ڕاپۆرتی جیهانی

05:00 - 04/02/2019

ئابوری تێکڕووخاوی دەوڵەمەندترین وڵاتی نەوتی جیهان‌

پەیسەر

ڤەنزوێلا سەردەمێک بەهەشتی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بوو، ساڵانە بە هەزاران کەس لە وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتینەوە بۆ کرێکاری ڕوویان لە ڤەنزوێلا دەکرد، بەڵام ئێستا چەند ساڵێکە دۆخە تەواو پێچەوانە بووەتەوە.
ڤەنزوێلا کە خاوەنی لەسەدا ٢١ی یەدەکی نەوتی جیهانە بووەتە دۆزخێک بۆ دانیشتوانەکەی، لە ماوەی دوو ساڵدا ٥٠٠ هەزار کەس لەو وڵاتە لە ترسی برسێتی کۆچیان کردووە، هەڵاوسانی دراوی بڕستی لە ئابوری ئەو وڵاتە بڕیوە، هەر ١٩ رۆژ جارێک نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ دوو ئەوەندە بەرز دەبێتەوە، موچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی لە ئێستادا کە ١٨٠٠٠ بولیڤارە تەنیا بەشی کڕینی دوو کیلۆ گۆشت و ٣٦ دانە پیاز دەکات.

 
ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دۆخەکەی خراپتر کردووە ململانێی سیاسیی توندی نێوان مادۆرۆی سەرۆک و خوان گوایدۆی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنە، ململانێیەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و  خەریکە وەک سوریای لێدێت، ئەمریکا و ئەوروپا لە پشتی خوان گوایدۆ وەستاوەن و روسیا و ئێران و تورکیاش پشتی مادۆرۆیان گرتووە، ئەگەر بێتو بەهۆی ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دۆخەکە هێور نەکرێتەوە دوور نییە لەمەودوا سەرنجەکان لەسەر سوریا لابچن و هەموو جیهان سەرقاڵی دۆخی ناوخۆی ڤەنزوێلا بن، بە تایبەت کە ڤەنزوێلا ترەمپ وتەنی وەک سوریا بیابانێکی وشک و ڕووت نییە و خاوەنی گەورەترین یەدەکی نەوتی جیهانە. 

 چاڤێز مێژووی وڵاتەکەی گۆڕی
هۆگۆ چاڤێز لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٤، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا دەچێتە ناو سوپاوە، لە گەنجێتیدا لەگەڵ بیروباوەڕی مارکسی ئاشنا دەبێت، دەبیتە گەنجێکی سەوداسەری بیری یەکسانی لەناو کۆمەڵدا، سەرسام دەبێت بە فیدل کاسترۆی سەرۆکی کوبا، لەوەش زیاتر سەرسام دەبێت بە کتێبی ( رۆڵی تاک لە مێژوودا) لە نووسینی جیۆرجی پلێخانۆف، چاڤێز چەندین جار ئەم کتێبەی خوێندوەتەوە، لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە خەونی ئەوە کەوتە مێشکییەوە کە دەبێت وەک مرۆڤێکی مەزن مێژووی وڵاتەکەی بگۆڕێت و دادپەروەری و یەکسانی بۆ وڵاتەکەی دەستەبەر بکات و هەژاری بنەبڕ بکات.

چاڤێز بەشێک لە خەونەکەی بەدیهات، بووە ئەو مرۆڤە مەزنەی کە مێژووی وڵاتەکەی گۆڕی، بۆ چەندین ساڵ پاڵەوانی چینی هەژار و کەم داهاتی وڵاتەکەی بوو، تەنانەت ئێستاش لەناو بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ڤەنزوێلا وەک پاڵەوان سەیر دەکرێت و پێیانوایە تێکڕوخانی ئابوری ڤەنزوێلا پەیوەندی بە خراپی سیاسەتەکانی چاڤێزەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەت و فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی سەرمایەدارییەوەیە کە ئابوری ڤەنزوێلا وێران بووە، ئەوە لە کاتێکدایە ئەمریکا لە سەردەمی چاڤێزدا سەرباری ناکۆکی سیاسی گەورەترین کڕیاری نەوتی ڤەنزوێلا بووە و بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلاری پارەی کاشی داوەتە ڤەنزوێلا.

چاڤێز وەک ئەفسەرێکی سوپا لە ساڵی ١٩٩٢دا هەوڵی کودەتای سەربازی دا، بەڵام کودەتاکەی سەرینەگرت و دەستگیرکرا، لە کاتی دەستگیرانەکەی لەبەردەم رۆژنامەنووساندا وتی ئەمجارە سەرنەکەوتم، بەڵام خۆ جارێکی دیکە سەردەکەوم، ئەم وتەیەی چاڤێز ئاماژەبوو بۆ هەستی متمانە بە خۆکردن و دەرخەری پێداگری ئەو بوو لەسەر رێبازەکەی، چاڤێزی لەناو خەڵکی کەمداهات و هەژاردا خۆشەویستتر کرد، دوای گۆڕینی سەرۆک کۆمار، چاڤێز لە ساڵی ١٩٩٤ بەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئازادکرا، دوای ئازادبوونی دەستی کردەوە بە چالاکی سیاسیی، لە ساڵی ١٩٩٨دا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بردەوە و بووە سەرۆکی ڤەنزوێلا.

چاڤێز چۆن ڤەنزوێلای وێران کرد؟
کاتێک چاڤێز بووە سەرۆک، کۆمپانیای نەوتی ڤەنزوێلا رۆژانە سێ ملیۆن و چوار سەد هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، کۆمپانیاکە ٤٠ هەزار فەرمانبەری هەبوو، ئەم کۆمپانیایە لەسەدا ٩٥ی بودجەی وڵاتەکەی دابین دەکرد، بەڵام چاڤێز بۆچوونی ئابوریی جیاوازی هەبوو، دەیەویست شۆڕشێکی ئابوری لە وڵاتەکەیدا بەڕێوە ببات، هەربۆیە کۆمپانیاکە کە لە ڕووی ئیدارییەوە تا رادەیەکی زۆر سەربەخۆ بوو لە حکومەت، هەموو دەسەڵاتەکانی لە ئیدارەی کۆمپانیاکە وەرگرتەوە و کردییە کۆمپانیایەکی حکومی، بۆ رازیکردنی خەڵکی هەژار، دەستیکرد بە دامەزراندنی خەڵکی ناشارەزا لە کۆمپانییەکەدا، لە ماوەی دوو ساڵدا ژمارەی فەرمانبەر و کرێکارەکانی کۆمپانیاکەی بۆ زیاتر لە سێ ئەوەندە واتە سەرووی ١٢٠ هەزار کەس زیادکرد، جگە لەوەش ٢٠ هەزار ئەندازیار و کرێکاری  کۆمپانیاکە کە شارەزای دەرهێنانی نەوت بوون و دژی سیاسەتەکانی چاڤێز بوون لە کارەکەیان دەرکران.

زۆرینەی خەڵکی ڤەنزوێلا لەو کاتەدا پشتگیری سیاسەتەکەی چاڤێزیان دەکرد لە بە حکومی کردنی کۆمپانیای نەوت، ئەمەش ناوبراوی هاندا دەست ببات بۆ کەرتەکانی دیکەش، دەستی بەسەر بانکی ناوەندیشدا گرت کە تا رادەیەک سەربەخۆ بوو لە حکومەت، تا ساڵی ٢٠٠٧ لە چوارچێوەی بە نیشتمانیکردندا دەستی بەسەر  نزیکەی ١٤٠٠ کۆمپانیای دیکەشدا گرت و خستنیە ژێر ئیدارەی کۆمپانیای نەوتەوە کە ژەنراڵێکی لایەنگری خۆی کردبووە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە.
هەر لەو کاتەدا ئابوریناسان و ئۆپۆزسیۆن رەخنەیان لە سیاسەتەکانی حکومەت دەگرت و هۆشداریان دەدا لە تێکڕووخانی ئابوری وڵات، بەڵام چاڤێز بەردەوام بوو لە سیاسەتە پۆپۆلیستییەکانی خۆی، ساڵانە بەبێ ئەوەی حکومەت پێویستی بە فەرمانبەر هەبێت بە دەیان هەزار فەرمانبەری دادەمەزراند تەنیا بۆ ئەوەی بە بیانووی فەرمانبەرییەوە موچە بۆ خەڵک ببڕێتەوە و لەم ڕێگەیەوە ژمارەی دەنگدەران و لایەنگرانی زیاد بکات.

چاڤێز چانسی هەبوو کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٢وە نرخی نەوت رۆژ لە دوای رۆژ بەرزتر دەبووە و تا وایلێهات لە ساڵی ٢٠٠٨دا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ١٤٧ دۆلار، ئەم بەرزبوونەوەیەش بووە هۆی ئەوەی حکومەت و خەڵک پارەیەکی زۆریان دەست بکەوێت، خەڵک رازی بوون لە دۆخەکە و حکومەتیش لەژێر سێبەری بەرزبوونی نرخی نەوتدا سیاسەتە هەڵەکانی دەشاردەوە و خەڵکی ئاسایی هەستیان بە کەموکوڕی سیاسەتەکانی حکومەت نەدەکرد، جگە لەوانەش چاڤێز خەونی ئەوەی هەبوو وەک سەرۆکی بەرەی چەپ و سۆسیالیزمی سەدەی ٢١ بناسرێت و لە دوای کاسترۆ ئەو سەرکردایەتی بەرەی چەپ لە ئەمریکای لاتین بکات، هەربۆیە لەپێناو راکێشانی سەرنجی وڵاتە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا نەوتی بە نرخێکی زۆر کەم دەدا بەو وڵاتانە و رێگەیدا بە هەزاران هاوڵاتی کوبا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ کارکردن بچنە ڤەنزوێلا بەبێ ئەوەیکە وڵاتەکەی لە راستیدا پێویستی بە کرێکاری بیانی هەبێت.

چاڤێز لە ساڵی ١٩٩٩وە تا ساڵی ٢٠١٣ کە کۆچی دوایی کرد زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار پارەی کاشی دەست کەوتبوو، بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئەم داهاتە زەبەلاحە بۆ وەبەرهێنان و پتەوکردنی ژێرخانی ئابوری خەرج بکات، لەپێناو رازیکردنی خەڵکدا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ تەخشان و پەخشانی پێوەکرد، گەندەڵییەکی گەورە وڵاتی گرتبووەوە، ٣٠٠ ملیار دۆلار لەو داهاتە دیار نییە، بەر لەوەی چاڤێز ببێتە سەرۆک هەموو سوپای ڤەنزوێلا تەنیا ٧٠ ژەنەراڵی هەبوو، بەڵام چاڤێز بۆ دەستبەسەرداگرتنی سوپا دەستیکرد بە پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران و ئێستا سوپا خاوەنی زیاتر لە ١٢٠٠ ژەنەراڵە، بەو پارە زۆرەی کە خستبوویە بازاڕەوە خەڵکی فێری بەرخۆری و زۆرخەرج کردن کردبوو، لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٨ بۆ ٢٠١٣ ئاستی پارە خەرجکردنی خەڵک لەسەدا ٦٠ زیادی کردبوو، جگە لەوەش ئابوری وڵاتی تووشی هەڵاوسانی گەورەکرد، کە ئەم هەڵاوسانە لە دوای مەرگی چاڤێز خێراتر بوو، بە جۆرێک لەم ساڵانەی دواییدا هەر ١٩ رۆژ جارێک نرخی پێداویستییەکان دوو ئەوەندە بەرز دەبێتەوە.

چانسێکی دیکەی چاڤێز رەنگە ئەوەبووبێت کە لە ساڵی ٢٠١٣دا کۆچی دوایی کرد و بە چاوی خۆی لێکەوتە وێرانکەرەکانی سیاسەتە ئابورییەکەی نەبینی، ساڵێک دوای مەرگی چاڤێز نرخی نەوت دابەزی و کارەساتی ئابوری ڤەنزوێلا دەستی پێکرد، لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، کۆمپانیای نەوتی ڤەنزوێلاش وێران ببوو، ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی کە نزیکەی ١٥٠ هەزار فەرمانبەری هەبوو توانای بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ رۆژانە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار بەرمیل کەمی کردبوو، ئەوە لە کاتێکدابوو پێشتر بە ٤٠ هەزار فەرمانبەرەوە سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.

بەو هەموو داهاتەی کە چاڤێز لە سەردەمی گرانی نەوت دەستی کەوتبوو نەک تەنیا ژێرخانی ئابوری پتەوی پێ دروست نەکردبوو بۆ ئەوەی لە دوای دابەزینی نرخی نەوت وڵات بەرگەی قەیرانی ئابوری بگرێت، بەڵکو ئەو پیشەسازییەی پێشتریش هەبوو وێرانی کردبوو، بۆ نمونە ڤەنزوێلا بەر لە چاڤێز لەسەدا ٨٠ بەرهەمی چیمەنتۆی خۆی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرد، ئێستا خۆی دەبێت چیمەنتۆ هاوردە بکات، بەپێی ئاماری سندوقی نێودەوڵەتی دراو گەشەی ئابوری ڤەنزوێلا لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٨- بووە و لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٨ لەسەدا ٣٠ی توانای ئابوری خۆی لە دەست داوە، هەر ئێستا لە هەر دە کەس هەشتیان ناچاربوون ژمەکانی خواردنیان کەم بکەنەوە و لە هەر دە کەسیش شەش کەس بە برسێتی دەخەون.
چاڤێز لە گەنجێتیدا خەونی ئەوەی هەبوو ژیان و گوزەرانی هەژاران باشتر بکات، بەڵام بە سیاسەتەکانی هەژاران برسیتی تر کرد و رێژەی هەژاریش بەرزتر بووەوە، ئێستاش بەهۆی ململانێی توندی سیاسییەوە مەترسی ئەوە هەیە هەژاران نەک هەر لەبەر برسێتی بمرن بەڵکو لەوانەشە لەمەودوا بەهۆی شەڕەوە بمرن.