جیهان

07:15 - 14/02/2022

هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆرئاوا بۆ نیازی روسیا له‌ ئۆكراینا‌

پەیسەر

راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان، پلانه‌كانی روسیایان له‌ ناوخۆی ئۆكراینادا ئاشكرا كرد، دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌، ئه‌وه‌ش به‌پشتبه‌ستن به‌ لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا.

رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی ئاشكرایكردووه‌، ده‌زگای ئاسایشی فیدراڵی روسیا راسپێردراوه‌ بۆ به‌رپاكردنی "كوده‌تا" له‌ گه‌وره‌شاره‌كانی ئۆكراینا، دوای ده‌ستكردنی به‌ هێرشه‌ داگیركارییه‌كه‌.

ئاشكراكردنی ئه‌م سیناریۆیه‌، دوای شكستی هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كان دێن بۆ رێگری له‌ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، له‌ نێوان روسیا له‌لایه‌ك و وڵاتانی خۆرئاوا له‌لایه‌كی دیكه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵگری به‌ریتانیا به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ روسیا له‌سه‌ره‌تادا هێرشی ئاسمانی ده‌كاته‌ سه‌ر ئامانجه‌ ئۆكراینیه‌كان، قۆناغی دواتر گه‌مارۆدانی كیێڤی پایته‌خت و له‌وانه‌شه‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی دیكه‌ بێت.

ئاماژه‌به‌وه‌شكراوه‌، ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ ده‌زگای ئاسایشی فیدراڵی روسیا، هه‌وڵده‌ده‌ن به‌رپرسانی نزیك له‌ مۆسكۆ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداری شاره‌كان دابنێن.

به‌ریتانیا پێیوایه‌، له‌م كاته‌دا روسیا هه‌وڵده‌دات جه‌نگێكی "ناوه‌ندی" بكات به‌ ئامانجی گۆڕینی سیسته‌می سیاسی له‌ ئۆكراینا، رۆژنامه‌ی گاردیان باسیله‌وه‌كردووه‌، روسیا پلانێكی له‌و شێوه‌یه‌ی ده‌وێت، بۆ خۆلادان لەشەڕی توند و خوێناوی لەشارەکاندا، كه‌ ئه‌گه‌ر رووبدات تێچووی زۆر ده‌بێت.

به‌ریتانیا و ئه‌مریكا، پێیانوایه‌ روسیا له‌م كاته‌دا هێزی پێویستی بۆ داگیركردنی ئۆكراینا له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان كۆكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ زیاتره‌ له‌ 135 هه‌زار سه‌رباز.

چه‌ند جارێك روسیا ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌ ئۆكراینای دراوسێی داگیر بكات و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ راپۆرت و هۆشیدارییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی وڵاتانی خۆرئاوایه‌. له‌م كاته‌دا روسیا داوای گره‌نتی ئه‌منی له‌ خۆرئاوا ده‌كات، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا  باڵاده‌ستی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی ناتۆ، بۆ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵات ره‌تیده‌كاته‌وه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ چوونی ئۆكراینا له‌ناو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌دا.

له‌به‌رامبه‌ردا وڵاتانی خۆرئاوا، ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌رگای ناتۆ له‌به‌رامبه‌ر ئۆكراینادا به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی دابخه‌ن.