ڕاپۆرتی جیهانی

11:21 - 06/02/2019

هه‌ڵگرێكی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی به‌ ده‌ستدرێژی سێكسی تۆمه‌تباره‌‌

پەیسەر

خانمێك به‌ناوی ئه‌لیكساندرا ئه‌رێس ڤۆن هیرۆڵد، سه‌رۆك كۆماری پێشووی كۆستاریكا ئۆسكار ئه‌ریاس سانچێز تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ستی درێژی كردۆته‌ سه‌ر.

له‌ هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی (نیویۆرك پۆست) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڤۆن هیرۆڵد چالاكوانی بواری نه‌هێشتنی چه‌كی ئه‌تۆم ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌س سه‌رۆكی پێشووی كۆستاریكا كه‌ هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتییه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ستدرێژی سێكسی كردۆته‌ سه‌ری.
ئه‌و خانمه سكاڵایه‌كی 10 لاپه‌ڕه‌یی پێشكه‌ش به‌ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداركردووه‌ كه‌ تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات چۆن سانچێز له‌ كۆتاییه‌كانی 2014 له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ستدرێژی كردۆته‌ سه‌ر.

 

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كاردانه‌وه‌ی دوای ئه‌و ڕووداوه‌ چی بووه‌ ئه‌و ده‌ڵێت" تووشی شۆك بووم كاتێك به‌ شێوه‌یه‌كی قێزه‌ونانه‌ ئه‌و كاره‌ی كرد ناچاربووم له‌گه‌ڵ 15 كه‌س و كاری خۆم قسه‌ بكه‌م چونكه‌ ئه‌وان ئه‌زموونیان هه‌یه‌ له‌ ژیان، یه‌كێك له‌وانه‌ی كه‌ پێمگوتووه‌ برایه‌كه‌م بوو."

ڤۆن هیرۆڵد ئه‌و كاته‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵ بووه‌ و سه‌رۆكی پێشووی كۆستاریكا ئۆسكار ئه‌ریاس سانچێز ته‌مه‌نی 74 ساڵ بووه‌. ئه‌و خانمه‌ ده‌ڵێت به‌ پاڵپشتی ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ی كه‌ هاشتاگی"# منیش" هانیدام كه‌ بێده‌نگ نه‌بم له‌ ئاست ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ی كه‌ لێمكراوه‌.  چونكه‌ كاتێك ده‌ستدرێژییه‌كه‌ی كرده‌ سه‌رم نه‌مده‌زانی چی بكه‌م بۆیه‌ به‌ خێرای به‌ گریان و هاواره‌وه‌ ماڵه‌كه‌یم جێهێشت.


لای خۆییه‌وه‌، سانچێز له‌ ڕێگه‌ی پارێزه‌رێكیه‌وه‌ و به‌ ئیمێڵ به‌رگری له‌ خۆی كردووه‌ و ده‌ڵێـت" من بێتاوانم و له‌به‌رده‌م دادگا به‌رگری له‌ خۆم ده‌كه‌م." ده‌شڵێت " به‌ هه‌موو جۆرێك ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌م كراوه‌، ڕه‌تیده‌كه‌مه‌وه‌."

سه‌رۆك كۆماری پێشووی كۆستاریكا ئۆسكار ئه‌ریاس سانچێز له‌ ساڵی 1987 به‌هۆی ئه‌وه‌ی نێوه‌ندگیری كرد تاوه‌كو جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مریكای ناوه‌ڕاست نه‌هێڵێت، خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبه‌خشرا و له‌ نێوان ساڵی 1986-1990 هه‌روه‌ها 2006-2010 سه‌رۆك كۆماری وڵاتی كۆستاریكا بووه‌ و تاوه‌كو ئێستا به‌ یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ گرنگ و كاریگه‌ره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ناوی ده‌هێنرێت.