ڕاپۆرتی جیهانی

05:00 - 17/02/2019

ئه‌ڵمانه‌كان چۆن له‌ جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا سودیان له‌ ته‌رم وه‌رده‌گرت؟‌

پەیسەر

له‌ چوارچێوه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی چه‌ندین ڕاپۆرت له‌ لایه‌ن میدیاكانی به‌ریتانیاوه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانیا كارگه‌ی ته‌رمی داناوه‌. ئه‌و كاره‌ش وایكرد كه‌ دژایه‌تیه‌كی زۆر له‌ لایه‌ن ڕای گشتیه‌وه‌ دژ به‌ ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌ڵمانیا بڵاو بێته‌وه‌. به‌ تایبه‌تی وڵاتی چین. چونكه‌ ده‌یانه‌ویست په‌لكێشی ناو جه‌نگه‌كه‌ی بكه‌ن و له‌ ته‌نیشتی به‌ریتانیاوه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنشێت. بۆ ئه‌وه‌ی سنوورێك بۆ فراوانبوونی ژاپۆن له‌سه‌ر ئه‌ژماری وڵاتانی ژێرده‌سته‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا و زه‌ریای ئارام، دابنرێت.
له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا به‌كارهێنانی ته‌رمی سه‌ربازه‌كانیان له‌ لایه‌ن سوپای ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی شتومه‌كی ماڵ وه‌كو مۆم و سابوون، بڵاوبوویه‌وه‌. ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م بابه‌ته‌ی وروژاند ژنه‌ نووسه‌رێك بوو به‌ناوی "سینتیا اسكویس" كه‌ چیرۆكێكی نووسی به‌ناوی "دێوه‌كان" له‌وێ باس له‌ یاداشته‌كانی ده‌كات كه‌ ساڵی 1915 ڕوویداوه‌. به‌ڵام ڕۆژنامه‌كانی ئه‌مریكا هاتن سودیان له‌و چیرۆكه‌ وه‌رگرت و كه‌ ئه‌ڵمانه‌كان جه‌سته‌ی سه‌ربازه‌كانیان بۆ مۆم به‌كارده‌هێنن. دواتر چه‌ند نیگاركێشێكی سیاسی یه‌كێك له‌وانه‌" لویس ڕایماركه‌ر" له‌ سه‌ره‌تای 1916 چه‌ندین وێنه‌ی كاریكاتێری كێشا به‌وه‌ی كه‌ ئه‌ڵمانه‌كان هه‌ڵده‌ستن به‌ ڕه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌ربازه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاشماوه‌ی جه‌سته‌یان به‌ز و په‌ینی كیمیاوی به‌رهه‌م بهێنن.


له‌ مانگی شوباتی 1917 ژماره‌یه‌كی رۆژنامه‌ی (نۆڕس چینا ده‌یلی نیوز) ڕاپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆر بوو كاتێك یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كانی ئه‌ڵمانیا به‌ سه‌رۆكی چینی گوتووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی مادده‌ی گلیسرین له‌ ته‌رمی سه‌ربازه‌كانیان ده‌رده‌كه‌ن.
له‌ مانگی نیسانی هه‌مان ساڵدا هه‌ردوو رۆژنامه‌ی( زه‌ تامیز و ده‌یلی مه‌یل) ڕاپۆرتێكی سه‌یریان له‌سه‌ر كارگه‌ نامۆكانی ئه‌ڵمانیا به‌ناوی ( Kadaververwertungsanstalt) بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ته‌رم وه‌كو مادده‌ی خاو به‌كارده‌هێنرێت. له‌و كاته‌دا ڕۆژنامه‌ی تایمز ڕاپۆرتێكی له‌ ژێر ناوی( ئه‌ڵمان و مردووه‌كانیان) بڵاو كرده‌وه‌. دواتر رۆژنامه‌یه‌كی به‌لجیكی به‌هۆی وتارێكی (كاڵ ڕۆزنه‌ر) ڕاپۆرتێكی بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌و كاڵ ڕۆزنه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ماڵیان نزیك كارگه‌یه‌كه‌ بۆنێكی زۆر ناخۆشی لێوه‌ دێت، پاشان ڕۆژنامه‌كانی به‌ریتانیا هه‌ستان به‌ گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و وتاره‌ و چه‌ندین وێنه‌ی كاریكاتۆریان له‌سه‌ر بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ چۆن ئه‌ڵمانه‌كان مردووه‌كان به‌كار ده‌هێنن.
به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌ڵمانیه‌ مه‌به‌ستی له‌ كه‌لاكی گیانداران بووه‌ نه‌ك جه‌سته‌ی مرۆڤ. به‌ڵام له‌ كاتی جه‌نگدا ئه‌ڵمانیا كه‌لاكی ئه‌سپه‌كانیان سود لێ وه‌رده‌گرت به‌وه‌ی به‌زه‌كه‌ی و گۆشته‌كه‌یان به‌كارده‌هێنا. چونكه‌ ئه‌و كاته‌ی جه‌نگ قات و قڕی بوو. ئه‌ڵمانیا چه‌ندین جار ئه‌و هه‌واڵانه‌ی به‌درۆ ده‌خسته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ته‌رمه‌كانیان بۆ درووستكردنی سابوون به‌كارهێنابێت.


له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رجه‌م به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیا ئه‌و هه‌واڵانه‌یان به‌ درۆ ده‌خسته‌وه‌. هه‌روه‌ها باڵیۆزی چین له‌ ئه‌ڵمانیا ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ی ئه‌ڵمانیای كرد، بۆیه‌ له‌ 14ی ئابی 1917 وڵاتی چین جه‌نگی دژی ئه‌ڵمانیا ڕاگه‌یاند بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی ڕێكه‌وتننامه‌كاندا كورسیه‌كی هه‌بێت بۆ ئاشتی.
دوای كۆتای هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئه‌وستن چامبه‌رلین له‌ ساڵی 1925 ڕایگه‌یاند كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ ئارادا نییه‌ بیسه‌لمێنێن كه‌ ئه‌ڵمانیا ته‌رمی سه‌ربازه‌كانی به‌كارهێناوه‌. ئه‌و وه‌زیره‌ جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌كانی جیهان ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یان به‌ درۆ بڵاو ده‌كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌ڵمانیای له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، بزڕێنن.
له‌ هه‌مان ساڵیشدا سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری سه‌ربازی به‌ریتانیا له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا كه‌ ناوی جۆن چارتێرس ڕایگه‌یاند كه‌ درووستبوونی كارگه‌ی ته‌رم له‌ ئه‌ڵمانیا پشتیان به‌ وێنه‌یه‌كی ساخته‌ به‌ستووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی له‌ ئه‌ڵمانیا تووڕه‌ بكه‌ن و له‌و ڕێگه‌یشه‌وه‌ وڵاتی چین بهێننه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌وه‌. به‌رپرسانی هه‌واڵگری باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ توانیوویانه‌ سوود له‌ ڕۆژنامه‌نووسان وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌و وێنه‌ قێزه‌ونه‌ بگوزانه‌وه‌ ناو خه‌ڵك.


له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، نازییه‌كان ڕووداوه‌كه‌یان قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕای گشتی بڵێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا ده‌گوترا درۆ بوون، بۆیه‌ كاتێك هۆڵۆكست ڕوویدا ئه‌ڵمانیا بڵاویكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ش درۆیه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌گوترا ئێمه‌ ته‌رمی سه‌ربازه‌كانمان بۆ سابوون و مۆم به‌كارده‌هێنێن.