10:57 - 27/02/2019
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی (منبج): ناگهڕێینهوه بۆ پێش 2011
لە رۆژی 23 كانوونی دووەمی 2019، دوای گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ پارتیك شاناهان وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند كە ئەمریكا بەڵێنی داوە بە زووترین كات نەخشە رێگای منبج جێبەجێ بكات. ئەم لێدوانە جارێكی دیكە مەسەلەی منبجی كردە رۆژەڤەوە. لەمبارەیەوە شەڕڤان دەروێش (گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی منبج) كە لە 24 مانگی ئاداری ساڵی 2018 رووبەڕوی هەوڵێكی كوشتن بووەوە بە برینداری رزگاری بوو، وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دەداتەوە. بە گوێرەی شەڕڤان شتێكی زۆر نەماوە لە نەخشە رێگای منبج جێبەجێ نەكرابێت. شەڕڤان لەم گفتوگۆیەی لەگەڵ (پەیسەر پرێس) باسی ناوچەی ئارام دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ناوچەی ئارام شارۆچكەی منبج ناگرێتەوە.
پ: تا ئێستا هەموو سەرەداو و ئاماژەكانی نەخشە رێگای منبج لە نێوان ئەمریكا و توركیا بەدەر نەكەوتوون. دەكرێت باسی ئەم نەخشە رێگایە بكەیت؟
شەڕڤان دەروێش: نەخشەی رێگاكە بەم شێوەیە نیە كە لایەنی توركی ئاماژەی پێدەكات. قۆناغی یەكەمی ئەم نەخشە رێگایە بریتی بوو، لە هەبوونی دەوریەی جیاواز بۆ چاودێری كردنی ناوچەكە لەسەر تخووبی رووباری ساجور. قۆناغی دووەمیش دەوریەی جیاواز گۆڕانی بەسەردا هات بۆ دەوریەی هاوبەش. جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئەو هێزەی بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریكا ناوچەكە دەپارێزێت وەكو ئەوەی لە نەخشە رێگای منبج ئاماژەی پێكراوە، سەر بە ئەنجوومەنی سەربازی منبجە، نە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و نە هێزەكانی سوپای سوریای دیموكراتی (قەسەدە) بوونیان نیە. ئەوەی لایەنی توركی باسی دەكات دوورە لە راستی. ئامانجی سەرەكی لە نەخشەی رێگادا، بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیریە لەناو شاری منبج و دەوروبەری. هەموو لایەك دەزانێ كە لە ئێستادا منبج سەقامگیر و ئارامە.
پ: ئایا ئەو ناوچە ئارامەی كە ئەمریكا دەخوازێت لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریادا دروستی بكات منبج لەخۆ دەگرێت؟
شەڕڤان دەروێش: نەخێر ناوچەی ئارام منبج ناگرێتەوە. نە لایەنی ئەمریكی نە هیچ لایەنێكی دیكە ئەوەی باسی نەكردووە، وەكو پێشنیاریش باس نەكراوە. ئەوەی لە منبج جێبەجێ دەكرێت تەنیا نەخشە رێگای منبجە.
پ: بەو پێیەی ئەنجوومەنی سەربازی منبج بەشێكە لە رووداوەكە،ئایا ئەمریكا پەیوەست بە نەخشەی رێگای منبج قسەی لەگەڵ كردوون؟
شەڕڤان دهروێش: لەو كاتەی گفتوگۆ لە نێوان ئەمریكا و توركیا لەمبارەیەوە دەكرا، گفتوگۆمان لەگەڵ ئەمریكا دەكرد و تێبینی و بۆچوونەكانمان دەخستەڕوو. ئاگامان لە هەموو وردەكاریەكانی ئەم پڕۆسەیە هەبوو. رۆژ بە رۆژ ئەمریكا ئاستی گفتوگۆكانی پێ رادەگەیاندین، لەبەر ئەوەی ئامانجی نەخشەی رێگا بەرقەراركردنی سەقامگیری و ئارامی بوو لە شارەكە، بڕیاری قەبوڵ كردنماندا. لە ئێستادا دەورەی هاوبەش بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەش وروژاندن و نانەوەی كێشەش بەدەستپێشخەر لایەنی بەرامبەر بەردەوامە. لەسەر تخووبی نێوان هەردوولا هێزەكانی قەڵغانی فوڕات جار بەجار بەچەكی مەواد ناوەند تەقەمان لێدەكەن، كە ئەمەش پێشێڵكردنی رێككەوتنە لەسەر نەخشە رێگای منبج.
پ: رۆژی شەممەی رابردوو (٢٣ شوبات) خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا، دوای گفتوگۆكردنی لەگەڵ پارتیك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت، رایگەیاند كە لایەنی ئەمریكی بەڵێنی داوە بە زووترین كات رێككەوتنی منبج بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە؟
شەڕڤان دەروێش: نازانین مەبەستی خلوسی ئاكار لەم قسەیەدا چیە. زۆربەی بەندەكانی نەخشە رێگای منبج جێبەجێ كراوە. لەمبارەیەوە بەردەوامین لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی. ئەگەر مەبەستی (یەپەگە) بێت ئەوە هیچ ئەندامێكی یەپەگە لەم شارەدا نەماوە. جگە لە ئەنجوومەنی سەربازی منبج هیچ هێزێكی دیكەی سەربازی لە منبج نیە. ئەگەر مەبەستی بێت خەڵكی منبج لەناو ئەنجوومەنی سەربازی منبج شارەكە بەجێبێڵێت، ئەوە بەدەرە لە بەندەكانی ناو نەخشە رێگای منبج.
پ: وەكو بەشێك لە نەخشە رێگای منبج لایەنی توركی داوا دەكات، هەندێك فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی منبج شارەكە بەجێبێڵن و وەكو فەرماندەی یەپەگە لە قەڵەمیان دەدات؟
شەڕڤان دەروێش: هیچ یەكێك لەو بەرپرس و فەرماندانەی لە منبج دەمێنەوە، ئەندامی یەپەگە نین. ئەگەر بەتایبەتی لایەنی توركیا باسی هەندێك كەس دەكات، دەكرێت لەبەرچاوی بگرین. ئەمەش بۆ زیاتر سەقامگیربوونی شارەكەیە. دووپاتی دەكەینەوە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی سەربازی منبج خەڵكی ئەم شارەنە. من خەڵكی شاری منبجم هەموویان دەمناسن. كەس مافی ئەوەی نیە داوامان لێبكات شارەكەمان بەجێبێڵین. بەڵام دووپاتی دەكەمەوە ئەگەر سەقامگیری و ئارامی شاری منبج پەیوەست بێ بە من، ئامادەمە ئەوەی لە دەستم بێت بیكەم. بەڵام كەس مافی ئەوەی نیە لە شارەكەم دەرم بكات.
پ: ئایا ئەمریكا لە بارەی ئەم داوایەی توركیا گفتوگۆی لەگەڵ كردوون؟ ئامادەی ئەم داوایەی توركیا جێبەجێ بكەیت بەتایبەتی ئەگەر ئەمریكا ئەم داوایەت ئاراستە بكات؟
شەڕڤان دەروێش: بەردەوامین لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر هەماهەنگیكردن و چارەسەركردنی ئەو تەگەرە و گرفتانەی دێنە پێشەوە. تا ئێستا شتێك لەسەر زەوی نەگۆڕاوە. ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاریەكین كە لە بەرژەوەندی خەڵكی دابێت. هەموو شتێك دەكەین كە خزمەت بە سەقامگیری و ئارامی منبج بكات. هیچ شتێك قەبوڵ ناكەین كە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئارامی ناوچەكەدا بكات. بەم شێوەیە كراوەین بۆ گفتوگۆ و چارەسەری. بەدڵنیایی ئەگەر داوایەكی لەم شێوەیەدا هەبێت تاوتوێی دەكەین، هاوكاریان لەگەڵ دەكەین. لەگەڵ ئەوەی توركیا مافی داواكاریەكی لەم شێوەیەی نیە، بەڵام ئەگەر هەندێك كەس ببنە مایەی كێشە ئێمە ئامادەی هاوكاریكردنین.
پ: وەكو فەرماندەیەكی سەربازی لە ناوچەكەدا، ئەمریكا چۆن بڕیاری هێشتنەوەی بەشێك لە سەربازانی لەناوچەكەدا دەركرد؟
شەڕڤان دەروێش: هێشتا هەموو ئاماژەكانی پشت ئەم بڕیارە بەدەرنەكەوتوون، بەڵام هێشتا سێبەری گەڕانەوەی داعش ماوە، شانە نووستووەكان ماون. هێشتا كارێكی دوور و درێژ ماوە، كە پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە، تاوەكو بڵێین كۆتاییمان بە داعش هێناوە. مانەوەی ئەم هێزە هاوكارە بۆ بەردەوامبوونی سەقامگیری و ئارامی. لەم ماوەی دوایی نیگەرانیەكی گەورەی جەماوەری هەبوو. ئەم بڕیارە تا رادەیەك ئاسوودەیی لای جەماوەر دروست كردەوە.
پ: ئەمریكا داوای لە بەڕێوەبەرایەتی باكووری سوریا كردووە، خۆیان له رژێمی سوریا نزیك نهكهنهوه. ئایا ئەمە ئاماژە نیە، بەوەی كە ئەمریكا دەخوازێت بارودۆخی سوریا وەكو خۆی بمێنێتەوە، چارەسەری سیاسی بەرقەرار نەبێت؟
شەڕڤان دەروێش: بۆم نیە بەناوی بەڕێوەبەرایەتی باكووری و رۆژهەڵاتی سوریا قسە بكەم. بەڵام بەدڵنیایی ئامانجمان گەیشتنە بە چارەسەری سیاسی، كە تیایدا مافی هەموو پێكهاتەكان پارێزراو بێت.
پ: ئایا چارەسەری هەرە گونجاو بۆ قەیرانەكانی سوریا چیە؟
شەڕڤان دەروێش: چارەسەری هەرە باش بونیادنانی دەوڵەتێكی دیموكراسیە، كە مافی تاك و گرووپەكان گەرەنتی بكات. بە دڵنیایی دوای ئەو هەموو كاولكاریە و ساڵانێكی دوور و درێژ لە شەڕ، مافی سوریەكانە بە ئازادی بژین. بۆیە دەوڵەتێكی دیموكراسی دەستووری، تاكە چارەسەریە. ئەمەش لە یەكەم هەنگاویدا بە گۆڕینی دەستوور و گەرەنتی كردنی مافی پێكهاتەكان دەستەبەر دەبێت. بەم شێوەیە كۆتایی بە چەوسانەوە و تیرۆر دێت.
پ: پێتوایە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریادا گۆڕانی بەسەردا بێت. ئەم هێزە لە هێزێكی شەڕكەر دژ بە داعش ببێتە هێزێكی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی لەناوچەكەدا؟
شەڕڤان دەروێش: ناتوانم لەمبارەیەوە قسە بكەم. بەڵام دەبێت دوای نەهێشتنی داعش و تیرۆر، بەردەوامبین بۆ رێگا گرتن لە گەڕانەوەی داعش. بۆ ئەوەی داعش نەگەرێتەوە، پێویستیمان بە هێز و پشتگیری نێودەوڵەتی هەیە. چونكە نەبوونی هەر جۆرە سەقامگیریەك، داعش دەیقۆزێتەوە. لەمبارەیەشەوە رۆڵی هێزی نێودەوڵەتی گرنگە. هەروەها هەبوونی هێزی نێودەوڵەتی پاڵنەرە بۆ بەرقەراركردنی چارەسەریەكی گشتگیر لە هەموو سوریادا.
پ: چارەنووسی هێزەكانی سوریای دیموكراتی و ئەو گرووپانە چی بەسەر دێت دوای تەواوبوونی داعش؟
شەڕڤان دەروێش: هێزێكین لەگەڵ سەرهەڵدانی تیرۆر لەدژی وەستاینەوە. قوربانی زۆرمان داوە. چەندین سەركردەی بە توانا گیانی خۆیان لەم پێناوەدا بەخت كرد. دوای ئەو هەموو قوربانیانەی پێشكەشمان كردووە، دوای ئەو هەموو كاولكاریە و شەڕ و شۆڕە، لۆژیكی نابێت بگەڕێینەوە سەر بارودۆخی پێش ٢٠١١. دوای داعش هێزی ئێمە گەرەنتیە بۆ رێگاگرتن لەو گرووپ و دەستانە كە خراپترن لە رژێم. ئێمە دراوسێیەتی باش بە بنەما دەگرین و دوژمنایەتی هیچ لایەنێك ناكەین. نابینە مەترسی و هەڕەشە بۆ كەس. داواش لە جیهان دەكەین بەرپرسیاریەتی خۆی بەرامبەر ئەم ناوچەیە جێبەجێ بكات. هاوكار بێت بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە مافەكانی بەدەست بێنێت، كە لەجیاتی هەموو گەردوون هەزاران گەنجی خۆی كردە قوربانی بۆ تێكشكاندنی داعش. بەر لەچەند ساڵێك داعش مایەی ترس و نیگەرانی بوو بۆ هەموو جیهان. بە قوربانی ئەو هێزە داعش ئەمڕۆ لاواز كەوتووە.