جیهان

10:17 - 26/08/2022

ئەردۆغان: با جیھان بزانێت ٣٠ کیلۆمەتر دەچینە قوڵایی سوریاوه‌‌

پەیسەر

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "جارێکی دیکە بە هەموو جیهان رادەگەیەنم کە تێکۆشانمان کۆتایی نایەت تا ئاسایشی سنوورەکانی باشوورمان بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر مسۆگەر نەکەین".

 رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی: "جارێکی دیکە بە هەموو جیهان رادەگەیەنم کە تێکۆشانمان کۆتایی نایەت تا ئاسایشی سنوورەکانی باشوورمان بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر مسۆگەر نەکەین. هەست بەو دووڕووانە دەکەین کە کاتێک ئەوان بیانەوێت و لە کوێ بیانەوێت ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، بەڵام پەنجەیان بەرز دەکەنەوە و بە ئێمە دەڵێن 'نەکەن ها!'، ئەو گوتە ناپەسەندانەی ئەوان هەرگیز بە هەند وەرناگرین. لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەماندا بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکانمان بەو شێوەیەی پلانمان بۆ داڕشتوون. شەوێک لەناکاو دێین، دەشێت بشچینە هەموو شوێنێک".

ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئێران و روسیا بۆ ھێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، چەند جارێک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووەتەوە، بەڵام تائێستا مۆسکۆ و تاران گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەنقەرە ھەڵنەکردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە قەیرانەکانی سوریا لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەربکرێن نەک رێگای سەربازی.