09:35 - 25/11/2018
ئايا پڕۆسەى چارەسەرى كێشەى كورد لە توركيادا دەستپێدەكاتەوە؟
لهم ساڵانهی دوایدا له توركيا سەرەڕاى هەوڵدان بۆ بەلاڕێبردنی، بەردەوام كێشەى كورد بابهتی گهرمی سەرەكى ئەو وڵاتە بووە. دەكرێت بڵێين كۆى هەموو ئەو كێشە و قەيرانانەى توركيا تێى كەوتووە، بەهۆى هەڵوێستى سياسەتى فەرمى ئەو وڵاتە بووە لەبارەى كێشەى كورد. لەم سۆنگەيەشەوە زێدەڕۆيى نابێت ئەگەر كێشەى كورد لە توركيا بە"دايكى كێشەكان"ناو ببهین.
لەگەڵ ئەو هەڵوێستە فەرميەى دەوڵەتيش، چەندين جار هەوڵەكان (تەكتيكى بن يان ستراتيژى – لە نيازپاكى بێت يان بۆ هەڵخەڵەتاندن)بۆچارەسەرى كێشەى كورد خراونەتەگەڕ، بەڵام دواى ماوەيەك ئەم هەوڵانە لەبارچوون و كێشەكە گەڕاوەتەوە چوارگۆشەى يەكەمين.
دوا هەوڵى چارەسەرى كێشەى كورد لە توركيادا لە شوباتى 2013 بە فەرمى دەستى پێكرد و لە ناوەڕاستى 2015 كۆتايى پێهات، كە دەكرێت بڵێين درێژترين پڕۆسە بوو، كە تاكو ئێستا خرابێتەگەڕ.
لە ئێستاشدا كە شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپاى توركيا و گەريلاكانى پەكەكە لە توندترين دۆخيدايە و رۆژانە توركيا هەڕەشەى ئەنجامدانى ئۆپراسيۆنى سەربازى بۆ سەر خۆرههڵاتی رووبارى فوڕات لە خۆرئاواى كوردستاندا دەكات، لە ميديایى نێودەوڵەتى دەنگۆى فشارى ئەمريكا لەسەر هەردوولا بۆ دەستپێكردنەوەى پڕۆسەى چارەسەرى لە ئارادايە.
(پەيسەر پرێس) بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم رۆژەڤە كە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كاريگەرى لەسەر هەموو بەشەكانى كوردستان هەيە، دوو شارەزا لەم بوارەدا دەدوێنێت، كە سەر بەدوو ئاراستەى فيكرى و رێكخراوەيى جياواز، دوو جيهانبينى جياوازن. يەكەمينيان، سياسەتمەدار، نووسەر و رۆژنامەنووسى كورد فەهيم ئيشق، كە لە ئێستادا وەكو چەندين سياسەتمەدار و كەسايەتى ديكەى كورد لە تاراوگە دەژى. دووەمينيشيان، رۆژنامەنووس ئادەم ياوز ئارسلان، كە لەسەر بزوتنەوەى گولەن دەخوێندرێتەوە و لە ئەمريكا نیشتهجێیه.
ئەگەر ئەمريكا دەخوازێ سياسەتەكانى سەركەوتووبن، پێويستە بەر لەهەر شتێك دان بە پەكەكەدا بنێت و ناوى پەكەكە لە ليستى تيرۆر بسڕێتەوە
پهیسهر: لهمیدیاكانهوه دهستپێكردنهوهی پرۆسهی ئاشتی باس و خواسی لێوه دهكرێت. بە بەراورد لەگەڵ پڕۆسەكانى پێشتر، پێتانوايە لە ئێستادا زەمينەى لەبار بۆ ئەم پڕۆسەيە لە ئارادابێت؟
فەهيم ئيشق: باسكردنى پڕۆسەى ئاشتى لە ئارادانيیە، تەنيا دەنگۆيە. بۆ بەرقەراركردنى ئاشتى پێويستە دەوڵەتى توركيا هەڵوێستى خۆى لەمەڕ ئاشتى رابگەينێت. بەڵام نە هەڵوێستێكى بەم شێوەيەى دەوڵەتى توركيا لە ئارادايە، نە هێشتا دەوڵەت دەستبەردارى سياسەتى چەپەڵ خۆى بووە لەمەڕ لەناوبردنى كورد. لە خۆرئاواى كوردستان لە بەرامبەر كورد سياسەتى توندى پەيڕەو دەكات. لە باكوورى كوردستان شتێك نەماوە بەسەر كورد نەهێنێت و بە تەواوى رێبەر، بەرپرسانى كورد، كەسانى پسپۆر و ئەكاديمى، مامفناس، كرێكار، خوێندكار، رۆژنامەنووس و سياسەتمەدار پەلكێشى زيندان كراون. لە بارودۆخێكى بەم شێوەيەدا لەوانەيە هەندێك كەس باس لە پڕۆسەى ئاشتى و چارەسەرى بكەن، ئەوەش بە ئاشكرا هەڵخەڵەتاندنە.
پهیسهر: ئەمريكا بۆ دەستپێكردنەوەى پڕۆسى ئاشتى و چارەسەرى فشار دەكات. ئايا ئهگهری ههیه ئەم فشار و هەوڵەى ئەمريكا ئەنجامێكى لێبكەوێتەوە؟
فەهيم ئيشق: ئەوەى ديارە ئەمريكا بۆ خۆرئاواى كوردستان فشار دەكات. دەردى ئەمريكا لێكدابڕانى بزوتنەوەى خۆرئاواى كوردستان و پەكەكە، نەهێشتنى پەيوەندى باكوور و خۆرئاواى كوردستانە. ئەگەر بتوانێ ئەم ئامانجەى بپێكێت، دواتر چەند هەنگاوێك دەگرێتەبەر، كە بۆ دەردى كورد نابنە چارەسەرى. پێموايە بزوتنەوەى خۆرئاواى كوردستان، بەرپرس و بەڕێوەبەرانى ئەم بەشەى وڵاتەكەمان بە پير ئەم داوايەى ئەمريكاوە ناچن، تاوەكو دەوڵەتى توركيا لە باكوورى كوردستان هەنگاوى ئەرێنى نەگرێتەبەر، وەڵامى ئەمريكا بە ئەرێنى ناداتەوە. ئەگەر ئەمريكا دەخوازێ سياسەتەكانى سەركەوتووبن، پێويستە بەر لەهەر شتێك دان بە پەكەكەدا بنێت و ناوى پەكەكە لە ليستى تيرۆر بسڕێتەوە كە لەدژى تيرۆريستانى داعش شەڕێكى بێ هاوتاى كردووە. هەروەها ئەو فەلسەفەيەى كە ئەمڕۆ لە خۆرئاواى كوردستان سەركەوتنى بەدەست هێناوە، هيچ گومانێك هەڵناگرێت كە فەلسەفەى رێبەرى پەكەكەيە. ئەمە راستيەكە و كەس ناتوانێ نكۆڵى لێبكات.
رێگاى هەرەباش ئەوەيە كە لە هەر چوارپارچەى كوردستان هێزە كورديەكان بێنە لاى يەكتر، بۆ ئەوەى ببنە وەڵامدەرەوەى كێشە ناوخۆيى و دەرەكيەكان
پهیسهر: پڕۆسەى ئاشتى و چارەسەرى كە لەبارچوو، بەر لە هەڵبژاردنەكانى توركيا لە ساڵى 2013 دەستپێكرا. پێتوايە ئەمجارەش بەر لە هەڵبژاردنى شارەوانییهكانى توركيا كە بڕيارە لە ئادارى 2019 ئەنجام بدرێت پڕۆسەيەكى ديكەى ئاشتى و چارەسەرى دەست پێبكات؟
فەهيم ئيشق: چاودێرى هەموو پڕۆسەكانم كردووە. هيچ پڕۆسەيەك بەر لە هەڵبژاردنەكان دەستى پێنەكردووە. بەڵام بەر لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن پەكەكە ئاگربەستى يەكلايەنەى راگەياندووە. ئەمە هەڵوێستى چارەسەرى و ئاشتيخوازنەى پەكەكە بوو. بەداخەوە هەر كاتێك پەكەكە ئاگربەستى راگەياندبێ، دەوڵەت وەكو ئەوەى ئاگربەست لە ئارادانەبێت هەڵسوكەوتى كرد و درێژەى بە ئۆپراسيۆنە سەربازيەكاندا. لەوانەيە ئەمجارەش پەكەكە ئاگربەستێكى كاتى رابگەينێت. هەڵوێستى دەوڵەت هەر چيەك بێت، ئاگربەست و هەڵوێست بۆ چارەسەرى بە رێگاى ديالۆگ و دانوستاندن شتێكى باشە. بەڵام هێشتا ديارنییه پەكەكە لە هەڵبژاردنى داهاتووى شارەوانيیەكان هەنگاوێكى بەم شێوەيە دەنێت يان نا.
پهیسهر: ئەگەر پڕۆسەى چارەسەرى دەست پێبكاتەوە، ئەمجارە لە خۆرئاوا دەست پێدەكات و بەرەو باكوورى كوردستان درێژ دەبێت؟
فەهيم ئيشق: پەكەكە بزوتنەوەيەكى باكوورى كوردستانە. بەڵام جيهانبينى رێبەرى پەكەكە لە خۆرئاواى كوردستان و هەر چوار پارچەى كوردستان كاريگەرى خۆى دروست كردووە. لەبەر ئەمە پێموايە هيچ پڕۆسەيەك بە جودايى لە خۆرئاوا و باكوورى كوردستان دەست پێناكات. بەڵام رێگاى هەرەباش ئەوەيە كە لە هەر چوارپارچەى كوردستان هێزە كورديەكان بێنە لاى يەكتر، بۆ ئەوەى ببنە وەڵامدەرەوەى كێشە ناوخۆيى و دەرەكيەكان. بۆ كورد رێگاى هەرە باش و تەندروست ئەمەيە.
بۆ وهرگرتنی بۆچونێكی جیاواز لهبارهی پرۆسهی ئاشتی له توركیا و باكوری كوردستان و گواستنهوهی بۆ خوێنهرانی پهیسهر لهگهڵ رۆژنامهنوسی تورك ئادەم ياوز ئارسلان، كه نزیكه لهبزوتنەوەى گولەن، چاوپێكهوتنی ئهنجامدا و بۆچونی ئهو به شێوهیهكه كه چهقی ململانێكان ئێستا خۆرئاوای كوردستانه و رهتیشیدهكاتهوه پرۆسهی ئاشتی لهسهر خواستی ئهردۆغان مهبهست لێی چارهسهری كێشهی كورد بێت و ههنگاوهكانی رابردووش( پرۆسهی ئاشتی) به یاری سیاسی ناودههێنێت.
بۆ پڕۆسەيەكى نوێى چارەسەرى پێويستە هاوپەيمانییهتى لەگەڵ مەهەپە لەباربچێت. لە ئێستادا ئەم ئەگەر زۆر بەهێز نییه
پهیسهر: دەوڵەتى توركيا لە رووى سياسى و ئابووريەوە بە قۆناغى لاوازيدا تێپەڕدەبێت. ئايا دەكرێت ئەم لاوازيە بۆ دەوڵەت ببێتە بيانوويەك بۆ ئەوەى سەر لە نوێ دەست بە پڕۆسەى چارەسەرى كێشەى كورد بكاتەوە؟
ئادەم ياوز ئارسڵان: راستە توركيا بە قەيرانێكى سياسى و ئابوورى تێپەڕدەبێت. بەتايبەتى ئەم قەيرانە لە قەيرانەكانى رابردوو زۆر قوڵترە و بەرفراوانترە. چونكە ئەم پڕۆسەيەى لە 17 كانوونى يەكەمى 2013 دەستى پێكرد، پێكهاتەى بيرۆكراتى لە توركيا هەڵوەشاندنەوە. بۆ ئەوەى وەڵامێكى تەندروستى پرسيارەكەتان " ئەردۆغان پڕۆسەيەكى نوێى چارەسەرى دەست پێدەكات؟" بدەينەوە، بە سوود دەبێت ئەگەر چاوێك بە پڕۆسەكانى "پێشووتر" بخشێنيننەوە.
بە ساڵان لە ئەنكەرە كارى رۆژنامەنووسيم كرد. لەگەڵ كەسانى ناو بازنەى نزيك لە ئەردۆغان، دەربارەى پڕۆسەى چارەسەرى چەندين جار قسەم كردووە. دەتوانم بە راشكاوانە بڵێم:" هيچ كاتێك پڕۆسەيەكى چارەسەرى ئامانجى ئەردۆغان نەبووە. ئەو هەنگاوانەى بە پڕۆسەى چارەسەرى بەناوكراون تەنيا يارى سياسى بووە. سەرەنج بدەن هەر پڕۆسەيەكى چارەسەرى بەر لە پڕۆسەى هەڵبژاردن دەستپێكراوە. ئامانجى ئەردۆغان لە پڕۆسەى چارەسەرى سەركەوتن بووە لە هەڵبژاردن. لە راگەياندنى پڕۆسەكانى چارەسەرى بەر لە هەڵبژاردن دوو ئامانجى سەرەكى هەبووە:
يەكەم: بەدەستهێنانى دەنگى موحافەزەكارانى كورد.
دووەم: راگرتنى هێڕشە چەكداريیەكانى پەكەكە. چونكە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە بارودۆخێكى پڕ توندوتيژى بۆ دەسەڵات ريسكە. ئەگەر سەرەنج بدەنەوە دواى هەموو هەڵبژاردنەكان شەڕ دەستى پێكردۆتەوە. لەدژى پەكەكە ئۆپراسیۆنى بەرفراوان ئەنجامدراوە. شارەكانى باشوورى خۆرههڵات (مەبەستى باكوورى كردستانە) تەخت كراون، سووتێندراون و رووخێندراون. ئامانجيش لەم كردەوانەى بەدەستهێنانەوەى دەنگ و متمانەى نەتەوەپەرست و موحافەزەكارانى تورك بووە. ئامانجى ئەردۆغان لە "دانوستاندن و شەڕكردن" كۆكردنەوەى دەنگ بووە. پەيوەنديەكانى لەگەڵ باكوورى عێراق يان كوردستانى عێراقيش بۆ هەمان مەبەست بووە. لەو كاتەى لەگەڵ بەڕێوەبەرايەتى بارزانى پەيوەندى باشى هەبووە، يان "كێشمەكێشى" هەبووە، بە گوێرەى بارودۆخەكە گۆڕانى بەسەردا هێناوە. جگە لەمانە بۆ ئەردۆغان هەموو كاتێك "پەيوەندى ئابوورى" گرنگە. لەو كاتەى لەگەڵ خانەوادەى بارزانى پەيوەندى بازرگانى هاوبەشيان هەبووە، ئەردۆغان بۆتە "پارێزوانى پڕۆسەى چارەسەرى".
واتە پڕۆسەى چارەسەرى دەستپێدەكاتەوە؟ كەسانى پاراگماتيكى وەكو ئەردۆغان هەموو كات پێچەوانەى بۆ چوونەكانيان هەڵدەگەڕێنەوە. بە تەواوەتى پێچەوانەى قسەكانى دوێنێى دەكات. لەبەر ئەمە هەموو كاتێك مومكينە "پڕۆسەى چارەسەرى" دەست پێبكاتەوە. بەڵام بۆ پڕۆسەيەكى نوێى چارەسەرى پێويستە هاوپەيمانییهتى لەگەڵ مەهەپە لەباربچێت. لە ئێستادا ئەم ئەگەر زۆر بەهێز نییه.
ئەمريكا دەخوازێ ئهنكهره سەر لەنوێ دەست بە پڕۆسەى چارەسەرى بكاتەوە
پهیسهر: پەكەكە بە تايبەتى لە رووى سەربازى و چەندايەتى گورزى بەركەوتووە. كەواتە پەكەكەش پێويستى بە پڕۆسەى چارەسەرى هەيە. لەمبارەيەوە چى دەڵێن؟
ئادەم ياوز ئارسڵان: باوەڕ ناكەم پەكەكە لە رووى سەربازى و چەندايەتى گورزى بەركەوتبێت. هێز و رۆژەڤى خۆى بۆ باكوورى سوريا گواستۆتەوە. لە ئێستادا ئەجنداى لە توركيادا نییه.مەسەلەكە لاوازبوونى پەكەكە نییه، بەڵكو گواستنەوەى سەنگەرە بۆ سوريا. راستە بەهۆى ئۆپراسیۆنى سەربازى پەكەكە گورزى بەركەوتووە، بەڵام پێموانییه بەهۆى ئەم گورزە پێويستى بە پڕۆسەى چارەسەرى هەبێت. پڕۆسەى چارەسەرى بۆ ئامانجى سياسى دەست پێدەكرێت. چۆن ئەردۆغان پێويستى بە پڕۆسەى هەڵبژاردن بوو، بۆ پەكەكەش هەمان شت لە ئارادايە. بۆچى پەكەكە بەشدارى لە پڕۆسەى چارەسەرى بكات؟ ئامانجى سياسى چيە؟ دواى ئەوەى پێگەى خۆى لە سوريادا قايم بكات دەست پێكردنى پڕۆسەيەكى بەم شێوەيە مومكينە. بەڵام ئەم پڕۆسەيە بە تەواوەتى پەيوەستە بە هاوسەنگيەكانى سوريا.
پهیسهر: دەگووترێت ئەمريكا بۆ دەست پێكردنەوەى پڕۆسەى چارەسەرى فشار دەخاتە سەر توركيا. لەمبارەيەوە چى دەڵێن؟
ئادەم ياوز ئارسڵان: راستە ئەمريكا بۆ دەست پێكردنەوەى پڕۆسەى چارەسەرى فشارى كردووە. بەلانى كەم لە پايتەختى ئەمريكادا شتێكى بەم شێوەيە هەيە. بۆ ئەمريكا، توركيا ولآتێكى هێجگار هەستيارە. بە تايبەتى بۆ پەنتاگۆن كە تا دەچێت سەنگى خۆى لەناو بەڕێوەبەرايەتى ترەمپدا زياتر دەكات، توركيا هاوپەيمانێكە كە نابێت دەستبەردارى بن. لەبەر ئەمە لەلايەك هەوڵ دەدات توركيا لە دەست نەدات، لەلايەكەى ديكە رێگرى لە ئۆپراسیۆنى سەربازى توركيا لە سوريادا دەكات. كاركردن لەگەڵ پەيەدە بۆ ئەمريكا شتێكى دەست لێبەرنەدراوە. لەلايەك لەگەڵ توركيا هاوپەيمانە لە لايەكى ديكە هەوڵ دەدات لەگەڵ دوژمنى توركيا هاوپەيمانى بكات، ئەمە بۆ ئەمريكا كارێكى هێجگار قوڕسە. بۆ ئەوەى لەم تەنگەتاويەدا دەركەوێت رێگاى لۆژيكى دەستپێكردنەوەى پڕۆسەى چارەسەريە لە نێوان توركيا و پەكەكەدا. ئەمريكا دەخوازێ ئهنكهره سەر لەنوێ دەست بە پڕۆسەى چارەسەرى بكاتەوە.
پهیسهر: بۆ هەردوولا خۆرئاواى كوردستان فاكتەرێكە تاوەكو دەست بە پڕۆسەى چارەسەرى بكەنەوە؟
ئادەم ياوز ئارسڵان: وەڵامى ئەم پرسيارە بە گوێرەى ئەو شوێنەى لێى سەيرى پرسيارەكە دەكەيت دەگۆڕێت. كاتێك لە چاوى ئهنكهره سەيرى دەكەيت خۆرئاوا فاكتەرێك نییه. بە پێچەوانەوە ئهنكهره پێكهاتەى خۆرئاوا وەكو هەڕەشە دەبينێت. تەيب ئەردۆغان پێيوايە ئەگەر لە خۆرئاوا پێكهاتەيەكى ديكەى وەكو باكوورى عێراق دروست بكرێت، هەمان پێكهاتە لە توركياش دروست دەكرێت. لەبەر ئەمە دەستى بە ئۆپراسیۆن كرد لە سوريادا. بە گوێرەى ئەردۆغان دروستكردنى ناوچەيەكى ئۆتۆنۆمى كورد لەسەر سنوورى توركيا ريسكێكى ئەمنییه.
لە ئەنجامدا دەستپێكردنەوەى پڕۆسەى چارەسەرى بۆ ئەردۆغان بە تەواوەتى پەيوەستە بە بارودۆخەكەوە. ئەردۆغان باوەڕى بە كێشەى كورد نییه، پەيوەست بە مافەكانى مرۆڤ خۆى نزيكى ئەم كێشەيە ناكات. خوێندن بە زمانى دايك، خوێندن بە دوو زمان شتێكى مەترسيدارە. لە 17 كانوونى يەكەمى ساڵى 2013 تا ئەمڕۆ لەناو دەوڵەتدا هاوپەيمانى لەگەڵ لايەنە نەتەوەپەرستەكان بەستووە، خوێندنەوەى بۆ كێشەى كورد هەمان كاردانەوەى كۆنى دەوڵەتە. لەبەر ئەمە تا هاوپەيمانى ئەردۆغان لەگەڵ ئەم لايەنە كۆتايى پێنێت، پێموانییه پڕۆسەيەكى نوێى چارەسەرى دەست پێبكات.