09:32 - 09/02/2019
یه‌كه‌م سردووی نیشیتمانی تۆماركرد و خۆی له غوربه‌تدا مرد
ئه‌و كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دان و ناسراوی سلێمانی بوو، هه‌ر له‌و شاره ساڵی 1931 له‌دایكبووه، جه‌لال سائیبی باوكی قایمقام بوو. خێزانێك په‌یوست به نه‌ریت و دابی دێرینه‌وه، كاتێك ده‌ستى دایه مۆسیقا زۆر ئاسته‌نگ و كێشه‌ی بۆ دروستبوو، زۆرجار بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر عوده‌كه‌ی ده‌فرۆشت و له‌مۆسیقا دوورده‌كه‌وته‌وه، له‌ژیانێكى قورس و له‌ژێر ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ى زۆره‌وه كۆڵى نه‌دا تا ناوى خۆى خسته مێژووه‌وه.
شه‌ماڵ سائیب هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و میوزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ر، ساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو له لوتكه‌ى توانای هونه‌ری خۆیدا بوو. كه‌م كورد هه‌یه گۆرانی (ئه‌رێ له‌یلێ)ی نه‌بیستبێ ئه‌و گۆرانییه‌ی نه‌ك ته‌نیا له‌ناو كورددا به‌ڵكو عه‌ره‌به‌كانیش هۆگری بوون، شه‌ماڵ به‌م گۆرانییه ناوبانگی په‌یداكرد له‌هه‌موو كوردستاندا وه‌ك ده‌نگێكی نوێ و هونه‌رمه‌ندێكی نوێگه‌ر هاته مه‌یدان و شۆڕشێكی نوێی به‌رپاكرد له‌ناو ئاواز و گۆرانی كوردی.
پێش ئه‌و هونه‌رمه‌ندانی كورد هونه‌ره‌كه‌یان زیاتر وتنی مه‌قام و به‌سته فۆلكلۆرییه‌كان بوو، به‌ڵام شه‌ماڵ ئه‌گه‌رچی سودیشی له فۆلكلۆر وه‌رگرتووه به‌ڵام مه‌قام و به‌سته‌ی نه‌ده‌گوته‌وه، له‌و ڕۆژگاره‌وه به پێویستی زانی كۆمه‌ڵێ ئاوازی نوێ دابنێت، له‌ژێر كاریگه‌ری ئاوازه عه‌ره‌بییه‌كانی فه‌رید ئه‌تره‌ش كۆمه‌ڵێك ئاوازی نوێی دانا و رۆحێكی كوردییانه‌ی به‌به‌ردا كرد. ئه‌و دووچارى ناره‌حه‌تى زۆر بووه‌وه ناو ناتۆره‌ى خه‌ڵك و ناڕه‌زایى خانه‌واده‌كه‌ى كه رازی نه‌بوون كوڕه‌كه‌یان گۆرانی بڵێ. شه‌ماڵ له‌نێوان خێزان و هونه‌ره‌كه‌ی دووه‌می هه‌ڵبژارد. بۆ ئه‌وه‌ش باجى گه‌وره‌یدا و تا كۆتایی ته‌مه‌نی دوور له خانه‌واده‌كه‌ی ژیا.
رۆڵی شه‌ماڵ سائیب له هونه‌ری میوزك و گۆرانی كوردی
هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب یه‌كه‌م كورد بووه كه مۆسیقای به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی خوێندووه. فێری ژه‌نینی ئامێری (عـود) بووه. ساڵی 1947 چووه‌ته په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان له به‌غدا. چونكه خۆی ده‌یگوت "عود ئامێرێكه له‌باره بۆ ئاوازدانان و بۆ هه‌ڵگرتنیش ئاسانه، هه‌روه‌ها لێدان و دهنگهكهشیم پێ خۆشه".
بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1961 سرودی نیشتیمانی (ئه‌ی ڕه‌قیب)ی به هاوكاری موزیكژه‌نی به‌توانا جه‌میل به‌شیر له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار كردووه كه شیعری (دڵدار) و ئاوازه‌كه‌شی هی شێخ حسین به‌رزنجی بووە، دانه‌ری بوو. له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند بووه گۆرانییه‌كانی كلیپكردووه. پێشڕه‌و بووه له‌وه‌ی كۆرسی هێناوه‌ته ناو گۆرانی كوردی و گۆرانی بۆ منداڵان گوتووه. گرنگی داوه به گۆرانی دوو قۆڵی(دوێت) له‌گه‌ڵ ئافره‌تدا. به شێوه‌زاری كرمانجی ژووروش گۆرانییه‌كی گوتوه (زڵێخا). وه‌ك نوسه‌رێك چه‌ند بابه‌تێكی له گۆڤاری گه‌لاوێژ و رۆژنامه‌ی ژین دا ده‌رباره‌ی هونه‌ری مۆسیقا و ئاوازی كوردی نوسیوه.
شه‌ماڵ له ڕادیۆی كوردی به‌غدا
ئه‌و هونه‌رمه‌نده له ساڵی 1947 چووه‌ته ئێستگه‌ی كوردی به‌غدا، ڕادیۆی ئه‌و كاته زۆر ساكار بوو، به‌ڵام تاكه رادیۆیه‌ك بوو خه‌ڵك به‌تاسه‌وه گوێی لێ ده‌گرت.(عه‌لی مه‌ردان، تاهیر تۆفیق، ره‌سوڵ گه‌ردى، حه‌سه‌نی جزیری، باكوری، نه‌سرین شێروان و محەمەد عارف جزراوی ) پێشه‌نگی هونه‌رمه‌ندانی كورد بوون كه له‌به‌شه كوردییهكەی ڕادیۆی به‌غدا هه‌موویان وه‌ك خێزانێك كاریان ده‌كرد، عه‌لی مه‌ردان سه‌رقافڵه‌ی هه‌موویان بوو. شه‌ماڵیش دابه‌شكردنى مۆسیقای بۆ ده‌كردن، سه‌رپه‌رشتی سه‌ر تیپی مۆسیقای ده‌كرد، تیپه‌كه هه‌موویان عه‌ره‌ب بوون و مۆسیقا له‌لایه‌ك بوو گۆرانی له‌لایه‌كی تر، بۆیه شه‌ماڵ چونكه خۆی مۆسیقی بوو ده‌بوایه شتیان بۆ ڕاست بكاته‌وه و هه‌م ماوه نه‌دا زۆر به‌لای ئاوازی عه‌ره‌بیدا بڕۆن هیچ نه‌بێ هه‌وڵی ده‌دا ئاوازێكی كوردی بێته به‌رهه‌م، زۆر له‌گه‌ڵیان هیلاك ده‌بوو.
كاریگه‌ری فه‌رید ئه‌تره‌ش، له‌سه‌ر شه‌ماڵ
له گفتوگۆیه‌كی هونه‌ریدا كاتێك لێى ده‌پرسن، تۆ و فه‌رید ئه‌تره‌ش له كوێدان؟ شه‌ماڵ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت"من زۆر موتهئهسیرم به فه‌رید، به‌ڵام خۆم ئیبداعم هه‌بووه و ئاوازم داناوه".له‌و ئاوازانه‌ی كه بۆ گۆرانییه‌كانی خۆی دایناون و جه‌ماوه‌ری پێ په‌یدا كرد و ناوبانگی به كوردستاندا بڵاوبوه‌وه، كاریگه‌ری شێوه‌ی ئاواز و وتنی گۆرانی هونه‌رمه‌ندی ناوداری میسر و عه‌ره‌ب (فه‌رید ئه‌تره‌ش)یان زۆر پێوه دیاره و مۆسیقای ئه‌و گۆرانیبێژه میسریه زۆر ته‌ئسیری لێی كردبوو، ته‌نانه‌ت له عود ژهنینهكهشی لاساییه‌كی ته‌واوی فه‌ریدی ده‌كرده‌وه. به‌لای شه‌ماڵه‌وه (اول همسه) كه یه‌كێك له گۆرانییه ناسراوه‌كانی فه‌رید ئهتڕهشه، جوانترین گۆرانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه،
ئه‌و كچه‌ى له كۆرسى گۆرانییه‌كانى به‌شداربووه
شه‌ماڵ له به‌شی عه‌ره‌بی كچێكی ده‌نگخۆش و به‌تواناى دۆزییه‌وه، ئه‌و نابینابوو (ساهیره) باوكی میسری بوو دایكی یۆنانی بوو، سه‌ره‌تا ناوه‌كه‌ی گۆڕی له ساهیره‌وه بۆ گه‌لاوێژ، شه‌ماڵ هه‌موو شیعره كوردییه‌كانی پێ ده‌گوت و ئه‌ویش خێرا لهبهریدهكردن، ساهیره له كۆرسى گۆرانییه‌كانى شه‌ماڵ به‌شداربوو.
بۆچی حه‌سه‌ن زیره‌كی له رادیۆی به‌غدا ده‌ركرد؟
شه‌ماڵ سائیب دانی به‌وه‌دا ناوه كه چه‌ند گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن زیره‌ك)ی له ئه‌رشیفی رادیۆی به‌غدا سڕیوه‌ته‌وه، له گفتوگۆیه‌كدا ده‌ڵێت"من پێ له‌وه ده‌نێم گۆرانی حه‌سه‌ن زیره‌كم سڕیوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به ڕاستی من بووم به‌هۆی ده‌ركردنی له رادیۆدا! حه‌سه‌نم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌ركرد كه من ئیشرافی گۆرانی ئاهه‌نگم ده‌كرد و دوو نامه‌مان له ئاغا و ماغاوه بۆ هات ده‌یانگوت نابێ بهێڵن حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانی به‌سه‌ر ژن و كچانماندا هه‌ڵبدا".
شه‌ماڵ هه‌روه‌ها گوتویه‌تى"هه‌فته‌یه‌ك كه حه‌سه‌ن هات نامه‌كانم پیشاندا و گوتم ئه‌م هه‌فته‌یه ئاهه‌نگت نابێ. ڕۆیشت، ڕه‌شۆڵی له به‌غدا دیبوو ئه‌و لێی پرسیبوو ئه‌وه چیته؟ ئه‌ویش گوتبوی چی بكه‌م، شه‌ماڵه فه‌ندی له ئیزاعه ده‌ری كردووم.! نایه‌ڵێ من گۆرانی بڵێم. ئیتر له‌سه‌ر ئه‌وه حه‌سه‌ن هه‌ر نه‌هاته‌وه به ڕادیۆدا. خوا هه‌ڵناگرێ حه‌سه‌ن به‌رامبه‌ر بهمن به ئه‌ده‌ب بوو. من له ژیانما تا ئێستاش عه‌بقه‌ری وه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌كم نه‌دیوه".
بۆچوونی هونه‌رمه‌ندان ده‌رباره‌ی شه‌ماڵ سائیب
هونه‌رمه‌ند و حه‌یرانبێژی ناسراوی كورد ره‌سوڵ گه‌ردی ده‌ڵێت"ئه‌وێ ڕۆژێ ئێمه له ئێزگه‌ی كوردی بووین له په‌نجه‌ی ده‌ست تێ نه‌ده‌په‌ڕین، گۆرانی گوتن زۆر عه‌یب بوو خه‌ڵكه‌كه‌یش زۆر به چاوی سووك ته‌ماشای هونه‌رمه‌ندیان ده‌كرد، ئه‌من حه‌یرانبێژ بووم كاكه شه‌ماڵ له ئێزگه گۆرانی ده‌گوت و مۆسیقاشی لێده‌دا. نازم غه‌زالی زۆر كاكه شه‌ماڵی خۆش ده‌ویست، ڕای كاكه شه‌ماڵی وه‌رده‌گرت له‌سه‌ر گۆرانیه‌كانی خۆی. نازم غه‌زالی ئه‌و وه‌خته زۆر به ناوبانگ بوو گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی عه‌ره‌ب بوو به‌ڵام شه‌ماڵی به مامۆستا داده‌نا".
هونه‌رمه‌ند فوئاد ئه‌حمه ده‌ڵێت"مامۆستا شه‌ماڵ یه‌كێك بوو له ئاڵا به‌رزه‌كانی مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی كوردی، من و ئه‌و هونه‌رمه‌نده زۆر براده‌ربووین من زۆر له‌دوای ئه‌و چوومه ئێزگه كه ئه‌وم دیت زۆر هانی دام و ته‌شجیعی كردم كه چۆن گۆرانی بڵێم و چۆن ئاواز دابنێم، وای لێكردم بۆ خۆم ڕێگه‌ی تایبه‌ت به دنیای خۆم بدۆزمه‌وه"
ناخۆشترین شت له‌ژیانیدا چی بووه؟
شه‌ماڵ وه‌ك خۆی گوتویه‌تی"ناخۆشترین كات له ژیانما ئه‌و كاتانه بوو كه عوده‌كه‌م تیا ده‌فرۆشت له‌به‌ر بێ پاره‌یی".گۆرانیه‌كانی شه‌ماڵ بریتین له (ئه‌رێ له‌یلێ، هه‌ی به‌رده به‌رده، ئازیز به‌هاره، هاوار سه‌د هاوار، بۆ هاتی، زڵێخا، پێم بڵێ، شوانه هۆ شوانه، وه‌ره وه‌ره، جوانین ئێمه جوانین، بۆ تۆیه دڵ بۆ تۆیه).
شه‌ماڵ سائیبی نوسه‌ر
له یه‌كێك له نوسینه‌كانی دا له باسی شیعری گۆرانیه‌كاندا، ره‌خنه له‌و جۆره شیعره زه‌ق و ناپه‌روه‌رده‌ییانه ده‌گرێت كه كاری خراپیان بۆ خێزان و خوڕه‌وشتی منداڵ هه‌یه، هه‌ر له‌و گۆشه‌یه‌وه ڕوانیویه‌تیه هه‌ڵبژاردنی شیعر و ده‌ڵێت"وه نه‌بێ كورد شاعیری نه‌بێ، به‌ڵكو شاعیری به‌رزی تیا هه‌ڵكه‌وتووه، ئێمه كه مه‌وله‌وی و بێسارانیمان هه‌بووبێ و پیره‌مێرد و عه‌بدوڵا به‌گی گۆرانمان هه‌بێ، ئینجا بۆچی له جیاتی ئه‌و شیعره ناشیرینانه شیعری ئه‌م شاعیرانه به‌كار نه‌هێنین و نهیانڵێینهوه".
شه‌ماڵ سائیب رۆژى له رۆژی 8-11-1986 به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دوایی كرد و ته‌رمه‌كه‌شی گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ خاكی سلێمانی و له‌گردی سه‌یوان به خاك سپێردرا.
سه‌رچاوه:
1- شه‌ماڵ سائیب.. ژیان و هونه‌ر: ئه‌حمه‌د سالار و ژیمۆ شه‌ماڵ سائیب
2- گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان، به‌شی یه‌كه‌م: باكوری
3- ره‌هه‌نده‌كانی شه‌ماڵ سائیب: عادل محه‌مه‌د كه‌ریم