ڕاپۆرتی جیهانی

02:15 - 28/11/2018

دامه‌زراوه‌ی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئه‌مریكا: پەیوەندی توركیا – ئەمریكا دەمرێت‌

پەیسەر

دامەزراوەی (CFR) كە بە مێشكی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە قەڵەم دەدرێت، لە دوا راپۆرتیدا دەڵێت:" توركیا لەچەند بوارێكدا ركابەر و ناڕازیە لە ئەمریكا". هەروەها داوا لە وڵاتەكەی دەكات "درێژە بەهەماهەنگی لەگەڵ (YPG) بدات".

دامه‌زراوه‌ی پەیوەندیەكانی دەرەوە (CFR - The Council of Foreign Relations) كە یەكێكە لە كاریگەرترین دامەزراوە فكرییەكانی ئەمریكا و رۆڵی گرنگی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە راپۆرتەكەیدا بەناونیشانی" نەدۆست، نەدوژمن – دواڕۆژی پەیوەندیەكانی ئەمریكا – توركیا" کلیک لێرە بکە لەبارەی پەیوەندیەكانی ئەمریكا – توركیا لە 13 تشرینی دووەمی 2018 بڵاوكردەوە كە بۆ یەكەم جارە ئاماژە بە كۆتایهاتنی پەیوەندی ستراتیژی ئەم دوو وڵاتە دەكرێت و جگە لەوەش چەندین تەوەرەی دیكەی هەستیار لەبارەی پەیوەندی هەردوولادا دەوروژێنێت.  


(CFR) لە ساڵی 1921 دامەزراوە
ئەم دامەزراوەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەبەرچاو دەگرێت، لەم چوارچێوەیەدا دامەزراوەیەكە كار دەكات بۆ ئەوەی ئابووری – سیاسەتی جیهان، ئاراستە بكات و هانیان بدات بە گوێرەی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا خۆیان رێكبخەوە. زۆربەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرانی (CFR) وەزیری پێشوو، كادیر و بەرپرسی هەردوو دەزگای (CIA) و (FED) نوێنەری بانكەكانی ئەمریكانە. (CFR) لە ساڵی 1921 نیۆورك دامەزراوە.  

راپۆرتەكە لەلایەن پسپۆر و شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤان كۆك (Steven A. Cook) لە كۆی 28 لاپەڕەدا ئامادەكراوە، تیایدا باس لە تێڕوانینی واشنتن دەربارەی ئەنقەرە دەكات. 

توركیا، ركابەر و ناڕازیە لە بەرامبەر ئەمریكا
راپۆرتەكە پێیوایە پەیوەندی و هاوپەیمانی هەردوو وڵات لە رابردوودا، بەو واتایە نایێت كە هەردوو وڵات لە داهاتووشدا شەریك و هاوپەیمان دەبن. لەبەر رۆشنایی ئەم گۆڕانكاریانەی لە 30 ساڵی رابردوودا لە پەیوەندی ئەمریكا – توركیا روویانداوە بە پێویستی دەزانێ سەر لەنوێ پەیوەندیەكان هەڵبسەنگێندرێتەوە. 

لەلایەكی دیكە لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە ئەو كەسانەی ئەمڕۆ داڕێژەر و دروستكەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكانە، یان تا دوێنێ ئەم ئەركەیان لەسەر شان بووە، لەبارەی درێژەدان بە هاوبەشی ستراتیژی و سەقامگیركردنەوەی پەیوەندیەكان لەگەڵ توركیادا دەڵێن:" بەرژەوەندی هەردوو وڵاتە لە ئێستادا هاوبەش نیە". 

هەستی بێ متمانەیی زاڵە بەسەر پەیوەندی هەردوو وڵاتدا
راپۆرتەكە جەخت لەسەر كۆتاییهاتنی پەیوەندی ستراتیژی نێوان ئەمریكا – توركیا دەكاتەوە. پێشیوایە كە هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە داهاتوودا، بەرتەسك دەبێت و تەنیا هەندێك بوار دەگرێتەوە. ئاماژە بە خوێندنەوەی پسپۆران و داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریكا دەكات و بەگوێرەی ئەوان لە ئێستادا توركیا نە دۆست و نە دوژمنی ئەمریكایە. بگرە توركیا لە زۆر مەسەلەدا ركابەر و ناڕازیە لە بەرامبەر ئەمریكادا.  


 

پێویستە برەو بە هەماهەنگی لەگەڵ (YPG) بدرێت
راپۆرتەكە بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە چەند داوایەك ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئەمریكا دەكات، كە بریتییە لە پەیداكردنی جێگرەوەی بنكەی ئەنجەرلیك، هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی پێدانی فڕۆكەی (F-35) و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان لە سوریادا درێژەدان بە هەماهەنگی لەگەڵ (YPG). 

لە راپۆرتەكەدا لیستی ناكۆكیەكانی نێوان ئەمریكا – توركیا خراوەتەڕوو، كە لە بارەی چەندین مەسەلەدا هەردوو وڵات بیركردنەوەیان جیاوازە. یەكەمین و گرنگترین ناكۆكی و جیاوازی نێوانیان وەكو لە لیستەكەدا هاتووە، نیازی توركیایە بۆ كڕینی سیستەمی مووشەكی (S-400) لە رووسیادا. 

لەبارەی رێككەوتنی رووسیا – توركیا پەیوەست بە ئیدلب راپۆرتەكە ئەم رێككەوتنە بە ستراتیژی لاوازكردنی ناتۆ بەناو دەكات. پێیوایە سەركردەكانی توركیا لە جیاتی رێككەوتنی ستراتیژی بەدوا، بەهێزكردنی پێگەی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی خۆیاندا دەگەڕێت. 

یەكەم جارە سیاسەتمەدارانی ئەمریكا بە راشكاوانە دان بە نەمانی هاوپەیمانیەتی نێوان هەردوو وڵاتدا دەنێن و دەڵێن، بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمریكیەكان و توركەكان جیاوازە. 

پەیوەندی توركیا – ئەمریكا دەمرێت
پێشەكی راپۆرتی " نەدۆست، نەدوژمن – دواڕۆژی پەیوەندیەكانی ئەمریكا – توركیا" كە لە 13 ئەم مانگە بڵاوكراوەتەوە و لەلایەن ریكارد هاس سەرۆكی (CFR) نووسراوە، پێشەكیەكەش وەكو ناوەڕۆكی راپۆرتەكە ئاماژە بەچەند تەوەرەیەكی هەستیار و گرنگ دەكات: "كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا سەر لەنوێ چاو بە هەڵوێستەكانی توركیادا بخشێنێتەوە. دەتوانین شاهێدی بدەین، كە پەیوەندی هەردوولا هەنگاو بە هەنگاو، بە شێوەیەكی سەقامگیر بەرەو مردن دەڕوات. لەوانەیە لە رووی فەرمیەوە توركیا هاوپەیمان بێت. بەڵام شەریك نیە، هەروەها وەكو وڵاتێكی دیموكراسیش لە قەڵەم نادرێت".


لە بەشێكی دیكەی پێشەكی راپۆرتەكەدا هاتووە:" هاوبەشی ستراتیژی نێوان ئەمریكا – توركیا بەسەرچووە. ئەوەی پێویستە واشنتن بیزانێت، قەبوڵكردنی ئەم راستیەیە و دروستكردنی پەیوەندیەكی دیكەیە كە پێویستە بەرتەسك و كارا بێت و خزمەت بە بەرژەوەندیەكانی بكات".