ڕاپۆرتی جیهانی

01:01 - 13/02/2019

ئه‌و پەرستارەی چه‌ندین جار کەشتییەکەی ژێرئاو كه‌وتوو و نه‌مرد‌

پەیسەر

ڕه‌نگه‌ زۆرێك له‌ ئێمه‌ ڕۆژانه‌ گوێمان له‌و قسه‌یه‌ بێت كه‌ ده‌ڵێین(هێشتا ڕۆژی ته‌واو نه‌بووه‌) ئه‌و گوزارشته‌ له‌ پاش ئه‌زموونێكی زۆر له‌ ژیان بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ڵێ زۆر مرۆڤ هه‌ن چه‌ندین جار ده‌گه‌نه‌ لێواری مه‌رگ و به‌ڵام "ڕۆژیان ته‌واو نه‌بووه‌". یه‌كێك له‌وانه‌ ژنه‌ په‌رستیارێكه‌ به‌ناوی ڤیۆلیت جیسسۆپ كه‌ وه‌كو خزمه‌تكار و په‌رستیاری كه‌شتییه‌ جیاوازه‌كان كاریكردووه‌، له‌ سێ ڕووداوی گه‌وره‌ی نقوومبوونی كه‌شتیدا بووه‌، به‌ڵام له‌ خۆشبه‌ختی ئه‌و ڕزگاری بووه‌، تاوه‌كو دواجار دوای نووسینه‌وه‌ی یاداشته‌كانی له‌ وشكانیدا مردووه‌.

ڤیۆلیت جیسسۆپ كێ بوو؟
ڤیۆلیت كۆنستانس جیسسۆپ له‌ 2ی تشرینی یه‌كه‌می 1887 له‌ باهیا بلانكا وڵاتی ئه‌رجه‌نتین له‌ دایك بووه‌، ئه‌وان به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك پۆڵه‌ندین، دایك و باوكی به‌ناوه‌كانی ولیام و كاسرین جیسۆپ له‌ دۆخێكی هه‌ژاریدا ده‌ژیان. خێزانێكی گه‌وره‌یان هه‌بوو ڤیۆلیت جیسسۆپ كه‌ كچه‌ گه‌وره‌ی خێزانه‌كه‌ی بووه‌، ئه‌وان نۆ منداڵ بوون، ناچار ده‌بوو كاتێك دایك و باوكی ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ كار كردن ئه‌م له‌ ماڵه‌وه‌ چاودێری برا و خوشكه‌كانی دیكه‌ی بكات. براو خوشكه‌كانی به‌ زۆری دووچاری نه‌خۆشی سیل ده‌بوونه‌وه‌، ده‌بوو كه‌سێك ئاگای لێیان بێت، هه‌رچه‌نده‌ پزیشكه‌كان ده‌یانگوت ئه‌م منداڵانه‌ نامێنن، به‌ڵام به‌هۆی چاودێری به‌رده‌وامی ڤیۆلیت بۆ خوشك و براكانی ساغ و سه‌لامه‌ت مانه‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا باوكی به هۆی ده‌رئه‌نجامی نه‌شته‌گه‌ریه‌كه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ستدا، بۆیه‌ ناچاربوون ڕوو له‌ وڵاتی به‌ریتانیا بكه‌ن. له‌وێ په‌یوه‌ندییكرد به‌ خوێندنگایه‌كی ئاینیه‌وه‌، دایكیشی وه‌كو خزمه‌تكار و په‌رستیاری كه‌شتی كاریده‌كرد و ئه‌میش سه‌ره‌ڕای خوێندنه‌كه‌ی ئاگای له‌ خوشكه‌ بچووكه‌كانی بوو. كاتێك دایكی نه‌خۆش كه‌وت، ڤیۆلیت وازی له‌ خوێندن هێنا. بۆیه‌ جلی سه‌ره‌نجڕاكێشی كرده‌ به‌ری تاوه‌كو له‌ كه‌شتیه‌كدا دایبمه‌زرێنن. بۆیه‌ له‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا وه‌كو په‌رستیار و خزمه‌تچی كه‌شتی (ڕۆیاڵ میل لاین) له‌ به‌رواری 1908 دامه‌زرا.


كه‌شتی ئۆلمپیك ‌
له‌ ساڵی 1910 ڤیۆلیت له‌سه‌ر كه‌شتی به‌ناوبانگی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ ناوی (ئاڕ، ئێم، ئێس ئۆلیمپك) وه‌كو په‌رستیار به‌ڕێكه‌وتن بۆ ئه‌نجامدانی گه‌شتێك. ئه‌و كات ئه‌و كه‌شتیه‌ یه‌كێك بوو له‌ كه‌شتیه‌ به‌ناوبانگ و گه‌وره‌كانی به‌ریتانیا. له‌ 20ی ئه‌یلولی 1911 به‌نده‌ری ساوسامپتۆن به‌جێهێشت، دوای ڕۆشتنی ماوه‌یه‌ك به‌ ده‌ریادا، كه‌شتیه‌كه‌یان به‌ر كه‌شتێكی جه‌نگی به‌ریتانیا به‌ ناوی( ئێچ، ئێم، ئێس هاوكی) كه‌وت. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هیچ زیانێكی گیانی نه‌بوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ بوو زیانی ماددی به‌ر كه‌شتیه‌كان كه‌وتن، بۆیه‌ نه‌یانتوانی گه‌شته‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ن ناچاربوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و به‌نده‌ره‌ی كه‌ لێوه‌ی هاتبوون. ڤیۆلیت له‌ گێرانه‌وه‌ی یاداشته‌كانیدا زۆر باسی ئه‌و نقوومبوونه‌ی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو گرنگیشی نه‌بووه‌ به‌ لایه‌وه‌.

كه‌شتی تایتانك
له‌ 10ی نیسانی 1912 و له‌ ته‌مه‌نی 24 ساڵیدا له‌گه‌ڵ كه‌شتی تایتانیك ده‌ست به‌كاربوو، ده‌بوو ئه‌و كه‌شتیه‌ له‌ به‌ریتانیاوه‌ بۆ نیویۆرك بڕوات، به‌ڵام چوار ڕۆژ دواتر واته‌ له‌ به‌رواری 14ی نیسانی 1912 له‌ باكوری ئه‌تلانتیك كه‌شتیه‌كه‌یان به‌ر شاخێكی به‌فرین ده‌كه‌وێت، كه‌متر له‌ دوو كاتژمێر كه‌شتیه‌كه‌ نقووم ده‌بێت.  ڤیۆلیت له‌ یاداشته‌كانی خۆیدا ده‌ڵێت من وه‌كو وه‌رگێڕی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئینگلیزیان نه‌ده‌زانی له‌گه‌ڵ كه‌شتی تایتانیك ڕۆشتم. كاتێك نقووم بووین له‌ رێگه‌ی به‌له‌می فریاكه‌وتنه‌وه‌ شۆڕكراینه‌وه‌ بۆ ناو ئاوه‌كه‌ تاوه‌كو ڕزگارمان بێت. له‌وێ ئه‌فسه‌رێك منداڵێكی پێدام كه‌ چاودێری بكه‌م. به‌یانی دواتر ئه‌وانه‌ی  ڕزگارمان بوو دانیشتبووین، ژنێك هات ده‌ستی منداڵه‌كه‌ی گرت و منداڵه‌كه‌ش بێ ئه‌وه‌ی هیچ وشه‌یه‌ك بڵێت له‌گه‌ڵی به‌ڕێكه‌وت.

كه‌شتی به‌ریتانیك
له‌ كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا ڤیۆلیت دیسان كه‌وته‌وه‌ خزمه‌تكردن ئه‌مجاره‌یان له‌گه‌ڵ خاچی سووری به‌ریتانی، له‌ به‌یانی 21ی تشرینی دووه‌می 1916 به‌سه‌ر كه‌شتی (ئێچ، ئێم، ئێچ، ئێس به‌ریتانیك) بووه‌. ئه‌و كه‌شتیه‌ وه‌كو نه‌خۆشخانه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا، به‌ڵام كاتێك گه‌یشتنه‌ ئاوه‌كانی ئیجه‌ به ڕێكه‌وت بۆمبێكیان پێدا ته‌قیه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی 55 خوله‌كدا كه‌شتیه‌ك نقووم بوو، 30 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا و هه‌زار و 66 كه‌سی دیكه‌ش به‌ شه‌لوكوتی ڕزگاریان بوو. ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ بۆمبه‌كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ په‌روانه‌كانیدا ته‌قیووه‌ته‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا چاندبوویان. به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو نه‌گه‌یشتن به‌ ده‌رئه‌نجامێك كه‌ بزانن ئه‌م ته‌قینه‌وه‌ چۆن بووه‌.
كاتێك كه‌شتیه‌كه‌ نقووم بوو، ڤیۆلیت و هاورێكانی به‌ ناو كه‌شتیه‌كدا ده‌سوڕانه‌وه‌ تاوه‌كو ڕزگاریان بێت. بۆیه‌ چه‌ندین به‌له‌می فریاكه‌وتن له‌ پشته‌وه‌ی كه‌شتیه‌كه‌ هاتن به‌ هانایانه‌وه‌، ڤیۆلیت له‌ نهۆمه‌كانی سه‌ره‌وه‌ بازی هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌، سه‌ری شكا و بریندار بوو. سه‌باره‌ت به‌و ساته‌ ده‌ڵێت" شانازییه‌كی سپی له‌ جیهانی پزیشكیدا له‌ ده‌ریادا بوو، كه‌مێك سه‌ری داخست، ورده‌ ورده‌ نغرۆ بوو. سه‌رجه‌م ئامێر و شتومه‌كه‌كانی ناوی وه‌كو بوكه‌ڵه‌ ده‌كه‌وته‌ ناو ده‌ریاكه‌وه‌، ڕامكرد بۆ پشته‌وه‌ی كه‌شتیه‌كه‌و له‌ به‌رزی سه‌دان مه‌تره‌وه‌ خۆم هه‌ڵدایه‌ خواره‌وه‌."


مردن
ئه‌و ده‌ریا و پارچه‌ی كه‌شتیه‌ تێكشاوه‌كان نه‌یكوشت، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ مردنه‌ ده‌بێته‌ میوانێكی ڕه‌زاگرانی هه‌موو بوونه‌وه‌رێك، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی كه‌لتووریه‌وه‌ زۆری به‌خشی به‌ ڕۆماننوس و فیلمسازان، ئه‌وجا له‌ ته‌مه‌نی 83 ساڵێدا له‌ 5ی ئایاری 1971 له‌ گوندی (گره‌یت شه‌فێڵد) له‌ به‌ریتانیا كۆچی دوای كرد.