ڕاپۆرتی جیهانی

11:14 - 14/02/2019

"لێره‌ ژیان به‌ جۆرێكی دیكه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا"‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عێراق و شام تووشی شكستی گه‌وره‌بوون و "خیلافه‌ت"كه‌یان تێكشكا، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌وێ جێماون، به‌ تایبه‌تی بیانیه‌كان تووشی گرفتی گه‌وره‌ و جۆراو جۆر هاتوون. یه‌كێك له‌وانه‌ كچه‌ خوێندكارێكی به‌ریتانیه‌ له‌ سوریا جێماوه‌، ئه‌و ده‌ڵێت په‌شیمان نیم له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیم كردووه‌ به‌ داعشه‌وه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی" زه‌ تایمز" كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌،  شه‌میمه‌ بیگۆم ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌ و ساڵی 2015 چۆته‌ توركیاو له‌وێوه‌ چۆته‌ ناو چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ له‌ سوریا، ئه‌و ده‌ڵێت"په‌شیمان نیم له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیم كردووه‌ به‌ داعشه‌وه‌ به‌ڵام ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا چونكه‌ دووگیانم و سكه‌كه‌م له‌ نۆ مانگیدایه‌"

به‌ پێی رۆژنامه‌كه‌، ئه‌و كچه‌ خوێندكاره‌ چۆته‌ شاری باگور له‌ خۆرهه‌ڵاتی سوریا له‌وێ دووچاری ترس و بینیی گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كان بووه‌. له‌ چاوپێكه‌وتنه‌ ده‌نگیه‌كه‌دا شه‌میمه‌ ترسی له‌ منداڵه‌كه‌ی هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا دووجار دووگیان بووه‌ و منداڵه‌كانی له‌بارچوون.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌و كچانه‌ی له‌گه‌ڵی هاتوون بۆ سوریا ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌و كچانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵم هاتن بۆ سوریا یه‌كێكیان به‌هۆی بۆردومانه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا، ئه‌وی دیكه‌ش چاره‌نووسی نادیاره‌."

شه‌میمه‌ و و ئه‌میره‌ عه‌باسی(ته‌مه‌ن 15 ساڵ) و خه‌دیجه‌ سوڵتانه(ته‌مه‌ن 16 ساڵ)‌  له‌ ناوه‌ندی ئه‌كادیمی بسنال گرین پێكه‌وه‌ خوێندكاربوون، ئه‌و نایشارێته‌وه‌ ژیانێكی ئاسایی هه‌بووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ له‌ فرۆكه‌خانه‌ی گاتویك به‌ره‌و توركیا فڕیووه‌، پێشتر به‌ دایبابی گوتبوو كه‌ بۆ تاقه‌ ڕۆژێك ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ توركیا خۆی ده‌گه‌ێنیته‌ سنووره‌كانی سوریا له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاری ڕه‌قه‌.  ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ هاوسه‌رگیریه‌كه‌ی ده‌ڵێت" له‌گه‌ڵ جه‌نگاوه‌رێكی ته‌مه‌ن 20-25 ساڵی كه‌ كه‌سێكی ئینگلیز زمان بوو، كارم بۆ هاوسه‌رگیریه‌كه‌م كرد."

به‌ڵام 10 ڕۆژ دواتر شوو ده‌كات به‌ پیاوێكی ئه‌ڵمانی ته‌مه‌ن 27 ساڵ كه‌ موسڵمان ببووه‌. ئه‌و تاوه‌كو ئێستاش له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا بووه‌، به‌ڵام تێكچوونی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ 39 هه‌زار كه‌سی دیكه‌دا له‌ كامپێكن له‌ ناوی باكوری سوریا.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ی له‌گه‌ڵ دایكی قسه‌ی كردووه‌ ده‌ڵێت" ده‌ڵێت ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌گه‌ڵ دایكم قسه‌م كرد، داوام لێكرد یارمه‌تیم بدات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا. چونكه‌ به‌ڕاستی ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌."

له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆرئاوا و ئه‌مریكا ده‌وڵه‌تی توركیایان به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ ڕێگه‌ی داوه‌ چه‌ندین كه‌سی ئه‌وروپی له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ خۆیان بگه‌ێننه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و په‌یوه‌ندیان پێوه‌ بكه‌ن.