لێکۆڵینەوە

10:52 - 24/02/2019

ئه‌و وتاره‌ی بووه‌ به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی‌

پەیسەر

له‌ یه‌كی حوزه‌یرانی 1975 له‌ سوریا حه‌وت كه‌س هه‌ستان به‌ دامه‌زراندنی حیزبێك به‌ ناوی(یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان) ئه‌و حه‌وت كه‌سه‌ سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی(مام جه‌لال) نه‌وشیروان مسته‌فا، فوئاد مه‌عسوم، عومه‌ر شێخ موس، عادل موراد، عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی، د. كه‌مال فوئاد. ئه‌م چه‌ند كه‌سه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌مه‌زراندنی پارته‌كه‌یانه‌وه‌، كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت ئه‌و شكسته‌ی كه‌ له‌ نسكۆی 1974 به‌رۆكی گه‌لی كوردی گرتبوو ده‌بێت تێ بپه‌ڕێنرێت. بۆیه‌ هه‌ستان به‌ میكانیزمێك دژی ئه‌و هه‌ڵانه‌ وه‌ستانه‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی پێشووی شۆڕشی كورد ئه‌نجامیاندا بوو.

یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌
ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی شه‌شی  ئازاری ١٩٧٥ لە نێوان ھەردوو حکومەتی عێراق و ئێراندا وەک بەڵگەیەکی دیکەی سەلماندنی ئەو ڕاستییە ھات کە بۆرژوازی بیرۆکراتی عێراقی- سروشت شۆڤێنی ناتوانێت مەسەلەی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتی عادیلانە چارە سەر بکات، ھەروەکو ڕووداوەکانی دواتر دەسوه‌ستانی سەرکردایەتی خێڵەکی و بۆرژوای ڕاستڕەوی سازشکاریان دووپات کردەوە کە ناتوانێت سەرکردایەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕزگاری خوازی گەلی کورد بکات و سەر لە نوێ سەلماندیان ناوەندە کۆلۆنیالیەکان لە سەرویانەوە ئیمپڕیالیزمی ئەمریکی و کۆنە په‌رستی زەوتکەری خاکی کوردستان لەپێشەوەیاندا حوکمەتی ئێران تەنیا دوژمنی سەرسەختی گەلی کوردو تێکڕای گەلانی ناوچەکەن، تەنیا ژێردەستی و بێ بەشکردنی ئەو گەلانەیان لە گشت مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان دەوێ و ھەرچەند لە ھونەری فرت و فێڵ و چەواشەکارییدا زانا بن و لە پیلان داڕشتن و پاساو دانەوەی گەمە دیبلۆماسیەکاندا داھێنەر بن و ھەرچەند بە دەمامکی بریقە دار خۆیان بشارنەوە، ئەوا تەنیا غەدرو خراپەی ئەو گەلانەیان مەبەستە.
(لێره‌وه‌ ده‌ركه‌وێت كه‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌ر له‌یه‌كه‌مین دێری به‌یاننامه‌كه‌یه‌وه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و ئێران كه‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیریان واژۆ كرد بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشی گه‌لی كورد له‌ناو بچێت. دواتر هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر وڵاتی ئه‌مریكا كه‌ ئه‌وان كوردستان وه‌كو وڵاتێكی داگیركرا و ته‌نیا بۆ لووشینه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنن، پاشان شای ئێران وه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركووتكه‌ر و دوژمنی كورد ده‌ناسێنێن.)

ئەوا سەر لە نوێ – وەکو ئەستێرەیەکی ڕێنما – ئەو ڕاستییە مێژووییە لە ئاسمانی کوردستان درەوشایەوە کە لە مێژ بوو ڕەوتی پێشکەوتنخوازی کوردستانی مژدەی ھاتنی دەدات، ئەو ڕاستییەی کە ڕزگاری گەلی کورد لە زوڵم و زۆری کۆلۆنیالی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و چینایەتی ھەرگیز بەبێ پشت بەستن بە خەباتی جەماھیریی شۆڕش گێڕانەی پێکەوە گرێدراو بە خەباتی جەماوەری میللی عەرەبی لە یەک بەرەی نیشتمانی یەکگرتوودا دژی کۆلۆنیالیزم و زایۆنیزم و دیکتاتۆریەت وەدی نایەت، ھەروەکو لە میانی ڕووداوەکاندا دەرکەوت دەبێت ھێزە شۆڕشگێرەکانی کوردستان شان بە شان لەگەڵ تێکڕای ھێزە پێشکەوتنخوازو نەتەوەییە چەپەکان لە عێراقدا کار بکەن بۆئەنجامدانی ئەرکەکانی شۆڕشی نیشتمانیی دیموکرات کە ڕووبەرووی گەلی عێراقمان بە ھەردوو نەتەوەی عەرەب و کوردو کەمینەکانی دەبێتەوە، (ی ن ك، داوا ده‌كات هه‌موو گه‌لی عێراق دژی داگیركاری وڵاتانی داگیركه‌ر و جوله‌كه‌ ڕاپه‌ڕن، بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتی عێراق له‌ زوڵم و زۆر ڕزگار بكه‌ن، ئاماژه‌یان به‌وه‌ش داوه‌، خه‌باتی ئه‌وان خه‌باتێكی ناسیۆنالیستی(نه‌ته‌وه‌په‌رستی) پیاده‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت هاوشانی شیوعیه‌كان ئه‌ركه‌ نیشتیمانیه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن).

لە پێشەوەی ئەم ئەرکانەدا :-

یەکەم — ڕزگارکردنی بە تەواوی عێراق لە کۆت و بەندی ئابووری و سیاسی کۆلۆنیالیزمی نوێ.
دووەم — کۆتایی ھێنان بە حوکمی دیکتاتۆری خوێنڕێژ.
سێ‌یەم – ھێنانەکایەی دەسەڵاتی نیشتمانیی دیموکراتی ئیئتلافی کە بتوانێ دیموکراسی بۆ تەواوی گەلی عێراق دەستەبەر بکات .
چوارەم — سەلماندنی مافی گەلی کورد لە ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە لە چوارچێوەی کۆمارێکی عێراقی دیموکراتی سەربەخۆدا.
پێنجەم– ئەنجامدانی ڕیفۆرمی کشتوکاڵی ڕیشەیی بە قازانجی کۆمەڵانی جووتیارو پیشەسازی کردنی بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگای عێراق، و پاشان دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی وەرچەرخان بەرەو بنیاتنانی سۆشیالیستی.

(له‌ ساڵی 1991ه‌وه زیاتر له‌ پێنج هه‌زار گوند چۆڵكراون، سه‌رجه‌م زه‌ویوزاری جوتیاران به‌ هۆی نه‌بوونی خزمه‌ت و یارمه‌تیدانی جوتیارانه‌وه‌، لەدوای راپەرینەوە  یەك ملیۆن و 651 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی دراوەتە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم و شارەوانیەكان و دابەش كرا پرۆژەی حكومی لەسەر جێبەجێكرا. هیچ كاتێك ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ به‌رژوه‌ندی جوتیاراندا نه‌بووه‌، بۆیه‌ سه‌رانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌به‌ره‌ی سۆشیالیزم و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دوور كه‌وتنه‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد، به‌ڵكو كه‌وته‌ سه‌ر رێچكه‌ی كاپیتاڵیزم( سه‌رمایه‌داری) زۆرینه‌ هه‌وڵیان ده‌دا باخ و زه‌وی كشتوكاڵی تێكبده‌ن و پرۆژه‌ی تایبه‌تی له‌سه‌ر درووست بكه‌ن.)

ھەموو ئەمانە پێوەری ڕاستەقینەن کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو حوکمە گورجوگۆڵانە بەرەو بە تەواوەتی خۆ ھاویشتنە نێو باوەشی نەخشەی ئیمپریالی – کۆنەپەرستی دژ بە نەتەوەی عەرەب و گەلی کوردو تێکڕای گەلانی ناوچەکە ھەنگاو دەنێ‌ ، ئەمەش گەوھەری ڕاستەقینەو ناسنامە ڕاستەقینەکەی ئاشکرا دەکات و ڕێبازە ڕەگەز پەرستانەکەی دیاری دەکات ، بۆیە خەباتی دژی ئەو دیکتاتۆریەتەی کە عێراق بۆ سەردەمی پەیمانی بەغدا لە ژێر پەردەی دروشمی بریقەدارو لە پشت لافیتەی چەواشەکارانەدا دەگەڕێنێتەوە ، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و لەسەر ھەموو ھێزەکانی نیشتمان خوازو پەرۆشی پێشکەوتنی گەلی عێراق و سەربەخۆییە نیشتمانیەکەی و مافی لە دیموکراسییدا پێویستە ، لەپێشەوەیاندا ئەو کەس و لایەنە پێشکەوتنخوازە کوردستانییانەی کە گەلەکەیان دووچاری سیاسەتێکی شۆڤێنی ستی ملھوڕ ھاتووە کە ھەڕەشەی لە ناوبردن لە نەتەوەی کورد دەکات بە تایبەتی کە دیکتاتۆریەت سەر لە نوێ‌ تەوقی کۆلۆنیالی- سەعیدی سێ قۆڵی کۆنی کردۆتە گەردنی گەلی کوردەوە ئەویش لە ڕێی ھاوپەیمانی بەستنی لەگەڵ کۆنەپەرستی شاھەنشاھی و فاشیزمی تۆرانی لە دژی بزوتنەوە ڕزگاریخوازو دیموکراتییەکەی کورددا.

ئەگەر سەرکردایەتی خێڵەکی و بۆرژوای ڕاست ڕەوی ناو بزووتنەوەیی کورد ملکەچی خواستی ئیمپریالیزم و کۆنە پەرستی شاھەنشاھی بوو لە کۆتایی ھێنان بە شۆڕشی کوردو سەر شۆڕیی بەزین و ڕیسوایی ھەڵاتن لە کوردستان لە شەرەفی ئازایەتی و سەروەریی بەرخۆدان لە خاکی نیشتمان دا درێژەدان بە خەباتی شۆڕشگێڕانە ، سەرەڕای ئەو کۆسپ و تەگەرانەی دێنە ڕێی خەبات گێڕە دلێرەکانی و ھەرچەندە ڕەوشی و ھەلومەرجەکان خراپ بن ، تاوەکو ئەو ئامانجە سەرەکیەی کە لە دروشمی بەناو بانگی (دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ) بەرجەستە کراوە ، دێتە دی . ئێمە لە کاتێکدا کە سەرفرازین بەوەی سوور بوونی تێکۆشەرانی گەلەکەمان ڕادەگەیەنین لەسەر درێژە دان بە خەباتی شۆڕش گێڕانەی ڕێکخراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە چوارچێوەی یەکێتیەکی نیشتمانیی کوردستانیدا ، ئەوا سەر لە نوێ ئەو ڕێبازە جەماھیرییە شۆڕشگێڕانەیە دووپات دەکەینەوە کە لە تێکۆشانی ھاوبەشمان لەگەلڕ ھێزە نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازەکانی عەرەب لە عێراقدا ، دژی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و دیکتاتۆریەت لەسەری دەڕۆین ھەروەک ڕەتکردنەوەی لێبڕاوانەمان بۆ ڕەوتە گۆشەگیرخوازە نەتەوەیی و ڕاست ڕەوو چاو لەدەرەکان دووپات دەکەینەوە بە توندیش شێوازە خێڵەکی و بۆرژوازیە ڕاست ڕەو و کۆنە پەرستەکان لە خەباتی نیشتمانی و بانگەشەکانی ھاوکاری و مەرایی کردن بۆ ناوەندە کۆنە پەرست و گومانلێکراوەکان مەحکوم دەکەین.(لێره‌دا مه‌به‌ستیان پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، ئه‌وان وه‌كو ئاغا و ده‌ره‌به‌گ له‌ شۆڕشدا مامه‌ڵه‌یان كردووه‌، نه‌وه‌كو شۆڕشگێڕانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌دا كردبێت، ده‌یانه‌ویت بڵێن پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشتر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ئه‌كرد كه‌ شاهانشای ئێران دۆستی كورده‌ و خه‌ڵكیان فریوو داوه‌ به‌ڵام چاره‌نووسی شۆڕشه‌ كه‌یان به‌و ئاقاره‌ برد كه‌ تووشی شكست بوون) ئێمە سوورین لەسەر درێژە پێدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی درێژخایەن بە پشت بەستن پێش ھەموو شت بە ھێزی لەبن نەھاتووی کۆمەڵانی گەلەکەمان بە ھاوکاری بە تین و ھاو خەباتی ڕاستەقینە لەگەڵ ھێزە پێشکەوتنخوازەکانی عەرەبدا ، و بە تێڕوانینێکی روون و تێگەیشتنێکی قووڵی ئەو ڕاستیەی کە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی شاھەنشاھی و تۆرانی و عەرەبی شۆڤێنی و کۆنەپەرستی بەکرێگیراوی کورد بە دوژمنی سەرەکی یەکەمی بۆ دۆزینەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردمان دادەنرێ.


له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كدا هاتووه‌ كه‌"خەباتی بەردەوام و نەپساوەی بێ سازیش یان نوچ دان یان دواخستن لە دژیاندا دەکەین. لە ھەمان کاتدا ھێزەکانی شۆڕشی عەرەب و بزووتنەوەکانی رزگاریخوازی نیشتمانیی لە جیھانی سێیەم و ھێزە شۆشیالست و کرێکاری شۆڕشگێڕەکانی جیھان بە ھاوپەیمانی سەرەکیمان لە قەڵەم دەدەین بۆیە کۆشش دەکەین پتەوترین پەیوەندی ھاوکاری و ھاوخەباتی لەگەڵیاندا ببەستین.

ئێمە ھاوخەباتی خۆمان و پشتگیری بێ سنوورمان بۆ نەتەوەی عەرەب دووپات دەکەینەوە لەو خەباتە سەرفرازانە کە لە شۆڕشی ھاوچەرخی جیھاندا گرنگییەکی مێژوویی مەزنی ھەیە ، لە پێناوی ڕزگاری و یەکخستنی نەتەوەی عەرەب لەسەر بنەمای پێشکەوتنخواز و دیموکرات ، ھەروەھا ھاوخەباتی خۆمان بۆ تێکۆشانی ڕەوایلە پێناوی رزگارکردنی فەلەستین لە کۆلۆنیالی ئیستیگانی زایۆنی و بەرقەرار کردنی دەوڵەتی دیموکراتی فەلەستین دووپات دەکەینەوە. ھەروەک ھاوخەباتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی تورکیاو کوردستانی ئێران دژی تۆرانیزم و کۆنەپەرستی شاھەنشاھی و لە پێناوی بەدی ھێنانی رزگاری نەتەوەیی ودیموکراتی تەواو لوە دوو وڵاتەدا و سەندنەوە مافی گەلی کوردمان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆی بەو شێوەیەی جەماوەرەکەی دەیخوازێ‌ ، دووپات دەکەینەوە .

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ھەوڵ دەدات ھێزە نیشتمانی و دیموکراتییەکانی شۆڕشی کورد ، بە شێوەی یەکێتیەکی نیشتمانی دیموکرات رێکبخات کە تێیدا رەوتە پێشکەوتنخوازەکان و یەکێتی پتەوی خەباتگێڕانەیان بتوانن بە یەکەوە بژین لە ژێر سەرکردایەتی پێشڕەوی شۆڕشگێرانەی کوردستانیدا کە حەتمەن لەدایک دەبێت ، ئەوا سڵاوی گەرمی خەباتی بۆ شۆڕشی سەرفرازی فەلەستین دەنێرێ و دەستەکانی دەگوشێ ، ھەر وەک سڵاو لە شۆڕشی میللی لە زەفارو ئەریتیریاو تێکۆشەرانی گەلی کوردمان لە کوردستانی تورکیاو ئێران و سەرتاسەری کوردستان و ھێزە پێشکەوتنخوازو شۆڕشگیِڕەکانی ئێران و تورکیا دەکات و ھاوخەباتی خۆی لەگەڵیاندا دەردەبڕێ. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە باوەڕی بەوە ھەیە بزووتنەوەی نەتەوەی گەلی کورد بزووتنەوەیەکی مێژووی بابەتیەو تا گشت ئامانجە نەتەوەیی دیموکراتییەکانی وەدی نەھێنی کۆتایی نایەت، درێژە بە تێکۆشان دەدات بۆ ڕێکخستنی ھەموو کەس و دەستە پێشکەوتنخوازو شۆڕشگێڕییە کوردستانییەکان بۆ سازدان و جۆشدانی جەماوەری گەلەکەمان لە پێناوی درێژدان بەو کاروانە شۆڕشگێڕییەی کە کۆمەڵانی خەڵکی کورد دەستیان پێ‌ی کردووە بۆ وەدی ھێنانی دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە بۆ کوردستان و بۆ پشتیوانی کردن خەباتی کۆمەڵانی نەتەوەیی کوردمان لە سەرتاسەری کوردستان لە پێناوی وەدەست ھێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانیدا . کۆمەڵانی خەڵکی کورد : خەبات گێڕو پێشکەوتنخوازە ھۆشیارەکان .


کۆبونەوەتان لە دەوری ئاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ھاتنتان بۆ ناو ڕیزەکانی لە پێناوی درێژەدان بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی ڕێکخراودا ، وەڵامی گورچکبڕی پیلانی کۆلۆنیالیستی شاھەنشاھی-شۆڤێنیستی عەرەبە بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد بە تایبەتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردمان بە گشتی ، ھەر وەکو ئەو تەعبیرکردنە مەنتیقیە پێویستەیی لە ڕق و توڕەیتان بەرامبەر بەزینی سەرکردایەتی خێڵەکی و مایە پووچی سیاسی و سەربازی و فیکریەکەیی و ملکەچ کردنی بۆ خواستی ئیمپریالیزم و کۆنە پەرستی ئێران لە کۆتایی ھێنانی بە شۆڕشی کورد کە جەماوەری گەلەکەمان لە پێناوی سەرخستنیدا بە سەخاوەتەوە قوربانی و فیداکاری بێ ئەندازەی پێشکەش کردووە."

( به‌شه‌كانی كۆتایی به‌یاننامه‌یه‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی نیشتیمانی كوردسات داواده‌كات خه‌ڵكی كوردستان هاوشانی ئه‌وان خه‌بات بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر داوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب بۆ ڕزگاركردنی عێراق تێبكۆشن، له‌ هه‌مان كاتدا بانگه‌شه‌ی له‌ناوبردنی عه‌ره‌بی شۆڤێنی ده‌كات. ئه‌وان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ فكر و ملكه‌چ نه‌كردن دژی داگیركه‌ران بوه‌ستنه‌وه‌. ئێستا ده‌بینین وڵاتی ئێران به‌ ئاشكرا زۆنی سه‌وزی له‌به‌رده‌ستدایه‌ و وه‌كو داگیركه‌ریش لێی ناڕوانن، به‌ڵكو وه‌كو فریادڕه‌سێكی ناوچه‌كه‌ سه‌یری وڵاتێكی وه‌كو ئێران ده‌كه‌ن، كه‌ به‌شداربووه‌ له‌ داگیكردنی كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و ڕووداوه‌ش له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر و هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا ده‌بینرا.) 

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆچی؟
نووسینی به‌ زمانی عه‌ره‌بی: جه‌لال تاڵه‌بانی (مام جه‌لال)
وه‌رگێڕانی: شاسوار جه‌لال(ئارام)
ساڵی 1975

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌رهه‌می په‌له‌ په‌ل و كاری سه‌رپێی نه‌بووه‌ وه‌كو هه‌ندێك كه‌س حه‌زده‌كه‌ن له‌ قه‌ڵه‌می بده‌ن. به‌ڵكو به‌ر ئه‌نجامی هه‌لی پێگه‌یشتنی بیرێكی شۆڕشگێڕانه‌ و واقیعی ده‌رباره‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری گه‌لی كوردستان و پیل و بۆچوونی دیموكرات و پێشكه‌وتنتخواز و چه‌پی وای تیایه‌ كه‌ پارتیه‌ك نه‌ك ته‌نیا ناتوانێت هه‌موویان بگرێته‌ خۆی هه‌روه‌ك له‌ دایكبوونی یه‌كێتی ئه‌نجامی په‌ی بردنێكی هۆشیارانه‌یه‌  به‌ پێداویستیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یه‌كی زۆر لێكراو، ئه‌و پێداویستی یانه‌ی یاسایه‌كی عیلمی گشتی كۆی كردۆته‌وه‌، له‌ پێویستی بونی پارتی پێشڕه‌و، یه‌كێتیی نیشتیمانی هێزه‌ دیموكراته‌كانی گه‌ل و له‌شكری گه‌ل به‌ مه‌رجێك كه‌ پارتییه‌ پێشڕه‌وه‌ كه‌ ڕابه‌رایه‌تیان بكات.

به‌ تێكه‌ڵكردنی ئه‌م ڕاستییه‌ گشتییه‌ ئه‌و یاسا شۆڕشگێڕانه‌یی كه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی گه‌لانی دنیا سه‌لماندوویه‌تی له‌گه‌ڵ باری تایبه‌تی ده‌ستنیشانكراوی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كوردا. بیری یه‌كێتی نیشتیمانی گه‌ڵاڵه‌ بوو، هه‌روه‌ها ئه‌و پیله‌(ته‌ییار) گشتیانه‌ی تیایدان و سوود وه‌رگرتن له‌و ده‌رس و تاقیكردانه‌وانه‌ی كه‌ له‌ زمانی شۆڕشه‌كه‌ی كورد هه‌ڵی ڕشتن، ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕه‌چاوكراون پاش ئه‌وه‌یی چه‌ند و چووون و ژێركه‌وتنی سه‌ركردایه‌تی خێڵه‌كی و بۆرجوازیه‌تی ڕاستڕه‌و ئیسپات بووه‌. هه‌ڵه‌ی تاكه‌ پارتی شێوه‌ نه‌ته‌وه‌یی پان و پۆڕ ئاشكرا بوو، وه‌ به‌ ڕوونی بایه‌خی دان نان به‌ ڕاستی بوونی چینی كۆمه‌ڵایه‌تی جیا كه‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌كی نیشتیمانی گشتی كۆمان ده‌كاته‌وه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ئاگاداربوونه‌ له‌ ئیمپریالیزم و دیكتاتۆری و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی چینایه‌تیان و خه‌بات دژی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و له‌ پێناوی ڕیفۆرمی(اصلاحات) دیموكراتیانه‌ و ئازادی سیاسی و گشتی له‌یه‌كیان جیانده‌كاته‌وه‌: شیكردنه‌وه‌ی زانستی واقیع و دووری ئه‌و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له‌ ئاڵاوه‌ی ڕزگاری خوازانه‌ی گه‌لی كورد كۆبوونه‌ته‌ته‌وه‌، ده‌مانگه‌ێنێته‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ی خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م:
بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری گه‌لی كورد له‌ جه‌وهه‌ردا بزووتنه‌وه‌ی جوتیارانه‌ كه‌ زۆرایه‌تی گه‌لی كوردن، له‌شكری ڕزگاری شۆڕشگێڕیش زۆربه‌ی هه‌ر له‌ جوتیاران پێكدێت، ئه‌و خاكه‌ی شاره‌كانی جه‌نگی گه‌لیشی لێده‌كرێت، لادێی جوتیاران و شاخ و دۆڵ و ئه‌شكه‌وته‌كانیه‌تی. جا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ جه‌وهه‌ره‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جوتیارانه‌ بۆیه‌ ئه‌بێ خه‌بات بكرێت بۆ ڕزگاركردنیان له‌ ده‌ره‌به‌گایه‌تی چونكه‌ ئه‌مه‌: 
1-مه‌رجێكی بنچینه‌یه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندن و هۆشیاكردنه‌وه‌ و سازدانی توانا و وزه‌یان و ئاراسته‌كردنی بۆ خه‌باتینیشتیمانی شۆڕشگێڕانه‌.
2-عامیلێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ له‌ناوبردنی ئیمپریالیزم و داگیركه‌رانی بێگانه‌ كه‌ وه‌كو پایه‌ك پشت به‌ ده‌ره‌به‌گایه‌تی ئه‌به‌ستێت..
3-كارێكی پێویسته‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵ به‌ره‌و پێشكه‌وتن و بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری و پیشه‌سازی. به‌ڵام جه‌وهه‌ری جوتیارانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری نیشتمانی، شێوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ڕزگاریخوازنه‌كه‌ی ناسڕێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌مه‌وه‌ پشتگیری ده‌كات. شێوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازانه‌ی له‌ناو تێكۆشاندا ئه‌دره‌وشێته‌وه‌ كه‌ بۆ ڕزگاركردنی نیشتیمان ئه‌كرێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی بێگانه‌ و له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌لدا، به‌هه‌موو چینه‌ نیشتیمانیه‌كانیه‌وه‌، له‌ بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیان، جووتیاران زۆربه‌ی زۆری گه‌لی كوردن و، دانیشتووی فراوانترین به‌شی كوردستانی نیشتیمانن ئه‌وان هێزی بنچینه‌یی گه‌شه‌كردنی ئابووری دواڕۆژن، زۆربه‌ی زۆری كرێكاران هه‌ر له‌وان پێكدێ و، كه‌ره‌سته‌ی خاوی زۆر پیشه‌سازی له‌ناوچه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌هێنرێت، خاكه‌كه‌ی ئه‌وان خواردمه‌نی به‌رهه‌م ده‌هێنێ و لادێكانیان بازاڕی به‌ره‌وی ساخكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی خۆماڵییه‌، له‌به‌ر ئه‌مانه‌ جووتیاران هێزی سه‌ره‌كی شۆڕشی ڕزگاری نیشتیمانی دیموكراتین، به‌ڵام جووتیاران چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوشان نین بگره‌ له‌ چه‌ند توێژێكی چینایه‌تی جیا جیا پێكهاتوون، جووتیاری ناوه‌نجی و كرێكاری كشتوكاڵیشان تیایه‌ له‌ناو ئه‌م توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا كرێكارانی كشتوكاڵ و جوتیارانی هه‌ژار له‌ هه‌موو تاخمه‌ لادێیه‌كانی تر شۆڕشگێڕترن، لێهاتووترن بۆ شۆڕش و درێژه‌ پێدانی جووتیاره‌ ناوه‌نجیه‌كان نزیكترین هاوپه‌یمانن، جووتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانیش دۆستن به‌ڵام ڕا ڕان. 

دووه‌م: 
چینی كرێكار كه‌ نوێ ترین چینی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌و هه‌میشه‌ له‌ پێگه‌یشتن و گه‌شه‌ كردن دایه‌، ژماره‌ی له‌ زیادبوون دایه‌ و، له‌ ڕوی چۆنایه‌تی یه‌وه‌ چاكتر ئه‌بێت. به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م چینه‌ له‌ ڕزگاركردنی نیشتیمان و به‌دیهێنانی بنه‌ڕه‌تی و ڕیشه‌یی شۆڕشی نیشتیمانی دیموكراتی دایه‌و، به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ گرنگه‌كانی پێچه‌وانه‌ی هه‌موو جۆره‌ ئازاردانێكی نه‌ته‌وایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی چینایه‌تی و جیاوازی یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی یه‌وه‌، نه‌ له‌ هه‌موو چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كانی تر شۆڕشگێڕتره‌، له‌ هه‌موویان زیاتر قابیلیه‌تی ڕێكخستنی و توانای خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌یه‌، له‌ هه‌موویان كارا تره‌ بۆ پشوو درێژی و خۆڕاگرتن و خاوه‌نی گیانێكی تێكۆشه‌رانه‌ی شۆڕشگێڕانه‌یه‌ و خاوه‌نی تیورێكی پێشڕه‌وی شۆڕشگێڕانه‌یه‌ كه‌ ڕێبازی به‌رده‌می بۆ ڕووناك ئه‌كاته‌وه‌، ئه‌مانه‌ وای لێ كردوه‌ كه‌ له‌ هه‌موو چینه‌كانی كه‌ زیاتر شایسته‌ی گێڕانی ده‌وری پێشڕه‌وی شۆڕشگێڕ بێت له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری نیشتیمانی ی دیموكراتی دا.

سێ یه‌م:
ورده‌ بۆرجوازی شار و لادێ كه‌ بریتی یه‌ له‌ ڕۆشنبیر و كاسب و پیشه‌گه‌ر(سنعه‌تكار)، قوتاب، موچه‌خۆری بچوك، مه‌لا هه‌ژاره‌كان و موسته‌خده‌م و جوتیارانی ناوه‌نجی. بۆرجوازی بچووك هێزێكی پێشكه‌وتووتنخوازه‌ و به‌شه‌ ڕوناكبیره‌كه‌ی (رۆشنبیران و قوتابیانی شۆڕشگێڕ) ده‌ورێكی گرنگ و بایه‌خدار له‌ ڕاپه‌ڕاندن و هۆشیار كردنه‌وه‌ی كرێكاران و جوتیاراندا ئه‌گرێت، ده‌وری هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵ ئه‌بینێ له‌ خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمان دا وه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران و جووتیاران و ڕه‌نجده‌رانی تر تێكه‌ڵ ببێ هێزێكی شۆڕشگێڕی كاریگه‌ر و به‌ توانا پێك دێنێ و زۆر كه‌سی سه‌ركرده‌یی و پێشڕه‌وی تیا هه‌ڵ ئه‌كه‌وێت. به‌ڵام ورده‌ بۆرجوازی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی گه‌لێك سیفاتی سه‌لبی هه‌یه‌ وه‌كو ڕاڕایی و هه‌ڵچونی شۆڕشگێڕانه‌ و ئینجا دامركانه‌وه‌، پاشه‌ كشه‌، خه‌باتی وه‌رزی، بیروڕای ته‌سكی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ندێ جار توند و گرژه‌ تا جاری وا هه‌یه‌ ئه‌بێته‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رستی شێت گیر(تعصب قومی)، ده‌سته‌گه‌ریی به‌ره‌لڵا و هه‌وڵ دان بۆ ژینێكی خۆشتر و هێمن تر... ئه‌مانه‌ وا له‌و تاقمانه‌ كه‌ توشی سه‌لبی یه‌ت و پاشه‌كشێ بێت، دوچاری به‌جێهێشتنی خه‌باتی سه‌خت و درێژ ببن، وه‌ توشی چه‌ندین نه‌خۆشی وه‌كو هه‌لپه‌رستی خۆیایه‌تی سوڵتایه‌تی(فردیه‌)، خۆپه‌رستیی و زۆر نه‌خۆشی تری واببن كه‌ ژیان به‌ خه‌بات ئه‌گه‌یه‌نن.

چواره‌م:
بۆرجوازی نیشتیمانین كه‌ بریتی یه‌ له‌ بازرگان، ده‌وڵه‌مه‌ندی نیشتیمان په‌روه‌ر و خاوه‌ن پیشه‌سازی و محامی، ئه‌ندازیار، مقاول، دكتۆر، به‌ڕێوبه‌رانی ده‌زگا و كۆمپانیه‌كان، جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی لادێ ئه‌م له‌ سه‌رێكه‌وه‌ به‌ هه‌ستی ته‌سكی نه‌ته‌وایه‌تی و له‌ سه‌رێكی كه‌وه‌ به‌ زۆر به‌ ته‌نگه‌وه‌ هاتنی به‌رژوه‌ندی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ ئه‌ناسرێت، دژی ده‌سه‌ڵاتی بێگانه‌ و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی یه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فشۆڵ و لاواز و بێ هێز( له‌ ڕووی ئابوری یه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا له‌ ڕووی سیاسی شه‌وه‌) نا توانێت له‌سه‌ر خه‌باتی درێژخایه‌ن بڕوات. به‌هۆی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی یه‌وه‌ یا خود به‌ هۆی به‌رژوه‌ندی چینایه‌تی یه‌وه‌ جوڵانه‌ ئه‌كات له‌ نێوان نیشتیمان په‌روه‌ری و سه‌ودا كاری دا كه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی كاری تێ ئه‌كات نیشتیمان په‌وه‌ری یه‌تی و یه‌كی ئه‌بزوێ، كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانشی ئه‌كه‌ونه‌ مه‌ترسی یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوژمن ئه‌كه‌وێته‌ سات و سه‌ودا. 

له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ چاره‌سه‌ری نیوه‌و نیوه‌ چڵ قبوڵ بكات به‌ ناوی( ڕزگاركردنی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌توانرێت ڕزگاربكرێ) ته‌نانه‌ت كه‌ خه‌باتی كرێكاران و جوتیاران و ڕه‌نجده‌رانی تر په‌ره‌ئه‌سێنێ و توند ئه‌بێت، یا كه‌ هه‌وری ئاسمانی نیشتیمان دا ئه‌گرێت و بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانی ی ئه‌كه‌وێته‌ رۆچون و نیشتینه‌وه‌ ئه‌م ئاماده‌یه‌ ده‌ست بخاته‌ ده‌ستی دوژمنه‌وه‌ و هاوكاری له‌گه‌ڵ بكات، بۆیه‌ ئه‌بینین هه‌ندێك وه‌رز خه‌بات ئه‌كات و، كاتێكیش به‌رژه‌وه‌ندی به‌ تایبه‌تیه‌كانی پێویست ئه‌كات له‌ مه‌یدان هه‌ڵدێت و خیانه‌ت له‌ شۆڕش ئه‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌بێ له‌م چینه‌ وریا و ئاگاداربین، به‌ دۆستێكی كاتی دابنێین كه‌ ئه‌شێ پاشگه‌زببێته‌وه‌ و شۆڕش به‌جێ بهێڵێ.

جگه‌ له‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی یانه‌ی كه‌ ئه‌توانن هاوپه‌یمانی یه‌تی یه‌كی نیشتیمانی به‌رین پێك بهێنێ كه‌ هاوپه‌یمانێتی كرێكاران و جوتیاران به‌ردی بناغه‌ی بێ- كه‌سانی تری زه‌ویدار، مه‌لا و بنه‌ماڵه‌ مه‌زهه‌بی یه‌كانیش دێته‌ ڕێزی بزوتنه‌وه‌ی نیشتیمانی ڕزگاریخوازوه‌ ئیتر سا به‌ هۆی هۆشی نه‌ته‌وایه‌تی و هه‌ست كردنیان به‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌زهه‌بی یه‌وه‌ بێ یان به‌هۆی هه‌ڵچوونی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماهیره‌وه‌ بێ، یان له‌ سایه‌ی نۆشینی بیروباوه‌ڕی نیشتیمان په‌روه‌رانه‌و دیموكراتیخواز و تێگه‌یشتنی گیانی نوێی سه‌رده‌مه‌وه‌ بێ هاوپه‌یمانێتی(یه‌كگرتن) كرێكاران، جوتیاران و بۆرجوازی بچوك هێزی سه‌ره‌كی شۆڕشی نیشتیمانی دیموكراتی پێك ئه‌هێنن(ی ن ك) یش له‌ پله‌ی یه‌كه‌م دا هه‌وڵی ڕێكخستن و یه‌كێتی تێكۆشه‌رانه‌ی ئه‌مانه‌ ئه‌دات كه‌ له‌ژێر ئاڵاكه‌یدا له‌ شێوه‌ی" نیمچه‌ به‌ره‌"یه‌ك دا. چونكه‌ ئه‌م هێزانه‌ به‌رژوه‌ندی بنه‌ڕه‌تی ناو خۆیی یان  هه‌یه‌ و ئامانجه‌ نیشتیمانی یه‌ گشتی یه‌كان كۆیان ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام له‌ هه‌مان كات دا له‌ ناو خۆیان دا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی و فیكری ناڕێكن. جیاوازی ئایدۆلۆجی و له‌ یه‌ك نه‌چونی ڕوانین و هه‌ڵوێست به‌رانبه‌ر به‌ چاكردنی كشتوكاڵ(اصلاح الزراعی) و ده‌سه‌ڵاتی نیشتیمانی و ده‌وری چینه‌كا له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریی نیشتیمانی و دوا رۆژی سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵات...ئه‌مانه‌ چه‌ند مه‌سه‌له‌ی گرنگن له‌سه‌ری پێك نایه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناكرێ هه‌موو بخرێنه‌ یه‌ك پارتی یه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌توانرێت یه‌كێتی یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ یان لێ پێك بهێنرێ له‌ خه‌بات دا دژی ئازاردانی نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌و شاڵاوه‌ شۆڤێنی یانه‌یه‌ی كه‌ به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد و به‌ عه‌ره‌ب كردنی شوێنه‌ گرنگه‌كانی كوردستان ئه‌كرێت كه‌ ئامانجی نیشتیمانی گشتین.

ئه‌و باره‌ واقیعی و تایبه‌تی یه‌ی كه‌ له‌ باڵی به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد كێشا به‌ڵگه‌یه‌كی تری سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستی یه‌ تیوریانه‌ بوون كه‌ به‌ لێكدانه‌وه‌ی زانستی له‌ ڕووداوه‌ ماددی یه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵهێنجراون، ئه‌وه‌ بوو پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشه‌كه‌ی كورد كه‌ هه‌موو چینه‌ نیشتیمان په‌روه‌ر و ده‌سته‌ زه‌ویداره‌كان له‌ ژێر ئاڵاكه‌یدا كۆبوونه‌وه‌.... ڕابه‌رایه‌تی یه‌ خێڵه‌كی یه‌ كه‌ی كورد جاری دواهێنان به‌ خه‌باتی چه‌كدار و خه‌باتی سیاسی پێكه‌وه‌ گرێ داوه‌ خه‌ڵكیان سه‌ر پشك كرد له‌ نێوان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و وه‌یان كۆچ كردنیان له‌ ته‌كیا بۆ ئێران. ئه‌مه‌ش بو به‌ هۆی دروست بونی بۆشای یه‌كی گه‌وره‌ له‌ مه‌یدانی سیاسی كوردا وه‌ پچڕانی ئه‌و زنجیره‌ نیشتیمانپه‌روه‌ری یه‌ی كورده‌كانی به‌ بێ جیاوازی فیكری و سیاسی یان له‌ ژێر ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێكه‌وه‌ به‌ستبوو كه‌ خۆی له‌ واقیع دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی فراوان بوو ، چه‌پ و ڕاست پێشكه‌وتنخواز و كۆنه‌په‌رستی، پێكه‌وه‌ تیا بوو. له‌ یه‌ك ترازانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یی كه‌ هه‌موو لایه‌كی یه‌ك خستبوو... په‌یوه‌ندی شۆڕش و پارتی بوو به‌ مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی چه‌ند پیلێك كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی كوردا هه‌بوون و ئاشكرا بوونی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیان له‌سه‌ر شانۆی سیاسی له‌وانه‌ ئه‌م سێ پیله‌ی خواره‌وه‌ن.

پیلی یه‌كه‌م:
پیلێكی ڕیفۆرمیستی(تیار اصلاحی) نه‌ته‌وه‌ی یه‌ كه‌ دوای دامه‌زراندنه‌وه‌ی (پ.د.ك) درێژه‌دان به‌ كاركردن له‌ ژێر ئاڵاكه‌ی دا ئه‌وه‌ ئه‌كا به‌ بیانوی ده‌س به‌رنه‌دانه‌وه‌ له‌ ده‌وره‌ مێژووییه‌كه‌ی، ئه‌م پیله‌ش ئه‌بێ به‌ دوو به‌شه‌وه‌:
ا- به‌شێكی رێفۆرمیستی كه‌ داوای ژیاندنه‌وه‌ی( پ.د.ك) ئه‌كات به‌ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی دیكتاتۆری عێراق(بۆرجوازی-بیرۆكرات) له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ره‌ نیشتیمانی یه‌دا كه‌ له‌ عێراق داهه‌یه‌ و پرۆژه‌ی ئۆتۆنۆمی یه‌ ساخته‌كه‌ش قه‌بوڵ ئه‌كا و هه‌وڵ ئه‌دا ئه‌وه‌ندی ئه‌كرێ ڕزگار بكات. له‌ ناو ئه‌م پیله‌دا سه‌دان كه‌سی له‌ وانه‌ی تیایه‌ كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ عێراق، هه‌ندێ له‌و خوێنده‌وارانه‌ی تیایه‌ كه‌ ساڵانی خه‌باتی سه‌ختی ماندوی كردون، شه‌پۆڵی نا ئومێدی نقومی كردون پاش هه‌ره‌سهێنان به‌ شۆڕش، وه‌ كه‌سانی هه‌لپه‌رست كه‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ كورسی وه‌زاره‌ت و پایه‌ی خۆشی، كه‌سانی تر كه‌ گیانی تێكۆشه‌رانه‌ و توانای له‌سه‌ر ڕۆیشتنی خه‌باتیان له‌ باری تیرۆری (ارهابی) فاشیستی ئێستای عێراق دا له‌ ده‌س داوه‌. له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌م ته‌یاره‌ مه‌ترسی یه‌كی گه‌وره‌ی دروست بكردایه‌ بۆ سه‌ر خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی شۆڤێنی به‌ ده‌نگی یه‌وه‌ بچوایه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پارتی یه‌كی ئیجازه‌ پێدراوا ڕێگه‌ی كاركردنی ئاشكرای بداتێ به‌ تایبه‌تی له‌ زروفی پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش و نابوت بوونی سه‌ركردایه‌تی خێڵه‌كی و ئه‌و شه‌پۆلی توڕه‌بوون و ناڕه‌زاییه‌ی جه‌ماهیری گه‌له‌كه‌مانی ڕاگرتبوو دژی و ، له‌ باری په‌یدابوونی ئه‌و بۆشاییه‌ سیاسی یه‌دا كه‌ هێشتا پیلێكی پێشكه‌وتنخواز پڕی نه‌كردبوه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌م پیله‌ نه‌یتوانی جه‌ماهیری كورد له‌ ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه‌ له‌به‌ر چه‌ندین هۆ له‌وانه‌ ڕێگه‌ نه‌دانی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به‌ ئیشكردنی ئه‌مانه‌ كه‌ چاوی جه‌ماهیری زیاتر كرده‌وه‌ له‌ مه‌ڕ ڕاستی نیازه‌ شۆڤینی یه‌كانی دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد و هیوای ئه‌وانه‌ شه‌ڕی كه‌ له‌م پیله‌دا ئیشیان ئه‌كرد، جا هه‌ڵچونه‌ ڕیفۆرمیستیه‌كه‌ش نیشته‌ دواوه‌، ئه‌م پیله‌ پیلی بۆرجوازی كشایه‌وه‌ دواوه‌ نه‌ته‌وه‌یی اصلاحی ئه‌نوێنێ له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری كه‌لی كوردا، لایه‌نی بیر و له‌ ڕووی شێوه‌ی كاركردنیشه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌نوێنێته‌وه‌ حه‌ز و ئاره‌زوی ئه‌م پیله‌ بۆ سات و سه‌ودا له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستان به‌ ناوی ڕزگاركردنی ئه‌وه‌ی ئه‌توانرێت ڕزگار بكرێت ئاره‌زویه‌كی سروشتی یه‌، له‌ زروفی له‌م بابه‌ته‌دا لێی ده‌رئه‌كه‌وێت، به‌ڵام جه‌ماهیری گه‌ل ئه‌م ئاره‌زوه‌ ئه‌داته‌ دواوه‌ قێزی له‌ خاوه‌نه‌كانی دیته‌وه‌، له‌ كۆتایی دا ئه‌م پیله‌ ویسته‌كانی جه‌ماهیری پێی ده‌رنابڕدرێت و ناتوانێ به‌رگری له‌ مافه‌كانی بكات، له‌به‌ر ئه‌مه‌ هه‌رگیز نابێته‌ هێزێكی پێشڕه‌و یا سه‌ركرده‌ی خه‌باتی جه‌ماهیر، به‌ڵام زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تا ماوه‌یه‌كی تریش هه‌ر ئه‌مێنێ وه‌ ڕه‌نگه‌ كاتێك كه‌ خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماهیر دژی دیكتاتۆری شۆڤێنی توند ببێت ئه‌و هه‌وڵی زیندوكردنه‌وه‌ی بدا و بیهێنێته‌وه‌ به‌رچاو، كه‌ هه‌ست به‌ مه‌ترسی ئه‌كات ناچار ئه‌بێت ڕزگاركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئه‌توانرێت ڕزگار بكرێت بخوازێت واته‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌توانرێت دوربخرێته‌وه‌ له‌ خه‌باتی شۆڕگێڕانه‌.

بۆیه‌ ئه‌بێ وه‌كو ڕیشه‌ی چیانه‌یه‌تی و فیكری ئه‌م پیله‌ ده‌ربخرێ و زیان و مه‌ترسی یه‌كانی بۆگه‌ل  ڕوون بكرێته‌وه‌، هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ بدرێ بۆ هۆشیاكردنه‌وه‌ و وریاكردنه‌وه‌ی كه‌سه‌ ساغ و شه‌ریفه‌كانیان له‌ ئه‌نجامه‌كانی كه‌وتنه‌ دوای دیكتاتۆری یه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها كاربكرێت بۆ دابڕێنی سه‌ركرده‌ كه‌لـله‌ڕه‌قه‌كانی خه‌ڵك و ڕیسواكردنی هه‌لپه‌رسته‌كانیان لای قه‌واعیدیان.

ب- به‌شی دووه‌می ئه‌م پیله‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای زیندووكردنه‌وه‌(پ.د.ك) له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی نوێ سه‌باره‌ت به‌ ڕابردووی دژی تێكۆشه‌رانی ئه‌م حیزبه‌ بۆ خۆ هه‌ڵواسین به‌ سه‌روه‌ری یه‌كان و خۆ هه‌ڵواسینێكی عاتیفی یانه‌ به‌ بیروه‌ری و خۆشه‌ویستی یه‌كه‌ی دا!!
ئه‌م به‌شه‌ی ئه‌م پیله‌دا هه‌ندێ رۆشنبیر هه‌ن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و له‌ ئۆردوگای په‌نابه‌ران دان له‌ ئێران، له‌ كاتێك دا كه‌ به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م پیله‌ دا دوای زیندوكردنه‌وه‌ی پارتی ئه‌كا به‌ ڕزامه‌ندی حكومه‌تی عێراق، دژی سه‌ركردایه‌تی بازرانی، له‌ به‌شه‌ی تردا داوای زیندوكردنه‌وه‌ی پارتی ئه‌كا به‌ ڕه‌زامه‌ندی سه‌ركردایه‌تی بارزانی ئه‌گه‌ر چی چرپه‌ ئه‌كا دژی، به‌ڵام گه‌ره‌كیه‌تی وسد له‌و توانا دارایی یه‌ زۆره‌ی لایانه‌ وه‌ربگرێ و تا جێ پێی خۆی قایم ئه‌كات بێ ده‌نگیان كا. 

ئه‌م پیله‌ تێگه‌یشتنێكی ڕاستی له‌ مه‌ڕ سروشتی چینایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری گه‌لی كورد نییه‌ كه‌ پڕ له‌ پیلی دیموكرات و پێشكه‌وتنخوازی جیا جیای ئه‌و تۆ كه‌ هه‌رگیز ناكرێ هه‌موویان له‌ بۆته‌یه‌ك دا بتوێنرێته‌وه‌ و بخرێنه‌ یه‌ك پارتی سیاسی یه‌وه‌، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنێكی قوڵی نییه‌ له‌ مڕ سروشتی دیكتاتۆریه‌تی. و قوڵی هه‌ستی شۆڤینی یانه‌ی دژی گه‌لی كورد، كه‌ له‌ سروشتی چیانه‌یه‌تی چه‌وسێنه‌رانه‌ و چاو برسیانه‌یه‌وه‌ ده‌رهاتووه‌، بۆیه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ ئه‌كرێت ئه‌م پیلی بكه‌وێته‌ سات و سه‌دا له‌ ته‌كیان، ئه‌م پیله‌ پشت به‌ عاتیفه‌ ئه‌به‌ستێ زیاتر لێكدانه‌وه‌ی مه‌وزعی ئازایانه‌، زیاتر ده‌ستی به‌ ڕابردووه‌وه‌ گرتووه‌ وه‌كو له‌ دوا رۆژی ڕووناك، هه‌روه‌ها نۆڕینی ڕونی نیه‌ له‌ مه‌ڕ پێداویستی یه‌كانی سه‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری گه‌لی كورد، تێگه‌یشتنی پارتی پێشڕه‌و، یه‌كێتی نیشتیمانی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ جیا جیاكان له‌ چوارچێوه‌ی ململانێ و یه‌كگرتن دا، واته‌ یه‌كگرتن له‌ پێناو ئامانجه‌ نیشتیمانی یه‌ گشتی یه‌كان دا و ململانێ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چینایه‌تی و سیاسی ودیموكراتییه‌كان.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هه‌ڵوێستمان له‌م پیله‌ تا ئێستاش هه‌ڵوێستی یه‌كگرتن و زۆران گرتنه‌" الاتحاد و الصراع" هه‌ڵوێستی دۆستانه‌یه‌. مه‌رجمان بۆ هاوكاری كردن له‌گه‌ڵی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندی یه‌كی فیكری و ته‌نزیمی و سیاسی..." ئاشكرا و نهێنی" خۆی به‌ ڕێبازه‌ كۆنه‌كه‌وه‌ ببرێت به‌ ئاشكرا هاوكاری له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمی ئه‌مریكا و كۆنه‌ په‌رستی ئێران" ادانه‌" بكات ڕێبازی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی پێشكه‌وتنخوازانه‌ بگرێت دور له‌ پاشماوه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌ خێله‌كی یه‌ كه‌ هێشتا هه‌ر سواره‌ له‌سه‌ر ڕێبازه‌ كۆنه‌كه‌ی، دور له‌ دیكاتۆریی شۆڤینی عێراق. چونكه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌كات سه‌ر له‌ نوێ ترسی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی لێ ئه‌كرێ به‌ ڕابه‌رایه‌تی خێڵه‌كی به‌ زیوی تا ئێستاش هاوكاره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئێران، كه‌ له‌و بڕوایه‌ دایه‌ به‌ یارمه‌تی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ و سوربونه‌وه‌ی ئێستای ڕاست ئه‌بێته‌وه‌ و، به‌ پشتیوانی ئاشتیخوازانه ‌یا جه‌نگی ئه‌م دوانه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستانی عێراق. هه‌ر وه‌كو مه‌ترسی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ كه‌ له‌ دیكتاتۆری یه‌تی عێراق نزیك ببێته‌وه‌ به‌ بیانوی لاوازیی بزوتنه‌وه‌ی كورد، پێویستی كه‌ڵك وه‌رگرتنه‌ له‌ زروف و كاركردنی شێنه‌یی بۆ چاك كردنی یاسای ئۆتۆنۆمی و، كاركردن به‌ پێی ئه‌وه‌ی له‌ توانادایه‌ وه‌ چه‌ندین بیانوی پڕو پوچی تره‌وه‌.

پیلی دووه‌م:
ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌یه‌وێت(پ.د.ك) له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌ كلاسیكی یه‌كه‌ی"تقلید" به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئێران و ئه‌مریكا زیندو بكرێته‌وه‌ به‌ چه‌شنێ كه‌ چالاكی یه‌ سیاسی یه‌كانی له‌و سنوره‌دا بێ كه‌ ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ ڕێگه‌ی ئه‌ده‌ن، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ ڕێگه‌ی زیندوكردنه‌وه‌ی هه‌موو پارتی ناده‌ن سه‌ركردایه‌تی یه‌ تقلیدیه‌كه‌ی بڕیاری دا كه‌ جارێ لقی ده‌ره‌وه‌ زیندو بكاته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تادا هه‌وڵی دا سود له‌و كه‌سانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ به‌ پێشكه‌وتنخواز ناسراون، بیان خاته‌ سه‌ركردایه‌تی لقی ده‌ره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی:

1/ كه‌ كه‌سانی په‌سه‌ندكراون و
2/ ئه‌توانن ئه‌و گه‌نجانه‌ له‌ ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ له‌ پاش هه‌ڵاتنی سه‌ركردایه‌تی و هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش ئومێدی یان بڕاو.
3/ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ مه‌ترسی یه‌ك بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌ تقلیدیه‌كه‌ درووست نه‌كه‌ن و
4/ بۆ به‌كارهێنانی لقی ده‌ره‌وه‌ له‌ سات و سه‌ودا به‌ر ده‌وامه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئێران.

ڕاستیه‌كه‌ی نابوت بوونی سیاسی و عه‌سكه‌ری سه‌ركردایه‌تی یه‌ تقلیدی یه‌كه‌ و موافه‌قه‌ت كردنی ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر كاركردنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ سنورێكی دیاری دیاری كراودا، بێ هیچ لێ خوێندنێكی ئه‌مریكا و ئیمپراتۆر حه‌مه‌ ڕه‌زا په‌هله‌وی.. ئه‌مانه‌ پاڵیان پێوه‌ ئه‌نێ بۆ خۆشاردنه‌وه‌ له‌ ژێر سه‌رپۆشی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌دا بۆ درێژه‌دان به‌ ڕێبازی كۆن و به‌ شێوه‌ی نوێ، ڕێبازی پشت به‌ ئه‌مریكا و ئێران به‌ستن، كار ڕێكخستن و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵیان له‌ كاری سیاسی دا ئێستا، وه‌ له‌ كاری عه‌سكه‌ریش دا له‌ دوا ڕۆژا، ڕێبازی كردار و ڕه‌فتاری خێڵه‌كی، ڕاستره‌ و، تاكڕه‌وی نه‌ته‌وه‌یی له‌ كاری نه‌ته‌واویه‌تی سه‌ر شانۆی كوردی دا، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ به‌یاننامه‌ی كه‌ ڕابه‌راتی نوێی(پ.د.ك) به‌ ناوی لقی ده‌ره‌وه‌یانه‌وه‌ ده‌ری كردووه‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ دووپات ئه‌كه‌نه‌وه‌، به‌یاننامه‌یه‌كه‌ نه‌ك هه‌ر ئیمپریالیزم و زایۆنیزم ده‌ربه‌گایه‌تی و خێڵه‌كێتی و ده‌وری كۆنه‌ په‌رستی ئێران و شای نۆكه‌ر تاوانبار ناكات، بگره‌ هه‌ر ناوییشان ناهێنێت و به‌جارێك خۆی دزیوه‌ته‌وه‌ له‌ باسكردنی ده‌وری تاوانكارانه‌ی ئه‌مریكا دواهێنانی شۆڕشی، كه‌چی هه‌وڵێكی بێ هوده‌ ئه‌دات بۆ پاساودانی "تبرئه‌" هه‌ڵهاتنه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌ كۆنه‌كه‌ و ڕاكردنی بۆ ئێران كه‌ بوو به‌ هۆی كۆچپێكردنی سه‌د هه‌زار كه‌سی میله‌ته‌كه‌مان له‌ عێراقه‌وه‌ وه‌كو ئه‌و مه‌ینه‌تیه‌ نیشتیمانیه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كوردا هات هیچ نه‌بووبێ جگه‌ له‌ ئه‌نجامێكی ئاسایی ورد نه‌بوون له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ناڕێكێیه‌كانی نێوان ئێران عێراقدا، كه‌ له‌ حسابی ڕابه‌رایه‌تیه‌ " تاقیكراوه‌ " و "مێژوویی"و " زاناكه‌دا" نه‌بووه‌، به‌وخێراییه‌ی كه‌ سه‌ری سوڕهێنان چاره‌سه‌ر بكرێت!! به‌یاننامه‌كه‌ باشترین به‌ڵگه‌ی نیازه‌ ڕاستینه‌كانی ڕابه‌رایه‌تی -خێڵه‌كیه‌ له‌ مه‌ڕ نیازی كۆنه‌په‌رستانه‌ی پێشوویان و خۆبه‌ستنه‌وه‌ی چاره‌نووسیان به‌ ئیمپریالیزمی ئه‌مریكایه‌وه‌ تاسه‌ر خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوتی ساغ ئه‌بێـته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پیله‌ هیچ گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ ڕێباز و مه‌فاهیم و سه‌ركردایه‌تی و كرده‌وه‌ و شێوه‌ی كاركردندا به‌ پێویستی نازانێ، به‌ڵگه‌یه‌كی تریش مانه‌وه‌ی خۆیانه‌ له‌ ئێران و هاندانی خه‌ڵكه‌ بۆ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وام بوونیان له‌ هاوكاریدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئێران. هیچ كارێكی تریان نییه‌ گێڕانه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ نه‌بێت بۆ سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردا. ئه‌گینا بۆچی واز له‌ تێكۆشه‌ران ناهێنن كه‌ دوور له‌ پیلانه‌ گومان لێكراوه‌كانیان و دوورله‌ ئه‌مریكا و ئێران درێژه‌ به‌ خه‌باتی خۆیان بده‌ن؟...

بۆچی  له‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان ناگرین بگه‌ڕێنه‌وه‌... خاكی باوباپیران و، سوورن له‌سه‌ر گلدانه‌وه‌یان له‌ ئێران "سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌وڵه‌ ترسناكه‌ی ئه‌درێت بۆ كردنیان به‌ فارس یا وه‌كو ده‌سكه‌لایه‌ك به‌ ده‌ست كۆنه‌په‌ره‌ستێتی ئێرانه‌وه‌ بمێنێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ی ویستی دژی گه‌لی عێراق به‌ كورد و عه‌ره‌به‌وه‌ به‌كاریان بهێنێ!.." 

ئه‌م سووربوونه‌  له‌سه‌ر خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ ئه‌مریكا و ئێرانه‌وه‌ بۆ؟ بۆچی ڕێگا له‌و گه‌نجانه‌ ئه‌گرن كه‌ سه‌ربه‌ ڕێبازه‌كه‌ی ئه‌وانن، پیلانی ئیمپریالیستی ئه‌مریكای شاهه‌نشاهی له‌ مه‌ڕ ئه‌و سه‌ودا كاریه‌ پڕ غه‌در و تاوانه‌ی دژی گه‌لی كورد كردیان بیخه‌نه‌ ڕوو، ڕسوای بكه‌ن ؟ ناهه‌موارتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پیله‌ به‌ هیوای تێكچوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و ئێران، گۆڕانی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكایه‌ دژی عێراق به‌ قازانجی ئه‌وان و به‌لای به‌رژوه‌ندی ئه‌واندا.... كه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م پیله‌ سووره‌ له‌سه‌ر دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی گه‌له‌كه‌مانی برد بۆ ئه‌و مه‌ینیته‌ نیشتیمانه‌یی به‌سه‌ری هات واته‌ ئه‌مانه‌ له‌وه‌ی ئه‌مریكا و ئێران پێی كردن هێشتا ده‌رسیان وه‌رنه‌گرتووه‌ چونكه‌ ئاشكرای خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ ئه‌مریكا و ئێرانه‌وه‌ مانای سه‌رپێدانه‌واندنی به‌رژوه‌ندیه‌ كانی كورد بۆ ئه‌وان و، قوربانیپێدانیه‌تی له‌به‌ر خاتری ئه‌وان، ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ دژی هێنانه‌ دی ئه‌مانجه‌كانی گه‌لی كوردن هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌ په‌نای به‌كارهێنانی مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌ماندا مه‌به‌ستی ئیمپریالیستی و فراوانخوازیه‌كانی خۆیان به‌جێ بهێنن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌م پیله‌ هیچ ئامانجێ بۆ گه‌لی كورد به‌دی ناهێنن...

به‌ڵكو مه‌ینه‌تیه‌كی تریشی به‌سه‌ر دێنن چاره‌نووسی ئه‌م پیله‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی پارتیه‌كه‌شیان سه‌ربكه‌ون ئه‌وه‌ بۆته‌ " تاشناقی كوردی" به‌ ئێران و ئه‌مریكاوه‌ به‌ستراوه‌ و له‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی بۆشدا ئه‌خولێنه‌وه‌.بێ هیچ ئامانجێكی ئیجابی ئه‌م پیله‌ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی زه‌ویدار و بۆرجوازی سات و سه‌وداكه‌ر و "ده‌وڵه‌مه‌ندانی شۆڕشی كورد" ئه‌نوێنێ، خاوه‌ن بیری نه‌ته‌وه‌ په‌رستی ته‌سكه‌ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ شه‌یتانیش هاوكاریی بكات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌یتانه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا چه‌ندین جار گه‌ستبێتی، ئه‌م پیله‌ كه‌مه‌ی په‌یوه‌ندی ناو ده‌وڵه‌تان له‌ كوردستاندا به‌كار دێنێ، بۆ تا ماوه‌یه‌كی تریش زه‌مینه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌مێنێ، ئێران و ئه‌مریكاش پشتی ده‌گرن له‌ زروفی دیاریكراودا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای كورد له‌ناو گه‌مه‌ی ده‌وڵه‌تاندا بهێڵێته‌وه‌. " رێكخراوی ساواكی ئێران" و موخابه‌راتی ئه‌م ته‌یاره‌ هه‌وڵئه‌ده‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیای له‌سه‌ر چالاكی پێشكه‌وتنخوازانه‌ی كوردستان وه‌ وه‌رگرتنی هه‌واڵ و جاسوسی كردن به‌سه‌ر كه‌س و هێزه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانی كوردستان و لاكانی تره‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانی نیشتیمانی ڕاگرتنی چالاكی ئه‌و ده‌زگایه‌ ئه‌كاته‌ شتێكی پێویست، ئه‌بێت هه‌موو ئه‌و كه‌سه‌ دڵسۆزانه‌ی به‌م ده‌زگایه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاون ئێستا جیاوازی بكه‌ن  له‌ نێوان ده‌زگایه‌كدا كه‌ له‌ خزمه‌تی شۆڕشێكی ڕه‌وادا بوو، وه‌ ده‌زگایه‌ك كه‌ موخابه‌راتی ئیمپریالیستی و كۆنه‌په‌رست هه‌ولی به‌كارهێنانی ئه‌دا له‌ زروفی ته‌واوبوونی شۆڕشی دووردا وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌مان تاخمدا ....

ئه‌وه‌ دووبار و زروفی له‌یه‌كتر دوورن، به‌شداربوونی ئێستا له‌ده‌زگای موخابه‌راتی ئێستای كورددا"پاراستن" به‌كرده‌وه‌ جاسووسی كردنه‌ بۆ داروده‌سته‌ بێگانه‌ و كۆنه‌په‌رسته‌كان...  له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ لێی دووربكه‌وینه‌وه‌ خه‌بات بۆ یه‌كخستنی و له‌كار خستنی جموجۆڵیه‌كانی به‌ته‌واوه‌تی بكرێت، ئیحتیمالێكی تر له‌به‌ر ئه‌م پیله‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی ئێران- عێراق-ئه‌مریكا به‌ باشی مایه‌وه‌ و ، ڕێكه‌وتنه‌ خیانه‌تكارانه‌كه‌ له‌ نێوانیاندا ما، ئه‌وا سه‌ركرده‌كانی ئه‌م پیله‌ ناچار ئه‌بن سه‌ریان خۆیان له‌ ئێران كز بكه‌ن، جموجۆڵه‌كانیان قه‌تیس بكه‌ن له‌سنور ده‌روه‌دا بۆ به‌ گژاچونی یه‌كێتی نیشیمانی كوردستان، فێڵبازی و كه‌ڵكه‌چێتیش به‌كاربهێنن و بۆ خۆپیشاندان له‌ به‌رگێكی نوێی بۆیه‌كراو به‌ ڕه‌نگێكی پێشكه‌وتنخوازانه‌ی دیموكراتیانه‌ و ، هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ گومانلێكراوه‌كانیشیان هه‌ر بهێڵێنه‌وه‌. له‌به‌ر ڕووناكی ئه‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ دڵسۆزانی ناو ئه‌م پیله‌ بانگ ده‌كه‌ین، داوا له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سه‌ باشانه‌ ئه‌كه‌ین كه‌ كورد و كوردستانیان خۆشده‌وێت ده‌ست له‌م كرده‌وه‌ زیان به‌خشانه‌ هه‌ڵبگرن، به‌یه‌كجاره‌كه‌ی واز له‌و ڕێبازه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ بهێنن. وه‌ به‌جێی بهێڵێن ئه‌و چالاكیه‌ گومانلێكراوه‌یان بوه‌ستێنن كه‌ هه‌رگیز نایان گه‌ێنێته‌ هیچی ئامانجێك به‌ڵكو گلۆریان ئه‌كاته‌وه‌ ناو باوه‌شی ئیمپریالیزی ئه‌مریكاوه‌ كه‌ دووژمنی خوێنه‌خۆری گه‌لی كورده‌ جا ئایا تاوان نییه‌ پیاو قه‌بوڵ بكات مه‌سه‌له‌ی میله‌ته‌كه‌ی بكرێته‌ ده‌ستكه‌لای ده‌ستی خوێنخۆرترین دوژمنی ئاشكرای گه‌له‌كه‌ی ..؟؟ 

پیلی سێهه‌م:
پیلێكی شۆڕشگێڕی پێشكه‌وتنخوازه‌ باوه‌ڕێ به‌ خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماهیری جۆشدراوه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانی عه‌ره‌بی عێراق، وه‌كو ڕێگای به‌دیهێنانی ئامانجه‌ دیموكراتیه‌ ناوخۆییه‌كان و ئاواته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ تایبه‌تیه‌كان، ئه‌م پیله‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی كوردا هه‌بوو به‌ تایبه‌تی له‌ناو ڕیزی شۆڕشی كوردا هه‌ست به‌ زۆر شتی زیان به‌خش و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ ئه‌كرد ڕقی له‌ خۆبه‌ستنه‌وه‌ بوو به‌ ئێرانه‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌ستنی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا تاوانبار ئه‌كرد، داوای هاوكاریكردنی ئه‌كرد له‌گه‌ڵ هێزه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانی عه‌ره‌بدا بۆ كردنی شۆڕشی كورد به‌ شۆڕشێكی عێراقی و گواستنه‌وه‌ی مه‌وزعیانه‌ی بۆ ڕیزی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخواز و دیموكراتخوازه‌كانی دژی ئیمپریالیزم. به‌ڵام ئه‌م پیله‌ ده‌نگی كپ كرابوو، بێ به‌ش بوو له‌ ده‌ربڕینی سه‌ربه‌ستانه‌ی بیروڕاكانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاش هه‌ره‌سهێنانی ڕابه‌رایه‌تی خێڵه‌كی و بۆرجوازی ڕاسته‌ڕه‌و ماوه‌یه‌كی فراوانی له‌ به‌رده‌می خۆیا دی به‌ڵام خۆی له‌به‌رده‌م چه‌ند پیلێكی تردا دی كه‌ له‌ كایه‌دا بوون، ئه‌میش هاته‌ مه‌یدانه‌وه‌ تا ڕێ ببرێت له‌ ته‌قه‌لای ڕاستڕه‌و ڕیفۆرمیستی نه‌هێڵێت ئه‌مانه‌ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان جارێكی كه‌ بخه‌ڵه‌تێنێته‌وه‌ بۆشایه‌كه‌ پڕ بكاته‌وه‌، جا كه‌ حاڵ وابوو هیچ ده‌رتانێكی تری نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ی یه‌كێتییه‌كی نیشتیمانی خۆی ئاشكرا بكات و پێویستی بوونی پارتی پێشڕه‌ویش دووپات بكاته‌وه‌ و گرنگی ئه‌م پارتیه‌ش له‌سه‌ركردایه‌تی كردنی له‌ شۆڕشی گه‌لدا ده‌ربخات جاده‌ست پێشخه‌ری كرد له‌ دوای كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌یاندا بۆ درێژه‌دان به‌ خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ دژی دیكتاتۆریه‌تی شۆڤێنی دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی كورد، بۆ به‌رگریكردن له‌ مانی گه‌لی كورد و مافه‌كانی و درێژه‌دان به‌ خه‌بات له‌ پێناو دروشمه‌ مێژوویه‌كیدا. " عێڕاقی دیموكراتی- كوردستانی ئۆتۆنۆم" ئه‌م پیله‌ ده‌ركی به‌ بوونی ڕاستی چینی جیاجیا و ته‌یاراتی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاجیا كردووه‌ له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری گه‌لی كوردا وه‌ پێویستی یه‌كگرتنی نیشیمانیان بۆ درێژه‌دان به‌ خه‌باتی یه‌كگرتووی كه‌ ناكرێت هه‌موویان له‌ حزبێكدا كۆبكرێنه‌وه‌ به‌ڵكو شێوه‌ی گونجاوی ڕێكخستن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م پیله‌ دیموكرات و پێشكه‌وتنخواز و شۆڕشگێڕانه‌ یه‌كێتیه‌كی نیشتیمانیه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و پارتیانه‌ی ئه‌م ته‌یارانه‌ بنوێنن و ته‌جسیدی بكه‌ن نین وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌یارانه‌ له‌ قاڵبی حیزبدا هه‌بوونایه‌ ئه‌وا ئه‌بوو له‌به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی نیشتیمانیدا كۆببنه‌وه‌. وه‌كو ئه‌و به‌ره‌ یه‌كگرتوانه‌ی كه‌ گه‌لان دیویانه‌. ئه‌م شێوه‌ی ڕێكخستنه‌، پێویستی بوونی حیزبی پێشڕه‌وی شۆڕشگێڕ بۆ ڕابه‌ری ئه‌م یه‌كێتیه‌ نیشتیمانیه‌ بۆ ڕابه‌ری خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی له‌دوا ڕۆژیشیدا تاكید ئه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام پارتیه‌كی وه‌ها ناتوانرێت وه‌كو درووستكردنی یانه‌یه‌كی رۆشنبیری یان كۆمه‌ڵه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئیعلان بكرێت ئه‌م جۆره‌ حیزبه‌ درووست ناكرێت، به‌ڵكو به‌ چه‌شنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌بیعی له‌ دایك ئه‌بێت له‌ ئه‌نجامی موتربه‌ كردنی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕگێڕانه‌ی گه‌ل به‌ بیروباوه‌ڕی شۆسیالیزمی زانستی شۆڕشگێڕ له‌به‌ر ئه‌مه‌ پێشه‌نگه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گه‌ل له‌ به‌دیهێنانی پارتی پێشڕه‌ودا ده‌وری هه‌وێنی ئه‌بینن، ئه‌مه‌ له‌ به‌یاننامه‌یدا دامه‌زراندنی (ی. ن .ك) له‌ 1/6/ 1975 وتراوه‌. یه‌كێتی نیشیتمانی ئه‌توانێت هه‌موو عنصر و پیله‌ پێشكه‌وتنخوازو دیموكراته‌كان بێ گوێدانه‌ ناكۆكیه‌كانی ڕابردوویان و شوێنی ڕێكخراوه‌یه‌كانی پێشوویان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌، به‌مه‌ش لاپه‌ڕه‌یه‌كی پڕ كوێره‌وه‌ری له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا ئه‌پێچێته‌وه‌ و، هه‌تا هه‌تایه‌ بیری چه‌وت و زیانبه‌خشی تاكه‌"پارتی" ئه‌نێژێت كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ باو بوو له‌ ناو ڕزگاری كوردا، له‌ باتی ئه‌وه‌ بیری ڕاستیبوونی یه‌كێتی نیشتیمانی جێگره‌وه‌ی كاتی به‌ره‌ی نیشتیمانی یه‌كگرتوو دێته‌ كایه‌وه‌  كه‌ دان ئه‌نێ به‌ پارتی شۆڕشگێڕی پێشڕه‌و مافی هه‌بوونی پارتیه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانی دیكه‌دا له‌ پاڵیا، كه‌چی زیندوونكردنه‌وه‌ی (پ.د.ك)، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیانه‌ی پێشتر باسكران ناكۆكن و كۆسپ ئه‌هێنێته‌ ڕێگای كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی شۆڕشی كورد له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كێته‌یه‌كی نیشیمانی پته‌ودا، وه‌ڕێ ئه‌به‌ستێ له‌ یه‌كگرتنی ئه‌و پیله‌ شۆڕشگێڕ و چه‌پ و دیموكراتانه‌ی هه‌ن، بۆیه‌ له‌ باری ئێستادا كه‌ڵكێكی نییه‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه‌:-

1-بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازه‌ی گه‌لی كورد پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی به‌ته‌واوی نوێی خه‌باتیه‌وه‌، ڕابه‌رایه‌تیه‌ ته‌قلیدیه‌كه‌ی له‌ ڕووی بیری و سیاسی و پرۆگرامیه‌وه‌، له‌ ڕووی كرده‌وه‌ و كاره‌وه‌ ژێر كه‌وت، بیری تاكه‌- پارتی نه‌ته‌وه‌یی كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو چین و ته‌یار و بیره‌كانیشی له‌گه‌ڵ به‌سه‌رچوو تیۆری "نه‌ ڕاست و نه‌چه‌وت" ی نه‌ته‌وه‌یی بۆرجوازیانه‌ی، نوقووم له‌ كۆن په‌رستیدا هه‌ره‌سی هێنا، كه‌ ده‌ستی جه‌ماهیری كوردی پێ بڕابوو، سه‌ركه‌وتاندنه‌وه‌ی پیله‌ پێشكه‌وتنخوازه‌ چه‌په‌كانی ناو ڕێزه‌كانی، ئه‌وه‌ش جێی داخه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌م خراپه‌ و عه‌یبانه‌ به‌ (پ.د.ك) نوسێنراون كه‌ خۆی له‌ بنچیه‌نه‌دا له‌ تێكه‌ڵبوونی پارتی شیوعی كوردستانی عێراق "شۆڕش و پارتی ڕزگاری كورد"ی پێشكه‌وتنخواز په‌یدابووبوو. به‌ناوی (پ.د.ك) وه‌ زۆر هه‌ڵه‌كراو و له‌ ژێر چه‌تره‌كه‌ی ئه‌ودا زۆر له‌ ڕێ لادانی ڕاسته‌ڕه‌وانه‌ی كۆنه‌په‌رستانه‌ سازكرا كه‌وای له‌ جه‌ماهیری ڕه‌نجده‌ری گه‌ل كردبوو به‌ چاوی گومان و دوو دڵییه‌وه‌ بنۆڕنه‌ (پ.د.ك) و ئیتر پارتییان له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكیه‌وه‌ و نه‌ له‌ ڕووی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی پێ په‌سه‌ند نه‌بێت به‌تایبه‌تی پاش ئه‌و مه‌ینه‌ته‌ نیشتیمانه‌یی به‌سه‌ر گه‌لی كوردا هات كه‌ شۆڕشه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌ركرده‌كانی ئه‌م پارتیه‌دا هاویشته‌ ناو هه‌ڵدرێری هه‌ره‌س هێنان و شكانه‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ قۆناغی نوێ، ڕێبازێكی نوێی خه‌بات و ، شێوه‌یه‌كی نوێی ڕێكخستن و، ڕابه‌رایه‌تیه‌كی نوێ ئه‌خوازێت كه‌ بریتیه‌ له‌ پارتیه‌كی شۆڕشگێڕی پێشڕه‌و تازه‌ بابه‌ت چونكه‌ ڕابه‌رایه‌تیه‌كی نوێ هه‌ر بریتی نییه‌ له‌ گۆڕینی كه‌سانی ژێركه‌وتوو به‌ كه‌سانی تری لێهاتوو، دوور خستنه‌وه‌ی كه‌سانی ڕووخاو و ناخۆشه‌ویست و هێنانی كه‌سانی خۆڕاگر و په‌سه‌ند لای خه‌ڵك، بۆیه‌ ئه‌بێت واز له‌ بیری چه‌وتی زیندووكردنه‌وه‌ی پارتی بهێنرێت، تا مه‌یدان چۆڵ بێت و ماوه‌ ببێت بۆ ڕێبازی ڕێی خه‌بات، پارتی پێشڕه‌وی نوێ و كرده‌وه‌ی نوێی تێكۆشه‌رانه‌.

2-ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ ژیاندنه‌وه‌ی (پ.د.ك) ڕێكخستنه‌وه‌ی بێت له‌ سه‌ر پرۆگرامی كۆنی كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی كۆنی بۆرجوازیه‌ و به‌ پێی پێكهاتنه‌ كۆنه‌ بۆرجوازیانه‌كه‌ی و له‌سه‌ر ڕێبازی تاكڕه‌وی نه‌ته‌وه‌یی " كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا پارتی تێكه‌وتبوو" ئه‌وه‌ ماوه‌ی خولانه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌ڵقه‌ بۆشه‌ كۆنه‌كه‌دا به‌ فیڕۆدانی ته‌قه‌لای ده‌یان ساڵی تر و پێشكه‌شكردنی ئه‌وه‌نده‌ی تر قوربانی زۆری بێ هوده‌. خۆ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش ڕێكخستنه‌وه‌ی بێت سه‌رتاپا له‌ بنچینه‌ی نوێ و به‌ پێكهاتنێكی نوێ، وه‌ ئه‌مه‌ له‌ ڕاستیدا مانای ده‌ستكردنه‌ سه‌ر له‌ نوێ به‌ درووستكردنی پارتیه‌كی نوێ له‌ هه‌موو شتێكدا ناوه‌كه‌ی نه‌بێت. وه‌ ئه‌گه‌ر داواكه‌رانی زیندوو كه‌ره‌وه‌ی پرۆگرامی كۆن سوور بن له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی پارتی ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ سوورن له‌سه‌ر پارتێكی بۆرجوازی كه‌ له‌ ڕووی مێژوویه‌وه‌ ناتوانێ ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازانه‌ بكات، له‌ كاتێكدا له‌ پێداویسته‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ پێكهاتنی پارتی پێشڕه‌وی شۆڕشگێڕی نا بۆرجوازی ئه‌بێت، پارتی كرێكار و جوتیار و هه‌موو ڕه‌نجده‌ران و ڕۆشنبیره‌ شۆرشگێڕه‌كان كه‌ شۆسیالیزمی زانستی " عیلمی" ڕێ پیشانه‌ده‌ریان بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست پێكهێنانی پارتێكی پێشڕه‌وی له‌سه‌ر كه‌لاوه‌كه‌ی پارتی كۆن، وا ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌ كۆنه‌ ژێركه‌وتووه‌كه‌ نایه‌ته‌ دی، چونكه‌ پارتی پێشڕه‌و وه‌كو ڕووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ زروفێكی دیاریكراو و تایبه‌تیدا له‌ دایك ئه‌بێت وه‌ كاتێك تێكۆشه‌ران ده‌ست ئه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ بیانكردنه‌وه‌ی پارتێكی شۆڕشگێڕ ئه‌بێت ڕێگایه‌كی ڕاست بگرن بۆ پێكهێانه‌وه‌ی تێ بكۆشن بۆ ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ و مه‌رجه‌ پێویسته‌كانی له‌ دایكبوونی ئه‌م پارته‌، جا كه‌ تێكۆشه‌ران چاو به‌ پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارته‌كه‌دا ئه‌خشێننه‌وه‌، واته‌ به‌ داڕشتنه‌وه‌ی پرنسیپه‌"مبادی" سیاسی و ته‌نزیمی ستراتیجی و ته‌كتیكیه‌كانی، ئه‌بێت له‌ ناوه‌كه‌شی ورد بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ بزانن ناوی پارتیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ره‌ نوێكه‌ی ، وه‌ ئه‌و زروفه‌ نوێیه‌دا كه‌ تیا له‌ دایك ئه‌بێت ئه‌گونجێ یان ناو شتێكی پیرۆزی وانییه‌ كه‌ ده‌ستی لێ نه‌درێت بگره‌ ڕه‌مز و شێوه‌ی جه‌وهه‌رێكی قابیلی گۆڕانه‌ و، ئێستاش ئه‌بێت له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بگۆڕدرێت. كه‌واته‌ بۆچی ئه‌شێت جه‌وهه‌ره‌كه‌ بگۆڕدرێت كه‌ چی نابێت ده‌ست له‌ ڕواڵه‌ت یاخود شێوه‌كه‌ی بدرێت كه‌ ناوه‌كه‌یه‌تی؟. لێره‌دا ئه‌گه‌ر له‌ ناوه‌ك ورد بینه‌وه‌ ئه‌بینین "دیموكراتی" ده‌ربڕێنێكی بۆرجوازی و ناوه‌ڕۆكێكی بۆرجوازیانه‌ كه‌واته‌ ناوێكی پێشڕه‌وانه‌ و نا سۆشیالیستیانه‌یه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و پارتییه‌ی گه‌له‌كه‌مان بۆ ڕزگاربوونی پێویستیه‌تی پارتیه‌كی پێشڕه‌و سۆشیالیستی زانستیه‌. 

3-ناوی پارتی چه‌ندین جار گۆڕاوه‌ به‌رله‌وه‌ی هه‌ره‌سهێنانێك یان نابوت بونێكی سیاسی یان شكانێكی عه‌سكه‌ری به‌سه‌ر هاتبێت، پارتی كه‌ هاته‌ دنیاوه‌ ناوی " پارتی دیموكراتی كورد له‌ عێراق" پاشان له‌ كۆنگرێسی دووه‌میدا كرایه‌ " پارتی دیموكراسی عێراق" وه‌ له‌ كۆنگره‌ی سێهه‌میدا بووبه‌ " پارتی دیموكراتی كوردستان- عێراق" ئینجا بوو به‌ (پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان" وه‌ له‌ دوایشدا بوو به‌ "پارتی دیموكراتی كوردستان" له‌سه‌ر پێشنیازی عه‌بدولكه‌ریم قاسم وه‌كو چاره‌یه‌كی مام ناوه‌ندی بۆ ئه‌وه‌ی ئیجازه‌ی كاركردنی ئاشكرای بدرێتێ. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ژیانی پارتیشدا ناو شتێكی پیرۆز نه‌بووه‌ كه‌ ده‌ستی لێنه‌درێت و نه‌گۆڕدرێت، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ چه‌ندین جار گۆڕاوه‌، كه‌واته‌ ئه‌م سووربوونه‌ له‌ پای چی پاش ئه‌و ئه‌تكه‌ سیاسی و عه‌سكه‌رییه‌ گه‌وره‌ییلكاوه‌ به‌ ناوی سه‌ركردایه‌تی و پێشه‌وایه‌تیه‌ ژێركه‌وتووه‌كه‌یه‌.؟!.. وه‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی خۆیشی به‌ بێ كاره‌یه‌كی ئاشكرا ئیسپاتیكرد كه‌ وزه‌ی به‌رهه‌ڵه‌ستیكردنی له‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشدا نییه‌ كاتێك كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی وازهێنان و چوونه‌ ئێرانی خۆی و درێژه‌ پێنه‌دانی شۆڕشی ڕاگه‌یاندن.... ئه‌گه‌ر پارتی حیزبێكی شۆڕشگێڕی ڕاسته‌قینه‌ بوایه‌ چ جای حیزبێكی پێشڕه‌و فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌گرته‌ ئه‌ستۆی خۆی كاتێك كه‌ جه‌نابی بارزانی ته‌واوبوونی ده‌وری خۆی له‌ شۆڕشدا بڵاوكرده‌وه‌ و نه‌یهێشت ئه‌و كاره‌ساته‌ نیشتیمانیه‌ به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا زۆر حیزبی مێژوویی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ناوی خۆی گۆڕیووه‌ كاتێك پێویستی كردبێت وه‌كو حیزبی كرێكارانی شۆسیال دیموكراتی- ڕووسی- بۆلشه‌وی- كه‌ ناوه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ترین شۆڕشی مێژووی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ نووساوه‌. واته‌ كه‌ شۆڕشی مه‌زنی ئۆكتۆبه‌ری شۆسیالیستی كاتێك كه‌ پێویستی كرد ناوه‌كه‌ی گۆڕا چونكه‌ وشه‌ی "دیموكراسی" ناوه‌ڕۆكێكێی بۆرجوازیانه‌ی هه‌یه‌، شۆسیال- دیموكراتیش جووت نه‌ ئه‌بوو له‌گه‌ڵ ئامانجه‌ دووره‌كانی حیزبدا و نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سروشته‌ شۆڕشگێڕانه‌ كه‌ له‌ حیزبه‌ شۆسیال-دیموكراته‌كانی تر جیاده‌كرده‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ناوی شۆسیال دیموكراتی" اشتراكی دیموكراتی" میراتی و مێژووی، نۆ ساڵ بوو بیست ساڵ خه‌باتی مێژووی حیزبی بۆڵشه‌ویكی پڕ له‌ خه‌بات و داهێنانی تیۆری و كرده‌وه‌ی. كه‌واته‌ كردنی ناوه‌ كۆنه‌كه‌ی حیزب به‌ (كراسه‌كه‌ی عوسمان) به‌ هیچ جۆرێك هیچ خزمه‌تێكی مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حیزبی پێشڕه‌وی شۆڕشگێڕی نوێ ناكات. 

4-له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌سته‌یه‌كی به‌كرێگیراوی دیكتاتۆریه‌تی شۆڤێنی له‌ به‌غدا نووسان به‌ ناوی (پ.د.ك)ه‌وه‌ و پیلی ئیسلاحی ناو بزوتنه‌وه‌ی كوردیش له‌ناو وڵاتدا سووره‌ له‌سه‌ر ژیاندنه‌وه‌ی جموجۆڵه‌كانی به‌هه‌مان ناوه‌وه‌، وه‌ سه‌ركردایه‌تی ته‌قلیدی هه‌ڵهاتووش بۆ ئێران هه‌وڵ ئه‌دات چالاكی سیاسی ڕێبازه‌ كۆنه‌كه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ ببوژێنێته‌وه‌ وه‌ به‌ هه‌مان ناویشه‌وه‌ بنرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات... له‌ كاتێكی وادا چاكتر وایه‌ تێكۆشه‌رانی شۆڕشگێڕ و پێشكه‌وتنخواز ده‌یانه‌وێت خه‌تێكی جیاكه‌ره‌وه‌ له‌ نێوان خۆیان ئه‌و ته‌یارانه‌ی كه‌ ده‌ست به‌و ناوه‌ ئه‌گرن له‌به‌ر نه‌بوونی ناوه‌ڕۆكێك كه‌ جه‌ماهیر په‌سندی بكات... چاكتر وایه‌ ئه‌وانه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ڕووی جه‌وهه‌ره‌وه‌ به‌ڵكو له‌ ڕووی شێوه‌شه‌وه‌ واته‌ له‌ ڕووی شێوه‌ و ناوه‌ڕۆك به‌یه‌كه‌وه‌. هه‌روه‌ها سوود له‌ تاقیكردنه‌وه‌ مێژوویه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران وه‌رگرن ئه‌وه‌بوو له‌ وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتدا حیزبه‌ پێشڕه‌وه‌كان له‌ زۆر وڵاتدا ده‌ستیان له‌ناوه‌ كۆنه‌كه‌ هه‌ڵگرت و ناوی نوێیان هه‌ڵبژارد كه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغه‌ نوێیه‌كه‌ی خه‌باتیاندا جووت بێت و بگونجێت، كه‌واته‌ ناوی نوێ ئه‌بێت هه‌ڵبژێردرێت كه‌ وه‌كو ناونیشانێكی نوێ ناوه‌ڕۆكێكی نوێ، ڕێبازێكی نوێی خه‌بات، خه‌تێكی سیاسی شۆڕشگێڕانه‌ی نوێ بێت وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ جه‌ماهیری گه‌له‌كه‌مان و دنیا له‌ ده‌ردی سه‌ری پشكنین و بۆ جیاكردنه‌وه‌ی چه‌ند حیزبێك كه‌ به‌یه‌ك ناوه‌وه‌ له‌یه‌كتر كار ئه‌كه‌ن ڕزگاركه‌ین، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌ماهیری گه‌ل له‌سه‌ر لێشێوان و به‌هه‌ڵه‌ بردن دوورخه‌ینه‌وه‌... ئه‌بێت ته‌یاری پێشكه‌وتنخواز و شۆڕشگێڕی ڕه‌سه‌ن له‌و ته‌یاره‌ ئیسڵاحی و ڕاسته‌ڕه‌و به‌كرێ گیراوه‌كاندا له‌ ڕووی شێوه‌ و ناوه‌ڕۆك له‌یه‌ك جیابكه‌نه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بكه‌ین ئه‌مه‌ش مانای واز هینان له‌ ناوی حیزبه‌ كۆنه‌كه‌. 

5-زیندووكردنه‌وه‌ی پارتی له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێكی دڵسۆزه‌وه‌ تووشی گێڕه‌و كێشه‌یه‌ك و پێچ و په‌نای موناقه‌شه‌یه‌كی بێزه‌نتی"ده‌وه‌ن به‌ ئاشا سیاسی" یان ئه‌كات سه‌باره‌ت به‌ شه‌رعیه‌تی سه‌ركردایه‌تی و ناكۆكی و كۆنگره‌ كۆنه‌كان و، ئه‌یان كا به‌ دیلی ڕابردوو یه‌ك كه‌ به‌و ڕاستڕه‌وه‌قورسه‌ی ڕابردووه‌ وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌ ڕاستڕه‌وه‌كه‌ له‌ هه‌موو كایه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌جێهێشتووه‌، وه‌ توشی به‌ڵێنه‌ به‌جێ نه‌هاتووه‌كانی، وه‌ زۆر پێچ و په‌نای تری وایان ئه‌كات كه‌ لێی ده‌رچوونی نه‌بێت، ئیتر ئه‌م سووربوونه‌ له‌سه‌ر میرات گرتنی ئه‌و پاشماوه‌ ئیلتیزاماته‌ له‌ پای چی... وه‌ له‌ پای چی توانا له‌ موناقه‌شاتی بێزه‌نتی دا له‌ به‌رد بدرێت له‌ باتی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ربه‌ستی بیروباوه‌ڕی نوێ و مه‌فاهیمی پێشكه‌وتتخوازانه‌ و رێبازێكی نوێی خه‌بات؟ دیسان ئه‌وه‌ ڕاشیان ئه‌كێشێته‌ نزاعێكی ته‌نزیمی و سیاسی و دوور و درێژه‌وه‌ له‌ سه‌ر شتی سانه‌وی له‌گه‌ڵ سه‌ركرادیه‌تی یه‌ ڕاستڕه‌وه‌كه‌ی پێشوو ئه‌گه‌ر هات و زروفی مانه‌وه‌یان له‌ ئێراندا رێگه‌ی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی چالاكی سیاسی دان به‌ هه‌مان ناوه‌وه‌. 
ئه‌مه‌ش له‌ باتی ته‌ركیزكردنه‌ سه‌ر شكاندنی ڕه‌چه‌یه‌كی نوێ و بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌فاهیمی ڕاست و كاركردن بۆ سازكردنی جه‌ماهیر و رێكخستنی و هه‌موو توانای بخرێته‌ كار له‌ خه‌باتێكی شۆڕشگێڕانه‌ی پڕ سه‌روه‌ری.

6-نهێنی یه‌ك نادركێنین وزوڵم له‌ كه‌س ناكه‌ین و ئه‌گه‌ر بڵێین ناو بانگی (پ.د.ك) له‌م ساڵانه‌ی دوای دا لای ڕای گشتی عێراق و عه‌ره‌ب و دنیادا زڕاوه‌ به‌ هۆی ڕه‌فتاری ڕاستڕه‌وانه‌ و كرده‌وه‌ی كۆنه‌ په‌رستانه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كه‌وه‌، ناوی نوساوه‌ به‌ هاوكاری كردنیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیمپریالیزمی ئه‌مریكا و كۆنه‌په‌رستی ئێران و كۆڕه‌ ئیمپریالیستی یه‌كانی تره‌وه‌، هه‌روه‌كو ناوبانگیشی لكاوه‌ به‌ تاكڕه‌وی نه‌ته‌وه‌یی و ڕێبازی ڕاستڕه‌وانه‌یه‌وه‌ كه‌ شۆڕشی گه‌یانده‌ ئه‌و كاره‌ساته‌. وه‌ هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی كورد و ڕاكردنی سه‌ركرده‌كانی له‌ مه‌یدانی خه‌بات بۆ په‌نا بردنیان بۆ ئێرانبه‌شداربوو له‌ شكانی ناوبانگی پارتی دا. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بمانه‌وێت بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد بگه‌ڕێنیته‌وه‌ شوێنه‌ ئاسایی یه‌كه‌ی له‌ ڕیزی بزوتنه‌وه‌ ڕزگاریخواز و شۆڕشگێڕانی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتدا اصاله‌تی شۆڕشگێڕانه‌ و دیموكراتی بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و، ناوه‌ڕۆكه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كه‌ی به‌ره‌ و ئاقارێكی دیموكراتی و پێشكه‌وتنخوازانه‌ گه‌شه‌ پێ بده‌ین، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستی بمانه‌وێ په‌یوه‌ندی ببڕین و هه‌موو خۆپێوه‌ به‌ستنێك به‌ ده‌وڵه‌ته‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان و به‌ ئیمپریالیزمه‌وه‌ وه‌ نه‌هێڵین و بزوتنه‌وه‌كه‌ ببه‌ینه‌وه‌ به‌ری هاوپه‌یمانتێی جارانی له‌گه‌ڵ هێزه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كان، بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌كانی گه‌لارن و ده‌وڵه‌ته‌ سۆشیالیسته‌كانی دنیا.. ئه‌بێ ئه‌و ناوه‌ بگۆڕێن.

7-مه‌سه‌له‌ی عاتیفی رێگه‌ی تێكۆشه‌ران ناگرێت له‌ تازه‌كردنه‌وه‌ و داهێنان و هه‌ڵبژاردنی چاكترین بیروڕا و ڕاسترین مه‌فاهیم و باشترین رێگا له‌ خه‌بات دا به‌ره‌و به‌دیهێنانی مافه‌ نیشتیمانی و دیموكراتی یه‌كانی، چونكه‌ خه‌باته‌كه‌یان بۆ گه‌ل و نیشتیمانه‌، وه‌ سوربوونێكی عاتیفیانه‌ له‌سه‌ر ناوێكی كۆن. بیر وشك ئه‌كاته‌وه‌ وه‌ له‌ تازه‌كردنه‌وه‌ و داهێنان دوری بخاته‌وه‌ له‌ سه‌رئاوازی ڕابردوو و خه‌ونه‌ خۆشه‌كانی ئه‌ینوێنێ له‌ كاتێكا كاری جدی بۆ خزمه‌تی جه‌ماوه‌ر و له‌ پێناو شۆڕش و گه‌ل دا وا ئه‌خوازێ كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردن بڕۆین وه‌ له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانی خه‌باتی قۆناغی نوێ بگونجێنین له‌ واقغیش دا لایه‌نی عاتیفی به‌ لای تێكۆشه‌ره‌ چاكه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆ خه‌باته‌ له‌ رێزی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كوردا "كوردایه‌تی" كه‌ هه‌موو تێكۆشه‌ره‌كانی له‌ ده‌وری ئاڵاكه‌ی كۆكردبووه‌ وه‌ بۆ ناوی پارتی نییه‌، وه‌(پ.د.ك) له‌ باشترین حاڵیا به‌ر ئه‌نجامی قۆناغێكی دیاریكراوی خه‌بات بوه‌، قۆناغی پاش جه‌نگی دووه‌می جیهان بوو كه‌ دیموكراسی نیشانه‌ی به‌ره‌ی گه‌لانی دژ كامپی ئیمپریالیزم و جه‌نگ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تێكۆشه‌رانه‌ له‌ ئازه‌ربایجان و كوردستانی ئێران" مه‌هاباد"كرا بوو به‌ ناوی پارتی دیموكراته‌وه‌.

بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد سه‌رچاوه‌یه‌كه‌، پارته‌ كوردستانی یه‌ كۆنه‌كان له‌وه‌ وه‌ هه‌ڵقوڵاون، وه‌ هه‌ر له‌میشه‌وه‌ پارته‌ نوێیه‌كان ده‌ردێن به‌ هۆی موتوربه‌كردنی یه‌وه‌ به‌ بیروباوه‌ڕی پێشكه‌وتنخواز و سۆشیالیستانه‌ی زانستی"عیلمی" له‌به‌ر ئه‌وه‌ درێژه‌دان به‌ خه‌بات له‌ ڕێزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كوردا وه‌ هه‌ڵبژاردنی باشترین ڕێگا بۆ سه‌رخستنی، ئه‌م دوانه‌.. دووشتی بنچینه‌ی پێویستن، زۆر ناوی كۆن گۆڕاون و زۆر ناوی نوێش ئه‌گۆڕێن به‌ پێی قۆناغی گه‌شه‌كردنی و گه‌شه‌كردنی پارته‌كانیان. یاساكانی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی فێرمان ئه‌كه‌ن پارتیش وه‌كو هه‌موو فینۆمینایه‌كی"ظاهرة" كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كانی دی له‌ ئه‌نجامدا نامێنێ، دوای ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ ئازاردانی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیمپریالیزم و چه‌وساندنه‌وه‌ی چیانیه‌تی ڕزگاری ئه‌بێت، و چینه‌كان و ناكۆكی یه‌كانیان نامێنێ. له‌ كۆتایی دا مه‌سه‌له‌ی ناو گۆڕێنی پارت شتێك نییه‌ هه‌ر بۆ گه‌لی كورد، بگره‌ زۆر له‌و پارتانه‌ش كه‌ شۆڕشه‌كانیان سه‌ركه‌وتون ناوی خۆیان گۆڕیوه‌ وه‌كو له‌ كۆریا و ڤێتنام و ئه‌لبانیا و ڕۆمانیا و پۆڵه‌نده‌ و ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ڕونكرانه‌وه‌ و له‌به‌ر ڕوناكی لێكۆڵێنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ و ده‌رسه‌ مێژوویه‌كانی خه‌باتی گه‌لانی دنیا و له‌وانه‌ هی گه‌لی كوردی خۆشمان(ی.ك.ك) لافی داگیركردنی مه‌یدانی خه‌بات و فه‌لسه‌فه‌ی تاكه‌ پارت یان تاكه‌ بزوتنه‌وه‌ هه‌رگیز لێ نادا و...ئه‌ركه‌كانی خه‌باتی ڕزگاری دیموكراتخواز زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ به‌ تاكه‌ هێزێكی پێشكه‌وتنخواز، چه‌ن گه‌وره‌ و به‌تواناش بێت، به‌ ته‌نیابۆی جێ به‌جێ بكرێ به‌ ته‌نیا. وه‌ مه‌یدانی خه‌بات و فیداكاری خزمه‌تكردنی نیشتیمانی ی بۆ هه‌موو لایه‌ك به‌ری به‌ڕه‌ڵایه‌، به‌ هیچ جۆرێك نه‌ ئه‌توانرێ و ئه‌كرێ ئیحتیكار بكرێت(ی.ن.ك) ئاماده‌ی ته‌واوی خۆی پیشان ئه‌دا، بۆ هاوكاری كردن و یه‌كگرتنی شۆڕشگێڕانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزێكی پێشكه‌وتنخوازی كوردستانیی كه‌ ئه‌یه‌وێت به‌شداربێت له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌ماندا له‌ خه‌باتدا دژی دیكتاتۆری یه‌تی شۆڤێنی ده‌سه‌ڵاتداری عێڕاق بكات، گه‌له‌كه‌مان ئه‌وپه‌ڕی پێویستی به‌ ته‌قه‌للا و توانای هه‌موو ڕۆڵه‌ دڵسۆزه‌كانی هه‌موو هێه‌ خێرخوازه‌كانێتی و پێویستی به‌ سود وه‌رگرتنه‌ له‌ هه‌موو توانا و وه‌زیه‌ك دا دژی دیكتاتۆری یه‌تی شۆڤێنی ئیمپریالیز و ده‌ره‌به‌كایه‌تی و هه‌موو كه‌سانی گومان لێكراو نۆكه‌ری سه‌ر به‌ ئیمپیریالیزم و كۆنه‌په‌رستی ئێرانی كه‌ ئه‌یانه‌وێ خه‌باتی گه‌له‌كانی له‌ ڕێگاكه‌ی لابده‌ن یان ئه‌و ڕێبازه‌ كۆنه‌ زیندوكه‌نه‌وه‌ كه‌ پیا ڕۆشتنی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مانی گه‌یانده‌ هه‌ڵدێری ئه‌و كاره‌ساته‌ نیشتیمانی یه‌ی كه‌ وێنه‌ی نه‌ بووه‌ له‌ مێژوودا. وه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ش كه‌ ئه‌ڵێن: گوایه‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر په‌له‌ی كردوه‌ له‌ (ی. ن. ك) دا ئه‌ڵێین: ده‌س پێشخه‌ری كردن له‌ پێش چاوخستنی بیروباوه‌ڕی ڕاست و كێشانی نه‌خشه‌ی ڕاستی خه‌بات دا جیی شانازی یه‌ نه‌ك گله‌یی.. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامه‌كانیش په‌یوه‌ندی یه‌كی زۆریان كرد له‌گه‌ڵ كه‌سانی گرنگی ته‌ییاره‌ بنچینه‌یی یه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كوردا وه‌ فیكره‌ كه‌ خرایه‌ به‌رچاویان ئه‌وانیش په‌سه‌ندیان كرد، وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌ڵبژێردراون بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌ په‌رش و بڵاوه‌كانی پارتی، كه‌واته‌ له‌ نوێنه‌رانی ئه‌م ته‌ییارانه‌ پێك هاتووه‌.

ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ وه‌ نه‌ی ویستووه‌ هه‌ر خۆی به‌ ته‌نیا كار بكات. به‌ڵكو ڕای گه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌رگاكانی(ی.ن.ك) له‌ سه‌ر پشته‌ بۆ هه‌موو تێكۆشه‌رێكی شۆڕشگێر و پێشكه‌وتنخواز، یه‌كێتی نیشتیمانی بۆ هه‌مووانه‌، نه‌ك بۆ ده‌سته‌یه‌ك یان ته‌ییار یان ڕێ ڕه‌وێك پێشكه‌وتنخوازی دیاریكراو بێ، ده‌سته‌ و ته‌ییاره‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانی تر كه‌ ئه‌یانه‌وێت ڕێبازێكی نوێی خه‌بات هه‌ڵبژێرن. وه‌ ده‌س پێشخه‌ری یه‌كه‌م ئیعلان كردنی وه‌ڵامێكی بن بڕی ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی شۆڤێنی ئه‌یدات بۆ له‌ ناوبردنی ته‌واوی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان پاش هه‌ڵاتنی سه‌ركردایه‌تی یه‌ كۆنه‌كه‌ی و ئاشبه‌تاڵ كردنی له‌ كاری سیاسی و عه‌سكه‌ری وه‌ بۆ یه‌ك خستنی هه‌وڵ و ته‌قه‌للای ته‌ییاره‌ اصلاحی یه‌كه‌ بۆ قۆستنه‌وه‌ی مه‌یدانی نیشتیمانی كورد. وه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی هیچ ته‌خسیرێكی نه‌كردووه‌. بۆ ڕزگاركردنی ئه‌و نیشتیمانپه‌روه‌ره‌ پێشكه‌وتنخوازانه‌ی كه‌وتبوونه‌ ژێر چنگی كۆنه‌په‌رستی و ئیمپریالیزمه‌وه‌ وه‌ هیچ ته‌خسیرێكیش ناكات له‌ كاركردنی به‌رده‌وام وه‌ به‌ پشوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی شۆڕش و گردكرنه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سه‌ خێرخواز و شه‌ریفه‌كان له‌ ژێر ئاڵاكه‌یدا وه‌ ده‌رگای ته‌نیا له‌ پێش به‌كرێگراوانی ئیمپیریالیزم و كۆنه‌په‌رسته‌ كه‌لـله‌ڕه‌قه‌كان دا داخستووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ خه‌باتێكی فیكری فراوانیش به‌رپا ئه‌كه‌ین بۆ له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ هه‌ڵكێشانی بیروڕای نه‌ته‌وه‌یی تاكڕه‌وی و ڕاستڕه‌و و كۆنه‌ په‌رستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی داوای درێژه‌پێدانی ڕێبازی هاوكاری كردنی ئه‌مریكا و ئێران ئه‌كات بۆ پشت به‌ستن یان له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی"خه‌بات" و هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی" شۆرشی كورد" دا جارێكی تر... وه‌ هه‌موو لووت تێژه‌ندنێكی ئیپمریالیزم و كۆنه‌ په‌رستی بۆ ناو بزوتنه‌وه‌ی كورد ئاشكرا ئه‌كه‌ین، چونكه‌ دژی گه‌له‌كه‌مانن وه‌ زیان به‌ مه‌سه‌له‌ ڕه‌واكه‌ی ئه‌گه‌یه‌نن وه‌ له‌وه‌ زیاتر كه‌ تێكۆشانی ڕێگای ڕاست لابده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی، ڕه‌وای كورد هه‌ر له‌ زۆرخانه‌ی یاری ده‌وڵه‌تان دا بهێڵێنه‌وه‌ وه‌كه‌ی ویستیان بۆ به‌رژوه‌ندی خۆیان به‌كاری بهێنن هه‌ر وه‌كوو چۆن له‌سه‌ر لاشه‌ی شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان و كه‌لاكی هه‌نجنراوی شۆڕشی گه‌له‌كه‌مان ڕێكه‌وتنی نێوان عێراق و ئێران سازكرا. 

وه‌ له‌ كۆتایی دا به‌ سود به‌خشی ئه‌زانین كه‌ هه‌نێ ڕاستیی گرنگ ده‌رباره‌ی(ی.ن.ك) پوخته‌ بكه‌ینه‌وه‌:
یه‌كه‌م:
(ی.ن.ك) باشترین شێوه‌یه‌ بۆ ئه‌م باره‌ی ئێستا كه‌ هیچ یه‌كێك له‌و ته‌ییاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی یه‌ زۆره‌ی هێشتا له‌ قاڵبی حیزبی تایبه‌تی خۆی دا نه‌ مه‌یوه‌ كه‌ بتوانێ هێزه‌كانی شۆڕشی نیشتیمانی كورد كۆبكاته‌وه‌ بۆ یه‌گخستنی ته‌ییاره‌ دیموكراتی و پێشكه‌وتنخواز و شۆڕشگێڕه‌كان له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كوردا. له‌گه‌ڵ بوونی دیموكراسی یه‌كی ته‌واو بۆ ئه‌م ته‌ییارانه‌ كه‌ ڕای خۆیان ده‌ربڕن و ڕای فیكری بگۆڕنه‌وه‌ وه‌ بیروباوه‌ڕه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانیان له‌ مه‌یدانی نیشتیمان دا بڵاو بكه‌نه‌وه‌ ئه‌م مه‌یدانه‌ی كه‌ ئه‌بێ ئاڵای" یه‌كێتی و صراع" به‌ سه‌ره‌وه‌ بشكێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سووربوون له‌سه‌ر یه‌كێتی پته‌وی خه‌بات و نێوانیان دا له‌ پێناوی ئامانجه‌ نیشتیمانی و دیموكراتی یه‌ سه‌ره‌كی یه‌ ناو كۆیی یه‌كان له‌ قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانی دیموكراتی دا.
دووه‌م: 
(ی.ن. ك) كه‌ نه‌بوونی حیزبی پێشڕه‌وی و به‌تاڵ ناكاته‌وه‌ به‌ڵكو به‌ پێویستی دائه‌نێ ئه‌و حیزبه‌ به‌ په‌له په‌ل دروست نابێ به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك یان به‌ دانانی ده‌زگایه‌كی دامه‌زرێنه‌ر چونكه‌ ئه‌م حیزبه‌ به‌ له‌ دایك بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاسایی دێته‌ دنیاوه‌ له‌ باروزرفێك دا كه‌ مه‌رجه‌ تایبه‌تی یه‌كانی تیا هه‌بێت و داوای موتوربه‌ بوونی بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماهیری شۆڕشگێڕ به‌ بیروباوه‌ڕی پێشڕه‌وانه‌ی شۆڕشگێڕ بۆیه‌ ئه‌بێ بێ پشودان خه‌بات بكرێت بۆ له‌ دایك بوونی.
سێ یه‌م:
(ی.ن.ك) لاف له‌ ئیحیتكاركردنی خه‌ڵكانی كوردستان یان بێ به‌شكردنی هه‌موو پارت و ڕێكخراو لقه‌كانی حیزبه‌كان لێ نادات.. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌(ی.ن.ك) به‌ڕاستی باوه‌ڕی به‌ مافی هه‌موو پێشكه‌وتنخواز و تێكۆشه‌ر و شۆڕشگێڕان هه‌یه‌ له‌ ڕێكخستن و كاری نیشتیمانی دا و به‌ مافی هه‌مووان كه‌ به‌وپه‌ڕی سه‌ربه‌ستی یه‌وه‌ به‌ بیروڕا و مه‌فاهیمه‌كانیان بڵاوكه‌نه‌وه‌. وه‌ به‌وه‌ی گه‌ل حه‌كه‌می گه‌وره‌یه‌ و ئه‌و مافی قسه‌ و ڕه‌قابه‌ی هه‌یه‌ به‌ سه‌ر هه‌مووانه‌وه‌ و مافی بێ سنوری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕ به‌و لایه‌نه‌ بدات ك سه‌ركه‌وتوترین چاره‌سه‌ر و ڕاسترین پیلان و چاكترین نه‌خشه‌ی تێكۆشان ئه‌كێشێ و بێ سڵه‌مینه‌وه‌ و بێ وه‌ستان له‌ پێناوی سه‌ركه‌وتنی مه‌سه‌له‌كه‌ی دا خه‌بات ئه‌كات. وه‌ ئه‌گه‌ر حیزبی كوردستانی پێشكه‌وتنخوازیان حیزبه‌ عێراقی یه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كان له‌ناوچه‌ی كوردستان هه‌بن ئه‌وا (ی.ن.ك) كه‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی باشترین شێوه‌ی هاوكاری سه‌ركه‌وتنی تێكۆشانی گه‌ل ئه‌دا له‌گه‌ڵ مافی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕیاندا.(ی.ن.ك) باوه‌ڕی به‌ خه‌باتی جه‌ماهیری یه‌وه‌ خه‌باتی جه‌ماهیری به‌ هۆی جه‌ماهیره‌وه‌ و له‌ پێناوی جه‌ماهیری گه‌لدا.

ئینجا ده‌رباره‌ی پشت گوێ خستنی حیزبه‌ كارتۆنی یه‌ داتاشراوه‌كان له‌ لایه‌ن ڕژێمی دیكتاتۆری شۆڤێنی یه‌وه‌ له‌ به‌غدا ئه‌ڵێین: كه‌ باس نه‌كردنیان هه‌ر له‌ به‌ر هیچ و پوچی یان نییه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وانه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد ده‌رچوون ده‌ركراون لێی و كه‌وتۆته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌یدانی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی كورده‌وه‌ ڕژێمی دوژمنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریی عادیلانه‌ی كورد دروستی كردون  و ئه‌وانه‌ی له‌ لایه‌ن گه‌لی كورده‌وه‌ سیكتر و پڕكراون، چونكه‌ له‌ به‌كرێگیراوێكی بچوكی دوژمنه‌كه‌ی زیاتر نین و له‌ فه‌له‌كی سوڵته‌ی دیكتاتۆری دا ئه‌خولێنه‌وه‌ و وه‌ك توتی ئه‌وه‌ی پێ یان ئه‌ڵێت ئه‌یڵێنه‌وه‌ و هه‌وڵی پینه‌ كردنی تاوانه‌كانی سوڵته‌ی بۆرجوازی بیرۆكرات و شۆڤێنی ئه‌ده‌ن كه‌ دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌یكات.

 

خوێنه‌ری ئازیز ئه‌م وتاره‌ به‌ زمانێكی كوردی ساڵانی حه‌فتاكان نووسراوه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ستكاری ده‌قه‌كه‌مان نه‌كردووه‌ و وه‌كو خۆی دامانڕشتۆته‌وه‌... 

پیل- التیار
جه‌ماوه‌ر- الجماهیر