ڕاپۆرتی جیهانی

02:30 - 23/02/2019

چیرۆكى سامناكى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ بۆمبه‌ ئه‌تۆمییه‌كان رزگاریان بوو‌

پەیسەر

هه‌ڕه‌شه‌ى بۆمبى ئه‌تۆمى له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تى و ئاشتى هه‌موو جیهان كراوه‌یه‌، ئه‌و بۆمبه‌ كاولكاره‌ى زه‌وى به‌رووى ژیاندا هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه‌، به‌كارهێنانى ئه‌و بۆمبه‌ له‌ جه‌نگى جیهانى دووه‌م و له‌ هێرۆشیما چیرۆكى كاولكارى و كاره‌ساتبارى زۆر گه‌وره‌ى دروستكرد، ژماره‌یه‌ك له‌ رزگاربووانى ئاگرى ئه‌و بۆمبه‌ ترسناكه‌ چیرۆكى خۆیان ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌ ژیانى تراژیدى دواى بۆمبدا ده‌ژین. 

كه‌ له‌گه‌ڵ ناوهێنانه‌كه‌یدا بیسه‌ری وشه‌كه‌ ترس دایده‌گرێت‌ و هه‌ست ده‌كات دوای ئه‌وه‌ كۆتایی دنیا دێت، گه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ كه‌مێك زیاده‌ڕه‌ویی تیادایه‌، به‌ڵام له‌سام ‌و مه‌ترسیی ئه‌و چه‌كه‌ تۆقێنه‌ره‌ كه‌مناكاته‌وه‌، ره‌نگه‌ زۆربه‌مان مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و بۆمبه‌مان زانیبێت، به‌ڵام ئاخۆ كه‌سمان چیرۆكی ساتی تەقینه‌وه‌ی بۆمبه‌كه‌مان له‌زاری ڕزگاربوویه‌كی چه‌كی ئه‌تۆمیه‌وه‌ بیستووه‌؟
 
سیتسوكۆ سۆرلۆ، یه‌كێك له‌ ڕزگاربووه‌كانی كاره‌ساتی هێرۆشیما، كاتێك ئه‌مریكا له‌كۆتاییه‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا ئه‌و شاره‌ی به‌بۆمبی ئه‌تۆمی بۆردوومانكرد، ئه‌و ته‌مه‌نی ته‌نیا 13 ساڵ بووه‌، ڕۆژی كاره‌ساته‌كه‌ به‌ "زۆر ترسناك"وه‌سفده‌كات‌ و ده‌ڵێت"دوای كه‌وتنه‌ خواره‌ی بۆمبه‌كه‌، ڕووناكیه‌كی شینم بینی كه‌ ئاسمانی داپۆشی، هه‌ستم كرد ده‌فڕم، ئاگام له‌ ده‌ورووبه‌رم نه‌ما، تا ئه‌وكاته‌ی هه‌ستم به‌ده‌ستی كه‌سێك كرد كه‌ منی له‌ژێر داروپه‌ردوویه‌ك ده‌رده‌هێنا".

سۆرلۆ به‌ر له‌ كاره‌ساتی هێرۆشیما وێنه‌ی شاره‌كه‌ی له‌یاده‌وه‌ریدا بووه‌، دواتریش كاتێك ئه‌و وێنه‌یه‌ی پێشوو به‌راورد ده‌كات له‌گه‌ڵ وێنه‌ی دوای كاره‌ساته‌كه‌، ده‌ڵێ شاره‌كه‌ هه‌رزوو خاپور بوو، مردن له‌هه‌موو شوێنێك بارگه‌وبنه‌ی دامه‌زراند.

"به‌یانییەكی خۆشی هاوین بوو، هه‌واش خۆش بوو، به‌ڵام له‌ساتێكدا ئه‌و هاوینه‌ به‌هۆی بۆمبه‌كه‌وه‌ ون بوو و بووه‌ دوكه‌ڵ، گۆڕا بۆ پایز"ئه‌وه‌ یاده‌وه‌ریی سۆرلۆیه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مێژووی مرۆڤایه‌تی، كه‌ بۆمبه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ دوو كیلۆمه‌تر له‌دووری ئه‌وه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر زه‌ویی.

سۆرلۆ ئێستا ته‌مه‌نی 86 ساڵه‌و له‌ساڵی 2017 دا خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبه‌خشرا، له‌پای ئه‌و چالاكیانه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ی ڕابردوو بۆ دژایه‌تیكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی پێیهه‌ستاوه‌.
 
له‌درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی كاره‌ساتی هێرۆشیما سیتسوكۆ ده‌ڵێت، كه‌س نه‌ده‌جوڵا، كه‌س هاواری نه‌ده‌كرد ‌و ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان بووبوو هه‌ستیان به‌هیچ نه‌ده‌كرد، هه‌ستیان له‌ده‌ستدابوو، ته‌نیا به‌ده‌نگێكی كز داوای (ئاو)یان ده‌كرد.

له‌كاره‌ساتی هێرۆشیمادا 140 هه‌زار كه‌س بوونه‌ قوربانیی، هه‌ر دوای سێ ڕۆژ له‌و كاره‌ساته‌، ئه‌مریكا به‌چه‌كی ئه‌تۆمی له‌شاری ناكازاكی دا، له‌وێش 80 هه‌زار كه‌س بوونه‌ قوربانیی‌ و به‌وه‌ش ناوی هه‌ردوو كاره‌ساته‌كه‌ وه‌ك ترسناكترین كاره‌ساتی مێژووی مرۆڤایه‌تی، له‌یاده‌وه‌ریی جیهاندا ماوه‌ته‌وه‌.
 
ئاكیۆ شیموا ڕۆژی كاره‌ساته‌كه‌ی هێرۆشیما له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا به‌ناوی ناكامۆرا له‌شه‌قامه‌كاندا پیاسه‌ ده‌كه‌ن، ساتی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌كه‌ ئه‌وان ڕزگاریان ده‌بێت ‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ كۆتایی هه‌موو شتێك.

دوای 20 ڕۆژ له‌كاره‌ساته‌كه‌ ئاكیۆ هه‌موو قژی هه‌ڵده‌وه‌رێت، له‌سه‌ر له‌شی خۆی په‌ڵه‌ی سور ده‌بینێت‌ و قۆڵیشی وه‌ك مقاشێك لاواز لاواز ده‌بێت، برایه‌كی ئاكیۆ له‌ گێڕانه‌وه‌ی دۆخی ئاكیۆدا ده‌ڵێ"به‌و 13 ساڵ ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ پیاوێكی پیر ده‌چوو، ڕووخسار و له‌شی به‌ته‌واوی پیر بوو دواتر زانیم ئه‌و هاوڕێیه‌ی ئاكیۆ كه‌ ناوی ناكامۆرا بوو، دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ مردووه‌".

یاماجوچی، ئه‌و پیاوه‌ی دوو كاره‌ساتی ئه‌تۆمی بینی‌ و له‌هه‌ردووكی ڕزگاریبوو
تسوتۆمۆ یاماجوچی، به‌ر له‌ كاره‌ساتی هێرۆشیما دانیشتووی ناكازاكی بوو، وه‌ك ئه‌ندازیاری دیزاینكردنی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر كاریده‌كرد، به‌چه‌ند كاتژمێرێك پێش ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا دوو بۆمبی ئه‌تۆمی به‌سه‌ر شاری هێرۆشیمادا به‌ربداته‌وه‌، ئه‌و به‌كارێك له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌یه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ هێرۆشیما.


له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ شاری هێرۆشیما، یاماجوچی دوو بۆمبی ڕه‌شی گه‌وره‌ ده‌بینێ كه‌ له‌ فڕۆكه‌یه‌كه‌وه‌ به‌رده‌درێته‌وه‌، له‌وه‌سفی ئه‌و ساته‌ وه‌خته‌دا یاماجوچی ده‌ڵێت، پاش چه‌ند چركه‌یه‌ك هه‌ستم به‌سوتانه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌گیانمدا كرد، چاوه‌كانم هیچیان نه‌ده‌بینی، ده‌نگێكی به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌ش گوێیه‌كانی كاسكردبووم.

یاماجوچی به‌په‌له‌ به‌رله‌وه‌ی بگاته‌ هێرۆشیما، شاره‌كه‌ جێده‌هێڵێت‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكازاكی بۆئه‌وه‌ی به‌ خێزان‌و هاوڕێكانی بڵێت چی بینیوه‌‌و چی له‌ هێرۆشیما ڕوویداوه‌.

به‌ڵام مۆته‌كه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمی یاماجوچی به‌رنادات‌ و دوای سێ ڕۆژ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناكازاكی، دووباره‌ ئه‌مریكا به‌بۆمبی ئه‌تۆمی هێرشده‌كاته‌ سه‌ر شاری ناكازاكی، ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئه‌مجاره‌ش له‌كاره‌ساتی بۆمبی ئه‌تۆم ڕزگاریده‌بێت، ده‌بێته‌ شایه‌تحاڵی ئه‌و دوو كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌.

كاره‌ساته‌كه‌ له‌زاری فڕۆكه‌وانه‌کانەوە
پۆڵ تیبیتس، ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ ئه‌مریكییه‌ بوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی مه‌ترسیدارترین كاری له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا پێسپارد، ئه‌ویش بۆمبارانكردنی شاری هێرۆشیما بوو به‌چه‌كی ئه‌تۆمیی.

له‌ تۆمارێكی ده‌نگیدا كه‌ له‌ساته‌وه‌ختی فڕینی فڕۆكه‌كه‌وه‌ تا به‌ردانه‌وه‌ی بۆمبه‌كانی تیادا تۆماركراوه‌، پۆل تیبیتس له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریی وڵاته‌كه‌ی گفتوگۆ ده‌كات‌و له‌و كاته‌ی بۆمبه‌كه‌ به‌رده‌داته‌وه‌ ده‌ڵێت"چێژم له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ بینی، به‌ڵێ ئه‌وه‌ شایه‌نی چێژ لێبینینه‌".

تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان تا ئێستاش به‌شی زۆری به‌نهێنی ماونه‌ته‌وه‌‌و ته‌نیا چه‌ند به‌شێكی كورتی نه‌بێت كه‌ ڕۆژنامه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌دا فڕۆكه‌وانه‌كه‌ ده‌ڵێت"چێژ له‌ بۆن‌ و تامی باروت ده‌بینم، دڵنیابووم ئه‌وه‌ بۆمبێكی زۆر گه‌وره‌ بوو كه‌ ته‌قێندرا".

پیته‌ر كۆزنیك، رۆژنامه‌نووسی دیاری ئه‌مریكا له‌باره‌ی ژیانه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ كه‌ بووه‌ هۆی له‌ناوبردنی ژیانی هه‌زاران كه‌س ده‌ڵێت"له‌ماوه‌ی 62 ساڵی ژیانیدا پۆڵ تیبیتس به‌رده‌وام به‌رگریی له‌و كاره‌ی ده‌كرد كه‌ به‌رامبه‌ر هێرۆشیما ئه‌نجامیداوه‌".

به‌ر له‌وه‌ی تیبیتس به‌ره‌و ئه‌و كاره‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ڕێبكه‌وێت، به‌هاوڕێ ‌و هاوكاره‌كانی كه‌ نازانن جۆری بۆمبه‌كه‌ چیه‌ ده‌ڵێت"سبه‌ینێ جیهان ده‌زانن كه‌ ئه‌و فرۆكه‌یه‌ی من یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ وه‌ستانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیی".

دوای ئه‌وه‌ی بۆمبه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ به‌رده‌داوه‌ته‌وه‌‌و ده‌ته‌قێته‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌تۆماره‌ ده‌نگیه‌كه‌دا هه‌یه‌ تیبیتس هاوارده‌كات‌و ده‌ڵێت"بۆمبه‌كه‌ ته‌قییه‌وه‌" دواتریش به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ده‌ڵێت"هاوڕێكانم، یه‌كه‌م بۆمبی ئه‌تۆمیمان له‌مێژوودا تاقیكرده‌وه‌".

باپیرم هیچ ئاسه‌وارێكی له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ما
میچی شیمانۆ، وه‌ك هه‌ر رۆژێكی ئاسایی له‌و كارگه‌یه‌ی كاری لێده‌كرد له‌سه‌ر كارده‌بێت، به‌ڵام ده‌نگێكی به‌هێز كاسیده‌كات‌ و بۆ چه‌ند ساتێك هه‌ستده‌كات له‌سه‌ر زه‌وی نه‌ماوه‌، به‌په‌له‌ له‌ كارگه‌كه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌‌و خه‌ڵكێكی زۆر ده‌بینێت له‌شیان سوتاوه‌‌و له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ كه‌وتوون، هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌له‌شێكی سوتاوه‌وه‌ به‌شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕۆن.

میچی سه‌ری به‌قوڵایی چوار سانتیم بریندار بووه‌، به‌خێرایی تیماریده‌كات‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ بزانێت ئه‌وه‌ی بینیویه‌تی چیه‌، كاتێكیش ده‌گاته‌وه‌ به‌ خێزانه‌كه‌، هه‌مووان پێكه‌وه‌ بۆ باپیریان ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌ گه‌ڕان بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت یه‌كێك له‌و بۆمبه‌ ئه‌تۆمیه‌ی به‌سه‌ر شاری هێرۆشیمادا به‌ردرایه‌وه‌، له‌نزیك ماڵی باپیری میچی كه‌وتوه‌ته‌ خواره‌وه‌‌و شوێنه‌وارى باپیری به‌ته‌واوی له‌سه‌ر زه‌ویی سڕیوه‌ته‌، نه‌ ئێسك نه‌ هیچ شتێكی نه‌ماوه‌. ئه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ی میچیه‌ بۆ ڕۆژی كاره‌ساته‌كه‌ی هێرۆشیما.

له‌بۆمبی ئه‌تۆمی ڕزگاریبوو، به‌ڵام شێرپه‌نجه‌ كوشتی
ساداكو ساساكی، یه‌كێكی دیكه‌ بوو له‌ڕزگاربووانی كاره‌ساتی هێرۆشیما، ئه‌و كه‌ له‌كاتی كاره‌ساته‌كه‌دا ته‌مه‌نی ته‌نیا دوو ساڵ بوو، بۆمبه‌كه‌ نه‌یتوانی ژیانی لێبستێنێته‌وه‌، هه‌شت ساڵیی ته‌مه‌نی دوای كاره‌ساته‌كه‌ی ئاسایی به‌ڕێكرد، به‌ڵام له‌ته‌مه‌نی 10 ساڵیدا چه‌ندین وه‌ره‌می شێرپه‌نجه‌یی له‌ ساساكیدا ده‌رده‌كه‌ون، پاش پشكنین ئاشكراده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ كاریگه‌ریی بۆمبه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌‌و به‌رۆكی ساساكی به‌رنه‌داوه‌.

له‌و ماوه‌یه‌ی ساساكی له‌نه‌خۆشخانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ خولیای دروستكردنی فڕۆكه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ریه‌وه‌، تا وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ره‌كان‌و پاشان بێهوده‌بوونی پزیشكه‌كان له‌چاره‌سه‌ركردنی و دواتر مردنی ساساكی، ئه‌و 644 فرۆكه‌ی كاغه‌زی دروستكردبوو، كه‌ له‌گه‌ڵ ناشتنی ساساكیدا، كه‌سوكاره‌كه‌ی فڕۆكه‌كانیش له‌گه‌ڵیدا ده‌نێژن.

بۆمبی ئه‌تۆم زۆر به‌ساده‌یی
كاریگه‌ریی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمیی گه‌ر دابه‌شبكه‌ین، ئه‌وا به‌مشێوه‌یه‌ ده‌توانین به‌ئاسانی تێبه‌گه‌ین:
له‌سه‌دا 50ی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پاش ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمی دروستده‌بێت به‌هۆی هێزی بۆمبه‌كه‌و پێكهاته‌ی TNTییه‌كه‌یه‌تی، سه‌دا35ی كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌هۆی ئه‌و تیشكه‌ سوتێنه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ دروستیده‌كات، هاوكات سه‌دا 15ی كاریگه‌رییه‌كه‌شی به‌هۆی شه‌پۆلی جۆره‌كانی دیكه‌ی تیشكه‌وه‌یه‌.

ڕونتر كاریگه‌رییه‌كه‌ بخه‌یه‌نه‌ به‌رچاو، ئه‌و ساته‌ی بۆمبه‌كه‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌ بڕی ئه‌و گه‌رمییه‌ی له‌نێوخۆیدا دروستیده‌كات 300 هه‌زار پله‌ی سه‌دییه‌، به‌وشێوه‌یه‌ش ئه‌گه‌ر بۆمبێكی ئه‌تۆمی 20 ته‌ن بێت، ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كانی به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت:

له‌دووری نزیكه‌ی دوو كیلۆمه‌تره‌وه‌ كه‌سێك به‌ پله‌ی چواره‌م ده‌سوتێنێت، كه‌ پله‌ی چواره‌م مه‌ترسیدارترین پله‌ی سوتاوییه‌و زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌و پله‌یه‌ ده‌سوتێن، ده‌مرن.

ڕاسته‌وخۆ ڕێژه‌ی توشبوون به‌ جۆره‌كانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بۆ ڕێژه‌ی سه‌دا 30 به‌رزده‌كاته‌وه‌، هاوكات به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كیش ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌سانێك به‌دورییه‌كی مامناوه‌ند له‌شوێنی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی ئه‌تۆمیی، بۆ ماوه‌ی 40 خوله‌ك توانای بینین له‌ده‌ستده‌ده‌ن، كه‌ هه‌ندێكیان بۆهه‌تاهه‌تایه‌ ناتوانن جارێكی دیكه‌ ببینن.