ڕاپۆرتی جیهانی

10:48 - 05/03/2019

پارتێكی ئه‌ڵمانی باس له‌ دۆخی په‌نابه‌ران ده‌كات‌

پەیسەر

وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا سەركەوتووبوو لە راگرتنی لێشاوی پەنابەران، ئەوەش دوای واژۆكردنی رێككەوتن لەگەڵ توركیا بۆ سنورداركردنی كۆچی نایاسایی، بەڵام دۆخی پەنابەرەكان بەپێی رەخنەگرانی رێككەوتنەكە لە توركیا و دوورگەكانی یۆنان له‌ دۆخێكی ته‌واو ناله‌باردان و پارتێكی ئه‌ڵمانیش ده‌ڵێ په‌نابه‌ران له‌ دۆخێكی كاره‌ساتباردان.

رۆژنامەی ئوسانبروكر تسیاتونگ ی ئەڵمانی لەژمارەی رۆژی دووشەممەی 4ی ئازار، ئاماژەی بەوەكردووە كە نزیكەی پێنج هەزار كۆچبەر لەساڵی 2018 دا لەسەر خواستی خۆیان لە یۆنانەوە گەراونەتەوە بۆ توركیا، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی ئەوروپا و توركیا بۆ سنورداركردنی كۆچی نایاسایی.

رۆژنامەكە ئاماژەی بە وەڵامی حكومەتی ئەڵمانیا بۆ كوتلەی پارتی چەپی وڵاتەكەی كردووە دەربارەی ئەوەی كە یۆنان 322 لە داواكارانی مافی پەنابەرێتی رەوانەی توركیا كردۆتەوە، حكومەت لە وەڵامەكەیدا رایگەیاندووە لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا نزیكەی 7 هەزار پەنابەری سوریایان لەتوركیاوە وەرگرتووە و حكومەتیش پشتی بەئامارەكانی كۆمسیۆنی ئەوروپا بەستووە.

تائێستاش دوورگەكانی یۆنان پڕن لە پەنابەران بەجۆرێك 11 هەزار و 752 پەنابەر بەسەر پێنج ناوەندی سەرەكی لەخۆگرتنی پەنابەرانی ئەو دوورگانە دابەش كراون، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی یۆنان. پارتی چەپی ئەڵمانیاش رەخنە لەدۆخی پەنابەران لەو دوورگانە دەگرێت و دەڵێت لەدۆخێكی كارەسات باردان.

حكومەتی ئەڵمانیا لەوەڵامەكەیدا ئاماژەی بە ئاماری وەزارەتی ناوخۆی توركیا كردووە و دەڵێت، 143 هەزار كۆچبەری سوریا لە كەمپەكانی توركیادا دەژیەن، و بەشێكی زۆریشیان دەچن بۆ شارەگەورەكان بۆ ژیان و كاركردن، یەكێتی ئەوروپاش لەچوارچێوەی پرۆگرامی ( تۆری پاراستنی كۆمەڵایەتی لەدۆخی نائاسایی) هاوكاری 1 ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەی سوری دەكات كە لەدەرەوەی كەمپەكان لە توركیا دەژیەن بەمەبەستی باشكردنی دۆخی ژیانیان.

لای خۆیەوە ئەولە یلبكە بەرپرسی كاروباری ناوخۆ لەفراكسیۆنی پارتی چەپی ئەڵمانیا، رەخنەی لە هەڵوێستی حكومەتی وڵاتەكەی و یەكێتی ئەوروپا دەربارەی پەنابەران گرتووە و رایگەیاندووە: " تائێستاش حكومەتی ئەڵمانیا دەڵێت رێككەوتنی یەكێتی ئەوروپا و توركیا دەربارەی پەنابەران كارێكی باشە، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە كە پەنابەران لەدووری یەكێتی ئەوروپا بمێننەوە، بەڵام لە راستیدا دۆخی ئاوارەكانی سوریا لە توركیا باش نیە، و زیاتر لە دوو ملیۆن كۆچبەری سوریا لەتوركیا لەدەرەوەی كەمپەكان دەژین و هاوكاری پێویستیان بەدەست ناگات، ئایە سەیر نیە كە ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەران لەناویشیاندا منداڵان ناچارن بەكرێیەكی كەم كاربكەن".

مانگی ئازاری ساڵی 2016 توركیا و یەكێتی ئەوروپا رێككەوتنێكیان دەربارەی رێگری لەكۆچی نایاسایی واژۆكرد، بەپێی رێككەوتنەكە یۆنان بۆی هەیە ئەو كۆچبەرانە رەوانەی توركیا بكاتەوە كە دەگەنە دوورگەكانی یۆنان ئەگەر دەركەوت كە لەوڵاتانی یەكێتی ئەوروپا مافی پەنابەرێتیان پێ نادرێت، لەبەرامبەردا یەكێتی ئەوروپا پابەندكراوە بە هاوكاری دارایی كۆچبەرانی ناو توركیا، هەروەها گواستنەوەی كۆچبەرانی سوریا لەتوركیاوە بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەشێوەی یاسایی، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی ئەوروپا رێككەوتنەكە بووە هۆی پاشەكشەی ژمارەی كۆچبەرانی نایاسایی لەتوركیاوە بۆ یۆنان.