ڕاپۆرتی جیهانی

03:37 - 10/03/2019

مالكوم ئێكس.. رابەرێكی موسوڵمان بۆ مافی رەش پێستەكانی ئەمریكا‌

پەیسەر

رۆژی 19ی ئایاری ساڵی 1925 لەویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریكا منداڵێك لە دایك و باوكێكی رەش پێست لەدایك دەبێت، دواتر دەبێتە هێما لەسەر ئاستی ئەمریكا و جیهان بۆ یەكسانی رەش پێست و سپی پێست و لەبواری ئاینی ئیسلام و بەدیاریكراویش مەزهەبی سووننە، ئەو بووە كاراكتەرێكی دیاری رۆژئاوایی و بەشێك لەلایەنگرانیشی پێیان وایە خۆی بووە بە ئایدۆلۆژیا.، ئەو كەسەش مالكوم لیتل بوو كە دواتر ناوەكەی بۆ مالكوم ئێكس گۆڕدرا و بەحاجی مالك شاباز ناسرا.

قۆناغی كاریگەری حاجی مالك
حاجی مالك شاباز لەساڵی 1952 وە تا 1965 كاریگەری لەسەر خەباتی یەكسانی رەش و سپی هەبوو، لەقۆناغێكدا كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەدەست جیاكاری رەنگ و بەدیاریكراویش چەوساندنەوەی رەش پێستەكانەوە دەیناڵاند، لەو كاتەدا ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك دەوڵەتێكی سپی پێستەكان بوو بەرەهایی و بەشێوەیەكی زۆر دڕندانەش رەش پێستەكان دەچەوسێندرانەوە.

سەردەمی چالاكی حاجی مالك ئەو رۆژانەبوو كە ژیانی رەش پێستەكان وەك سەرچاوەی  شورەیی و كاری مادەهۆشبەرەكان و بەدرەوشتی لێی دەڕواندرا.هەموو جۆرە توند و تیژی و تاوانێكیش بەبێ لێپرسینەوە و سزا بەرامبەریان دەكرا.

مالكوم ئێكس هەر لەسەرەتاوە بووە قوربانی رەگەزپەرستی بەجۆرێك كاتێك لەقۆناغی سەرەتای ژیانیدا بوو باوكی لەلایەن گروپێكی رەگەزپەرستی سپی پێستەوە كوژرا، لەتەمەنی 13 ساڵیدا دایكی بەهۆی نەخۆشی دەرونیەوە خرایە نەخۆشخانە و بەهۆیەوە مالكوم خرایە خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشت، ساڵی 1946 بەتۆمەتی دزی دەستگیركرا، لەزینداندا ئاشنایەتی لەگەڵ بیری ئیسلام پەیداكرد و بووە ئەندامی بزوتنەوەی میللەتی ئیسلامی و لەساڵی 1952 ئازادكرا و بەخێرایی بووە یەكێك لەسەركردەدیارەكانی ئەو بزوتنەوەیە، بەڵام ساڵی 1964 بەهۆی ناكۆكیەكانی لەگەڵ رابەری بزوتنەوەكە دەستی لەكاركێشایەوە.


كاریگەری وتارەكانی حاجی مالك
حاجی مالك بەیەكێك لەوتاربێژەكاریگەرەكانی سەردەمی خۆی دادەنرا بەجۆرێك وتارەكانی بەئاسانی كاریگەری لەسەر گوێگران دروستدەكرد، و پێدەچێت ئەوەش هۆكاری سەرەكی ئەوە بێت كە لەلایەن بزوتنەوەیی میللەتی ئیسلامیەوە بەوتەبێژ دیاریكرا.
كوشتنی جون كه‌نه‌دی و بەحاجی مالك
دوای كوشتنی جۆن كه‌نه‌دی حاجی مالك خۆشحاڵی خۆی بەو هەنگاوە دەربڕی و رایگەیاند ئەو هەنگاوە سەرئەنجامی سروشتی ئەو توند و تیژیەیە كە چینی رەش پێست ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دوجار سەرۆكی ئەمریكا بەرهەمی ئەو شتەی چنیەوە كە چاندبووی، حكومەتی ئەمریكا و سەرۆكەكەشی بە ستەم كار وەسف كرد، دوای ئەو هەنگاوە هەموو جۆرە وتاردانێك لەناو مزگەوت و بۆنە گشتیەكان لەحاجی مالك قەدەغەكرا.

تیرۆركردنی حاجی مالك
21ی شوباتی 1965لەتەمەنی 39 ساڵیدا لەشاری نیویۆرك لەسەردەستی ژمارەیەك ئەندامی بزوتنەوەی میللەتی ئیسلامی تیرۆر كرا.

فەلسەفەی مالكوم ئێكس
حاجی مالك بڕوای بەتوندرەوی ئاینی نەبوو ئەو لایەنگری ئیسلامی میانرەو بوو، داوای ئازاردانی هاوڵاتیانی مەدەنی نەدەكرد بەڵكو دەیویست دژایەتی سیستمە گەندەڵەكان بكات.

كاریگەری حەج لەسەر حاجی مالك
ساڵی 1964 مالكوم ئێكس ( حاجی مالك)  بەمەبەستی پەیداكردنی شارەزایی دەربارەی عەرەب و ئیسلام گەشتێكی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد، و بەشداری رێورەسمی حەجی كرد، ئەم هەنگاوە كاریگەری لەسەر بیركردنەوەی دروستكرد بەجۆرێك پێشوتر پێی وابوو مرۆڤی سپی شەیتانە و هەموو هەوڵێكی پێشووتری بۆ زاڵبوونی رەش پێستەكان بوو بەسەر سپی پێستەكاندا، بەڵام لەم گەشتەدا و كاتێك بینی كە مرۆڤەكان بەرەنگ و شێوەی جیاوازەوە لەمەككە بۆ رێورەسمی حەج كۆبوونەوە و لەخوا دەپارێنەوە، پێداچوونەوەی بەبۆچوونەكانیدا كرد دەربارەی سپی پێستەكان، دواتر سەردانی میسری كرد و هەرەمەكانی ئەو وڵاتەی بەسەركردەوە.

مالكوم لەحەج كۆتایی بەهەموو بۆچوونێكی توندرەوی و رەگەزپەرستی هێنا، بووە بەشێك لەدرێژكردنی دەستی ئاشتی كۆمەڵگەكان، و سەرەتای قۆناغێكی نوێ لەمێژووی ڕووبەڕووبونەوەی راسیزم.

ئەم پیاوە توانی هۆشیاری لەناو رەشپێستەكانی ئەمریكا بڵاوبكاتەوە ئەوەش بەخاڵێكی گرنگی مێژووی مالكوم ئێكس دادەنرێت. لەكۆتایی رێورەسمی حەجدا مالكوم لە عەرەبستانی سعودیە چاوی بە فەیسەڵ بن عەبدولعەزیزكەوت و دواتریش چاوی بەئەحمەد بن بێلا سەرۆكی پێشووتری جەزائیر و جەمال عەبدولناسر سەرۆكی میسركەوت.

كێ لەپشت تیرۆركردنەكەیەوە بوو؟
دوای تیرۆركردنی مالكوم ئێكس پۆلیسی شاری نیویۆرك پیاوێكیان بەناوی تۆماس هاجان دەستگیركرد و چەند بۆچوونێكی جیاوازیش دەربارەی هۆكاری كوشتنەكەی دروست بوون، بەشێكیان پێیان وابوو بازرگانانی مادەی هۆشبەر لەپشت تیرۆركردنەكەوەبوون بەشێكی تریان پێیان وابوو ئێف بی ئای بووە و بەشێكی تریش سی ئای ئەی یان بەتیرۆركردنی تۆمەتباردەكرد، بەڵام ئەوەی ڕوون بوو ئەوەیە كە كوشتنەكەی لەتوانای رێكخراوێكی گەورەتر لە رێكخراوی میللەتی ئیسلامی بوو، بەوپێیەی پێشتر لەو رێكخراوە جیاببۆوە و ناكۆكیشی لەگەڵ ئیلیجا محەمەد سەرۆكی رێكخراوەكە هەبوو و بەهۆی ئەو ناكۆكیەشەوە رێكخراوەكەی جێهشتوو بۆیە هەوڵێك هەبوو كە رێكخراوە كۆنەكەی بەتیرۆركردنی تۆمەتباربكرێت.

لەمانگی نیسانی ساڵی 2010 دەسەڵاتدارانی ئەمریكا تۆماس هاجان بكوژی مالكوم ئێكس یان لەزیندانی نیویۆرك ئازادكرد بەپێی لێبوردن ئەوەش دوای 45 ساڵ زیندانیكردنی، تۆماس تاكەكەس بوو كە دانی بەوەدانا كە بكوژی مالكوم ئێكس بووە و دانی بەوەدانا كە لەكاتێكدا مالكوم سەرقاڵی وتاردان بووە لەگەرەكی هارلم خۆی تەقەی لێكردووە، بەڵام لەهەمان دادگا دووكەسی تر دادگایكران و زیندانیكران و بەپێی لێخۆش بوونێك لەهەشتاكانی سەدەی رابردوو ئازادكران.

كاریگەریە رۆشنبیرەكانی
سیستمی كۆیلایەتی ئەفریقایە رەش پێستەكان لەسەردەستی هاوڵاتیانی سپی پێستی ئەمریكی بەیەكێك لەقۆناغە هەرەسەختەكانی مێژووی توند و تیژی دادەنرێت كە 4 سەدەی خایاند، لەوماوەیەدا و هەرلەسەرەتاوە رەشپێستەكان كەوتنە بەرگری كردن لەخۆیان و ڕووبەڕووبونەوەی سیستمی بەكۆیلەكردن بوونەوە، لەوقۆناغەدا چەندین داستان و پاڵەوانیەتی تۆماركران كە مالكوم ئێكس بەیەكێك لەگرنگترین رابەرەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی دادەنرێت لەگەڵ ئەوەی مێژووی خەباتی ئەو لە یەك دەیە زیاتر نیە.

بەوپێیەی مالكوم ئێكس پارێزەربوو دوای خۆی رێكخراوێكی بەناوەوە دامەزرێندرا بەناوی رێكخراوی مالكوم ئێكس بۆ مافی مرۆڤ هەروەها چەند پەرتوكێكی لەدوای خۆی بەجێهێشت، لەساڵی 1992 فلیمێكی سینەمایی لەلایەن دەرهێنەرێك بەناوی سپایك لی كە لەلایەن دنزل واشنتۆن رۆڵی مالكوم ئێكس دەبیندرا بەرهەم هێندرا و ساڵی 1993 كاندیدكرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار و لەچەندین وڵاتی عەرەبیش پەخشكرا.

رۆژی لەدایك بوونی
ئەگەر رۆژانێك شوێنێكی ئارام بۆ رەشپێستەكانی ئەمریكا نەبووبێت ئەوە ئەمرۆ بەریًزەوە لەلایەن گەلەكەی و مرۆڤایەتیەوە یاد دەكرێتەوە بەجۆرێك رۆژی 19 ی ئایار كە رۆژی لەدایك بوونی مالكوم ئێكس بووە ساڵانە لەویلایەتەكانی كالیفۆرنیا و جۆرجیا و واشنتۆنی پایتەخت پشووی فەرمیە بەبۆنەی لەدایك بوونیەوە.

خوێندنگای مالكوم ئێكس
لەساڵی 1972 ناوی یەكێك لەخوێندنگا دواناوەندیەكانی ویلایەتی نیوجیرسی ناونرا بە دواناوەندی مالكوم ئێكس وەك بیرهێنانەوە و رێزگرتن لەخەباتی و لەو خوێندنگایە خۆراكی بێ بەرامبەر دەدرێتە خوێندكارەكان.

كۆلێژی مالكوم ئێكس
كۆلێژی مالكوم ئێكس بەشێكە لەشاری زانكۆی شاری شیكاگۆ و مێژووی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1911 و لەلایەن حكومەتەوە ناونرا كۆلێژی هرتزل رابەری گشتی بزوتنەوەی سەهیۆنیەت بەڵام ساڵی 1969 ناوەكەی گۆڕدرا بە كۆلێژی مالكوم ئێكس و 18 بەشی جیاوازی بواری پزیشكی و پەرستاری لەخۆگرتووە.