ڕاپۆرتی جیهانی

05:45 - 07/03/2019

چارەنوسیان چیە؟ كێ بەرپرسیاریەتیەكەی هەڵدەگرێت؟‌

پەیسەر

هەفتەی رابردوو گفتوگۆیەكی فراوان لەویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەربارەی ئەندامە داعشە ئەمریكیەكان و ئاستی بەرپرسیاریەتی واشنتۆن كرا، لەكاتێكدا باسی ئەوە دەكرێت كە 50 چەكداری داعش كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەمریكین رادەستی هێزە كوردیەكانی سوریا كراون.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لەوتاری سەرەكیدا نوسیویەتی: " سەرۆك ترەمپ دووڕووە، كاتێك سورە لەسەرئەوەی كە دەبێت وڵاتانی ئەوروپی سەدان هاوڵاتی خۆیان كە ئەندامی داعشبوون و دەستگیركراون وەربگرنەوە، بەڵام دوای پێنج رۆژ رایگەیاند ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشانازیەوە رەتیدەكاتەوە هیچ شتێك بۆ ئەو ئافرەتە ئەمریكیە بكات كە لەگەڵ سێ لەچەكدارانی داعش هاوسەرگری كردووە و لەئێستادا لەسوریا زیندانیكراوە".

لەم چوارچێوەیەدا یاسای نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەكات كە دەوڵەت بەرامبەر هاوڵاتیەكانی وڵاتەكەی بەرپرسیارە، سەبارەت بەزۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا پشتیوانی تێروانینی ئەو هێزانە دەكەن كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن و ئەویش چەكدارە بیانیەكانی ناو داعشیان دەستگیردەكرد (هێزەكانی سوریای دیموكرات ) لەوكاتانەی داعش بەرەوگەشە دەرۆیشت و چەكدارانی بیانیش بەلێشاو روویان لەسوریا دەكرد.

ترسی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە زۆرینەی چەكدارە بیانیەكان لەئێستادا لەزیندانەكانی هێزی سوریای دیموكراتیدان، كە لەلایەن كوردەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لەكاتی كشانەوەی سوپای ئەمریكا، توانای چەكدارانی كورد بۆ پاراستنی ئەو چەكدارە دەستگیركراوە داعشانە زۆر سنورداردەبێت بۆیە چەند بژاردەیەكی خراپ دێنە گۆڕێ كە خراپترینیان ئازادكردنی  ئەو چەكدارانەیە یان رێگەپێدانیان بەهەڵهاتن، ئەمەش لەكاتی ڕوودانیدا دەبێتە مەترسیەكی دوورودرێژ لەوانەش هەرەشەی دووبارە رێكخستنەوەی هێزەكانی داعش، بەڵام بژاردەیەك كە كەمتر خراپە ئەوەیە كە زۆرترین ژمارەیان لەبەردەم دادگایەكی كاریگەر و دادپەروەر دادگای بكرێن، ئەمەش لەتوانای كوردا نیە، چونكە سیستمێكی دادوەری راستەقینەی نیە، بۆیە پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا و لەناویشیاندا ئەمریكا ئەم هەنگاوە جێبەجێ بكات.

واشنتۆن پۆست ئاماژە بەوەدەكات كە بەرپرسانی ئەمریكی دەستیان كردووە بە ئامادەكاری بۆ ئەو ئەگەرە و بەرپرسانی پنتاگۆن و ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی پیران سەر بەپارتی كۆماری و سەرۆك ترەمپیش باسی ئەگەری گواستنەوەی ژمارەیەكی كەمی چەكدارە بەرپرسەكانی داعشیان كردووە بۆ زیندانی گوانتانامۆ كە لەساڵی 2008 وە هیچ زانیدانیەكی نوێی وەرنەگرتووە، بەرەچاوكردنی ئەوەی كە پێناچێت هاوپەیمانە ئەوروپیەكان هاوكاری واشنتۆن بكەن لەو بوارەدا بەوپێیەی پێشتر سەركۆنەی دەستگیركردنی گومانلێكراوەكانیان لەگوانتانۆ كردووە و هەڵوێستیشیان لەكاتی دەستگیركردنی هاوڵاتیەكانیان جەختكردنەوە لەهەڵوێستی پێشوویان دەبێت.

رۆژنامە ئەمریكیەكە كە خوێنەرێكی فراوانی لەوڵاتەكەی هەیە، وتارەسەرەكیەكەی بەوە كۆتایی پێهێناوە كە " لەدواجاردا وڵاتان بەرپرسیارن بەرامبەر هاوڵاتیەكانیان كاتێك مەترسیەك دروست دەكەن، لەگەڵ ئەوەی كە ئەو بەرپرسیاریەتیە لەرووی رایگشتی و سیاسیەوە بۆ ئەوروپیەكان و ئەمریكیەكان قورسە و بەبێ باج نابێت ئەگەر چەكدارانی داعش بگەڕێننەوە و دادگاییان بكەن، هەروەها ئەوانەی كە تۆمەتەكانیان بەسەردا ساغ نابێتەوە ئازاد كردنیان قورس دەكەوێت لەسەر دەزگا هەواڵگری و ئاسایشیەكان بەڵام بژاردەی باشتریش نیە.

بۆیە چەكدارێكی ئەمریكی بەرەگەز لاتینی بە ناوی ( براینت نیل فیناس)   كە ساڵی 2007 پەیوەندی بە رێكخراوی قاعیدەوە كردووە و دواتر چەكی داناوە پرسیاری ئەوە  دەكات بۆچی پێویستە ئەو ئەمریكیانە وەربگرنەوە كە لەپێناوی داعشدا شەریان كردووە، ئەو لەوتارێكدا كە لەرۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردۆتەوە نوسیویەتی: " من ئەمریكیم لەریزەكانی رێكخراوی قاعیدە شەڕم كردووە و دواتر دەستگیركراوم و ماوەی زیندانی خۆمم تەواوكرد ئێستا یارمەتی ویلایەتەیەكگرتووەكان دەدەم لەشەڕی دژی تیرۆر".

دەكرێت چەكدارەبیانیەكانی تری وڵاتانی  رۆژئاواش هەمان كار بكەن، فیناس بیرۆكەیەكی خستۆتە ڕوو ئەویش ئەوەیە " كە داعش دوا مۆڵگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی سوریا لەدەستداوە  و بڕیاربەدەستانی هەردوولای زەریای ئەتڵەسی پێویستە بیرلەوە بكەنەوە كە دەبێت بۆ چەكدارانی بیانی ناو داعش بیكەن، من دەتوانم دەنگ و ئەزمونی دەگمەنی خۆم بۆ گفتوگۆ بخەمەڕوو".

بەپێی ئامارەكان كە لەلایەن پرۆگرامی چاودێریكردنی توندرەوی زانكۆی جۆرج واشنتۆن بڵاوكراوەتەوە، لایەنی كەم 59 ئەمریكی گەشتیان كردووە بۆ سوریا بۆئەوەی بچنە ریزەكانی داعشەوە، هەروەها هاوڵاتیانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنساش چوونەتە ناو داعش بەهۆی بوونی دەمارگیری ئایدۆلۆجی و سەركێشیكردن و دروستكردنی دەرفەتی ترس لەئیسلام و پابەندبوونی ئاینی.

فیناس سەبارەت بەچەكدارانی رۆژئاوایی لەناو داعش دەڵێت: یەكەم خەڵكانی وەك من لەوانەیە تێروانینێكی ناوخۆیان هەبێت و بەجۆرێك رەنگە زانیاریە هەواڵگریەكان لەسەر چۆنیەتی كاری داعش كاریگەری هەبێت و لەوانەیە لەورێگەیەوە بگەنە شوێنی سەركردەكانیان. دووەم ئەو چەكدارە رۆژئاواییانە دەتوانن تێروانینی خۆیان دەربارەی چۆنیەتی گۆڕانیان بۆ كەسێكی توندرەو و چەك هەڵگرتن روون بكەنەوە. سێیەم: دوای ئەوەی ماوەیەك لەزیندان مانەوە بیر لەبڕیارەكانیان دەكەنەوە و ئاشتی لەگەڵ خۆیان دەكەن دەربارەی چارەنوسیان لەگەڵ خۆیان دەكەونە گفتوگۆ، تەنانەت لەوانەیە وەك من ئامادەبن بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ گەنجانی لاواز بكەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەو دانایی و ژیریەی كە بەماندووبونێكی زۆر بەدەستهاتووە.

سەبارەت بەهاورێكانیشی ئەو جیهادیەی پێشووی ئەمریكا دەڵێ: پێویستیان بەكەمێك ئومێد هەیە دەربارەی ژیان دوای دەستبەرداربوونی تیرۆر و ژیانی منیش بەڵگەیەكی باشە، بەجۆرێك نزیكەی ساڵێك پێش ئێستا لەزیندان دەرچووم و پرۆگرامی پێدانی خۆراك بەبێ بەرامبەر منی گرتەوە و ناوم خرایە لیستی بێكارانەوە، بەڵام ئەمرۆ دەتوانم پێتان بڵێم ناوم لەو لیستە نەماوە و كارێكی باشیشم لەپیشەسازی گۆڕین دەستكەوتووە.

ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ بەرنامەیەكی نیە بۆ دووبارە ئامادەكردنەوەی زیندانیكراوان و گەڕاندنەوەیان بۆناو كۆمەڵگە، هەروەها خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونی یان راهێنانی پیشەیی یان پرۆگرامی خوێندن لەوانەیە من و خەڵكانێكی كەمی وەك من كە ژیانیان گۆڕاوە بتوانن ببنە پێشەنگی ئەو چەكدارە بیانیانە.... بەم شێوەیە فیناس كۆتایی بەوتارە كاریگەرەكەی هێنا.
نوسینی  وئاماده‌كرنی: عه‌لی عه‌بدولئه‌میر
وه‌رگێرانی له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: په‌یسه‌رپرێس