت ئەوە پیشان بدات کە دەتوانێت ڕووبەڕووى هیندستان ببێتەوە، هەرچەندە ئابوورى وڵاتەکەى لاوازە و داواى یارمەتى و پشتیوانى لە سعودیە و چین دەکات.
ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانى دیکە دەتوانن چى بکەن؟
مانگى ڕابردوو، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا مایک پامپێیۆ داواى لە سەرۆکانى هەردوو وڵات کرد کە دان بەخۆیاندا بگرن و دووربکەونەوە لە گرژترکردنى بارودۆخى ئەو ناوچەیە. هەروەها ڕایگەیاند دەبێت پاکستان کاردانەوەى پێویستى هەبێت دژ بە گروپە تیرۆریستییەکان کە لەو وڵاتەدا ئۆپەراسیۆن و کاروچالاکى دەکەن.
لەسەردەمى ئیدارەى ترەمپ، سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە کە لە پاکستان دوورکەوتووەتەوە، کە ماوەیەکى درێژبوو پشتیوانى لە ئەمریکا وەردەگرت، لەئێستادا ئەمریکا ڕووى لە هیندستانە، کە ئیدارەکەى ترەمپ وەکو دیوارێکى بەرگرى تەماشاى دەکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى هەژموونى چین لە ئاسیا.
لەکاتێکدا، چین بووەتە هاوپەیمان و پشتیوانى دارایى پاکستان. چین داواى لە هەردوو وڵات کردووە کە دانبەخۆیاندا بگرن لەدواى ئەو هێرشەى هیندستان کە بۆناو خاکى پاکستان ئەنجامدرا.
لەداهاتوودا چى ڕوودەدات؟
بارودۆخى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بەرەو ئاسایى چووەوە کاتێک پاکستان فڕۆکەوانە هیندییەکەى ڕادەستکردەوە. سریرام چاولیا سەرۆکى بەشی کاروبارى نێودەوڵەتى لە زانکۆى ئۆ پى جیندالى نێودەوڵەتى لە دەرەوەى نیودەولهى، لە مانگى شوباتدا پێشبینى ئەوەى کردبوو کە پەیوەندى هەردوو وڵات بەرەو ئاسایى بچێتەوە. بەڵام نیگەرانى ئەوەبوو کە پاکستان پشتیوانى لەو گروپە چەکدارانە بکات کە هێرشى تیرۆریستى بۆسەر هیندستان ئەنجام بدەن. بەوتەى ئەو هێشتا مەترسى و هەڕەشەى هێرشى تیرۆریستى کۆتایى نەهاتووە.
خان سەرۆکوەزیرانى پاکستان داواى لە هیندستان کرد کە هەموو پرسەکان لەڕێگەى دیالۆگەوە یەکلایى بکرێنەوە، لە پەیامێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند هەموو جەنگە گەورەکان بەهۆى لێکدانەوەو حساباتى هەڵەوەبوون. پرسیارى من بۆ هیندستان ئەوەیە بەلەبەرچاوگرتنى ئەوەى ئێمە هەمان ئەو چەکانەى ئەوانمان هەیە، دەکرێت حساباتى هەڵە بکەین؟
ئێستا ههردوو وڵات له لێوارى قۆناغێكى مهترسیداردان، ههردوولا چهكى زهبهلاحى ئهتۆمییان ههیه و مێژوویهكى خوێناویش لهنێوانیان زیاتر ئاگرى شهڕهكه خۆش دهكات ئهگهر ناكۆكییهكان خاو نهكرێتهوه پێناچێت جهنگ كێشهكه یهكلا بكاتهوه چونكه له مێژوودا شهڕهكان بهردهوام كێشهكانى ئاڵۆزتر كردووه، رێگهى دووهم ئهوهیه خۆیان له هاوكێشهى ناكۆكییه نێودهوڵهتییهكان قوتار بكهن و گفتوگۆ ههڵبژێرن خهڵكى ههردوولا له مهترسى جهنگ بپارێزن.