جیهان

12:27 - 02/03/2022

شارێكی گرنگی ئۆكرانیا كه‌وته‌ ده‌ستی ڕوسیا‌

پەیسەر

سوپای ڕوسیا ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاری خیرسۆنی له‌ باشووری ئۆكرانیا راگه‌یاند، له‌ حه‌وته‌م رۆژی هێرشه‌كه‌یدا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌.

ئیغۆر كوناشینكۆڤ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕوسیا، له‌ لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند: یه‌كه‌كانی ڕوسیا له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان، به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر شاری خیرسیۆندا.

له‌به‌رامبه‌ردا حاكمی ناوچه‌ی خیرسۆن وتی: هێزه‌كانی ڕوسیا گه‌مارۆی شاره‌كه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی داوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر گرتنی بكات.

شاره‌كه‌و ده‌وروبه‌ری، له‌ چه‌ند كاتژمێری رابردوودا ڕووبه‌ڕووی بۆردومانی سه‌خت بوه‌وه‌، له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌وه‌ شاری خیرسۆن كه‌ هاوسنوری نیمچه‌ دوورگه‌ی كریمیایه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ژێر هێرش و په‌لاماری ڕوسه‌كان.

سوپای ڕوسیا هه‌روه‌ها ده‌ستی به‌سه‌ر شارێكی كه‌ناراویدا گرت كه‌ ئه‌ویش شاری بیردیانسك بووه‌ و له‌ئێستاشدا هێرشیكردووه‌ته‌ سه‌ر ماریۆپۆل.

شاری خیرسۆن، له‌ باشوری ئۆكرانیا پایته‌ختی ناوچه‌ی خیرسۆن ئۆبلاسته‌، به‌نده‌رێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش و ڕووباری دنییبر، هاوكات سه‌نته‌رێكی گرنگی پیشه‌سازییه‌ و كه‌شتی تێدا دروست ده‌كرێت، ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 390 هه‌زار كه‌س، به‌پێی ئاماری 2007.